بە یادی هاوڕێ “خەلیل موبارەکی” پێشمەرگەی شۆڕشگێری کۆمەڵە

0

هاوڕێ خەلیل لە دەستەی ئەو لاوە شۆڕشگێڕانەیە کە لە دڵی شۆڕشی شکۆداری ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویەوە لەگەڵ خەباتی سیاسی چینایەتی ئاشنا بووە. پاشانیش لە ڕەوتی بەرەوپێش‌چوونی ئەم شۆڕشەدا سیاسەت و ئامانجی کۆمەڵەی ناسی و دەستی بە چالاکی کرد. هاوڕێ خەلیل ڕۆڵەی بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی گوندی موبارەک ئاوای سەر بەناوچەی دێگولان بوو.

هاوڕێ خەلیل ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی چاوی بە ژین هەڵێنا و دوای ماوەیەکی کورت لە گەڵ بنەماڵەکەی بەرەو شاری مەریوان کۆچیان کرد. هاوڕێ خەلیل لە شاری مەریوان چووە قوتابخانە و تا پۆڵی پێنجەمەی سەرەتایی درێژەی بە خوێندن دا.

هاوڕێ خەلیل لە خۆپیشاندانەکانی کۆمەڵانی وەگیانهاتووی کوردستان لە دژی ڕژیمی پاشایەتی لە سەردەمی ڕاپەرینی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بەشداری چالاکانەی کرد و هەر ئەوکات لە پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێیانی کۆمەڵە و تێکۆشەرانی نێو شار بۆ پێکهێنانی بارودۆخێکی دێمۆکراتیک و شۆڕشگێڕ دەوری بەرچاوی لە خۆی نیشان دا.

پاش ڕاپەڕێن یەکێک لە هەڵسووڕاوانی ناوەندی قوتابیانی(کانون دانش آموزان) شار و دێهاتی مەریوان بوو. هەر لەم سەروبەندەدا لەگەڵ سیاسەت و ئامانجی کۆمەڵە ئاشنا بوو و لە ڕەوتی یەکەم هێرشی ڕژیم بۆ سەر کوردستان وەک لایەنگرێکی کۆمەڵە لە شار مایەوە و درێژەی بە چالاکی دا. پاش گرتنەوەی شارەکان لە ناوەندی قوتابیان دەستی بە تێکۆشان کرد. لە دەوری دووهەمی هێرشی دڕندانەی ڕژیم بۆ سەر کوردستان کاری تەبلیغی و یارمەتی گەیاندن بە پێشمەرگەکانی بەڕێوە دەبرد.

هاوڕی خەلیل هاوینی ساڵی ٥٩ هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، بەڵام لەبەر ئەوەی کەم تەمەن بوو نزیکەی ساڵ و نیوێک کاری ڕاگەیاندنی پێ سپێردرا و سەرەنجام لە مانگەکانی ئاخری ساڵی ٦٠دا دەورەی ئامووزشی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەی بەسەرکەوتوویی تێپەر کردوو بوو بە پێشمەرگەی کۆمەڵە. هاوڕێ خەلیل موبارەکی زستانی ساڵی ٦٢ لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان مەیدانی خەبات و تێکۆشانی خۆی بردە ناوچەی باکووریی کوردستان و لە گوردانی ٢٢ی ورمێدا سازمان درا. لە ماوەیەکی کەمدا لێهاتوویی خۆی لە مەیدانی خەباتی سیاسی و نیزامیدا نیشان دا و زۆر زوو لە دڵی هاوسەنگەرانی و کۆمەڵانی زەحمەتکێشی ئەم ناوچەدا جێگای کردەوە. هاوڕی خەلیل لە ماوەی دوو ساڵ هەڵسووڕانی شۆڕشگێڕانە لەناو خەڵکی زەحمەتکێشی ناوچەی باکور توانی سیاسەتەکانی کۆمەڵە بە خەڵک بناسێنێت.

لە نموونەی تێکۆشانەکانی هاوڕێ خەلیلی موبارەکی گرتنی پایەگای ” باوان” و تێک‌شکاندنی گروهی زەربەتی نەغەدە و زۆر عەمەلیاتی گەورە و بچوکیتر کە هاوڕێ خەلیل لە هەموویاندا دەوری بەرچاوی گێڕا.

بە پێی کۆمەڵێک تایبەتمەدی بەنرخ و شۆڕشگێڕانە بەهاری ساڵی ٦٤ بەرپرسیارەتی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی ٢٢ی ورمێی پێ سپێردرا. هەر ئەوکات لە شەڕێکدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی لە گوندی “پوشاوێ”ی ناوچەی شنۆ بریندار بوو. بەهاری ساڵی ٦٤ لەگەل هاوڕێیانی گوردان بۆ مەئموریەتێک هاتە یەکێک لە مەقەڕە ناوەندییەکانی کۆمەڵە. هاوڕێ خەلیل لە بەهاری ساڵی ٦٥ لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی ٢٢ بۆ ئەنجامی مەئموریەتێکی تەشکیلاتی چووە ناوچەی سەقز و لەم ماوەیەدا لە هەموو هەڵسووڕانێکی سیاسی نیزامی ئەو ناوچەیەدا بەشداری کرد. ئاخرین مەیدانی چالاکی هاوڕی خەلیل عەمەلیاتی پڕ لە حەماسەی گرتنی دوو پایەگای گەورەی ڕژیم لە گوندی “دەگاگای ” بەشی سەرشێوی سەقز بوو کە ڕۆژی ٣١ی مانگی جۆزەردانی ساڵی ٦٥ بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە بەڕێوە چوو.

هاوڕێ خەلیل لەم شەڕەدا لە حاڵێکدا کە هەڵی دەکوتایە سەر سەنگەری بەکرێگیراوانی ڕژیم دەکەوێتە بەر گوڵلەی پاڕیزەرانی سەرمایەداری و گیانی لە ڕێگای ئازادی و سوسیالیزمدا بەخت کرد.

 بە درێژەدانی ڕێگاکەی ڕێز لە یادی ئازیزی دەگرین.

یادی هەرمان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *