کۆماری ئیسلامی و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی

✍فیرووز مامۆیی

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ھەر لە سەرەتای ھاتنە سەر دەسەڵاتی تا بە ئەمڕۆ بە بەردەوامی لەگەڵ قەیرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەرەوڕوو بووە و یەک بڕگەی بچووکی دەسەڵاتی ئام ڕژیمە شک نابەی کە لە ئارامیدا تێپەڕ بووبێت، بەڵام بەشێکی ھەرە زۆری ئەم قەیرانگەلە خودی ڕژیم بە مەبەستی مانەوە لە دەسەڵات و پەردە پۆش کردنی قەیرانەکانی دیکە خولقاندوویەتی.

لەم ڕۆژە دژوار و پڕ لە مەترسیانەدا کە کۆمەڵگای ئێران وەکوو بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکانی دیکە بەرەوڕووی پەتای کوشندەی کورۆنا بووەتەوە و ڕۆژانە بە دەیان ھەزار کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە گیرۆدەی ئەو ڤایرۆسە دەبن و بە سەدان کەسیش گیانیان لەدەست ئەدەن، لە ھەمان کاتدا بە ھۆی باری خراپی ئابووری و گوزەرانی خەڵکەوە قەیرانی ھەژاری و قات و قڕی و برسیەتی تەنگی بە خەڵکی زەحمەتکێش و ھەژاری ئەو وڵاتە ھەڵچنیوە، دیسان کۆماری ئیسلامی گەڕاوەتەوە بۆ سەر وتووێژەکانی بەرجام و تەنیا لە ھەوڵی ئەوەدایە بەڵکوو داراییە بلۆکە کراوەکانی ئازاد بکات و لە رێگای ئەو پارەیەوە کە دەستی دەکەوێتەوە، گرووپە تێرۆریستیەکانی ژێر سەیتەرەی خۆی پێ بەهێز بکات و بە تەیار کردنەوەی ئەو گرووپانە، سیاسەتە دۆڕاو و شکست خواردووەکانی رێک بخاتەوە.

ھەر لە گەرمەی ئەم وتووێژە ئەتۆمیانەدا، یەکیەتیی ئۆرووپا بڕیاریدا بە ھۆی سەرکوتی خوێناویی خەڵکی ناڕازیی ئێران لە سەەرماوەزی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە، پێنج کەس لە بەرپرسە ھەرە باڵاکانی ڕژیم و سێ بەندیخانەی ئێران بخاتە لیستی گەمارۆەکانی خۆیەوە و ھەروەھا لە لایەکی دیکەوە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا وزەخانەی ئەتۆمی نەتەنز کە سەرەکیترین ناوەندی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ئێرانە بە تەقینەوەیەک کە دەگوترێ دەستی ئیسرائیلی تێدا بووە، گورزی گەورەی بەر کەوتووە و بەشێکی بەرچاوی ئەو وزەخانەیە لە کار کەوتووە  و بە ھەزاران سانترفیوژ لەنێوچوون و بەم ھۆیەوە پێ دەچێ ئەو ناوەندە بۆ ماوەیەک نەتوانێت درێژە بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بدات.

پاش ئەم ڕووداوە و خەسار بەرکەوتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕیاری داوە کە پیتاندنی ئۆرانیۆمی خۆی بۆ ئاستی ٦٠٪ و زیاتریش بەرزکاتەوە و لەم ڕۆژانەشدا سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند توانیویانە ئۆرانیۆم تا ڕادەی ٩٠٪ بەرهەم بێنن، ئەمەش نیگەرانییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەرە پێداوە و بووەتە ھۆی ئەوەیکە گوشارەکان بۆ بەربەست خستنە سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زیاد بکات و لە راستیشدا ھەر ئەم بابەتە بووەتە ھۆی دژوار بوونەوەی وتووێژەکانی نوژەنکردنەوەی بەرجام.

ڕژیمی ئیسلامیی ئێران کە لەگەڵ ئەم کۆمەڵە گرفت و قەیرانە چارەسەر نەکراوانە بەرەوڕوو بووەتەوە و ھیچ ھیوایەکیشی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نییە، لە بەردەم بەناو ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارییشدایە و زۆرێکی خەڵک لەبەر ناڕازیی بوون لەو ژیانە پڕ لە نەھامەتی و ھەژاریەی کە کۆماری ئیسلامی بۆی سازکردوون، بڕیاریان داوە کە لەو ھەڵبژاردنە فۆرمالیتەیەدا بەشداریی نەکەن و لە راستیدا ڕژیم وێڕای قەیران و تەنگەژە نێودەوڵەتیەکانی، لەگەڵ قەیرانی مەشرووعیەتێکی یەکجار بەرینتر لە ساڵانی پێشووتر لە ناوخۆی وڵات بەرەوڕوو بووەتەوە و زۆرێک لە کارناسانی سیاسی بە خوێندنەوەی ئەو بارودۆخەی ئێرانی تێدایە، لەسەر ئەو بڕوایەدان کە کۆماری ئیسلامی توانای چارەسەر کردنی ئەم ھەمووە قەیران و کۆسپ و تەگەرە جۆراوجۆرەی نییە و پێ دەچێت لە داھاتوودا لەگەڵ دەسەڵاتێکی لاوازتر، کەم تواناتر، ئیزۆلەتر لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و شکەنەندەتر لە ناوخۆ بەرەوڕوو ببین کە ھەر ئان و سات ئەگەری ئەوەی ھەیە بە شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایی خەڵکی، بە تەواوەتی لەنێو بچێت و ببێتە ھۆی گۆڕانێکی گەورە لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەییدا.