«ئەم هەویرە ئاو زۆر دەبات»
ن.داهاتوو-بانە
«ئەم هەویرە ئاو زۆر دەبات» کۆمەڵێک باسی بەربڵاوی ڕووداو و هەواڵەکانی ناو کۆمەڵگای شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە و بە نیگایێکی وردبینانەوە دەڕوانیتە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەت کوردەواری لە حاڵی ئێستایاندا و، بە زمانێکی سادە و ساکار و بێگرێ دەیانخاتە بەر چاوی خوێنەر… دیارە هەرکام لە بابەتەکان هێندە دەخایێنی هەم زۆرتریان لە سەر بنووسرێ و هەم بە شێوەی ئاکادمیک و زانستییانە لە سەریان بکۆڵرێتەوە و بنووسرێ، بەڵام هەوڵ و کۆششی من لەم کورتەباسانەدا پڵتۆکێکە بۆ مێشک و زەینی خەڵکی کورد کە ڕابێن و تۆزێک لە دەوروبەریاندا ڕامێنن و ئەگریش نەتوانن بەشێوەی ڕاستەوخۆ هەڵوێست بگرن لانیکەم بەجۆرێک نەبن کە پەژیوانیی دواڕۆژ و داهاتووی بە دواوە بێت. داهاتوویێک کە دیار نییە بەرەو کام لا دەڕوات… داهاتوویێک کە ئەگەر بمانەوێ بە دەستی خۆمان بگەڕێت (دەزانم هەمووی ناکرێت بەڵام لانیکەم بەشی زۆری) دەبێ جیا لە هەرچەشنە بیروبۆچوونێک و هەر پلە لە خوێندەواری و هەر پلەوپێگەیێک، دەورێکمان لە بنیاتنانیدا هەبێت، نەک هەر لە ناوەوەی ڕووداوەکانی ئێستادا بسووتێین و نەشتوانین تەنانەت بقیژێنین، بەو بیانووەوە کە ناهێڵن. ڕاستە زۆر بوار و بابەت هەیە ناهێڵن ئێمە بڕیاریان بۆ دەرکەین و دەستیان بە سەردا بکێشین، بەڵام خۆ ناشکرێ چاومان بقونجێنین و دەممان بدوورین و هیچ نەڵێین. ڕاستە ناهێڵن دەنگ هەڵبڕین بەڵام خۆ دەتوانین قسە بکەین…
لە هەواڵێکدا کە لە لایەن ئاژانسی هەواڵنێریی بیبیسییەوە،کە ئەویش لە ئیرنا هەوڵنێریی فەرمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانوە وەریگرتووە، لە زمانی سەرۆکی لیژنەی هەڵبژردنەکانی پارێزگای تاران بڵاو کرایەوە: ٨١ لە سەدی ئەندامانی ئێستای شۆراکانی پارێزگای تاران سەڵاحیەتیان بۆ خولێکی تری شۆراکان ڕەت کراوەتەوە و بۆیان نییە بۆ ئەم خولەی تر ناویان تۆمار بکەن. ئەمە بەو واتایەیە کە ئەم کەسانە ئەم چەند ساڵە کە لە شۆرادا کاریان کردووە، بە جۆرێک گەندەڵی لە کاریاندا بووە و گەندەکارییان کردووە کە هەر ئەو کەسانەی لەوە پێش متمانەیان پێ کردبوون و هێشتبوویان ناویان بنووسن بۆ شۆراکان، ئێستا ئیتر بە هۆی ئەم گەندەڵکارییانەوە ناهێڵن بێنە ناو شۆراوە. ئەمە خۆی دیسان لە خۆیدا واتە ئەو کەسانەی کە ئەمانەیان ناونووسی کردووە پێوەرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی کەسەکان ئەوەندە بەهێز و متمانەبەخش نییە کە نەهێڵێ ئەم کەسانە بە لاڕێدا بچن و دروستکار بن.
بابەتەکە دەکرێ لە سێ بواردا شی بکرێتەوە: 1) بواری یاسا 2) بواری پێوەرەکان بۆ هەڵبژاردن 3) بواری باری کەسایەتیی خودی کەسە هەڵبژێردراوەکان
لە بواری یاساوە، کە دەڕوانینە بابەتەکە، سەیر دێتە بەر چاو کە ئایا یاساکە ڕێگا دەدات بەم کەسانە گەندەڵ بن؟ ئایا یاساکە هێندە لاوازە کە هەرکەسێک دەتوانێ بە مەیل و سەلیقەی شەخسیی خۆی شرۆڤەی بکات و بەقازانجی خۆی شتی لێ هەڵێنجێت؟ ئایا یاساکە بابەتەکانی بەڕوونی دەرنەخستووە کە هەمووان بتوانن بەدروستیی ڕاڤەی بکەن و لێکیبدەنەوە و هەموو بوارەکانی قازانجی گشتی و قازانجی یاسایی و قازانجی تاکەکەسیشی تیا بێت؟ سەرەتا و پێش گەندەڵی، ئایا یاساکە هێندە بەهێز نییە کە بتوانێ بەر بە گەندەڵی بگرێ؟ یان دوای گەندەڵی، ئایا یاساکە هێندە بەهێز نییە کە بتوانێ بەربەرەکانێی کەسی گەندەڵ بکاتەوە کە ببێتە عیبرەت بۆ کەسانی دواتر و گەندەڵکاری نەکەن؟ ئەم کەسانە کە بۆ لیژنەی هەڵبژاردن دەرکەوتووە بە جۆرێک گەندەڵکارن (دوو حاڵەتی هەیە: یان گەندەڵکارن و گەندەڵییەکەیان سەلماوە کە بۆیان نییە بۆ خولێکی تر ناونووسی بکەن؛ یان گەندەڵکار نین و لیژنە بە سەلیقەی خۆی گەییشتووە بەم ئاکامە کە ئیتر ئەمان درێژە بە کارەکەیان نەدەن و ڕێگە بۆ کەسانی تر بکاتەوە. ئەی بۆچی ناهێڵن دیسانەوە ناونووسی بکەنەوە؟) ئایا دوای نەهێشتنی ناونووسی دووبارە، دیسانەوە دەچنەوە سەر کارەکەی پێشوویان و هەر لەو ئیدارەدا کار دەکەنەوە کە لە پێش شۆرادا کاریان لێکردووە؟ یان نا، لە بەرانبەر یاسادا لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکەن کە چ گەندەڵکارییەکیان کردووە و بە خەڵکیش ڕادەگەیێنن کە ئەمانەن ئەو کەسانەی ئێمە هێشتومانە و ئێوەش هەڵتانبژاردوون بێنە ناو شۆراکانەوە دزی و گەندەڵی بکەن، ئێستاش ئێمە بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک، بە کۆڵێک گەندەڵکارییەوە و بە سەرفرازییەوە دەیاننێرینەوە ناو خۆتان، با لە ناو خۆتانا بژین؟ لەم پرسیارانە هێندە زۆرن کە زۆر کەس هەیانە و بەداخیشەوە یاساکانیان هێندە ئاڵۆز و نابەرپرس کردووە کە کەسەکانیش لە هەمبەریاندا نابەرپرسیان لێ دەرهاتووە و خۆشیان ناتوانن وەڵامیان بدەنەوە. بەڵام لە هەر کەس بپرسی بۆ وایە؟ ڕەنگە تەنیا بتوانێ بڵێ من نازانم، یاساکە وا دەڵێ، یاساکە ڕێگەی داوە.
باشە ئەمە چ یاسایێکە کە ئاوا سووک و ئاسان لێ دەنەون و لێی دەڕوانن کە هەمووان بتوانن هەڵیبگرن و داینێن و بە مەیل و حەزی خۆیان بە دوای خۆیاندا کێشی بکەن و نەتوانێ هیچ بڵێ؟ ئەمە چ یاسایێکە کە وەک سەگی خۆماڵیی لێ دەرهاتووە پەتێکی لە ملدایە و بە هەر لایێکدا ڕادەکێشرێ: کەچی هەر ئەم یاسایە بۆ کەسانێک کە پەتەکەیان بە دەستەوە نییە (واتە لە خۆیان نین) وەک سەگی هاری لێ دێ و هاشاوڵ دەبا بۆ کەسەکان و ئەگەر بیەوێ بپێچرێتە دەوری کەسێکدا هێندە درز و کون و کەلەبەری تیایە کە ئەو کەسە مەگەر بە مەرگ لە دەستی ڕزگاری بێت؟ ئەم هەویرە ئاو زۆر دەبات.
لە بواری پێوەرەکان بۆ هەڵبژاردن، ئەمە کامانە پێوەرن بۆ ئەوەی هەر کەسێک بتوانێ خۆی ناونووس کات و بێتە ناو شۆراکانەوە؟ ئایا پێوەرەکان هێندە بەهێز و زانستیانەن کە تەنیا کەسانی شارەزا و لێهاتوو جورئەتی ئەوە بە خۆیان بدەن بێنە پێشەوە و ببنە ئەندامی شۆرا، یان نا، پێوەرەکان هێندە لاوازن کە هەرکەسێک لە خۆیدا ڕادەبینێ بێتە پێشەوە و ببێتە بڕیاردەر و بەڵێندەر بۆ شارێک؟ ئایا کارەکە هێندە سووک و ئاسانە کە بۆ وێنە ڕۆژنامەفرۆش و کارمەندی سادەی ئیدارەیەک و موعەللیمێک و کارناسێکی بێکاری زمانی ئینگلیسی یان فارسی و فڵانی و فڵانی بێنە مەیدانەوە و کار بکەن؟ ئایا کارەکە پێویستیی بە هیچ پسپۆڕییەک و شارەزاییەک نییە؟ دیارە نییە کە هەر کەسێک کە کار و پیشەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبەریەتییەوە نییە بەڵام دەتوانێ خەڵکێک لە دەوری خۆی کۆکاتەوە، لە ناو شاردا دێت و دەبێت بە ئەندامی شۆرای شار و بڕیاری پسپۆڕانە دەدات! ئەم وتانە بێڕێزی بە کەسانێک یان پیشەیەک نییە، بەڵکو دەمەوێ بڵێم ئەی کوا ئەو پەندە جوانە کوردییە کە دەڵێ نان بۆ نانەوا و گۆشتیش بۆ قەساب؟
بێمەوە سەر پێوەرەکان: نوێژ بخوێنێ؛ ڕۆژوو بگرێ؛ فڵانە جل لە بەر نەکات؛ لە ناو خەڵکدا بەباشی ناوی دەرکردبێت و … ئەمانە هەموویان پێوەری تاکەکەسین و هەرکەسێک دەتوانێ لە درێژەی زەمەندا بگۆڕی و لەمانە لابدا؛ هەروەها کە بەزۆری لەم کۆمەڵگایەدا بینیومانە. پێوەرەکانی تر: سەر بە فڵانە ڕێکخراوە بێت؛ پەروەندەی بەسیجیی بێت؛ خۆی یان باوکی سەهمییەیان هەبێت و … ئەمانەش خۆ هیچکامیان پێوەرێک نین بۆ توانایی و لێهاتوویی بەڕێوەبردنی شارێک! پێوەرەکانی تر: لیسانسی هەبێت: لە بوارێکی زانستی و ئاکادمیکی سەر بە زانکۆیێک دەرسی خوێندبێت… ئەمانەش بەم هەموو زانکۆ و نیوەزانکۆ و پەیام نوور و عیلمی کاربوردی و… کە هەر شار و شارۆچکەیێک یەک دوو زانکۆی هەیە کە بە هەموو وانەکانیانەوە تانها چەند مامۆستایان هەیە، زۆربەیان بوونەتە پووڵی و تەنانەت نمرەگرتن و دەرچوونیش بووەتە پووڵی و… وەرگرتنی لیسانس لە شاگردیی پیشەیێکی سەنعەتی ئاسانتری لێهاتووە… تازە: گرینگیش نییە چ لیسانس و مەدرەکێکی ببێت و ئایا ئەم مەدرەکە پێوەندیی بە شارناسی و شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی شارەوە هەیە یان نا لیسانسی ئەدەبیات و پەرەستاری و بێهداشت و گیاناسی و مۆسیقا و … ئەتوانن ببنە ئەندامی شۆرا؟ و ئەم هەویرە ئاو زۆر دەبات.
بواری باری کەسایەتیی خودی کەسە هەڵبژێردراوەکان: وا گریمان پێوەرەکان بۆ هەڵبژاردن و بوونە ئەندامی شۆرا هەموویان نامەنتقی و ناعەقڵانین. وا گریمان باری یاسایی هەڵبژاردن و بەرەنگاربوونەوەی یاسا لەگەڵ گەندەڵی لاوازە و ناتوانێ بەرپەرچی بداتەوە. وا گریمان بواری کۆمەڵایەتی، ڕامیاریی ئەندامێتی هەر لە بنەڕەتدا لاوازە و هەرکەسێک مافی ئەوەی هەیە ببێتە ئەندامی شۆرا… باشە، ئەی بواری ئەخلاقی و دەروونیی کەسەکان بۆ ئەوەی لە توانایاندا دەبینن ئەرکە گرینگەکانی بەڕێوەبردنی شارێک بگرنە ئەستۆ؟ ئایا چەندە لە خۆیان ڕادەبینن بێنە نەو گۆڕەپانەوە و بە ساخی سڵامەتی لەم گۆڕەپانە بێنە دەر کە لە لایێکەوە پڕە لە قازانجی ماڵی و پووڵی و ئاسایش و ڕاحەتی ژیانی ڕۆژانە (بە مەرجێک ئاتۆی سیاسی نەدەیتە دەستەوە کە بتوانن داتڕمێنن، ئاتۆی ئابووری گرینگ نییە کە لە کوێوە دەگەیتە کوێ!) و لە لایێکی تریشەوە پڕە لە ڕیسوایی ئەخلاقی و ویژدانی و … کە مرۆڤ دەبێ زۆر بەئەخلاق و بەرپرس بێت کە نەتوانێ لەم سفرە ڕاخراوەی هەر کەسێک لایێکی لێ ئەقرتێنێ و ئەیڕفێنێ بۆ خۆی ، بتوانێ ساخ و سەلیم دەرچێ و دوایی بتوانێ لە کۆمەڵگادا بە سەربەرزی بچێتە ناو خەڵکەوە. دیسان گریمان ئەم بوارەش لاوازە، کەسێ کە خۆی بەربژێر دەکات بۆ ئەندامێتی شۆرا، ئایا نا بێ لە خۆی بپرسێ من چەندە لەم کارەدا لێهاتووم؟ ئایا هەر ئەوەندە پەرەستارێکی باش بم دەتوانم ببمە شارەدارێکی باشیش؟ ئایا من کە موعەللیمێکی باش بم دەتوانم شارەدارێکی باش بم؟ ئایا من کە دەوڵەمەندم و ماڵ و سامانێکی باشم هەیە دەتوانم شار بەڕێوە بەرم؟
جیا لەمانە خۆ زۆربەی هاونیشتمانیان دەزانن ئێستاکە لە هەموو شار و دێهاتی کوردەواریدا ئەندامانی شۆرا و شارەدار و بگرە فەرمانداریش بەگشتی ناڵێم هیچکارەن، بەڵام لە ئەرکە گرینگە کۆمەڵایەتییە سیاسییەکاندا بەتەواوی هیچکارەن و ناهێڵن بەڵێندەر بن. ئاخر شۆرایەک نەتوانێ تەنانەت ناوی شوێنێکی ئایینی دیاری بکا و دەبێ بە پێی بڕیاری دەزگا ئەمنییەتی و ئیتیلاعاتییەکانی سەر بە دەسەڵاتی شیعە بجووڵێتەوە، کەی دەتوانێ سەربەخۆ و بڕیاردەر بێت؟ شۆرایەک کە بۆ کۆنسێرتێکی هونەرمەندێک نەتوانێ سەربەخۆ بەڵێن بدات، شۆرایەک کە نەتوانێ بەر بە پاساژسازیی نایاسایی فڵانە فەرماندەی سپای پاسداران بگرێت، شۆرایەک کە نەتوانێ لەهەمبەر کوشتنی کۆڵبەرانی شارەکەیدا هەڵوێست بگرێت، شۆرایەک کە نەتوانێ سەرۆکی فڵانی ئیدارە دانێ یان لایببات، شۆرایەک کە تەنیا ئەرکی بووەتە هەڵبژاردنی شارەدار (ئەویش نەک هەڵبژاردن بەڵکو تەنیا پێشنیاردانی کەسێک بۆ شارەداری!) و ناونانی کووچە و کۆڵانەکان (ئەویش نەک لە هەموو شوێنێکدا، ئەگینا بۆ دەبێ ناوی شەقامەکانی شارە کوردنشینەکان سەردار سڵێمانی و ئیمام و فەخریزادە و تاڵەقانی و چی و چی و چی تریش بێت؟ و زۆر شتی دیکەش) دەی ئەمە سووکایەتیکردن بە نەفسی خودی کەسەکە نییە؟ مەگەر ئەوەی بە لایەوە گرینگ نەبێت. ئەمە سووکایەتیکردن بە خەڵکی شارەکە نییە؟ مەگەر ئەوەی خەڵکیش بەلایەوە گرینگ نەبن…مرۆڤ دەبێ چەندە لاواز بووبێت کە لانیکەم ڕێز بۆ کەسایەتیی و مەدرەک و بنەماڵەکەی دانەنێت و لەم شانۆیەدا خۆی بکاتە لەییستۆکی دەستی کەسانی تر کە دەشزانێ هەرئەو کەسانە ڕۆژێک ئەگەر بەپێی ویستی ئەوان قسە نەکەی و نەجووڵێیتەوە بە پەڕۆیەکی پیس وەدەرتدەنێن و تاوانێکت بۆ هەڵدەبەستن ئەوپەڕی دیار نەبێت؟
بێینەوە سەر هەواڵەکەی ئیرنا: لە ٢٣٢ کەس ئەندامی ئێستای شۆرای شارەکانی پارێزگای تاران کە خۆیان ناونووس کردۆتەوە بۆ قۆناغی نوێ ١٨٨ کەس لە لایەن لیژنەکانەوە بە تاوانی جۆراوجۆر ڕەت کراونەتەوە. ئەمە جیا لەو کەسانەیە کە خۆیان زانیوایان شۆرا چ شوێنێکی گەندەڵکار و گەدەڵساز کە ئیتر خۆیان نەنووسیوەتەوە و جیا لەو کەسانەش کە خۆیان دەزانن چ گەندێک باریان هێناوە و ئەگەر دیسانەوە خۆیان بنووسنەوە ڕەت دەکرێنەوە و جیا لەو کەسانەشە کە هاتوون دوای چوار یان هەشت ساڵ باروبنەی خۆیان پێچاوەتەوە و ئیتر پێویستیان بە شۆرا نەماوە…
جا کەواتە دەبینین شۆرا و ئەرکەکانی کە لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا و لە درێژەی زەمەندا دەرکەوتووە گرینگترین و پڕبایەخترین ناوەندی بەڵێندان و بڕیاردانە، لە هەموو بوارێکا؛ چەندە لە کۆمەڵگای بەرلێبەرەڵڵاکراوی ئەمڕۆی ئێران و کوردستاندا ئەرکەکانی گۆڕاون و بووەتە دارەدەستێک بۆ هێنانە سەر شەقامی خەڵک تەنیا بۆ ئەوەی بسەلمێت خەڵک چەندە لەگەڵ کۆماری ئیسلامین… ئەمە شۆرایەیان شۆراوە، شۆڕایە یان شۆو(Show)ڕایە، شۆڕایە یان شەوڕایە؟؟؟ لە هەموو شتێک دەچێت لە مەکۆیەک بۆ ڕاوێژ و بڕیار نەبێت…