ڕاگرتنی شەڕ گورزێکی ترە لە تاران…!

0

عەزیز ئاجیکەند

هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی، دوای هەڕەشەیەکی زۆر، بۆ ماوەی دوو حەفتە ڕاگیرا. ئەم ڕاگرتنەی شەڕ بە مانای ئاشتی و کۆتایی جەنگ نییە؛ بێدەنگکردنی چەکەکان، وەستانێکی کورتە بۆ بنیاتنانەوەی سەرلەنوێی ئەو پێکهاتەیەی کە هەر لە سەرەتاوە بە سەرکوت، لەسێدارەدان و قەیران باڵای کردووە.

کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەگەرچی لە چەشنی گرێپووچکەن، بەڵام بە هێزی چەک و گوشارەکان ڕوویان لە کرانەوەیە. مەودای داخوازییەکانی ئەمریکا و ئێران هەرچەند لێک دوور بن، ئاسۆی چارەسەکردنی بارگرژییەکان لێڵ نین و دەسەڵاتی تاران بەرەو چۆکدادان دەبەن. گوشار و سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی ڕەفتارە ناوچەییەکان و سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی، کەمبوونەوەی بڕشت و کاریگەرییەکانی، دوو شەڕ لە مەودایەکی کورتدا، لەدەستدانی ڕێبەر و بەشی هەرە زۆری بەرپرسە باڵاکان و لەناوچوونی سەدان بنکە و بارەگای سەرکوت؛ دەسەڵاتی تارانیان بە کردەوە خنکاندووە و هەناسەیان لێ بڕیوە. سیاسەتی چنگ‌وددان نیشاندان و چڕنووک وەشاندن، تەنگژەی زۆری بۆ دروست کرد و تەنانەت لە تاودانی ئەسپی مردووی خۆشی بێبەری کرد.

هەناردەکردنی تیرۆریزم و شۆڕشی ئیسلامیی بۆ گشت جیهان، شەڕخوازی و هەڕەشەی بەردەوام بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل، چەکدارکردن و بەکرێگرتنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا و سووربوون لەسەر پڕۆژەی ئەتۆمی و مووشەکی، چیتر بۆ کەس قبووڵکراو نییە. هەموو ئەم سیاسەت و چاوچنۆکی و ڕکابەری و چاندنی تۆوی دووبەرەکییە، کۆماری ئیسلامیی بردە پەراوێزی هەموو پرسەکان و لەوپەڕی لاوازیدا گیری کرد. شەڕ و پێکدادانەکان دەستی کۆماری ئیسلامییان بەتاڵ کرد و لەبەردەم دوو بژاردەدا کێشایان: یان تەسلیمبوون و ملکەچی، یان ڕووخان. هەڕەشەکان جدین و پەیامێکی ڕوونیان بۆ پاشماوەکانی دەسەڵاتی تاران هەیە، ئەویش تەسلیمبوونە. ملکەچنەبوونی ئێران کێشەکان ئاڵۆزتر و ئاڵوگۆڕەکان خێراتر دەکات.

لە لایەکی تریشەوە، پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی ئیسلامیی و زۆرینەی خەڵکی ئێران گەیشتووەتە خاڵێکی بێگەڕانەوە. خەڵکی ئێران بوونەتە سووتەمەنیی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی. دەسەڵات نەک هەر مافی ژیانێکی ئاسایی لێ زەوت کردوون، بگرە بە زیندان، لەسێدارەدان و سەرکوتکردنی ئازادییە دیمۆکراتیکەکان وەڵامی خواستەکانیان دەداتەوە. ئەم دۆخە بە کردەوە کۆمەڵگەی ئێرانی لەبەردەم تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیی مەزندا داناوە. مەیلی شۆڕش و بەرخۆدان کە خوازیاری گۆڕانکاریی بنەڕەتییە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و جۆشدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو ئاستەکاندا، شکڵی گرتووە و لە هەڵکشاندایە. ستراتیژیی ئەم مەیلە ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە نەک چاکسازی و سازان. ئەم ڕەوتە پشت‌ئەستوورە بە مێژوویەکی پڕشنگدار لە خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز کە ئەزموونی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»یان لەپشتە. جەماوەری بەشدار لەم مەیلەدا خاوەنی وشیاریی سیاسییە و قۆڵی لێ هەڵماڵیوە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *