برای گیانبەختکردوویەکی کۆمەڵە لە شاری سنە، ماڵئاویی لە ژیان کرد

0
بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە گەیشتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی، کاک موراد موزەفەری برای هاوڕێ و هاوسەنگەری گیابەختکردووی ناو ڕێزەکانی کۆمەڵە، هاوڕێ “سديق موزەفەری” ناسراو بە سەدیق ئارپیجی لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی، ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.
کاک موراد موزەفەری کەسایەتێکی زۆر خۆشەویست و سیمایەکی یەکجار دیار و جێی متمانەی خەڵکی شاری سنە و دەوروبەری بوو.
مەرگی کاک مورادی خۆشەویست خەم و پەژارەیەکی زۆری خستە ناودڵی خەڵکی شاری سنە و سەرجەم دۆست و هاوڕێیانی بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە دەیانناسی و شاهیدی هەڵوێست و روانینی دڵسۆزانەی ئەو بوون.
جێگەی ئاماژەیە هاوڕێ سەدیق موزەفەری ناسراو بە (سدیق ئارپیجی) برای کاک موراد ، ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لەشاری سنە لە بنەماڵەیەکی دلسۆز و ناسراوی شارەکە لە دایک بوو. هاوڕێ سديق لە تێکۆشەرانی دێرینی شاری سنە بوو و وێڕای خەڵکی تێکۆشەری ئەو شارە لە خۆپیشاندان و راپەڕینی خەڵکی ئێران بە دژی ڕژیمی پاشایەتی بەشداریی چاڵاکانەی کرد .دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران پەیوەندی بە کۆمەڵەوە گرت و وەک تێکۆشەرێکی ڕاستەقینە و شێلگیر دەستی کرد بە چالاکی سیاسی. هاوڕێ سديق لە درێژەی هەڵسووڕانیدا پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و چەکی پڕ لە شانازی کۆمەڵەی کردە شان و لە شاری سنە وێڕای پێشمەرگە قارەمانانەکانی کۆمەڵە لە سەنگەری شۆڕشگێرانەی کوردستان دژی داگیرکەرانی کوردستان خەباتی کرد و دەیان و سەدان حەماسەی بێ وێنەی لە خۆی نیشاندا.
بەداخەوە ئەم تێکۆشەرە قارەمانە و ئەم سیما خۆشەویستەی ناو ریزەکانی کۆمەڵە، ڕۆژی ٣ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە میلەمەرزی شلێر لە ناوچەی مەریوان لە سەرەتاکانی دەستپێکی شەڕی بە زۆر داسەپاوی ناوخۆیی بە سەر کۆمەڵەدا ، گیانی ئازیزی لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵەدا بەخت کرد و درێژەی ڕێگای بە ئێمە ڕێبوارانی ڕێگای ئامانجە پیرۆزەکانی سپارد .
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەوە، پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کاک موراد موزەفەری و هەموو دۆستان و خۆشەویستان و خەڵکی تێکۆشەر و بە ئەمەگ و دڵسۆزی شاری سنە و دەوروبەری دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەیان دەزانین.
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *