بۆ یادی پەپوولە لەبیرنەکراوەکانی کۆماری دۆمینیکەن ڕۆژی قەدەغەکردنی توندوتیژی دژی ژنان….!

بێگەرد ساڵحبێگەرد ساڵح

لە ئێوارەیەکی تۆفانی پاییزی ساڵی ١٩٦٠، “پاتریای” تەمەن ٣٦ ساڵ، “مینێرڤا” تەمەن ٣٤ ساڵ و “ماریا تێرێزا” تەمەن ٢٤ ساڵ بە کەیف‌خۆشیی سەردانی هاوسەرە زیندانیکراوەکانی دووان لەو سێ خوشکە، لە ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ سانتیاگۆ پۆرتۆ پلاتا لەلایەن هەندێک کەسەوە ڕاگیران. فەرمانەکە لە سەرەوە دەرچبوو. ئەمە دوا دیداری خوشکەکان بوو لەگەڵ هاوسەرەکانیان. خوێنیان لەگەڵ بارانێکی بەخوڕدا ڕژایە دەریای کارائیب. دوای زیاتر لە دوو دەیە لە تیرۆرکردنی ئەو ژنە بێ دیفاعانە، ژنانی هۆشیار لە ئەمریکای لاتین لە پایتەختی کۆڵۆمبیا کۆبوونەوە و لە سێمینارێکی گەورە سەبارەت بە کوشتنی بە ئازاری ئەوان، “ڕۆژی “قەدەغەکردنی توندوتیژی دژی ژنان” دیاری کرد.

ڕۆژێک کە لەسەر دوو بنەما دامەزراوە: ڕێزگرتن لە هەوڵ و بوێری خوشکانی میرابێل و خواست و پاڵنەری بیروڕای گشتی بەرەو قەدەغەکردنی توندوتیژی دژی ژنان. لەمە بەدوا ئەم سێ خوشک و ئەم سێ ژنە شۆڕشگێڕە وەک ڕەمزی خەباتی ئازادی، بە نازناوی پەپوولە لەبیرنەکراوەکان، ناویان بۆ هەمیشە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی ژناندا تۆمار کرا و ناو و یادەوەرییەکانیان لە نێو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز دەدرەوشێنەوە.

لە ١٧ی دێسامبەری ١٩٩٩، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢٥ی نۆڤەمبەری وەک ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان وەک ڕێزێک بۆ خوشکەکانی میرابال دەستنیشان کرد. ئەم ڕۆژە یەکەم ڕۆژی ماوەی شازدە ڕۆژەی بەرنامەکانی پەیوەست بە چالاکییەکانی دژ بە توندوتیژی جێنسییە. دوا ڕۆژی ئەم ماوەیە واتە ١٠ی دێسامبەر “ڕۆژی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ”ە.

وەک هێمایەکی جیهانی بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و فێمینیزم، خوشکەکانی میرابال ئیلهامبەخش بوون بۆ زۆرێک لە ڕێکخراوەکان. یەکێک لەو ڕێکخراوانە سەنتەری ڕۆشنبیری خوشکانی میرابەڵە کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و کار بۆ باشترکردنی دۆخی خێزانە کۆچبەرەکان دەکات.

بەم بۆنەوە لەم یادداشتەدا دەمانەوێ باسی جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان بکەین: بە گشتی توندوتیژی خێزانی کە هەندێک جار پێی دەوترێت کەڵکاژۆی خێزانی یان توندوتیژی لە لایەن هاوبەشی ژیانەوە، ئاماژەیە بۆ هەر شێوازێکی ڕەفتار کە بۆ بەدەستهێنان یان پاراستنی دەسەڵات و زاڵبوون بەسەر هاوبەشیی ژیاندا بەکاردەهێنرێت. ئەم پێناسەیە هەموو کردەوەیەکی جەستەیی، سێکسی، سۆزداری، ئابووری، دەروونی یان هەڕەشەکردن بۆ ئەنجامدانی ئەو کردەوانە دەگرێتەوە کە کاریگەری لەسەر کەسێکی دیکە هەیە. توندوتیژی خێزانی یەکێکە لەو جۆرە توندوتیژیانەی کە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا تووشی دەبن.

توندوتیژی خێزانی دەتوانێ ئەم بەشانەی خوارەوە بن:

توندوتیژی ئابووری

توندوتیژی ئابووری بریتییە لە دروستکردن یان هەوڵدان بۆ دروستکردنی وابەستەیی دارایی کەسێک بە کۆنترۆڵکردنی تەواوی سەرچاوە داراییەکان، ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پارە، و/یان ڕێگریکردن لە چوونە قوتابخانە یان کارکردن. 

توندوتیژی دەروونی/سایکۆلۆژی

توندوتیژی دەروونی بریتییە لە دروستکردنی ترس لە ڕێگەی تۆقاندن، هەڕەشەی زیانگەیاندن بە جەستەی خود، هاوبەشی ژیان، یان کەسانی دیکە. زیانگەیاندن بە ئاژەڵە ماڵیەکان یان موڵک و ماڵ. بە گاڵتە گرتنی مژیی کەسەکان، یان ناچارکردن بە دوورکەوتنەوە لە هاوڕێیان، خانەوادە، قوتابخانە و/یان کار.

توندوتیژی سۆزداری

توندوتیژی سۆزداری بریتییە لە لاوازکردنی هەستی “بایەخ بەخۆدان” لە ڕێگەی ڕەخنەی بەردەوام، بێبەهاکردنی تواناکانی کەسانی دیکە، ناونیتکە لێنان و قسەی ناشرین، زیانگەیاندن بە پەیوەندی نێوان هاوبەشی ژیان و منداڵەکان، یان ڕێگریکردنی دیداری هاوبەشی ژیان لەگەڵ هاوڕێ و ئەندامانی خێزانەکەی.

توندوتیژی جەستەیی

توندوتیژی جەستەیی بریتییە لە زیانگەیاندن یان هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بە هاوبەشی ژیان بە لێدان، کوتان، سووتاندن، بێبەشکردن لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان یان ناچارکردنی بەکارهێنانی ئەلکول و/یان ماددە هۆشبەرەکان.

ژنکوژی

ژنکوژی بریتییە لە کوشتنی بە ئەنقەستی ژنان بە هۆکاری ژن بوون، بەڵام بە مانایەکی فراوانتر ئاماژەیە بۆ هەر کوشتنێکی ژنان و کچان. ژنکوژی جیاوازە لە کوشتنی پیاوان بە هۆکاری دیاریکراو. بۆ نموونە لە زۆربەی حاڵەتەکانی ژنکوژیدا، هاوبەشی ئێستا یان پێشووی ژنەکە کوشتنەکە ئەنجام دەدات، هەروەها بریتییە لە: کەڵکاژۆی بەردەوام لە ماڵەوە، هەڕەشەکردن یان تۆقاندن، توندوتیژی سێکسی، یان ئەو دۆخانەی کە ژنان لە هێزی و هاوسەنگی لاوازتردان.

کوشتنی نامووسی

کوشتنی نامووسی بریتییە لە کوشتنی ئەندامێکی خێزان، کە بەزۆری ژن یان کچن، بەو هۆکارەی کە ئیددیعا دەکەن ئەو کەسە بێشەرەفی یان شەرمەزاری بۆ خێزانەکە هێناوە. ئەم کوشتنانە زۆرجار پەیوەندییان بە باسی نامووسەوە هەیە و گومان دەکرێت کە ژنانی ئەندامی خێزانەکە ئەو پێشێلکارییەیان ئەنجامدابێت. 

توندوتیژی سێکسی

توندوتیژی سێکسی بریتییە لە ناچارکردنی هاوبەشی ژیان بۆ بەشداریکردن لە کردەوەیەکی سێکسیدا بەبێ ڕەزامەندی. ڕەنگە ئەو کەسە ڕەزامەندی نەدابێت یان ناتوانێ ڕەزامەندی بدات چونکە کەسەکە منداڵە، جێماوەی زەینییە، یان بەهۆی بەکارهێنانی کحول یان ماددە هۆشبەرەکان زۆر سەرخۆش بێت یان ئاگای لە خۆی نەبێت. توندوتیژی سێکسی دەتوانێ ئەم بەشانەی خوارەوە بێت:

ئازاردانی سێکسی

ئازاردانی سێکسی بریتییە لە بەرکەوتنی جەستەیی بەبێ ڕەزامەندی وەک گووشین، نقورچک گرتن، یان خۆساوین بە شێوەیەکی سێکسی. هەروەها ئەمانەش دەگرێتەوە وەک قسەی سووک کردن، کۆمێنتی سێکسی لەسەر جەستە یان ڕواڵەتی کەسێک، داوای خواستی سێکسی، چاوتێبڕین بە وەسوەسەی سێکسی، هەراسانکردن و ڕاوەدوونان و پیشاندانی ئەندامی زاوزێ.

دەستدرێژی سێکسی

دەستدرێژی سێکسی بریتییە لە هەر جۆرە ئینتەرکۆرس بۆ هەر بەشی جەستەی کەسی بەرانبەر. ئەم کردەوەیە دەتوانێ لەلایەن هەر کەسێکی ناسراو و نەناسراو ئەنجام بدرێت، لەکاتی هاوسەرگیری و پەیوەندییەکاندا، هەروەها لەکاتی شەڕە چەکدارییەکاندا.

دەستدرێژی چاکسازی

دەستدرێژی چاکسازی جۆرێکە لە دەستدرێژی کە لەسەر بنەمای ئاراستەی سێکسی یان ناسنامەی ڕەگەزی قوربانییەکە ئەنجام دەدرێت. ئامانج لێی ناچارکردنی قوربانییەکە بۆ گونجاندنی لەگەڵ جیاڕەگەزی یان ناسنامەی ڕەگەزی(heterosexuality)دا.

بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە

بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بریتییە لە بەدەستهێنان و ئیستغلالکردنی مرۆڤەکان لە ڕێگەی ئامرازەکانی وەک هێز، ساختەکاری، زۆرەملێ یان فێڵکردن. ئەم تاوانە قێزەونە کاریگەری لەسەر ملیۆنان ژن و کچ لە سەرانسەری جیهاندا گرتووە و بەشێکی زۆریان دەستدرێژی سێکسییان لەگەڵ دەکرێت. 

خەتەنەکردنی مێینە

ئەو ڕێکارانە دەگرێتەوە کە بە هۆکاری ناپزیشکی، ئەندامەکانی زاوزێی مێینە بە مەبەست دەگۆڕدرێن یان خەسارمەندی دەکەن. خەتەنەکردنی ژنان بۆ چوار جۆری سەرەکی پۆلێن دەکرێت و ئەنجامدان و پاڵنەرەکانی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازن. خەتەنەکردنی ژنان نۆرمێکی کۆمەڵایەتییە کە بەزۆری بە هەنگاوێکی پێویست دادەنرێت بۆ ئامادەکردنی کچان بۆ پرۆسەی گەورەبوون و هاوسەرگیری، و بەزۆری پەیوەستە بە بیروباوەڕەکان سەبارەت بە ڕەگەز و پەیوەندییەکەی لەگەڵ دەربڕینی سێکسی گونجاودا.

منداڵ هاوسەری

هاوسەرگیری منداڵ هەر جۆرە هاوسەرگیرییە کە یەکێک یان هەردوو هاوسەرەکە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بێت. ئەمەش پێشێلکردنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤە کە بەپێی ئەو جاڕنامەیە “هاوسەرگیری تەنها بە ئازادی هەڵبژاردن و ڕەزامەندی کامڵی لایەنەکان دەکرێت”. ئەگەری هاوسەرگیری منداڵ لە نێو کچاندا زیاترە، لە ئەنجامدا واز لە خوێندن دێنن و تووشی جۆرەکانی تری توندوتیژی دەبنەوە.

توندوتیژی ئۆنلاین یان دیجیتاڵی

توندوتیژی ئۆنلاین یان دیجیتاڵی دژ بە ژنان ئاماژەیە بۆ هەر جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان کە لە ڕێگەی (مۆبایل، ئینتەرنێت، سۆشیال میدیا، یاری کۆمپیوتەر، ناردنی کورتەنامە، ئیمەیڵ و هتد) بەکاردەهێنێت بۆ هەڕەشە، خاپاندن و ئازاری ژنان.

لە کۆتایی دا دەبێ بڵێم، بنەمای نایەکسانی و هەڵاواردن لە هەموو بوارەکانی دژە ژناندا، ڕەگ و ڕیشەی لە قازانجی کەمینەدا هەیە. چەمکی “توندوتیژی سیستماتیک” پێچەوانەی ئەو توندوتیژییە کە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە ئیرادەی تاکەوە هەیە، واتە مەرج نییە توندوتیژی سیستماتیکی سنووردار بێت بە ئیرادەی تاکەکان، بەڵکو لە پێکهاتەی دەسەڵاتەوە سەرهەڵدەدات. سەبارەت بە توندوتیژی سیستماتیکی لەسەر بنەمای ڕەگەز، دەتوانین باس لە دوو جۆری جیاواز بکەین، جۆرێکیان توندوتیژیی پێکهاتەیی کە بەهۆی پێکهاتە هەڵاواردنەوە دروست دەبێت، جۆری دووەمیش پەیوەندی بە توندوتیژی ڕێکخراوەوە هەیە. لە هەندێک بواردا کە هاوسەرگیری پێشوەختە باو بووە، منداڵان بەتایبەتی کچان، ناچارن هاوسەرگیری بکەن. سەبارەت بە جۆری دووەم کە توندوتیژی ڕێکخراوە، دەتوانین نموونەیەک لە هێرشی ئەسیدی بهێنینەوە، کە جۆرێکە لە توندوتیژی لەلایەن پیاوانەوە لە کۆمەڵگادا بۆ ترساندن یان ئازاردانی ژنان. بە داخەوە لە ئێراندا هەر دوو جۆری توندوتیژی بوونی هەیە و بە پشتیوانی حکوومەت “توندوتیژی سیستماتیک” بەردەوام لە حاڵی پەرە سەندندایە و ئەمەش ڕۆڵی ئێمە بۆ ووشیارکردنەوەی کۆمەڵگا زەقتر دەکاتەوە.