کەسایەتی ئەدەبی و تێکۆشەری شۆڕشگێڕ، کاک ئیقباڵ خودامورادپوور، ماڵئاوایی لە ژیان کرد

0
زۆر بەداخەوە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی ئوکتۆبر، کەسایەتی ئەدەبی و تێکۆشەری شۆڕشگێڕ، کاک ئیقباڵ خودامورادپوور، کوڕی کاکە ئاغا و لە بنەماڵەیەکی ناسراو و خۆشناوی شاری سنە، بە هۆی ناخۆشی و لە تەمەنی ٦٨ ساڵی لە وڵاتی هولەند ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
کاک ئیقبال یەکێک لە کەسایەتییە هۆشیار و دادپەروەر و خەباتکارەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بوو، کە هەر لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، بە ئەندێشەیەکی ڕووناک و دڵێکی پڕ لە خۆشەویستی بۆ ئازادی و یەکسانی، پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزە پێشکەوتنخواز و چەپ و ئازادیخوازەکانی کوردستانەوە کرد و وەک نادر خودامورادپووری برای، کە لە کاتی بەرخۆدانی قارەمانانەی خەڵکی شاری سنە لە شەڕی ٢٤ ڕۆژەدا و لە لایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیەوە شەهید کرا، ژیانی خۆی لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی خەڵکدا تەرخان کرد و لە دژی چەوساندنەوە و هەڵاواردن و ستەمکاری خەباتی کرد.
کاک ئیقبال هاوکات لەگەڵ چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیدا، بە قەڵەمێکی تیژ و بیرێکی قووڵەوە، ئەدەب و شیعری بۆ خزمەت بە دۆزی ئازادی و هۆشیاری بەکارهێناوە و لە ماوەی ساڵانی تاراوگەدا، هەرگیز لە ئەرکە مرۆیی و چینایەتییەکەی جیانەبووەوە. ئەو هیمای نەوەیەک لە ڕۆشنبیرانی دەروەست بوو کە لە سەختترین بارودۆخەکاندا ئاڵای بیری ڕزگاری و بەرخۆدانیان بەرز ڕاگرت.
لە لایەن کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە، وێرای بەرز ڕاگرتنی یاد و بیرەوەرییەکانی کاک ئیقبال خودامورادپوور و دەربڕینی هاوخەمیی تایبەتی خۆمان بەبۆنەی کۆچی دواییەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی خودامورادپوور و سەرجەم کەسوکار و دۆستان و ئازیزانیان دەکەین و هیوادارین کە دوایین خەم و پەژارەی ژیانیان بێت.
ناو و یادەوەری کاک ئیقباڵ، وەک ئەستێرەیەکی گەشاوە، لە ئاسمانی خەباتی گەلی کورددا دەدرەوشێتەوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٤ی ئوکتۆبری ٢٠٢٥

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *