ئێستدلالی ژن لە کوردستان….!

نووسین:بریتان حەبیبی

کۆمەڵگەی کوردستان، بە هۆی ئەوەی کە کەوتووەتە ژێرکاریگەریی سیاسەتی داگیرکەرانیەوە وەك هەریەکێک لە کۆمەڵگەکانی تر، لەڕۆژهەڵاتی ناویندا، سەبارەت بەپرسی ژن، دەکەوێتە بەستێنی ئەو وڵاتانەی کە ژن تێیدا لە ئاسایشدا نییە. ژنبوون و دونیای ژن و مافەکانی بەڕادەیەکی زۆر کورتکراوەتەوە بۆ جەستەی و نامووسی خێزان و پیاوی پێوە گرێدراوە. کەمترین ژن لە بازاڕی کاردا هەن و کەمترین ژن بڕیاردەرن؛ چ لە خێزان چ لە ناو کۆمەڵگە، چ لە سیاسەتیشدا و چ لە شوێنی کارو …هتد. ئەگەر وڵاتانی وەک پاکستان و ئەفغانستان و هیندستان و کۆمەڵێک لە وڵاتانی عەرەبی بە نموونە وەرگرین دەتوانین ئەوە پشتڕاستبکەینەوە، کە ژن لە کوردستان وەک نزیک لەو وڵاتانە حسابی بۆ دەکرێت. کە ژن لەژێر پێگەیەی پیاوسالاری ئەم کۆمەڵگایانەدایە، لەم وڵاتانە ژن تەنانەت ئازادی لە جل پۆشینیشیاندا نییە.

پیاوسالاری نێو کۆمەڵگەی داگیرکەران بە ڕادەیەک ژنی خستۆتە پەراوێزەوە کە لە لایەکەوە ژن پاڵ پێوە ئەنێ کە خۆی سەرتاپا داپۆشێت تا ئارەزووی کۆمەڵگا ڕازی بکات نەک خۆی، لە لایەکی تریشەوە دەم و چاوی ئەکات بە ئایدانتیتی خۆی و ڕۆژ نییە پرسیار لە قەبارە و شوێنێکی دەم و چاوی دروست نەکات. کۆمەڵگەی پاتریارکاڵ ژنی گوێرایەڵ و ژنی ماڵەوەی پێ قەبووڵكراوترە وەک لەژنێک کە خاوەنی بڕیار و کار و ئابووری خۆی بێت.

 هەر کەس ئەتوانێت ئەمانە و زۆر خاڵی لەیەکچووی تریش بدۆزیتەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە لە سەرەوە ناوم هێنا. ئەم نموونانەم بۆ ئەوە هێنایەوە تاکوو تیشک بخەمە سەر ئەوەی کە کۆمەڵگا پاتریارکاڵەکان بە کوردستانی داگیرکراویشەوە  ژن لە وێنایەکدا کورت ئەکاتەوە کە پیاو بۆی دروستی کردوە و ئەمەش ژن و هێزی ژنی لە بنیاتنان و گەشەکردنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووخواز بە ڕادەیەکی یەکجار زۆر پەراوێز کردوە و هەلی بەشداریی لە گەشەکردن و بنیاتنانی و بەهای ژن لە کوردستان و ئەو وڵاتانەش دەبەسترێتەوە بەپێناسە كۆنەخوازییەكانەوە كە کۆمەڵگەی پاتریارکاڵ بۆی داتاشیوون. ئەمە هۆكاری سەرەکییە بۆ بەستنەوەی ژن بە کاری ماڵەوە دونیایەکی یەکجار بچوکتر لەوەی کە توانای داهێنەرانەی ژن ئەتوانێت بنیاتی بنێت.  هەر ئەم وێنە نادادوەری پیاوسالاری ئەم کۆمەلگەیانە بۆ ژنی دروست کردوە هۆکاری دیارترین و زەقترین و نامرۆڤانەترین دیاردەی ئەم کۆمەلگەیەی ئێمەیە کە کوشتن و خۆسوتاندن و هەژاری ئابووری ژنە. 

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە،

ئایا ئەو ژنانەی کە نامرۆڤانە دەکوژرێن بێجگە لە بیانووی نامووس چ بەیانوویەکی تر هەیە بۆ کوشتنیان؟ ئەگەر ڕاستتر بڵێین کوشتنی نامووس کوشتنێکە وەك کوشتنی ئاسایی نییە، واتە پەیوەندی بە هیچ بابەتێکی یاساییەوە نییە جگە لە وێنایەک نەبێت کە دونیا، خەون و ژیانی ژن لە جەستەی‌دا کورت ئەکاتەوە و خاوەنداری ئەم جەستەیەش لە خودی ژنەکە ئەستێنێت و  ئەیدات بە پیاو و و دەیان بەربەستی کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ ژن دروست ئەکات کە توانای بڕیاری لێ ئەستێنێتەوە و زۆر جار مەحکومی ئەکات کە لە دۆزەخێکدا بژی کە کۆتاییەکەی بۆ نابینرێت. ئەمەیە کە کوشتنی نامووسی ئەخوڵقێنیت لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا. ئەم جۆرە لە تاوان و کوشتن لە بەرامبەر ژندا، جیاوازە لە تاوان و کوشتنەكانی تری ژن لە کۆمەڵگاکانی تردا، بە کورتی کوشتن هەر کوشتن نییە. 

من پێموایە هەندێكجار بە چالاکڤانان و میدیاكانیشەوە دەکەوینە هەڵەوە لە مامڵەکردن لەگەڵ ئەم تاوانانە.

ئەگەر حاڵەتێکی دیاریتر لەم دواییانەدا بۆتان باس بکەم کە هیچ پەیوەندی بە ناموسەوە نەبوو، کارەساتی کوشتنی “ژینا ئەمینی”. ئەم کارەساتە لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە کرا بە بیانووی دروشمی “حجاب و عفاف” کە ئەم تاوانە زۆر کاریگەری لەسەر خەڵک دانا، ڕاستە کارەساتەکە زۆر جەرگ بڕ و تراژیدیا بوو بەڵام، پەیوەندی بە وێنای ژن لە ناو کایەی نامووسدا نەبوو، ئەمەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتی زۆر بەداخبوون بۆ ئەو کارەساتە و دەرەنجامی بووە ئەو شۆڕشە گەورە یەکەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواجار لە سەرانسەری ئێران و دەنگدانەوەی لە جیهان، بەڵام لیرەدا یەك پرسیار گرنگە کە لە خۆمانی بکەین: ئەگەر دۆسیەی “ژینا ئەمینی” پەیوەندی بە ژنەوە نەبووایە ئایا ئەو هەستیاریەی خێزان، کۆمەڵگە و میدیاکان وەک ئێستا دەبوو؟ 

لێرەدا  زۆر دروستە بلێن کە بەداخەوە کۆمەلگەی ئێمە دونیای ژن  لە جەستەیا کورت بکاتەوە و ئەم جەستەیەش گرێبدات، بە عەقڵ و کەسایەتی و خەونی ژن. ئەم وێنایەی بە ژن وا ئەکات کە بە شێوەیەکی گشتی ژنی کورد ژنێكی سەربەخۆ نەبێت، ژنێک بێت کە ملکەچە و  لەسەر پێی خۆی ناتوانێت بە ئاسانی ڕاوەستێت، ژنێك بێت کە بڕیارە گرنگەکانی ژیانی و خەونەکانی لە دەست خۆیدا نەبێت.

ئێمە بە هۆی کاری مەیدانی ڕۆژانەمانەوە لە سەر ژن نموونەی زۆرمان لەبەر دەستدایە کە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە لەم کۆمەلگایەدا ژنان چۆن دەچەوسێن، چەند گیرۆدەی پێناسەیەکن کە کۆمەڵگا بۆی داناون. ئەم وێنایەی ژن هەر ژنی نەکردوە بە قوربانی بەڵکوو کۆمەڵگاشی بێبەش کردوە لە توانای داهێنەرانی ژن لە بردنە پێشەوەی کۆمەڵگای کوردی. بڕیار و بڕیاردانی ژنی پێوە دیار نییە  ئەوەی هەیە بە ڕیژەیەکی زۆر کەم و کەم کاریگەر هەیە. 

ئێستا با بپرسین ژن کێیە؟ بۆ ژن وا ژیان دەکات؟

 ئایا ئەگەری کەمکردنەوەی دەسەڵاتی پیاوسالاری و زیادکردنی یەکسانی تا کوێ بە کارێكی مومکین دادەنرێت؟ بۆ ژن ژنە بەو پێناسەیەی لەسەرەوە باسم کرد؟ سیمۆن دی بۆڤوار-ژنە نووسەرو فەیلەسوفی فەڕەنسی- لە کتێبە ناسراوەكەیدا بە ناوی (ڕەگەزی دووهەمەوە)، جەخت لەوە دەکاتەوە ”کە ئێمە خۆمان بە بێ ڕەگەزی کۆمەڵایەتی لە دایک دەبین، ئەوە کۆمەڵگەیە ئێمە دەستنیشان دەکات نەك خۆمان، كە لە ئەزەڵەوە بە ژنی یان بە پیاوی لەدایك ببین بەپێ ئەو وێنایەی کە کۆمەڵگە بۆ ئەم دو ڕەگەزەی ئەکات.” من باوەڕم بەم وتەیە هەیە، کە ئێمە دایک و باوکیشمان بە تەنیا ناتوانن ئێمە بکەن بە ژن یان پیاو، بەڵكو ئەوە کۆمەڵگەیە، کاریگەریی لەسەر دایک و باوکیشمان دادەنێت کە ژنین بە پێی پێناسەی کۆمەڵگە یان پیاوین. ژن بوونمان، لە سەرەتاوە واتە لە لەدایک بوونمانەوە دەست پێدەکات، دواتر ئیتر ئەوە سیستەمی ماڵ و دایک و باوکە وەک بەشێک لە کۆمەڵگە گەورەکە، بڕیار لەسەر ئێمە و پەیوەندییەکانمان دەدات. ئەمە بەشێکی گرنگە ئێمە لە کام خێزان و کۆمەڵگەدا گەورە دەبین و ماف و ئەركەکانمان کامانەن؟

ئەگەر ئێمە لە خێزانێكی دەوڵەمەند گەورە بین، بە دڵنیاییەوە ژیان و مەوقعییەتی ئێمە جیاواز دەبێت. لێرەدا ئابووریی ڕۆڵێكی کاریگەر دەگێرێت، کاری ناو ماڵ بوونی ژن لە ناو ماڵ و باوک لە دەرەوە و کاری دەرەوە بۆ باوک و کاری ماڵەوە زۆر گرنگی پیدەدرێت تاکوو ئەو کەسە بەهێزە کە پیاوە لە دەرەوە بتوانێت بەرهەمهێن بێت. تەنانەت کاتیک باسەکە دێتە سەر نامووس ئەوا ژن جیا دەکرێتەوە لەوەی کە ژنێكی دەوڵەمەندە یان هەژار، چەندین نموونەی دیار هەن لە کوردستان، کە ژنی دەوڵەمەند کوژراوە بە بیانوی نامووسەوە بەڵام زۆربەی ئەو دۆسێیانەی تاکوو ئێستا زۆر بەرچاوە زۆرینەیان لە خێزانە هەژار و مام ناوەندەکانن. ئەمەش ئەوە نیشان ئەدات کاتێک ژن جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لاواز بێت ئەوا ئامانجێکی ئاسانترە بۆ کوشتن و ڕەنگە هەژاری ڕێگەی لە گەشەکردنی کۆمەڵایەتی ئەو پیاوانە گرتبێت کە دەستیان ئەچێتە گیانی ژن و کچەکانی خۆیان یان جەرگ و ئازیزیی خۆیان. شێوەی ئەو باوکەم بیر ناچیت کە لە قەفەزی دادگا دا بە ڕەنگی پەڕیوەوە وەستابوو دادوەر باسی لە کوشتنی کچەکەی دەکرت، ئایا بۆ دەبێت باوکێک برایەک یان مێردێک دەستی بچێتە گیانی جەرگی یان خۆشک و ژنی خۆی ئەگەر هۆکاری زۆر بەهێزی کۆمەڵگا نەبێت ، ئەو باوک و برا و مێردە بە تەنیا نین تاوان دەکەن، ئەوە ئەو کۆمەڵگەیە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هانی باوکەکان  یان براکان و مێردەکان دەدات کە  کچەکانیان یان خۆشک و ژنەکانیان بکوژن، ئەگەر کورتکردنەوەی وێنەی ژن نەبێت بۆ نامووسی خێزان، چ لۆژیکێکی عەقڵ قبووڵی ئەکات کە باوک کچی خۆی یان برا خۆشکی خۆی و مێرد ژنی بکوژێت. لە ڕاستیدا کارکردن لەسەر دۆسیەکانی کوشتن زۆر  قورس و ئازار بەخشن. ئەگەر ئەم وێنایەی کۆمەڵگا بۆ دونیای ژن و ژنبوون نەگۆڕێت ئەوە ئەم کارەساتە بەردەوام دەبێت و  هەر کاتێك بێت دەکرێت ژنێک خەڵتانی خۆین بکات. 

لێرەدا زیاتر باس لە ژنانی کوردستان دەکەم، باسی وڵاتانی پێشکەوتوو ناکەم؛ کە ژن و بزووتنەوەی ژنان کۆمەڵێک ڕێگرییان وەلاوە ناوە و هەندێک لە مافە یاسایی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەكانیان بەدەستەوەیە کە بەهێزی کردوون. ئێمە باس لێرە دەکەین، کە تا ئیستا ژن بۆی نییە باس لە زۆرێک لە مافەكانی بکات. ئێمە پێناسەی ژنانێكمان دەوێت کە تا ئێستا لێدان دەخوات، لەسەر چوونە دەرەوە، ژنانێک باسدەکەین لە دوو دڵیدا ژیان بەسەر دەبەن، لەبەر ئەوەی لە خەمی کۆمەڵگەیەکی بێ رەحمدایە پێ بلێت” بەد ڕەوشت”! ئەگەر داوای کۆمەڵێک مافی ئینسانی خۆی بکات… هەر لەوێوە کە پێم وایە پێناسەی ژنی زەلیل بەدەست کۆمەڵگەیەکی بێ ڕەحمەوە دەکەین، کە پیاو سالاری پیاوی لێکردووین بە توندووتیژ و ژنیش بە میهرەبان. زەرەری ژن لەوەدایە کە  سیفەتی دڵسۆزی بەسەردا بسەپێنرێت و سوود لەو مەوقعییەتە لاوازەی بگیرێت. باس لە کۆمەلگەیەک دەکەین، پێی شەرمە پێناسەی منداڵ ئەگەر بەناوی دایکەوە بێت، نەنگییە و ئەو شوناسه دەداتە دایک و منداڵ. هەرچەندە ئێستا و لەمێژووشدا کۆمەڵێک پیاو هەن بە ناوی دایکیانەوە بانگکراون بە هەر هۆکارێک بێت و ڕیزیان لێگیراوە. کە ئەمەش لە ناو کەلتوری ئەم وڵاتەدا جێکەوتوو بووە  بەڵام بە فەرمی تاکوو ئێستا دایک لەو مافە بێبەرییە. 

یاسایەک بەرەو ڕووی ژن دەوەستێتەوە نەک هەر مافی یەکسان ناکات بەڵكو ڕۆژانە ئیهانەی پێدەکات بە فەرمی لە ناو یاسادا، بەپێی ماددەی (٢٠) لە یاسای ڕەگەزنامە بە ڕاشکاوی ئەم جیاکارییە دانراوە کە باوک نەسب یا خود دیاری دەکات، یان ناوی باوکێكی وەهمی دەنووسن کە لەسەر ئەرز بوونی نییە! 

پرسیاریكێ تر ئەوەیە بۆ ئەم هەموو جیاکارییە نوسراو و نەنوسراوە هەیە؟ بزووتنەوەی ژنان لە کوێی ئەم هەموو نایەکسانی و بە کەم دانانەی ژن وەستاوە، بۆ نایەتە سەرخەت و  ناچێتە سەر کارە سەرەکییەکەی خۆی کە بەهێز بوونی ژنە و ڕێکخستنی ژنانی ناڕازییە بەو هەموو ستەمە بەردەوامەی لە کوردستان ڕوو بە ڕووی دەبێتەوە، کاری بزووتنەوەی ژنان هۆشیاری و ئازابوونی ژنە بەرامبەر بەو هەموو سوکایەتییەی دەکرێت و کچانی منداڵ لە زمانی کۆنەپارێزانەوە دەکرێ بە (٩) ساڵی بدرێت بە شوو یان بە ناوی شووەوە دەستدرێژی بکرێتە سەر منداڵانی ئەم کوردستانە. 

من پێموایە ئەگەری بەهێزبوونی بزوتنەوەی ژنان، هەمیشە کارێکی کردەیی(عەمەلی)یە. باوەڕم وایە هەر ئەوەی دەنگ لەسەر ئەم توندوتیژییە فەرمیانە هەیە، مانای وایە تروسکەیەک هەیە بۆ گەشانەوەی بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان. 

ئەگەری ڕزگاریی ژنان، بە ژن و پیاوەوەیە. بە تاکە ڕیگەیەک دادەنێم واتە جددی بوون و هاتنە مەیدان و ئیشكردنە بۆ جێخستنی یەكسانی لە نێوان ژن و پیاودا، ئیتر ئەو کاتە هیچ کەس و هیچ مەلا و هیچ بە ناو دکتۆرێک ناتوانێت بانگی گاڵتەجاڕی بدات، ئیتر ئەو کات ڕژیم و پەرلەمان بۆیان نابێت ئەوا بێدەروەست بن  لەو کوشتن و سوکایاتەیانەی بە ژن دەکرێت، بێ دەنگ بوون و بێدەروەست بوونی ئەوان، کۆمەلگای وا لێکردووە زۆر بە ئاسانی ژن بەم جۆرە مامڵەی لەگەڵ بکرێت. ژن بێتە مەیدان گۆڕانکاری دروست دەکات. ناڕازی دەبێت بەو بەشەی بۆی داناوە لەگەڵ لەدایك بوونەوە تا مردنی، ژن ئازا بێت شەڕی پیاوسالاران دەکات و ناهێلێت و ڕیگە نادات هاوڕەگەزەکانی بە پێناسەی دەرەجەی دوو ڕازی بن. بە فرەژنی و بە منداڵ بۆ شودان رازی بن. ئەمانەن عەیبەکانی کۆمەڵگای ئێمە کە بەرەو دواتر دەڕۆین ئەگەر ئەم بێدەنگیە درێژە بکێشیت، کێشەیەکی زەقتر لەم کۆمەڵگەیە بە کالاکردنی ژنان و سەرقاڵ بوونی ژنانە بە دوای حەزەکانی پیاوانەوە لە کۆمەلگایەکی پیاو سالاردا. 

بەڵێ من پێموایە! دەكرێت ژن ببێتە خاوەنی پێناسەیەکی مرۆڤانەتر و شایستەتر هەر ئەمڕۆ لەم کوردستانە، بەڵێ باسەکەم ئەوەیە کە هەر ئێستا ئەگەری ئەوە هەیە ژنان باشتر بژین و  بەهرەمەند بن لەو پێناسەیەی کە ئێمە لەخەمیداین، و بەهرەمەند بن لە بوونی کەسایەتی بەهێزی خۆیان بە بەهێز بوونی بزوتنەوەی ژنان و پێگەیاندنی ژنانی ئازا و ناڕازی. 

بۆ چوونە پێشەوە لە مەسەلەی ژندا، پێوستمان بە توێژینەوەی مەیدانی و زانستی هەیە کە ئەبێت لە تەواوی بەشەکانی کوردستان ئەنجام بدرێت و کاری لێبکرێت. گومان لەوەدا نییە  ژنان لەسەرتاسەری دونیادا، کاری ناو ماڵ لە گەشە و بەشداریی و بەڕێوبردن و ئابووریی و هەموو لایەنە گرنگەکانی ژیان ڕێگری دەکات. بۆیە ژن لێرەدا هەمان هەلی وەك پیاو بۆ ناڕەخسێت کە مێشکی سەرقاڵی هەموو ئەو ئەرکانەن کە بێ پارە بەسەر ژندا كە سیستمی سەرمایەداری دەیسەپێنیت. گەشە و خولیای فراوان لە کاری ناوماڵەوە بەرهەم ناهێنرێت، بەڵكو تا ئەو کاتەی ژن تەنها کاری ناو ماڵ بکات لە هەر کوێ و هەر زەمانێكدا بێت، توانای سنووردار دەبێت، نە هەلی بەڕێوبردنی بۆ دەڕەخسێت نە بوونی وەک کەسایەتی لە ناو کۆمەلگەدا وەك کەسێكی گرنگ و خاوەن پێگە ئەژمار دەکرێت. لێرەدا پێناسەی ئەم ژنە لەگەڵ ژنێكی تردا جیاوازە. واتە ئەمە پێناسەی ژنێكە كە وابەستە دەبێت بە نێرینەیەکەوە؛ کە هەرچییەکی بێت ئیتر هاوسەر بێت، برا یان باوک بێت، پیاو بە هۆكاری ئەوەی كە خاوەنی ئابوورییە لە دونیادا، ئاواش خاوەنی پێگەی بەهێزە. لە کۆمەڵگە و سیاسەت و هەموو مەیدانەکاندا هەر خاوەن هێز دەمێنێتەوە. هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ژن تێیدا ئاماده‌ و كاریگه‌ر بێت، ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیندوو و به‌رهه‌مهێنه‌ر، به‌ڵام ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی كه‌ ژنی تێدا نابینرێت، ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئیفلیج و نیوه‌مردوو، چونكه‌ نیوه‌ی بوونی نییه‌، ده‌بێت ئه‌و تێزه‌ی سان سیمۆنی فڕه‌نسیمان بیر نه‌چێت ئاستی پێشكه‌وتن و شارستانییه‌ت و هۆشیاری هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، به‌نده‌ به‌ ڕاده‌ی به‌هره‌مه‌ندبوونی ژنان له‌ مافی یه‌كسانی و ئازادی و هه‌موو مافه‌كانی تر له‌ بواره‌ جیاجیاكانی ژیاندا. یه‌كێك له‌ خاڵه‌ هه‌ره‌ لاوازه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییمان، په‌راوێزخستنی خه‌باتی ژنانه‌. له‌ كاتێكدا باس له‌ كێشه‌ی نیوه‌ی كۆمه‌ڵ ده‌كرێت و چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ نیوه‌كه‌ی تری كۆمه‌ڵیش ئازاد ده‌كات، به‌ڵام ژن ڕۆڵی نییه‌ له‌ شۆڕشه‌كه‌دا، كه‌واته‌ با باش بزانرێت بێ پێشخستنی ژن، كۆمه‌ڵگه‌ پێش ناخرێت له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌بێت ژنانیش زیاتر بێنه‌ مه‌یدانه‌كه‌ و خه‌باتی خۆیان به‌رده‌وام بكه‌ن.