ئۆتۆریتەی کۆمەڵە

ژنان کۆمەڵە

ئۆتۆریتەی کۆمەڵە :

بۆچی لە هەر چالاکیەکی دژە حکومەتدا یەکەم ناو کە وەک هۆکاری ئەو پرسە دێتە ئاراوە کومەڵەیە؟

سۆران محەمەدی – دەروونناس

 

کاتێک بزووتنێک، جووڵەیەک یان ناڕەزایەتیەک لە ئێراندا دێتە گۆڕێ، ئەوەی جێی سەرنجە هێنانی ناوی کۆمەڵە دوا بە دوای ئەو چالاکیەیە، وەک ئەوەی کۆمەڵە لە مژی حکومەتدا بەرهۆی هەر چەشنە هەنگاوی بەرهەڵستانە بێت سەرەتا سووچەکەی دەخەنە پاڵ کۆمەڵە. به چاو خشاندنێکی ساکار بە سەر ناوەندە هەواڵنێریەکانی ئێران، بۆمان دەرئەکەوێ، تەنانەت ئەگەر کۆمەڵە لەمەڕ ئەو بابەتەش ئاگادار نەبووبێت، دیسان یەکەم وشە و هۆکاری بە کۆمەڵە نێوزەد دەکەن. دیارە جگە لە کۆمەڵە، حیزبگەلی دیکەش ساڵانێکە خەریکی خەباتی دژی کۆماری ئیسلامین، بەڵام ئەو ناوەی کە سەرەتا (جا ڕاست بێ یان هەڵە) بە هۆکاری سەرەکی هەر چەشنە ناڕەزایەتی جەماوەری دەبینن، “کۆمەڵە”یە.

بۆ نموونە سەردێڕی چەند هەواڵی ئەم ماوەیە ببینن:

خبر آنلاین – ٤ شهریور ١٤٠٢ – ادعای بادامچیان علیه مهسا امینی: او طرفدار کوملە بود و با لباس مبتذل بە پارک رفت.

همشهری آنلاین – ٥ مهر ١٤٠٢: کوملە بر سر این رزمندە ایرانی جایزە گذاشت.

مشرق نیوز – ٢٨ شهریور ١٤٠٢ – …خانم لیلا حسین زادە تجزیەطلب با لباس تروریستهای کوملە در دفاع از پایان نامەاش…

ایلنا – ٥ تیر ١٤٠٢ – سروش محمدزادە کارگردان سریال “سوران: هدفم تعریف قصە بود، بە شعار دادن فکر نکردم/ نگران ساخت نبودم چون کوملە در کردستان محبوبیتی ندارد!

ایران – ١٣ مرداد ١٤٠١: محمود نادری، نویسندە کتاب “کوملە” در گفتگو با ایران: کوملە در ترور برخی از شهدای هستەای با اسرائیل همکاری داشت!

ئەمە گەڕانێکی خێرایە بە سەر مانشێتی چەند هەواڵ سەبارەت بە ڕووداوگەلی جۆربەجۆر لەم یەک ساڵەی دوایی دا، هەر وا کە بەرچاوە، کۆمەڵە یەکەم ناوێکە بۆ هۆکاری هەر چەشنە جووڵەیەکەی دژبەرانە لە مێشکیاندا تێدەپەڕێ، پرسیار ئەوەیە چ جیاوازییەک لە نێوان کۆمەڵە و دیکەی حیزبەکاندا هەیە کە تەنانەت ئەگەر چالاکی کۆمەڵەش نەبووبێ، لێ هەمدیسان نێوی کۆمەڵە لە سەر زاری ئەوانە، نهێنی ئوتۆریتەی کۆمەڵە چییە؟

دیارە وڵامی ئەو پرسیارە، ئەمانگەڕێنێتەوە بۆ مێژووی سەروەری و ڕێبازی پڕشکۆی کۆمەڵە کە پیشانی دەدات بۆ رژیم هێندە پێی عاجزە و کۆمەڵە بە سەرەکیترین دوژمنی خۆیان دەزانن (ئەم باسە جگە لە دەسەڵاتدارانی رژیم، خەڵکی ئاسایی غیرە کوردیش دەگرێتەوە). لە خوارەوە چەند تایبەتمەندی کۆمەڵە دەستنیشان دەکەین تاکوو هۆکارەکانی ئۆتوریتەی کۆمەڵە دیاری بکەین:

یەکەم: خەڵکینە بوون. هەر لە سەرەتاوە، کۆمەڵە بە ناوەکەیەوە جیاوازی خۆی دەرخست، ناوێکی ڕەسەنی کوردی کە هەموو جەماوەری دەگرتە خۆی، رێبازێکی پێشەنگی ڕۆشنگەرانە کە کەسانێکی وەکوو: سەعید موعینی، حەمەحسەین کەریمی، فواد موستەفاسوڵتانی، سدێق کەمانگەر، جەعفەر شەفیعی، حسەین پیرخزری و… زۆر شۆڕشگێڕی دیکەی لەگەڵ بوون کە هاوسەنگەری خۆیان بە “هاورێ” بانگ دەکرد، کەسانێکی خوێندەوار و رووناکبیر کە لە نێو خەڵکی زەحمەتکێشکدا سەریان هەڵدابوو و تێکەڵ بە خەڵکی بوون و توانیان جێگەی خۆیان لە دڵی جەماوەردا بکەنەوە و پێگەی گوتاری کۆمەڵە بە خەڵک بناسێنن و ڕۆحێکی تازەیان بە جەستەی بێ هیوای گەلی کوردا بکێشن و بە کردەوە پیشانیاندا کە هاوڕێی هەموو کوردستانن و هیچ جیاوازیەک لە نێوان توێژە فرەچەشنەکاندا نییە. دادپەروەری کۆمەڵایەتی و تەبایی نێوان ئەندامانی کۆمەڵە و هەمەڕەنگی چینایەتی پێوە دیار بوو. بە چەشنێ کە هەر وا کە لە ناوەکەی (کۆمەڵە) دیارە، مەکۆیەک بووە بۆ پاراستنی هەموو چینەکانی کۆمەڵگای کوردستان و متمانەپێکراو بووە بۆ هەموو جەماوەری کورد و کۆمەڵەش لە سەر ئەو بڕوایە داڵدەی هەمووی داون و توانی بیری ڕادیکاڵی سیاسی و خەباتی سیاسی بباتە نێو کۆمەڵانی خەڵکەوە. رێبازێ کە هێدی هێدی کاریگەری خۆی دانا و ئەمڕۆکە ڕەوایی بزووتنەوە و گوتاری ئەو سەردەمەی کۆمەڵە (کە بۆ ئەو کاتە تازە بوو و رەنگە بۆ هەندێ کەس نامۆ بووایەت) دەدرکێنن. گوتارێک کە بوو بە دامەزرێنەری ڕێبازی ژن، ژیان، ئازادی. ئەم خاڵە ئەرێنیه ئێجگار بۆ حکوومەت گرانە و پێی قەڵسە.

دوو: بەربەرەکانی لەگەڵ بڕوای دوگم. کۆمەڵگای کوردەواری بە درێژایی مێژوو گیرۆدەی بیری سەپاوی کۆنەپەرەستی بووە. ئایین وەکوو داردەستێک ببوە بیانوویەک هەتا دەسەڵاتداران خەڵکی پێ بچەوسێننەوە و هەر چەشنە دەنگ هەڵبڕین و ڕەخنەیەک بە توندی بەرپەرچی ببنەوە و بە تاوانی دژە ئایین بوون لە بنەڕەتەوە بە توندی سەرکوتی بکەن. کۆمەڵە بە گوتاری نوێ و شی کردنەوەی ئەو بابەتانەی هەتا ئەو دەم بڤڤە بوون، دەلاقەیەکی بەرفرەهی بۆ خەڵکی کردەوە هەتا بە ڕوانگەیەکی بەرینتر چەمکەکان ببینین و ئازادانە بڕیاری خۆیان بدەن بێ ئەوەی کە تاوانبار بکرێن. کۆمەڵە توانی ئەو ورەیە بە جەماوەر بدات کە چاونەترسانە بەرهەڵستی هەر چەشنە زوڵم و زۆرداری بە ناوی ئایینەوە ببنەوە و نەهێڵن بە دروشمی پیرۆز بوون بچەوسێنرێنەوە. ئەمەش بۆ رژیمێک کە بنچینەی بە دەسەڵاتی ئایینی دامەزرێنرابوو قەبووڵ نەدەکرا.

سێ: بینینی دیاردەی پێشمەرگەی ژن لە جەرگەی خەبات دا. دیارە ڕژیمی کۆنەپەرەست ئەمەیان بە هیچ کلۆجێ بۆ قەبووڵ نەدەکرا، لای ئەوان ژن دەبێ بەردەوام لە قوژبنی ماڵدا حەشار بدرێ و وەک نیوەی پیاو ئەژمار دەکرا، بەڵام ژنی پێشمەرگە لە مەتەرێزی شەرەفدا هەزاران حەماسەتیان خوڵقاند، ئەمە گورزێکی کوشەندە بوو کە ئێستاشی لەگەڵ بێ، پێی دەتلێنەوە (بیری داعش بکەنەوە دەیگوت ئەگەر بە دەست پێشمەرگەی ژن بکوژرێین، بە شەهید حسێب ناکرێین!).

چوار: یەکسانی خوازی لە کۆمه‌ڵەدا. سیاسەتە قەبەکانی ڕژیم ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دووبارە بەرهەمهێنانەوە و بەردەوامکردنی توندوتیژی دژی ژنان. ئەم سیاسەتە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوەی پیاوسالاری دامەزراوە و بە زەقکردنی جیاوازیی نێوان هەردوو ڕەگەز و بە لەبەرچاو نەگرتنی یەکسانی ڕەگەزی و ساختەکردنی چەمکی “دادپەروەری ڕەگەزی”، کە لە ڕاستیدا هەمان هەڵاواردنی ڕەگەزی‌یە، ئاسانکاری بۆ ئافڕاندنی توندوتیژی کردووە. لە بەرانبەردا یەکێک لە ئەجێندا گرینگەکانی کۆمەڵە یەکسانی خوازی و بنیاتنانی ئەو چەمکەیە لە کۆمەڵگادا کە مافی منداڵان، ژنان، کەمینە ڕەگەزیەکان و.. بدرێت و ئەمەش یەک لەو هۆکارانەیە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە زەق کردنی گوتاری کۆمەڵەدا.

پێنج: ورەی بە هێزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە. دلێری و وزەی شۆڕشگێڕانەی یەکە بە یەکەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بەردەوام لەمپەرێک بووە لە ئاست زیادەڕۆیی ڕژیم، کۆمەڵە زۆر ئازایانە دڕی بە بایەخە گەندەڵەکانی حکوومەت داوە و هەمیشە ئامادەی بەرخۆدان و خوڵقاندنی بوێری بوونە. ئەم خاڵە یەک لە تایبەتمەندییەیە سەرەکییەکانی کۆمەڵەیە کە وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەدرەوشێتەوە.

شەش: جڤاتی کۆمەڵایەتی و ناحکوومەتییەکان. یەک لە گرنگترین مژارەکانی ئەمڕۆی جیھان کە لە لایەن راگەیاندنەکانەوە کەمتر ڕووماڵ دەکرێ و لێی کەمتەرخەمن، مژاری ژینگە و پاراستنی زەویە. لەم ساڵانەی دواییدا کۆمەڵە توانی ئەم چەمکە کارا بکاتەوە کە پاراستنی ژینگە ئەرکێکی نیشتمانی و مڕۆڤانەیە و بە پشتگیری لەو جڤات و ئەنجومەنە ژینگەپارێزانە توانیان بەر بە کاولکاری و سووتانی بە ئەنقەستی ژینگەی کوردستان کە بەدەست داگیرکەران ڕوو دەدات بگرن، ئەم تێکۆشانە رژیم قەبووڵی نییە و بەرەنگاری بوەتەوە و بوون بە هۆی گیان لەدەستدانی چەند ژینگەپارێز، بەڵام خۆشەویستی خەڵک بۆ خاک و زێدی نیشتمان هەر پەرەی سەندووە و لە هەڕەشەی داگیرکەر نەترساون و پارێزەری ژینگەی نیشتمانن.

حەوت: بەڕۆژ بوون و داهاتوو بینی. نۆژەن کردنەوە، پلاندانان و داڕشتنی بەرنامە بە تێڕوانینێکی فراوان بۆ پرسەکانی هەنووکەی ناوچە لە ئاسۆی داهاتووی کۆمەڵەدا وای کردووە کە وەک حیزبێکی پێشەنگ، ڕچاوی هەموو داڵغەکانی کۆمەڵگای کوردەواری کردووە و بەرەو گەیشتن بەو ئامانجە شێلگیرانە هەنگاو دەنێ و بەرژەوەندی ئێستای گەل بە کردەوەی هەیەجانی و قوشقیگەری نەگۆڕاوەتەوە. ئەمانە بوون بە هۆکارێ کە ئەو تەوەر و سیاسەت و بابەتانەی کۆمەڵە کە لە درێژایی مێژووی هەبوونیدا پێداگری لە سەر دەکرد بۆ هەمووان بێتە دی و درکیان پێ کردووە و دان بەوەدا دەنێن و ڕاستی و هەقانیەتی خۆی سەلماندووە.

ئەمانە و زۆر خاڵی دیکە بوونەتە هۆکارگەلێک کە رژیم ملکەچی ئوتۆریتەی کۆمەڵە ببێت و بە چقڵی چاوی خۆی بزانێ و داگیرکەران، کۆمەڵە بە مەترسییەکی گەورە سەبارەت بە گەشەی خەباتی رزگاریخوازی کوردستان و ڕچەشکێنی ژنان و بزووتنە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوتی رووناکبیری کورد ببینن و هەر رووداو و چالاکیەکی دژبەرانە بێتە گۆڕێ لە چاوی کۆمەڵەی دەبینن…

بەرز و بەڕێز بێت یادی گیانبەختکراوانی کۆمەڵە و هەنگاوی پڕشکۆی درێژەدەرانی ڕێبازی کۆمەڵە هەر پتەو و بە هێز بێت.