تاران پایەتەختی سێدارە و مـــەرگ

✍عەزیز ئاجیکەند

ماشینی سەرکوت و کوشتاری کۆمەڵانی خەڵک لە ئێران ، بۆ ساتێکیش لە وەستان ناکەوێ و بەردەوام قوربانی دەگرێ . رۆژ نیە هەوالێکی جەرگ بڕ دیواری سانسۆری کۆماری ئیسڵامیی تێکنەشکینێ و باس لە سێدارە دانی شارۆمەندێکی  ئەم وڵاتە نەکات . وڵاتی ئێران بۆ دانیشتوان و شارۆمەندانی ، بۆتە گۆرستانێکی گەورە . گۆرستانێک کە باس لە نە بوونی ئازادی و سەرکوت و داپلۆسین لە ڵایەن رژیمێکەوە دەکات کە زیاتر لە ٤٢ ساڵە ، ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی کردۆتە دۆزەخ.

ڕژیمی كۆماری ئیسلامی، له‌ ماوه‌ی ٤٢سالی ڕابردوودا، له‌ په‌نا  زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ و سه‌ركوتی هه‌مووجۆره‌ ده‌نگێكی ئازادیخوازانه‌، سزای ئێعدامی وه‌ك توندوتیژیه‌كی ڕێكخراو بۆ له‌ناوبردنی نه‌یارانی سیاسی، ناڕازیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و قوربانیانی هه‌ر ئه‌م نیزامه‌ زاڵمانه‌یه‌، به‌كار هێناوه‌. سزای ئێعدام، وه‌ك جه‌نایه‌تێكی ڕێكخراو، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ر كاری كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ هه‌تا ئێستا، یه‌كێك له‌ پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه‌ بووه‌ بۆ چاوترسێن كردنی خه‌ڵك.

به‌ پێی ڕاپۆرتی كۆمه‌ڵه‌ی چالاكانی مافی مرۆڤ له‌ ئێران و هەروەها جاوید رەحمان، هەواڵنێری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوەیکگرتووەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران، کە بە تازەیی بڵاو بووەتەوە، دەریدەخات کۆماریی ئیسلامی تا کاتی نوسینی ئەم بابەتە لانیکەم ۲٨٠ کەسی لە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە سێدارە داوە. به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌ ٧٥ له‌سه‌دی ئه‌م لە سیدارە دراوانە به‌شێوه‌ی نهێنی به‌كرده‌وه‌ ده‌رهاتوون و زۆریشیان تەنانەت گۆرەکان و شۆنی ناشتنیشیان نادیارەو کەس و کاریان لێیان ئاگادار نەکراونەتەوە.هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ تاوانه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، تاوانی جنسی، موحاربه‌، دزیی چه‌كدارانه‌ و مه‌ی خواردنه‌وه‌ و چاڵاکی سیاسی ، له‌و نموونانه‌ بوون كه‌ حوكمی سێدارەیان بۆ ده‌ركراوه‌.  به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌ زۆرترین ژماره‌ی سێدارەکان له‌ دوو زیندانی ڕه‌جایی شاری كه‌ره‌ج و وه‌كیل ئابادی شیراز جێبه‌جێ کراون . دوو كه‌س كه‌ له‌ كاتی ئه‌نجامدانی تاوانی‌ وه‌پاڵنراودا، ته‌مه‌نیان كه‌متر له‌ ١٨ ساڵدا بووە.

هه‌ر له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا، چه‌ندین كه‌س له‌ به‌ندكراوانی سیاسی، به‌ تاوانی به‌شداری كردن له‌ ئاخێزه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌كانی مانگی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ و یان به‌ تۆمه‌تی چالاكی دژبه‌ ئه‌منییه‌تی میللی لە سێدارە دراون كه‌ شه‌پۆلێكی له‌ ناڕه‌زایه‌تیی گشتی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.

: لە سێدارەدراوان لە سەرەتای دەسپێکی سالی ٢٠٢٠ تا مانگی فێبرێەی سالی ٢٠٢١

بە ڵانی کەمەوە لە سەرەتای دەسپێکی سالی ٢٠٢٠ دا تا ٧ی مانگی مارسی ئەمساڵ سالی  ( ٢٦٤) کەس لە سێدارە دراون . ٦٧ لەسەدی ئەم رێژەیەیە لە ڵایەن ناوەندەکانی رەسمی یەوە ڕاگەیەندراون . هەشت کەس لە سێدارەدراون ژن بوون و ٧ کەسیشیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵانەوە بووەو ١٢ کەسیشیان زیندانی و چاڵاکانی سیاسی بوون کە بەشی هەرە زۆریان کورد بوون و بە تاوانی چاڵاکی سیاسی پەتی سێدارە خراوەتە مڵیان و لە مافی ژیان کردن بێ بەش کراون.

لە سەرەتای دەسپێکی سالی ٢٠٢١دا بۆ جارێکی تر ماشێنی کوشتاری کۆماری ئیسڵامی دەکەوێتە کارو ئەمجار لە هاوڵاتیانی بەلووچەوە دەسپێدەکات و ١٠ کەسیان کە لە زیندانەکاندا چاورێی بە کردەوەدەرهاتنی حوکمەکەیان بوون ، جێبەجێ دەکڕێ.

ژومارەی لە سیدارەدراون تەنیا لە مانگی یەکەمی سالی ٢٠٢١ دا ٢٧ کەسن کە شەش کەسیان بە تاوانی سیاسی لە سێدارە دەدرێن . هەروەها  تا ئێستا رێژەی لە سێدارەدراوانی هاوڵاتیانی ئێرانی بە هەموو نەتەوەکانەوە لە سەرەتای دەسپێکی سالی ٢٠٢١ تا ٧ی مانگی مارسی ئەمساڵ گەیشتۆتە( ٥٥ )کەس .

بەم شێوەیە دەتوانین بە پشت بەستن بە سەرجەمی ئەو هەواڵانەی کە لە پەیوەند لە گەڵ سزای سێدارە لە وڵاتی ئێران لە سەرەتای سالی ٢٠١٠ی زایینیەوە تا بەمرۆ ٧ی مانگی مارسی سالی ٢٠٢١ ( ٦ هەزارو ١٣٢ ) کەس لە بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە سێدارە دراون .

لەم رێژەیە  ( ١٥٥ ) کەسیان ژن و ( ٦٣ ) کەسیان تەمەنیان خوار لە ١٨ ساڵدا بووە .

لە سێدارەدراوانی کورد  لە زیندانەکانی کۆماری ئیسڵامیدا…

لە نیوەی یەکەمی ئەمسالدا یانی لە مانگی رەشەمە تا مانگی پوشپەڕ ، حوکمی سێدارەی ٣٤ بەندکراوی کورد لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسڵامیەوە بە کردەوە دەرهاتو…

دوو کەسیان بە ناوەکانی ئەمیر محەمەدپوور خەڵکی بۆکان و شایان سەعیدپوور خەڵکی سەقز لەکاتی ئەنجامی تاوان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە و حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.

لە کۆی ئەو ٣٤ کەسەی کە لەسێدارە دراون ٤ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٢ کەسیان بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان و ٢٨ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپابوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە شاری سنە و ئورمیە هەر کامەیان ١٢ هاووڵاتی، لە لوڕستان ٥ هاووڵاتی و لە  کرماشان ٤ هاووڵاتی و لە گیلان هاووڵاتییەکی کورد لەسێدارە دراون. هەروەها لە میانەی شەش مانگی دوایی  تا بە ئەمرۆ حوکمی سێدارەی ٢٢ هاوڵاتی کورد کە دوانیان ژن بوون بە تۆمەتی جۆراو جۆر ، جێ بەجی کراوە.

بە لە سێدارە دانی ئەم دوو ژنە ، ژومارەی لە سێدارە دراوانی ژن لە دەورانی سەرۆک کۆماری حەسەنی روحانی دەگاتە ١١٤ کەس . بە پێی سەرجەمی ئەو هەواڵانەی کە لە پەیوەند لە گەڵ سێدارە بڵاو بوونەتەوە دەری دەخەن کە لە ماوەی دەسڵاتدارییەتی حەسەنی روحانی دا زیاتر لە ( ٤ هەزارو ٧٠٩ کەس ) لە سیدارە دراون کە ١١٤ کەسیان ژن و ٤٥ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵانەوە بووە . ٤٢٦ کەس لەو رێژەیە هاوڵاتیانی کورد بوون کە زۆربەیان تۆمەتی چاڵاکی سیاسیان درواوەتە پالی و بەم شێوەیە لە سێدارە دراون.

بە کردەوە دەرهێنانی سزای سێدارە دوای مردن …

ماشێنی کوشتاری کوماری ئیسلامیی هیچ سنورێک ناناسێ ، ئەم رژیمە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و دەسڵاتەکەی و ڕاگرتنی دلی  ڵایەنگرانی خۆی پەنا بۆ هەموو ئەشکەنجە و کوشتاریک دەبات . لە رۆژانی ڕابردوودا چۆنییەتی لە سیدارە دانی ژنێک بە ناوی ( زەهرا ئیسماعیلی )  سرنجی هەموو مییدیاکانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشا . ئەم ژنە کە بە تاوانی کوشتنی هاوسەرەکەی ماوەی  ٣ ساڵ لە زیندانی رەجایی شاردا بوو لە بەرەبەیانی جی بە جێ کردنی حوکمەکەی جەڵتە لێی دەدات و بە داخەوە گیان دەسپێرێ . جینایەتکارانی کۆماری ئیسڵامیی بەوەشەوە ناوەستن و تەرمی بی گیانی ئەو دەبەنە پای داری سیدارەو  پەتی سێدارە دەکەنە مڵی و زۆر بەداخەوە هەڵیی دەواسن .

لە درێژەی لە سێدارە دانی هاوڵاتیانی کورد و لە ماوە یەک مانگی رابردوودا  سێ بەند کراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی شاری کرماشان بە بێ هیچ جۆرە ئاگاداری و ڕاگەیاندنێک لە سێدارە دراون. ناوی ئەم سێ کە سە بریتین لە “هووشەنگ محەمەدی”، “ئەلی ئەنگەزی” و “جەواد مونتەزیریان” .

کوشت و کووشتارو پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ڵایەن کۆماری ئیسڵامیەوە هیچ سنورێک ناناساێ ، ئەم ڕژیمە لە هەموو مەیدانەکانی کوشتب و کووشتار ئامادەیە . کوردوستان ماوەی زیاتر لە چوار دەییە کە بۆتە صقڵی چاوی داگیرەکەرانی کۆماری ئیسڵامیی . ئەم رژیمە دوژمنی یەکەمی خەڵکی کوردوستانە بەردەوام  خەریکی ئازارو ئەزییەتی دانیشتوانیەتی و پێشێڵ کردنی مافەکانیان .  تەنیا لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوادا  ( ١١٢ ) حاڵەتی پێشێڵکاری مافی مرۆف لە کوردوستان بە شێوازی جۆراوجۆر تۆمار کراوە.

لەماوەی مانگی ڕابردوودا ١٧ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە زۆر بەداخە وە ( ٧ )  کەسیان گیانیان لە دەست داوە. پێنج کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆ ی جینایەت پیشەکانی کۆماری ئیسڵامی ، گیانی خۆێان لەدەستداوە. لەم ژومارەیە  (٨)کۆڵبەر بریندار بوون کە ٧ حاڵەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆ بووە و پێنچ کەسیش بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێر بریندار بوون.

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤ هاووڵاتی لە سنوورەکانی سەرپێڵی زەهاو و مێهران بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی کە سێ کەسیان گیانیان لە دەست داوە، هەروەها، سێ هاووڵاتیی مەدەنیی خەڵکی بانه بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.

ئێران قەتلگای ژنان

ستەمکێشی ژن یەکێک لەو دیاردانەیە کە ئاوێتەی گشت کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەتی کوردوستان بووە. کۆماری ئیسڵامیی بە پشت بەستن بە قانون و یاسای ئیسلامی حاکمیەتی خۆی بەڕێوەدەبات. ژن لە ئیسلامدا نا کامڵ و زەعیفەیە، وەک نیوەی پیاو بە حیساب دێت و ڕەگەزێکی ژێر دەستەیە. هەر ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی کە ئێران و کوردوستان بۆ ژنان و کچان ببێتە دۆزەخێکی گەورە .

ئەوەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە پشت بەستن بە مەزهەب و یاسای کۆیلەتی هێنەر به‌سه‌ر ژنانی هێناوه‌، هیچ شتێک نییە بێجگە لە بەرەو نابوودی بردنی هەست و نەستیان.

ئەمرۆ بەداخەوە گوندو لادێکانی کوردستان یەکێک لە زیاترین ئاماری خۆسوتاندنی و خۆ نوقسانکردنی ژنان لە جیهان پێکدەهێنت. پیاوسالاری، هەژاری، و بێمافی، و سەرجەم ئەو تندوتیژیانەی کە بەهۆی جوگرافیای سیاسی ژیانیانەوە بەسەریاندا سەپاوە رۆژانە تەنگی بەم ژنانەی چینی خوارەوە کۆمەڵگای کوردەواری هەڵچنیووە، شاڵاوی ئاگر بوەتە تنها دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕین وخۆسوتاندن بۆتە تاکە ئامراز بۆ  نیشاندان و دەربڕینی مافی خاوەندارێتی و کنترۆڵی ئەوان بەسەر لەشی خۆیاندا.

کوژرانی ٢٩ ژن لە کوردستان لەماوەی مانگی مارسی ساڵی ٢٠٢٠ هەتا مانگی مارسی ئەمساڵ

لە ماوەی مانگی مارسی ساڵی  ٢٠٢٠ هەتا مانگی مارسی ساڵی ٢٠٢١، لانیکەم ٢٩ ژن لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کوژراون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٥ حاڵەت واتە بە خۆشحالییەوە ١٧ لەسەد کەمی کردووە.

لە کۆی ئەو ژنانەی کە کوژراون ٨ حاڵەتی واتە ٢٧.٥ێ کۆی حاڵەتەکان بە پاساوی نامووس و شەرەف بووە. ناسنامەی ٧ کەس لەوانە بریتین لە پەروانە پاڵانی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، ساناز محەمەدی خەڵکی دەڕەشار، سومەیە فەتحی خەڵکی کرماشان، وەفا عەبدوڵڵازاده خەڵکی سەردەشت، سونیا دێهقان خەڵکی سەردەشت، عشرەت نیکخوویی و عەزیزە حەقی خەڵکی ئورمیە و ناسنامەی یەکێکیش لە خەڵکی شاری دێهلۆڕانی پارێزگای ئیلام بووە ئاشکرا نەبووە.

سزای سێدارەو کوشت و بڕو تۆقاندن هیچ ده‌ردێك له‌سه‌ر جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگا سووك ناكات و پاساوهه‌ڵگر نییه. هیچ مرۆڤێك له‌ سه‌ره‌تاوه‌ قاتڵ، قاچاخچی، جه‌نایه‌تكار و تاوانبار نییه،‌ به‌ڵكوو باروودۆخی ماددیی ژیانی ئینسانه‌ كه‌ تاكی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و تاوان و جه‌نایه‌ت ده‌بات و ده‌وڵه‌ت و چینی ده‌سه‌ڵاتدار به‌رپرسی ڕاسته‌وخۆی ژیانی واقعیی ئینسانه‌كانن له كۆمه‌ڵگادا و ڕێگه‌خۆشكه‌ری ئه‌نجامی هه‌موو تاوانێكن. بێگومان پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ سزا بدرێن كه‌ به‌ستێنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تاوان و جه‌نایه‌تیان لە ناو  کۆمەڵگادا خوڵقاندووه‌. ئه‌زموونی هه‌موو كۆمه‌ڵگا و ئامار و داتاكان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه‌ له‌ هیچ كۆمه‌ڵگایه‌ك‌دا ئه‌منییه‌تی خه‌ڵك له‌ ڕێگه‌ی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی سێدارەکان و کوشت و بڕەکان و تۆقاندنەکان نه‌چووه‌ته‌ سه‌ری، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه‌، سێدارە و کوشت و بڕخۆی له‌خۆیدا، هه‌ستی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ و توندوتیژی په‌ره‌پێده‌دا.کەم نین ئەو حاڵەت و روداوانەی ناو کۆمەڵگا کە دەرخەری ئەو ڕاستییەن و دەبنە هۆکاری بڵاوبوونەوەو پەرەسەندنی ڕق و تورەیی.بێگومان ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به‌ ئامانجی چاوترسێن كردنی كۆمه‌ڵگا داسی مه‌رگ به‌سه‌ر خەڵکدا ده‌گێڕێ و هه‌ر چه‌ند وه‌خت جارێك، ژماره‌یه‌كیان لە مافی ژیان کردن بێبەش دەکات. كه‌وابوو خه‌بات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای سێدارە و کوشت و بڕ و تۆقاندن له‌ باروودۆخی ئێستادا كه‌ ڕژیم به‌ ئاشكرا، ده‌ركردن و به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی جینایەتەکانی به ئامانجی سیاسیی دیاریكراوه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات، یه‌كجار گرینگه‌. ئاشكرایه‌ كه‌ لە سێدارەدانی  به‌ندكراوانی سیاسی، ئامرازێكه‌ بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زاڵمانه‌ی ڕژیم و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئاشكرایه‌ له‌گه‌ڵ خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ و ڕزگاری‌به‌خش له‌ كۆمه‌ڵگادا.

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای سێدارە به‌ مانای بایەخ دانان بۆ گیانی ئینسانه‌كانه‌ و به‌م كاره هه‌ر له‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاودا زۆر كه‌س له‌ مه‌رگ ڕزگاریان ده‌بێت. به‌ڵام سزای سێدارە نه‌ ته‌نیا كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی جه‌نایه‌ت نییه،‌ به‌ڵكوو كاتێك ده‌وڵه‌ت به‌ یاسایی ده‌ست ده‌داته‌ كوشتنی مرۆڤ، ڕێگا بۆ دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ له‌كۆمه‌ڵگادا خۆش ده‌كات.

با هەوڵەکانمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەو کوشت وبڕ لە کۆمەڵگادا بە دژی داگیرکەران چڕتر کەینەوە…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *