بزووتنەوە نارزایەتییەکان بۆمەلەرزەیەکی سیاسی قووڵ لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێراندا
تەها عەلینژاد
لە دەستپێکی ئەم گۆتارەدا دەبێ چاوێک بەسەر تیپۆلۆژی دەوڵەتەکانی سەدساڵی رابردووی ئێران بخشێنین ،بەدوای ئەودا بچینە نێووردەکاری نارەزایەتی بزووتنەوەکانی دوو دەیەی ڕابردووی. مێژووی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردووی ئێران لە شۆڕشی مەشرووتەوە تا بە ئەمڕۆ دەبێ مێژووی نارزایەتی و شۆڕش و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دابنێین؛ کە لە سەرتاسەری ئێران ئەو نەزمە سیاسی دەوڵەتەکان کە ڕۆژهەڵات ناسەکانی وەک کاڕڵ ئەگۆست ویتفۆگێل بە ئیستبدادی ڕۆژهەڵات (Oriental Despotism )،مەکس وێبێر نئۆ پاتریمۆنیئالیزم
( Neo-patrimonialism )نێوی لێدەنێن، کە لە پاڵی ئەوەوە کەسانێکی دیکە باس لە دەوڵەتی موتلەقە( Absolute State ) یا دەوڵەتی رانتییر(Rentier state ) دەکەن کە نەزمی سیاسی یەک سەدساڵی رابردووی ئێرانیان پێ پێناسە کردوە. لە ژێر کاریگەری ئەم دەوڵەتانە کارنامەی کاربەدەستانی ئێران نیشانی داوە کە ئەو دەوڵەتانە دژی دێموکراسی، کۆمەڵگای مەدەنی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی بوون. بەوجۆرە کە لە سەرەتا و کۆتایی سەدساڵی رابردوو ئیستبدادی پاشایەتی و ئایینی هەر کامیان لە چوارچێوەی سەرکوتی خەڵکی ئێران هەنگاویان هەڵگرتوە. ئەگەر بە رابردووی دەسەڵاتدارانی ئەم رژیمە لە ماوەی ٤٣ساڵی رابردوو سەرنج بدەین دەیبینین، کە هەر وەک دەورانی ئیستبدادی پاشایەتی بە خێرایی دەستیان بۆ بەهێزکردنی سپا و ئەرتەش و بوروکراسی، بۆ پشتیوانی لە دەسەڵاتی خۆیان بردوه ؛ له جێاتی تەوسعە و پێشکەوتوویی بە سیاسەتی فاشیستی، خۆ بە زل زانین لە سەردەمی دێموکراسی، جیهانی بوون و پوست مۆدێرنیزم کۆمەڵگای ئێرانیان ڕۆژ لەگەڵ رۆژ لە دونیای ئەمڕۆ دوورتر، هەژارتر و نائارامتر کردوە ؛ بە جێگەی ئەوەی کۆمەڵگایەکی دێمۆکراتیک و پلۆرالیستی دروست بکەن کۆمەڵگایەکی لاسەنگ و پڕ لە تەنێشی سیاسی و کۆمەڵایەتیان دروست کردوە کە داهاتوو و ژیانی خەڵکی ئێرانیان لەو ماوەیەدا بەرە و دواکەوتوویی و کێشەی قووڵ سیاسی بردوە. ئاڵووگۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دوو دەیەی ڕابردووی ئێران کە دەیان نارەزایەتی، خۆپیشاندانی سەراسەری، بزووتنەوەی جۆراوجۆری سیاسی و مەدەنی تێیدا ڕوویداوە نیشان لە بونبەستێکی سیاسی، بێ مەتمانەییەکی قووڵ بە ئەو رژیمە و بێهیوایی لە گۆران کاری دێمۆکراتیک لە حکوومەتدا و سەرکوت ، خەفەکردنی نارزایەتییەکانی ئارامی رێکخراوە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێراندا حکایەت دەکات. لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتی دواکەوتوو کە ئیجازەی تێپەربوونی کۆمەڵگایی ئێستا (Static Sociology) به کۆمەڵگایی داینامیک(Dynamic Sociology) بە قەوڵی ئاگۆست کونتی بە خەڵکی ئێران نادات. بە هۆی ئەوە بەشێکی گرینگ لە بزووتنەوە و نارزایەتییەکانی خەڵک لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە ئێران لە داخوازی ئابوورییەوە بەرو داواکاری سیاسی گرینگ وەک گۆڕانی رژیم وەرسوراوە کە دیسیپلینی سیاسی political discipline) ) ئەو رژیمە کە زۆر دواکەوتوو و کۆنەپەرەستانه کردوویەتییە ئامانجی خۆی. لە لایەکی دیکەوە خۆپیشاندانانە کە لە جنسی بزووتنەوە نئۆ و دێموکراتیکە لە بەرابەری دەسەڵاتی ناکارامە کە فۆرمێکی ئێقتێدارگەرایی هەیە راوستاوە، کە سەرکووتی کۆمەڵانی خەڵک بە تایبەت لاوان و نەبوونی متمانەی قووڵی ئاوان بە کۆماری ئیسلامی لەو خۆپیشاندانە دا چاوەروان دەکرا . بۆیە بزووتنەوەکانی دوو دەیەی ڕابردووی ئێران رەنگ و بۆنێکی توندووتیژ و پەسا ساختارگەرایی(post- structurealism ) هەیە کە فۆرمی بزووتنەوەکە و ئەکشێنی نارەزایەتییەکان نیشان لە نەبوونی دەرفەتی ئاڵووگۆری رژیم لە رێگای سەندوقی دەنگدان، خۆپیشاندانی نەرم و نیان و سەرکوتی ئۆرگانەکان و چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی هەیە.
گەڵانی ئێران لەو ساڵانەدا فێر بوون کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵێکی گرینگیان لە سیاسەتەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران هەیە. ئەم سابجێکتە هەم لە باری دێموکراسییەوە و هەم لە باری رژیمە دیکتاتۆرییەکان وەک ئێران و ڕوداوەکانی ئەم ڕۆژانەی ئێران دەگونجێت، ئیتر دەوڵەتەکان ناتوانن هەرجۆرێک کە خۆلیای خۆیانە سیاسەت دابرێژن، چونکە خەڵک لە بەرابەری سیاسەتەکانی ئیستبدادی ئەوان رادەوستن و تووشی چالشی گۆران و دارمانی سیاسیان دەکەن. ئەویکە ئایا خۆپیشاندانەکان و جەماوەرە گشتییەکان لە بەرابەری ئەم رژیمە دا بەردەوام دەبێت؟ دەبێ بڵێن ئەگەر ڕوداوەکانی ٦ساڵی ڕابردووی ئێران لە ١٣٩٦تا ١٤٠١ ببینین بەو باوەرە دەگەین کە مەودای خۆپیشاندانەکان زۆر کەمتر بۆتەوە لە ڕوداوی ساڵەکانی١٣٧٨ و ١٣٨٨ ؛بە هۆی ئەویکە هەموو ڕۆژێک خەڵک بەرەنگاری ئەم رژیمە بوونەتەوە لە نارەزایەتی و خۆپیشاندان ساڵەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ ، گەلاوێژی ١٣٩٧ ، خەزەلوەری ١٣٩٨ ، جوزەردانی ١٣٩٩، خاکەلێوەی ١٤٠٠ و خۆپیشاندانی گوڵان و جوزەرانی ١٤٠١ بەردەوام بزووتنەوە و نارەزایەتی خەڵکی ئێران تا گەیشتن بە ئاڵووگۆڕ و داڕمانی سیاسی ئەم رژیمە چالاک هه ن. کە بۆ خۆی سیگناڵی بۆمەلەرزەیەکی سیاسی و قووڵ لە کۆمەڵگایی ئەمڕۆی ئێران دایە، کە قەڵەشی نێوانی میلەت و دەوڵەت به روونی نیشان دەدات. هەروەها نیشان دەدا کە ئیتر ئەمڕۆ سیاسەت و هێز لە دەستی رژیم دا نەماوە و پۆپۆلیسم و کۆمەڵگای تۆدەیی(Mass Society) کە بە گوشاری هێزە سەرکوتگەرەکانی خۆی دروست کردبوو لە حاڵی داڕمان بۆ دێموکراسی و کۆمەڵ گایکی مەدەنی چالاک دەسووڕێ. . ئامانجی خۆپیشاندانە کان هەر ئەویە کە تاڵکۆت پارسۆنز لە تێوری ساختی_کارکەردی (Structural-functional) لە ژێر نەزەری گۆرانی ساخت (Structural Change) نێوی لێ دەبات کە هەمان گۆرانکاری بنەرەتی کۆمەڵگا و سیاسەتە کە ئەمڕۆ بۆتە دیسکۆرسی ئەسلی نارزایەتیەکانی ئێران؛ کە لە روداووەکانی بزووتنەوەی خۆیندکارانی ئێران لە ساڵی ١٣٧٨ و خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٨ و نارەزایەتییەکانی ساڵەکانی دوای ١٣٩٦ تا بە ئەمڕۆ جێپێی ئەم گۆرانکاریە ساختی لە دوو دەهەی رابردووی ئێران دا بە روونی دیارە، کە ئامانجیان گۆڕانکاری لە رژیم و کۆمەڵگا دایە. ئەگەر ئەم پرسیارش بکەین کە هۆکاری ئەوەیکە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نەیانتوانیوە ئاڵووگۆر لە فۆرمی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران دروست بکەن چیه؟ دەتوانین بڵێن یەکێک لە وڵامەکان بە پێ تیۆری ئیستبدادی رۆژهەڵاتی(Oriental Despotism ) کاڕڵ ویفۆگێل ئه وه یه که قەوارەی رژیمه ئیستبداد رۆژهەڵاتی یکانی وەک ئێران ؛ بەهێزترە لە کۆمەڵگای مەدەنی. و هەروا بەهۆی نەبوونی یاسای بنەرەتی ، حیزب ، کۆمەڵگای مەدەنی ئەکتیو هیچ سنوورێک بۆ هێزی ئیستبدادی خۆی ناناسێ. بۆیە ئەکت و ئەکسیۆنی چالاکوانانی بواری کۆمەڵگایی مەدەنی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ساڵانی رابردوو لە ئێراندا بە هۆی ئەوەیکە هێزی ئیستبداد لە کۆمەڵگای مەدەنی بەهێزترە بووە و کۆمەڵگای مەدەنیش لاواز و بێ رێکخراو و بێ پرۆگرام په وه دیاره ؛ ئەمانە بۆتە هۆکاری ئەوەیکە ئەم بزووتنەوانە له ئێران دا بە ئامانجەکانیان نەگەن. بەڵام هەرواکە ئەمڕۆ دەیبینین خۆپیشاندان و شۆڕش بۆ تێکشکانی دیکتاتۆری و ئیستبدادی مەزهەبی بەردەوامە هەرچن کە هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیم ئەوان بە خاک و خوێن دەکێشن. ساڵیانێکی زۆرە شەڕی بەینی ئیستبداد و خۆدکامێکی رژیم لەگەڵ خواستی گەڵانی ئێران بەردەوامە کە لاوانی دەرچوو لە زانکۆ کە بە داهاتووی خۆیان هیچ ئۆمیدێکیان نیە و چینی کرێکار و چەوساوە و چینی مام ناوەندی داڕماو کە دەستکەوتی سیاسەتەکانی ئابووری نئۆریبرالی دەوڵەت کانی رابردوو بوون ،ژنان و کرێکاران ، رێکخراوەکانی خۆیندکاری ، ئیتەحادیە ، سندیکا ، ئەسانافی جۆراوجۆری نێو کۆمەڵگای ئێران زەمینە خۆشکەری کۆمەڵگایکی مەدەنی بەهێز لە بەرابەری دیکتاتوری مەزهەبی بوون کە ڕۆژانە سەرکوت دەکرێن. ئەرکی ئەم کۆمەڵگا نوێیە گوشار خستنە سەر ئەم رژیمە دواکەوتووەیە تا بتوانن یەک جار بۆ هەمیشە بە ئێعمالی گوشار بەر حاکمیەت، پێش به تۆتالیتاریزم ، دیسپۆتیزمی مەزهەبی لە ئێران دا بگرن و خۆیان وەک بزووتنەوەیەکی دژە هەڵاواردنی سیاسی و ئابووری و رەگەزی پێناسە دەکەن، بویە هەتا بەرەو داهاتوو دەچین ئێران شاهیدی بەردەوام بوونی ئەم کۆمەڵگای مەدەنی چالاک و خۆپیشاندان و نارزایەتیانە دەبێ.