توندوتیژی دژی ژنان

✍سەیران مەلەکزادە

باسی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زۆر بەرینە و لایەنی جۆراوجۆر و شێوە و ئاستی جیاوازی هەیە، توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی، ئابووری، خانەوادەیی و چەندن شێواز و ئاستی دیکە.

لەسەر توندوتیژیی جەستەیی باس زۆر کراوە و زۆر جار لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا هەواڵەکانی بڵاودەکرێتەوە. ئەم جۆرە توندوتیژییە ئاسەواری نالەباری کۆمەڵایەتی، دەروونی و ئابووریی هەیە و ئەو ژنانەی کە توشی ئەو جۆرە توندوتیژییە دەبن هەست بە ئەمنییەتی دوروونی و جەستەیی ناکەن و ئەوە کاریگەریی خراپی لە سەر ڕۆڵیان وەکوو خێو بۆ پەروەردەکردنی منداڵان هەیە و بوونی منداڵان لە خانەوادەیەکدا کە توندوتیژی تێدایە ئاسەواری خراپیان لەسەر دادەنێ. ژنانی قوربانیی توندوتیژی بە هۆی ئاسەواری ئەو دیاردەوە بەشدارییان لە کار و ئابووریدا لاوازتر دەبێ و هەم دۆخی خۆیان نالەبارتر دەبێ هەم باری ئابووری کۆمەڵگای لێ زەرەرمەند دەبی.

لێرەدا ئاوڕێک لە سەرچاوە و هۆکارەکانی ئەم خەسارە کۆمەڵایەتییە دەدەینەوە. توندوتیژی دژی ژنان بەتایبەت توندوتیژیی جەستەیی لە کۆمەڵگا سوننەتییەکان و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کولتوور و دەسەڵات و یاساکان لە ژێر کاریگەریی ئیسلامدان، دیاردەیەکی ڕۆژانەیە و کاربەدەستان و کەسە ئایینییەکان بەردەوام خەریکی پەرەپێدان و پشتیوانی کردنی ئەو کولتوورە دژە ژنەن و وایان کردووە کە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بە پشتیوانیی یاسا دژە ژنەکانی حکوومەتی ئێران بووەتە شتێکی ئاسایی.

ئەو یاسا و کولتوورە دژە ژنانە وایان کردووە زۆرجار “ماڵەوە” نائەمنترین شوێن بۆ ژنان. ژنان لە شوێنی ژیانی خۆیان زیاترین توندوتیژییان لەگەڵ دەکرێ و جاری وایە لە ماڵی خۆیان دەکوژرێن. پیاوانی پەروەردەی کولتوور و ڕوانینی دژە ژنی ئیسلامی هیچ ماف و ئازادییەک بۆ ژنان بەڕەسمی ناناسن و بە توندی بەرەوڕووی هەوڵی ژنان بۆ سوودوەرگرتن لە مافەکانیان دەبنەوە، پیاوانی پەروەردەی ئەو فەرهەنگە کە یاسا و دەسەڵاتی ئیسلامی پشتیوانییان لێدەکا جاری وایە زێدەڕۆییاکانیان لەوەش بەلاوەتر دەچێ و خۆیان بە خاونی ژیان و گیانی ژنەکان و خوشکەکان و کچەکانیان دەزانن و نامووس ناوێکە کە لەو خاوەندارییەتییە نراوە.

ئایینی ئیسلام خۆی پەرەپێدەر و خولقێنەری توندوتیژی جەستەیی و جینسی دژی ژنانە. لە دەقە ئیسلامییەکان و بۆ نموونە لە ئایەتی ٣٤ی سوورەی نیساء دا و زۆر دەق و شوێنی دیکەدا باس لە سزادانی ژنانێک کراوە کە گوێڕایەڵ نین و ئامادە نین بچنە ژێر دەسەڵاتی پیاوانەوە. یاسادانەرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیش کە بە پێی یاسای ئیسلامی یاسا دادەنێن توندوتیژی دژی ژنان بە دیاردەیەکی ئاسایی دەزانن و لە سزاکانی تاوانبارانی ئەو توندوتیژییانەشدا ئەوە بە ئاشکرا دیارە و ئەو شێوازەی یاسای سزا پەرە بە توندوتیژی دەدا. بۆ نموونە کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی بەرگری لە نامووس لە لایەن باب و برا و هاوسەرەوە سزایەکی کەمتری لە کوشتنی ئاسایی هەیە و ئەمە خۆی وادەکا کوشتنی ژنان زۆرتر بێ و توندوتیژی زیاتر بێتەوە.

کولتووری سەقەت و ڕوانینی پیاوسالارانە تا رادەیەک چووتە قووڵایی بیر و زەینی بازەکەسێکەوە کە تەنانەت گۆڕانی شوێنی ژیانیش ناتوانێ گۆڕانێکی زۆر لە تێگەیشتن و ئاکاریاندا پێکبێنێ. تەنانەت ژنانێک کە بۆ ڕزگار بوون لە کۆتوبەندی یاسای دواکەوتووانە و کولتووری دژە ژن کە هەر لە منداڵییەوە ئازاریداون و شوێنی خۆیان بەجێهێشتووە و چوونەتە وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا هێشتا لە ژێر هەڕەشەی ئەو بیر و ڕوانینەدان. بەسەرەنجدان بە ئاماری توندوتیژی و تەنانەت کوژرانی ژنانی پەنابەر بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان لە وڵاتانی ئورووپاییە دەبینین هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە پیاوسالارانەیە بۆ ژنان ئەمن و دڵنیا نییە و تەنانەت پیاوانی لەدایکبوو و گەورەبووی وڵاتانی ئورووپاییش توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان تێیاندا کەم نییە بەڵام پەروەردەی یەکسانیخوازانە کە ژنان بە مافەکانی خۆیان ئاشنا دەکا و بوونی یاسا و ڕێگەو شوێن بۆ یارمەتیی ژنانی قوربانی دۆخەکە دەگۆڕێ.

تەنها لە وڵاتی نۆروێژ لە ٣ ساڵی ڕابردوودا ٣ ژن بە دەستی هاوسەرەکانیان کوژراون و ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە کەسانێک کە هەڵگری بیر و تێگەیشتنی دژە ژن و دواکەوتووانەن بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵاتەی خۆیان بەسەر ژنانەوە دەست لە هیچ تاوانێک ناپارێزن.

ئەم دۆخە تەنها کاتێک دەگۆڕێ کە کۆمەڵگا لە ڕوانین و بیری پیاوسالارانە و دژە ژن و یاسا و تێگەیشتنی ئایینیی پشتیوانی ئەو ڕوانینە دووربکەوێتەوە و ئاستی ڕۆشنبیری و ڕێز بۆ مافەکانی هەموو ئینسانێک وەکوو یەک بەرزبێتەوە و یاسا نامرۆڤانەکان هەڵبوەشێنەوە.