ئەگەری شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و لێکەوتەکانی
ئەگەری شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و لێکەوتەکانی
فەرزانە حەبیبی
زیاتر لە ٤٥ ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیسرائیلی وەکوو دوژمنی خۆی ناساندووە و هەڕەشەی سڕینەوەی ئەو وڵاتە دەکات، بەڵام بە پێچەوانەی هەڕەشەکانی ڕژیمی ئێران ئیسرائیل بەردەوام توانیویە هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان، سووریە،عێراق و تەنانەت لە نێوخۆی ئێرانیش کە دوا هێرش و کتوپرترین هێرش کوشتنی ئیسمائیل هەنییە بەرپرسی دەفتەری سیاسیی حەماس بوو.
رژیمی ئێرانیش بە پڕچەک کردنی حزبوڵای لوبنان و هاوکاری کردنی رێکخراوی حەماس و کەڵک وەرگرتن لەم گرووپگەلە بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل بە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران ئاسایشی ئەو وڵاتەیان خستۆتە مەترسییەوە و بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ڕژیمی ئێران بە ڕاشکاوی دەیانساڵە باسی لە ناوبردنی ئیسرائیل دەکەن کەچی بێجگە لە هێرشی هاژەکی و دڕۆنیی ئەم دواییانە کە زۆر بێ زیان و تەنیا مانۆڕێکی سەربازی بوو، هەنگاوێکی ڕاستەوخۆیان بۆ هێرش بۆ سەر ئەو وڵاتە هەڵنەهێناوەتەوە.
لە کاتێکدا هەڕەشەکانی ئەم دوو وڵاتە بەردەوامە،ئیسرائیل چەندین جار توانیویەتی پسپۆڕ و لێپرسراوانی سەربازی و ناوکی ئێران لە قووڵایی خاکی ئەو وڵاتەدا تێرۆر بکات و دزەکردنی سیخوڕەکانی ئیسرائیل لە بانترین ناوەندەکانی ئاسایشی و ئیتڵاعاتیی ڕژیمی ئێران دەستڕاگەیشتنی ئیسرائیل بە زانیارییە هەرە نهێنییەکانی ڕژیمی ئێران بۆ زەربەلێدان لە کۆماری ئیسلامی ڕژیمی ئێرانی دەستەوەستان کردووە و تا ڕاددەیەکی زۆر پۆزەی شکاوە.
لە ئەگەری شەڕی نێوان ئەم دوو وڵاتە چی ڕوودەدات؟ بێ گومان شەڕی راستەوخۆ بۆ هیچ لایەنێک ئاسان نییە لەبەر ئەوەیکە سنووری خاکیییان پێکەوە نییە و لەو بوارەدا ئێران باڵانسی هێزی لەسەرەوەیە چوونکە حیزبوڵای لوبنان و سووریە و بەشیکی فلستینی بەدەستەوەیە بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل کە ئەوەش لە بەر هێزی هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمریکا لە بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێکی هێرشبەردا نابێ.لە بواری ئاسمانی و تێکنۆلۆژی و هاژەک و دڕۆن و کەرەستەی سەربازی و پشتیوانیی نێودەوڵەتیی ئیسرائیل و ئێران پێکەوە بە هیچ شێوەیەک هاوسەنگ نین و ئیسرائیل چەندین پلە لە ئێران لەسەرترە. بواری ئابووری و پشتیوانیی نێوخۆیی ئێران زۆر لاوازە و بە پێچەوانەی ئیسرائیل بەرگەی هیچ شەڕێکی لەو چەشنە ناگرێ و ئەگەری ناڕەزایەتیی نێوخۆیی لە ئێراندا دێنێتە ئاراوە کە پێچەوانەی لێکدابنەوەکانی ڕژیمە کە بیهەوێ بە هەڵگیرساندنی شەڕێک هاوشێوەی شەڕی ئێران و عێراق، خەڵک بکاتەوە بە پشتیوانی خۆی.
ئێران بە چی دەیهەوێت تۆڵەی کوشتنی هەنییە و ئابڕووچوونی ئیتڵاعاتی و تواناییە بەرگرییە سەربازییەکانی بکاتەوە؟
لە حاڵێکدا ڕژیمی ئیسلامیی ئێران پاساوی پشتیوانیکردن و تێچووی گرووپەتێرۆریستییەکانی ناوچەکەی بۆ دوورکردنەوەی شەڕ لە ئێران پێناسە دەکرد، ئێستا بەپێچەوانەوە شەڕەکە گەیشتۆتە قووڵایی پێتەختەکەی و لەتاران دەستی ئیسرائیل بۆ هەموو کارێک ئاوەڵایە.کوشتنی هەنییە لە تاران و تێرۆر و لێدانەکانی پێشووتری لە ئیسفەهان و قوم و تاران لە بنکە و پسپۆڕە ئەمنی و ناوکییەکانی ئێران بەرەیەکی شەڕی ئیسرائیل بەرانبەر ئێرانە.
لە نێوخۆوە بێجگە لە ناوەند و شارەکانی ئێران، بەلووچستان و بە ڕاددەیەکی زۆرتر کوردستان پتانسیێلی سەرهەڵدانی شەڕی چەکدارییان لە دژی ڕژیم تێدایە و ژیلەمۆیەکن کە ئاگریکی گەورەیان بۆ ڕژیم لێدەکەوێتەوە.
بژاردەی یەکەم:هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ هەر سێ وێزگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و تەقاندنەوەی 22وێزگەی دابەشکردنی کارەبای ئیسرائیل،کە ئەوکات هیچ وڵاتێکی دەورووبەری ناتوانن وزەی پێویستی پێبدەن و ئیسرائیل تووشی قەیرانێکی وێرانکەری دەکاتەوە،بەڵام ئێران پەلکێشیی ناو جەنگی تەواو و هەمە لایەنە دەکاتەوە.
بژاردەی دووهەم:بە خێراترکردنی پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی سەربازییەکەی،کە ئامریکا و هاوپەیمانەکانی ماوەیەکی زۆرە هەوڵی سنووردارکردنی دەدەن،دەنگی ئەوەش هەیە کە دەستی بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی گەیشتووە و تەنیا ئاشکرا کردنی ماوە.کە کەڵک وەرگرتن لەم بژاردەیە واتە مەرگی خودی ڕژیم.
لەم لاشەوە ئیسرائیل لە چاوەڕوانی هێرشی ئێراندایە و ئەمریکاش سیستمی بەرگری و هێرشبەری زیاتری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو کردوەتەوە،لە کاتێکدا میدیا فەرمییەکانی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا پێشبینی هێرشی هاژەکیی فراوانتری ئێران و هێزە پڕۆکسییەکانی ئەو وڵاتە دەکەن.( هێرشی گەورەتر لە جاری پێشوو)
ئەوەیکە بۆ ئێمەی کورد گرنگە چییە و چی بۆ ئێمە تێدایە.
بشێوییەکانی ناوچەکە، عێراق و باشووری کوردستان، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لاواز بوونی کۆماری ئیسلامی بە قازانجی کورد دەشکێتەوە و پێچەوانەی نگەرانییەکانی ناوەندگەراکان و هێزەکانی هاوپەیمانی ڕژیمی ئێران هەر هەڵەیەکی ڕژیمی ئێران بۆ تێکەلبوون لە شەڕێکی ڕاستەوخۆ و هەر زەربەیەک لە کۆماری ئیسلامی دەتوانێ هەناسەیەک وەبەر کورد و بەتایبەت کوردی ڕۆژهەڵات بێنیتەوە.