ئێمە سەرلەنوێ دێنەوە، ڕاپەڕین ئاسۆمانە…

ئێمە سەرلەنوێ دێنەوە، ڕاپەڕین ئاسۆمانە

عەزیز ئاجیکەند

شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی، موژدە دەری ئاڵوگۆڕی قوڵی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسیە بە پانتایی هەمووکوردستان

ئەم ڕۆژانە ساڵڕۆژی کوشتنی « ژینا » ی کوردستان و دەستپێکی شۆرشی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری وەگیان هاتووی کوردستان وگشت شارەکانی ئێرانە کە بە دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی » هاتنە مەیدان و ترس و لەرزیان خستە گشت جەستەی کاربەدەستانی نیزامی داپلۆسێنەری کۆماری سێدارە.کوشتنی ژینا کردەوەیەکی قێزەونانەبوو کە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی . ئەم ڕاپەرینە لە کەمترین ماوەدا ڕژیمی تا سەرلێواری ڕووخان برد. لەم شۆرشە مەزنەدا،جەماوەری وەگیانهاتوو بەتایبەت لاوانی بوێر و فیداکار، سەرتاپێی ئەم دەسەڵاتەیان بردە ژێر پرسیارەوە. شۆرشی« ژینا» کەجەرەقەکەی لەکوردستانەوە لێدراو لە نێو دلی جەماوەری کوردستاندا شکڵی گرت بەکردەوە کەشی سیاسی کوردستان و ئێرانی گۆڕی و خەڵکی نارازی لە دەسەڵاتی هێنایە سەرشەقام.چیرۆکی مەرگی دڵتەزێنی ژینا و دڕندەیی و توندوتیژیی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران و ڕاپەرینی کۆمەڵانی نارازی لە ئێران و کوردستان و دروشمی ژیرانەی خەڵک بەناوی « ژن، ژیان، ئازادی » بەخێرایی گەیشتە لوتکەی هەواڵەکانی جیهان.

شۆرشی « ژن، ژیان، ئازادی » لەسەرەتادا وەک شۆڕشی ژنان دەسپێدەکات بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەگۆردرێ بۆشۆرشێکی کۆمەڵایەتی گشت گیر.لەم شۆرشەدا ژنان بە پاڵپشتی پیاوانی ئازادیخواز لە کوردستان و لەسەرمەزاری ژینا جەرەقەی شۆرشێک لێدەدەن کە خوازیاری گۆرانی بنەرەتی لەناو کۆمەڵگاو روخانی دەسەڵاتێکن کە ژیانی بۆ ئەوان کردۆتە دۆزەخێکی گەورە.خەڵکی کوردستان لەم شۆرشەدا بە کردەوە چوونە قۆناغێکی نوێ لە خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامیی بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکانیان .لەم شۆرشەدا ژنان پێشەنگ بوون.  ئازادی و یەکسانی بوو بە داخوازی سەرەکی بزووتنەوەکە. دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی »، لە شەقامەکانی کوردستانەوە توانایەکی وەها شۆڕشگێڕانە وجوڵێنەری وەدەست خست کەبوو بە وێردی سەر زاری هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخوازلە جیهاندا و بە کردەوە یەکڕیزی وهاوسۆزێکی مەزن و گەورەی بەدوای خۆێدا ڕاکێش کرد.

ئەم شۆرشە بێدەنگییەکانی شکاندوهاواری پەنگ خواردی دەیانساڵەی خۆی لەژێر ناوی بژی « ژن، ژیان، ئازادی » و « مەرگ بۆ دیکتاتۆر »،هاوار کرد.

زانكۆكان و خوێندكاران كه‌ ماوه‌ی ساڵانێک بوو بێده‌نگ بوون، به‌ گڕ و تینێکی زیاترەوە بەم خەباتە پەیوەست بوون‌. حیجابەکان لابران و سووتێندران، شەڕی  ژنان و گەنجان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی حکومەت بووە ڕاستی ناو شەقامم . ئەم شۆرشە تا دەهات گەورەتروو گەورەتر دەبوو. پێوەندی نێوان جەماوەری ناوەوە لەگەڵ ئێرانیانی تاراوگە پتەوترو پتەوتر بوو. جگە لەوەش پشتیوانی ئازادیخوازانی جیهان بۆ ئەم شۆرشە مژدەی داهاتوویەکی گەشی دەدا. ژنان لەم شۆرشەدا دەیان هەویست بوێرانە گۆرانکاری لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا پێک بێنن . ڕادیکالیزم و پێشکەوتنخوازی دروشمەکان، ئەم شۆرشەی جیاوازتر کردبوو. ئەمە گەورەترین  و هۆمێد بەخش ترین بەرخۆدان بوو کە خوازیاری گۆرانکاری بنەرەتی بوو. دژایەتی تەواوی سیستەمی ئیسلامیی، لەپێناسە سەرەکییەکانی ئەم شۆرشە بوو.خەڵک بوێرانەتر لە جاران خەباتێکی چارەنووس سازیان دژ بە ڕژیم وەرێ خستبوو،هاوسەنگی هێزیان بە قازانجی خۆیان گۆڕی بوو. 

لە ڕستیدا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە بە دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی»  « نە ڕووسەری، نە تووسەری »، « مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر » و بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک لابردنی حیجاب لەسەر شەقام و سووتاندنی هاتە مەیدان، یەکێک لە پایەگرنگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتیی ئیسلامیی تێکشکاند. ئەم شۆرشە بە کردەوە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنی نەتەنیا لە کوردستان و ئێران، بەڵکوو لە ئاستی ناوچەکەدا بردە قۆناغێکی نوییە وە. 

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم شۆرشە ، بەشداریی بەرین و پێشەنگی ژنان بوو لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان. ئەم شۆرشە کاریگەری و ڕۆڵی ژنانی لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا زیاتر لە ڕابردوو نیشان داو ئەو ڕاستییەی سەڵماند کە شۆرش بەبێ بەشداری ژنان لاسەنگە و سەرنجامێکی نابێ ..

بەهێز کردنی پرسی نەتەوەیی و کردنی بە بابەتێکی سەراسەری و هاوسۆزی و هاوخەباتی نەتەوەیی و بەرزکردنەوەی تا ئاستێکی بەرچاوو، لە خاڵە بەهێز و بەرچاوەکانی ئەم شۆرشەیە.

ئەمرۆ ئیترخەبات بۆ دەستەبەر کردنی مافی یەکسان بۆ هەموو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بابەتێکی نەناسراوو قبووڵ نەکراو نیە. ئەم دەسکەوتێکی گرنیگی ئەم شۆرشەیە کە ئێمە لە خەباتی کۆمەڵانی خەڵکدا هەر رۆژە شاهیدی ئەوەین. پێکهاتنی یەکگرتوویی نەتەوەیی و بایەخدان بە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکانی ژێر زوڵم و چەوسانەوە و هیوا بە شکڵگرتنی پێکهاتە یەکسانیخوازەکان و دروستکردنی یەکێتییەکی دڵخوازانەی ئەمرۆیی، دەتوانرێت لەو دەسکەوتە گرنگ و بەنرخانەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا چاوی ڵێبکەین.

شۆڕشی “ژینا”بەکردەوە گۆرانكاریه‌كی بێ وێنەی لە مێژووی سیاسی ٤٥ساڵی ڕابردووی ئێراندا پێکهێنا بە جۆرێک کە کۆمەڵگای ئێران ئیتر بۆ هیچکات ناچێتەوە ناو بارودۆخی پێش شۆرشی”ژینا”. لەماوەی ٤٥ساڵی ڕابردوودا ئێمە شاهیدی گەڵێک خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەری لەشارەجۆراوجۆرەکانی ئێران و بە تایبەتی کوردستان بوین و لەم ماوەیەدا دەیان و سەدان مانگرتن و شورش و ئاخێزی کۆمەڵایەتیمان بینی و ئەزموونمان کرد کە هەرکام لەمانە مەترسێکی گەورەو کوشەندەیان بۆ کۆماری ئیسلامیی هەبوون . بەڵام شۆڕشی “ژینا” دەکرێ وەکوو وەرچەرخانێکی گرینگ لە مێژووی هەموو ئەو شۆرشانەو ئاخێزانەدا سەیر بکرێ . شۆرشێک کە روخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی کردە ئامانج و بووە مەترسێکی یەکجار گەورە بۆ سەر ئیسلامیی سیاسی لە ئێران و تەنانەت لەناوچەکەش . لەگەڵ نزیک بونەوە لە سالۆگەری ئەم شۆرشەو مەرگی دلتەزێنی “ژینا”ی كوردستان ، کۆمەڵێک ئەولەوێت و بەرپرسیارییەتی گرنگ دەکەوێتە سەر شانی هێزە شۆرشگێرەکان و بەتایبەتی ئاڵاهەڵگرانی ئەم شۆرشە . شۆرشی “ژینا” کۆمەڵێک دەسکەوت و ئەزموونی بە نرخی لە شەقامی کوردستاندا تۆمار کرد . لەپال هێزەکانی تری چاڵاک لە گۆرەپانی خەبات لە کوردستان ئەوە هێزە چەپەکانن  کە دەبێ ئەم دەسکەوت و ئەزمونانە بپارێزن و لەئەزمونەکانی کەڵک وەرگرن و لە شۆرشی داهاتوودا کەڵکی لێ وەرگرن . شۆرشگێران و رێبەرانی بەئەزموونی خەباتی جەماوەری لەکوردستان دەبێ لە بیری شکلدان و پەرەپێدانی جەمسەرێکی چەپی بەهێز کە هەڵگری بە ئەمەگی ئاڵای شۆرشی ژینا و دەسکەوتەکانی ئەم شۆرشە لە کوردستاندابن و زیاترخۆی بۆ ئامادە کەن.دەبێ شۆرشگێران و ڕێبەرانی ئەم شۆرشە کە لە هەوڵ و خەباتی تا ئێستایان ئەزموونیان بەدەس هێناوە لە دەوەرەی داهاتووشدا دەور بنوێنن و لەدەوری یەک کۆببنەوە و تواناییەکانیان بە شێوازێکی بەرنامە بۆ داندراو، لە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتردا بخەنە گەڕو لایەنەبەهێزەکانی ئەم شۆرشە بەهێزو بەرەو پێشی بەرن . تا بەم شێوە لایەنی چەپی ئەم شۆرشە بەهێز کەن و هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی خۆیان واتا بەرەی شۆرش بگۆرن . ئەوە ئەرکی چەپەکانی کوردستانە تا جاڕێکی ترو بەشێوازێکی ژیرانەتر سوککانی ئەم شۆرشە بەدەستەوە بگرن و ڕێنوێن و ڕێنیشاندەری بن . ژنان و کچانی شۆرشگێری کوردستان لەقۆناغی یەکەمدا ڕۆڵی باشیان گێراو بونە ئاوێنەی باڵا نوێنی شۆڕش و بێ گومان لەقۆناغی ئێستاشدا شەقامی شۆرش چاوی هەرلەوانە و هەر ئەوانیش دەبن کە شان بەشانی پیاوان و دایک و باوکەکان بەرەو ئەو یادە مەزنە برۆن و شۆرشێکی تڕو ڕادیکاڵتڕ ئەوەی شیاوی کۆمەڵگای چەپی کوردستانە،ڕێکبخەن.

شۆرشی ژینا دەرفەتێکی گونجاوی بۆ هێزەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامیی لە کوردستان خوڵقاند. لە خەباتی داهاتووماندا دەبێ جارێکی تر ئەم شۆرشە بخوێنینەوە و هۆکارەکانی دامرکانی لێکبدەینەوەو خەسارناسی بۆبکەین . کۆسپ و بەربەستەکانی سەر ڕێگای بناسین وبۆ چارەسەر کردنیان تێبکۆشین. پێش مەرجەکانی بە سەرکەوتن گەیاندنی وەها ڕاپەرین و بەرخۆدانێک و پاشەکشە پێ کردن بە دوژمنی داگیرکەر لە کوردستان ،بەهێزکردنی بزووتنەوەکە، کلیلی پێک­گەیشتنی هەموو ئەو ئازادیخوازانەیە کە ئارەزووی پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێز و ڕادیکاڵ بۆ روخانی کۆماری ئیسلامیی دەکەن و خوازیاری دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئینسانین.