“مافی مرۆڤ ئامرازی گوشار و دیپلۆماسی” ڕەزا کەعبی

“مافی مرۆڤ ئامرازی گوشار و دیپلۆماسی”

✍️ ڕەزا کـەعبـی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە بۆنەی ساڵۆگەڕی پەسەندکرانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ

١. کۆتایی شەڕی جیهانیی دووهەم و سەرکەوتن بەسەر فاشیزمدا، بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگای جیهانی کە لە ژێر کاریگەریی شۆڕشی ئۆکتۆبردا هەنگای گەورە بەرەو عەداڵەت و یەکسانی و پەرەپێدانی بایەخە ئینسانییەکان هەڵگرتبوو، زیاتر لە جاران ئامادەی ئاڵوگۆڕی گەورە بێ.

٢. ماوەیەک پاش کۆتایی شەڕ، جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ واژۆ کرا و وەکوو یەکێک لە گرینگترین پەیماننامەکانی مێژووی مرۆڤ کەوتە بەر دەستی خەڵک. پەسەندکرانی ئەو بڕیارنامەیە لە ڕێکخراوی تازە بنیاتنراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا نیشاندەری باڵادەستیی ڕوانین و ئامانجە چەپ و سوسیالیستییەکان بە تایبەت لە ئورووپادا بوو.

٣. کۆتایی شەڕ و باڵادەستیی بیر و ئامانجی سوسیالیستی بە خێرایی کاریگەریی لەسەر خەڵکی چەوساوە و بێبەشترین بەشەکانی کۆمەڵگای ئینسانی لە هەموو جیهاندا دانا. دانیشتوانی وڵاتانی “جیهانی سێهەم” بۆ یەکەم جار هەستیان بە ڕەخسانی دەرفەتێک بۆ ڕزگاریی خۆیان دەکرد.

٤. لە کوردستان کە شەڕی جیهانی ئاسەواری ڕاستەوخۆی لەسەر بزووتنەوە سیاسییەکان دانابوو، مەیل و سەمپاتی بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبر و ڕابەرانی و ڕوانینی چەپ ڕەنگدانەوەی دیاریان لەسەر دروشمی سیاسیی ڕۆژ و شیعر و ئەدەبیات و نووسراوەکانی چالاکانی سیاسی دانابوو.

٥. لە دەیەکانی دواتردا ئەم ڕەوتە بە تەواوەتی گۆڕا و لەسەر هێڵی خۆی نەما. شکستی هەوڵی سۆسیالیستی لە سۆڤیەت، دابڕان و جیابوونەوەکانی نێو بزووتنەوەی سۆسیالیستیی جیهانی و زاڵ بوونی ڕەوتە ڕاست و دژە سۆسیالیستییەکان بەتایبەت لە ئورووپا، بیانوو و هەڵێکی باشی بۆ مەیلی ڕاستی سەرمایەداریی ڕۆژاوا ڕەخساند کە بە هێرشکردنە سەر ڕەوتە سۆسیالیستییەکان بەر بە بڵاوبوونەوەیان لە ئەمریکا و ئورووپا بگرن و هاوکات تاڵان کردنی وڵاتانی “جیهانی سێهەم” ئاسانتر و بە ڕێگریی کەمترەوە جێبەجێ بکەن. لەو نێوەدا ناڕەزایی زانایانی سۆڤیەت بووبوو بە خۆراکی دەزگای پرۆپاگاندای ڕۆژئاوا بەڵام تاوانەکانی ساڵانی دواتر لە چێچێن دەنگدانەوەیەکی وای لە ڕۆژاوادا نەبوو.

٦. ئەم ئاڵوگۆڕانە وایکرد لە شەڕی نێوان دوو بەرەی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات، مافی مرۆڤ و بابەتەکانی پەیوەندیداری ببن بە ئامرازێکی گرینگی گوشار و دیپلۆماسی. جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ چیدیکە مانای نەمابوو و لە ناوەرۆکەکەی خۆی بۆ دابینکردنی مافی مرۆڤ بەتاڵکرابووەوە.

٧. چیدیکە تاوانەکانی ئیسراییل و سەربرێن بە شمشێر لە پێشچاوی خەڵک لە عەرەبستانی سوعوودی و … لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی زلهێزەکانن سەرەنجی زۆر ڕاناکێشێ. باسکردن لەسەر کۆمەڵکوژیی کورد لەلایەن حکوومەتەکانی چوار وڵاتی داگیرکاری کوردستانەوە و دژایەتی کردنی و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە تاوانەکانی ئەو حکوومەتانە بەرانبەر بە نەتەوەی کورد، بەوەوە بەستراوە کە ئەو ناڕەزاییانە چەند بە قازانجی زلهێزەکانە یان چەندە دەیانەوێ وەكوو کارتێکی گوشار دژی دەوڵەتەکان بەکاری بێنن. لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی و بەتایبەت لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا کە هەزاران کەس لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئیعدام کران، ڕۆژاوای “مرۆڤ دۆست” بێدەنگیی هەڵبژارد لەبەر ئەوەی خەریکی “وتووێژی ڕەخنەگرانە” لەگەڵ حکوومەتی ئێران بوو. چیدیکە دۆخی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئەفریقا گرینگیی پێنادرێ لەبەر ئەوەی ئەفریقا بووەتە ناوچەیەکی لەبیرکراو و بۆ ئامانجە قازانجپەرەستانەکانی سەرمایەداری گرینگیی جارانی نەماوە.

٨. دەسەڵاتی فاشیستیی تورکییە کە سەودای زیندووکردنەوەی ئیمپراتووریی عوسمانی لەسەردایە و بە چەکی قەدەغەکراو هێرش دەکاتە سەر ڕۆژاوای کوردستان و لە باشوور و باکوور بە هەموو شێوەیەک خەریکی کاری تیرۆریستی و هێرش بۆ سەر نەیارانیەتی و جەنایەتی گەورەی خولقاندووە، بۆ ڕزگارکردنی خۆی لە ژێر گوشارە ناوخۆییەکان و بە مەبەستی ئیمتیازوەرگرتن لە زلهێزانی پشتیوانی ئیسراییل بووتە لایەنگری درۆیینەی خەڵکی فەلەستین و ئازارەکانیان وەکوو ئامرازێک بۆ مەبەستەکانی خۆی بەکار دێنێ.

٩. چەکدارکرانی دەستە و تاقمی جۆراوجۆر، ڕووخاندی دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتان، داڕەشتنی تەرحی کوودەتا، دەسڕاگرتن بە سەر بازاڕی فرۆشتنی سێکس و مادە سڕکەرەکان، شەپۆلی بەرینی پەنابەران بە هۆی شەڕ و دۆخی دڵتەزێنیان، یارمەتیدان بۆ مانەوەی دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتە دژە مرۆڤەکان هەموویان لە ژێردەسەڵاتی زلهێزەکاندا و بە بوودجەی سەدان میلیارد دۆلاریی واژۆکارانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و بەناو لایەنگرانی جیهانی پێشکەوتوو ڕوو دەدەن و وایان کردووە مافی مرۆڤ و ئاواتی ئینسانەکان بۆ گەیشتن بە ئازادی و عەداڵەت و یەکسانی وەکوو خەونێک دێنە بەرچاو.

١٠. هەفتاو پێنج ساڵ پاش واژۆکرانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، جیهان زیاتر لە جاران تووشی شەڕ و بێ مافی و برسیەتییە و جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ وەکوو ناوێکی بێناوەرۆک تەنها بۆ مەبەستە قازانجپەرەستانی خاوەن دەسەڵات و سەرمایەکان بەکار دەبرێ.

١١. ئەم دۆخەی ئەمڕۆ و تاریکستانی ٧٥ ساڵ پاش پەسەندکرانی ئەو جاڕنامەیە دەخوازێ کە هێزی هەموو خەباتکارە چەپ و سوسیالیستەکان و ئازادیخوازان و ئەوانەی بڕوایان بە ماف و بایەخە ئینسانییەکان هەیە بخرێتە گەڕ بۆ ئەوەی مرۆڤ لەم زونگ و زەلکاوەی چاوچنۆکیی سەرمایەدارانە، گشتخوازیی دەسەڵاتداران و ڕەوت و مەیلی دواکەوتووی پەرەگرتوو لە پەنایان، دروستیان کردووە ڕزگاری بێ. کوردستان خاوەن مێژووێکی خەباتکارانەیە و بەتایبەت پاش شۆڕشی ژینا بەستێنێکی لەبارتری تێدا ڕەخساوە بۆ هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆشتن بەرەو کۆمەڵگایەکی یەکسان و عادڵانە. مرۆڤ دەتوانێ و دەبێ بگات بەو دنیایەی تێدا هەمووان لە ژیانی شیاوی مرۆڤی سەردەم بەهرەمەند بن.