گڵۆڵەی کۆماری ئیسلامیی ڕوو لە لێژێ..!

سیستەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی داخراوە و ئەوەش وایکردووە کە کەسە نزیکەکانی ئەو دەسەڵاتە، کۆمەڵگایەکی داخراو بۆ خۆیان لە ناو ئێران دروست بکەن و وەها لەو داخراوەیەدا ماونەتەوە کە هیچ شتێک نابیین جگە لە ولایەتی فەقیە و بە بێ بیرکردنەوە هەموو بڕیارەکانی ئەو مەرجەعە جێبەجێ دەکەن، لە بەرانبەردا دۆخی ئابووری لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی قەیراناوی کە خەڵک ژیانی بۆ نەماوەتەوە و هەنووکە ئەوەی لە ئێران ڕوو دەدات ڕاپەرینی جەماوەرەییە و ئێمە ڕۆژانە شاهیدی مانگرتن و هاتنە سەر شەقامی کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشین کراوەکانین. لە دوایین کردەوەدا ڕووداوی ماراتۆنی «کیش» بوو، کچان بێ ئەوەی ترسێکیان لە ڕژیم هەبێت هەموو بەهاکانی ئەو ڕژیمەیان خستە ژێر پرسیار و کۆڵەکەی ڕژیمیان لەرزاندو خامنەیی و دەسەڵاتەکەیان کردە ئامانج. لەلایکی دیکەوە زانکۆ و خوێندنگاکان چیدیی توانا و تەحمولکردنی دۆخی ئەمڕۆی ئێرانیان نەماوە و دژ بە هەموو بەها نامرۆڤیەکانی کۆماری ئیسلامیی و سیاسیەتەکانی هاتونەتە سەر هێل و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی خوێندکار، خوێندکاران ڕایانگەیاند کە بزوتنەوەی خوێندکاری بێدەنگ نابێت و بۆ ڕژیم ناکۆژێتەوە. هەروەها جەختیان لەسەر گۆڕانی سیاسەتی کردەیی خۆیان لە داواکاری پیشەییەوە بۆ لەناوبردنی ڕژیم و گۆڕانی بنەرەتی لە سیاسەتی ئێراندا کرد. لە پەنای ئەوەشدا شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هێشتا داوکارییەکانی وەک خۆی ماوەتەوە و ئەویش بە گشتی داوای نەمان و ڕووخانی رژیمی ئیسلامیی ئێران و ئازادییەکانی تاک و بەها مڕۆڤییەکان دەکەن.
لەم ناوەدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەتی “مەسعوود پزشکیان” سەردانی زانکۆیان کرد، بەڵام کۆمەڵێک لە خوێندکاران لە سوشیاڵ میدیادا نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دەستبەسەرکردن و زیندانی کردنی خوێندکاران و ئەستێرەدارکردنیان و حوکمی لە سێدارەدانی “ئێحسان فەریدی” دەربڕیوە. .
بەرچاوە کە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیی چەشنێ دەوڵەت لە ناو دەوڵەتە و لە راستیدا دوو دەوڵەت بوونی هەیە و سیستمی دەسەڵاتداری لەو وڵاتە سیستەمیکی سەقەتە سەرۆک کۆمار و مەجلیس و بەرپرسی مەجلیس کە بە ناو لە ڕێگەی دەستوور و بە پێی دەنگ هەڵدەبژێردرێن، کەچی لە سەروو ئەوانەوە دەوڵەتێکی دیکە وڵات بەڕێوە دەبات. لە تەمەنی نگریسی ڕژیمی ئیسلامیی ئێراندا هەرچی سەرۆک وەزیر(کە ئێستا بووەتە سەرۆکی مەجلیس) هەبووە، هەموویان بە شێوەیەک یان کوژراون یان لە کار دوور خراونەتەوە یا بە شێوەی نیشتەجێکردنی زۆرە ملی لە خانووێکدا دەسبەسەر کراون. بە وتەی حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران: «ئێمە دەوڵەتی بێ چەکین و دەرەقەتی دەوڵەتی چەکدار نایەین»، لە ڕاستیدا رێبەر و مەجلسە هەڵنەبژێراوەکەی هەموو وڵات بەرێوە دەبەن و جگە لە وتەکانی خامنەیی هیچ شتێک پەسەند ناکرێت و ئێستە ململانیەی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا و لێکەوتەی هەبووە دەبێت. سوپای پاسدارانیش سوپایەکی نافەرمییە و تەنها بۆ سەرکوتی گەلانی ئێران دروست کراوە و لە سەرەتای دروست بوونیەوە هەموو جومگەکانی ئابووری ئەو وڵاتەیان بە دەستەوەیە و هەموو شتەکان لە ڕێگەی ئەم گروپە تیرۆریستیەوە ئەنجام دەدرێت و ئەوان ئەو دەسەڵاتە ڕەها و کونترۆڵ نەکراوەیان داوە بە خامنەیی، بڕیارەکانی خامنەیی نە تەنها کەس ناتوانێ پاشگەزی بکاتەوە، بەڵکوو کەسیش تەنانەت ناتوانێ ناڕەزایەتی دەرببڕێ یا قسە بکات وبەرهەڵستی ببێت. لە ئێرانی وڵایەتی فەقیهدا هەر چەشنە مل بادان تاوانێکی گەورەیە و هەر کەس دژ بە بیروڕای خامنەیی تەنانەت یەک وشە بڵێت تووشی دادگای شۆڕش دەبێت و وەک مولحد دەناسرێت و حوکمی سزای سێدارەی بەسەردا دەسپێندرێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنانەت بەزەیی بە کەسە نزیکەکانی خۆشیدا نەهاتوەتەوە و زۆر دڵڕەقانە سزای قورسی بە سەر هەموویاندا سەپاندوە، بۆ نموونە، گەمارۆی مووسەوی و کەرۆبی و تەنانەت کوشتنی ڕەفسەنجانی، کەسێک کە خامنەیی کرد بە رەێبەر و لە دواییدا کەوتە بەر غەزەبی خامنەیی و بوو بە قوربانیی سیاسەتەکانی ناوبراو.
خەڵک وەڕەز بوون لە سیاسەتی ڕژیم و ئەوەش وایکردوە بە بێ گوێدانە ژیانی خۆیان جەماوەری وەزالەهاتووی ئێران بڕژێنە سەر شەقامەکان و بە هیچ شێوە وڵامی دەسەڵاتدارانی ڕژیم، نەدەنەوە. بۆ نموونە لە “ماراتۆنی کیش” کچان بە بێ ئەوەی حیجابی زۆرەملی قەبوڵ بکەن، بەشدارییان لەو ماراتۆنەدا کرد و دواتر دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاریدا لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیدا دۆسیەیەک بۆ بەڕێوەبرانی ئەو ماراتۆنە بە تۆمەتی بریندارکردنی هەستی گشتی دروست بکات.
لە کۆتاییدا دۆخی ئێران، چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی پەیوەندی نێو دەوڵەتییەوە دۆخێکی زۆر هەستیار و مەترسیدارە، لە ڕووی ئابوورییەوە خەڵک توشی کێشەی جیددی بوونەتەوە و بۆ نانی ڕۆژانەی خۆیان کێشەی جیددی و بنەڕەتییان هەیە و هەر ئێستە ئێران توشی کەمی ئاو و کارەبایە. لە دەرەوەش، ڕژیم لە خراپترین ئاستی خۆیدایە و گروپە نیابەتیەکانی هەمووی شکەستی خواردوە و ڕژیم خەریکی نۆژەن کردنەوەی ئەو گروپانەیە و هەر چی پارەی لە فرۆشی نەوت دەس دەکەوێت خەرجی ئەو گرۆپانەی دەکات و ژێرخانی ئابووری ئێران بە گشتی کاول بووە و لە ئێستادا تەنها داهاتی ئێران نەوتی ئێرانە کە ئەویش لە ژێر گوشاری ئامریکا و هاوپەیمانانی هەرزان فرۆش دەکرێت.…
