دۆخی ئابووری و سیاسەتی ئێران

✍محەمەد حەکیمی

بەرنامەی ناوکی رژیمی ئیسلامی ئێران نیگەرانی لە ناوچەکە و جیهانیشدا دروست کردوە و هەمووان دەزانن ئەگەر رژیمی ئیسلامی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات ئەوا ناوچەکە دەبێتە مەیدانی تەراتین و بازاری چەکی ناوکی و ئەوسا هەموو ناوچەکە تێدەکۆشن دەستیان بە چەکی ناوکی بگات. هەر لەو پەیوەندەدا وڵاتەکانی ئورووپا و ئەمریکا لەگەڵ رژیمی ئیسلامی ئێران رێکەوتنێکیان بە ناوی “بەرجام” ئەنجامدا، ئەو رێکەوتنە لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی لە نێوان گرووپی پێنج زێدە یەک و یەکیەتیی ئورووپا و رژیمی ئیسلامی ئێران واژۆکرا.

هەر لەو پەیوەندەدا “ئای. ئا. ئای. ئا” لە ڕاپورتی خۆییدا سەبارەت بەو ریکەوتنە دەڵێت: هیچ جۆرە پێشەوەچوونێک سەبارەت بە رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئاژانس بەدیناکرێ، ئاژانسی “ئای. ئا. ئای. ئا” ڕایگەیاند کە تا ئەو کاتەی رژیمی ئیسلامی هاوکاری پێویست وەک “پروتوکولی پەیوەست” سەبارەت بە رێکەوتنە نەکات هیچ جۆرە زەمانەتێک نییە کە رژیم درێژە بە پێتاندنی ئورانیوم نەدات. بە پێی راپورتی لێکوڵەرەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، رژیم هەموو شوێنەکانی پێتاندنی ئورانیومی دانەخستووە و لە ژێرەوە خەریکە کاری خۆیی دەکات و سەرەڕای ئەوەی تا ئێستاش ئاژانسی وزە ئەتۆم لە ئێران خەریکە درێژە بە کاری خۆیی دەدات، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لیکۆلەرانی ئاژانس دەستیان ناگات بە هەموو ئەو شوێنانە و تا ئێستا لە چەن شوێن جێماوەی ئورانیوم ماوە و ئەوە بۆ لێکۆلەرانی ئاژانس دەرکەوتووە.

ئەمە لەلایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە رژیمی ئیسلامی ئێران گەورەترین دەسەڵاتی پشتیوانی تیرۆریسمە لە جیهان. پشتیوانی ماڵی و لوجستیکی رژیمی ئیسلامی لە گروپە تیرۆریستیەکانی هەموو رۆژهەڵاتی ناوین و باقی ناوچەکانی دیکەی جیهان کاریگەری راستەوخۆی لە سەر دۆخی جیهان و بە تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە و ئەمەش وایکردوە کە ئورووپا و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا چەندین گەماڕۆ بە سەر رژیمی ئیسلامیدا بسەپێنن و  ئەو گەماڕۆیانە خەڵکی ئێرانیان توشی قەیرانی زۆر کردووە و ئاستی توانای خەڵک بۆ کڕینی خۆراک لە ئێران زۆر دابەزیوە و بە گشتی سفرەی خەڵکی ئەو وڵاتە خاڵییە.

لە ڕاستییدا گرفتە ئابوورییەکانی ئێران، تەنها بەرهەمی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان نییە، ئەگەر ئابووری ئێران بە پیی بنەما و ژێرخانێکی زانستییانە و عەقلانی دابڕێژرابایەت، ئەو گەماڕۆیانە نەیاندەتوانی هەموو ژیانی خەڵکی بخەنە مەترسیەوە. ئەمڕۆ گەمارۆکان بۆ خەڵکی ئیران بوەتە مۆتەکەیەک کە سیبەری بە سەر هەموو ژیانی ئەواندا کێشاوە. ئەگەر بە وردی بروانینە ئەم ٤٢ سالەی دەسەڵاتی رژیمی ئیسلامی ئێران ئەوا دەبینین کە هەر لە دەیەی یەکەمی هاتنە سەر کاری رژیم لە ئێران ئاستی کرینی خەڵک بوو بە نیوە و دواتر ساڵ بە ساڵ ئەم دۆخە خراپتر بوو و دەبێت. لەلایکی دیکەوە هەڵاوسانی ئابووری، بێکاری، کێشەی ئاو، ژینگە، قەیرانی خانەنشین کراوەکان، کرێکاران و نەدانی مووچەی مووچەخۆران بەشێکی کەم لەو گرفتانەن کە ئەمڕۆ یەخەی خەڵکی ئێرانیان گرتوە و خەڵک بۆ دەرچوون لەو دۆخە دەستیان داوەتە مانگرتن و خۆپیشاندان و داوای مافی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەم داواکاریانەی خەڵک لەلایەن رژیمەوە نە تەنها وڵام نەدراوەتەوە بەڵکوو خەڵکی ناڕازی بە توندی سەرکوت کراون.

بە هۆی سیاسەتی هەلەی رژیم لە بەرنامەی ناوکی و هەروەها لە سیاسەتی دەرەوەیدا و دەستێوەردان لە کار و باری وڵاتانی ناوچەکە و سەرکوتی شاڕۆمەندانی ئێرانی، ئەو رژیمە کاریکی وەهای کردوە کە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان هیچ متمانەێکیان بە رژیمی ئیسلامی ئێران نەماوە و گوشارو گەماڕۆکان بۆ سەر ئێران زیاتر و زیاتر دەکرێن. هەرچەن دوای هاتنە سەر کاری “جەو بایدن” رژیمی ئیسلامی ئیران کیسەی بۆ گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا هەلدوریوە، بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا بینراوە، سیاسەتی دوو لایەنە و دوو پهلوی هەر دوو رژیمە بەرانبەر بە یەک و هیچیان ئامادە نین مەرجەکانی لایەنی بەرانبەر قەبووڵ بکەن و رژیمی ئیسلامی بۆ گەرانەوە بۆ سەر مێزی گوفتگۆ دەڵێت دەبێت وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەموو گەماڕۆکانی سەر ئێران لابەرێت و ئەمریکاش لە بەرانبەردا وتوویەتی کە هەنگاوی یەکەم و ڕاستی ئازامایی دەبێ لەلایەن رژیمی ئیرانەوە ببینرێت تا بتوانین باوەر بکەین کە ئەو رژیمە دەیەوێت ئاڵو گۆڕ لە خۆیدا دروست بکات و هەر دوو لا بە گشتی و ژێر بە ژێر خەریکن و دەیانەوێ کارنامەیەک بۆ خۆیان تۆمار بکەن کە بە رای من ئەمریکا نایەوێ پێش ئەوەی ئێران تاقی بکاتەوە جاریکی دیکە لە سەر مێزی گوفتگۆ دابنیشێت و لەلایکی دیکەوە وڵاتی ئیسرائیلیش چاوەروانی ئەم دوو وڵاتەیە بۆ ئەوەی بزانێت کە چی پێش دێت و بەرەو کوێ دەچێت.