02/10/2026

چۆنییەتیی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و فشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات

0
watermarked_img_18188289792222073900

جەمیل سەرمەستی
«خەساری بێدەنگی و پاشەکشە زۆر زۆر زیاترە لە نرخی بەرەنگاری و بەگژداچوونەوەی دوژمن».
بە درێژایی مێژوو لە هەموو دونیادا شەڕ و بەربەرەکانێ بە هۆکار، کەرەستە و شێوازی جۆراوجۆر و لە فۆرم و ناوەرۆکی تایبەت بە سەردەمی تایبەت و بە تێگەیشتن و بیرکردنەوەی تایبەتیی لایەنەکان بۆ بەدەستهێنان یان بەرگری لە ماف، قازانج و بەرژەوەندییەکی دیاریکراو یان پێچەوانەکەی بۆ داگیرکردن و کوشتنی بەرامبەر و گەورەکردنەوەی بازنەی دەسەڵات و هتد… لە ئارادا بووە و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە گۆڕانکاریی تایبەت بەم سەردەمەوە بەردەوامە و پێدەچێت تا کاتێک کە گیاندارەکان بژین شەڕیش بەردەوام بێت.
لە هەموو سەردەمەکاندا کۆمەڵێک پلان، ڕێگا و ڕێکاری تایبەت بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرش و پیلان و زاڵبوونی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا کاریان لەسەر کراوە و تاکتیک و ستراتیژیی جۆراوجۆر تاقی کراونەتەوە کە یان سەرکەوتوو بوون یان تووشی شکان هاتوون.
ئەوانەی کە شکاون، بۆ قەرەبووی شکانەکانیان پێداچوونەوەیان بە بەرنامە و پلانی خۆیاندا کردووەتەوە و ڕێگای نوێیان تاقی کردووەتەوە؛ ئەو لایەنانەش کە سەرکەوتوون دیسان بۆ سەرکەوتنی زیاتر و بەردەوامبوون لە پێشڕەویدا، بە خۆیاندا چوونەتەوە و خۆیان نوێ کردووەتەوە.
ئەمانەش پەیوەستن بە ژیری و وریایی لایەنەکان و خوێندنەوەی پیلان و سیناریۆکانی دوژمن کە گرنگییەکی یەکجار تایبەتی هەبووە و هەیە، هەردوو لای شەڕەکان هەموو هەوڵیان ئاگاداربوون لە بەرنامەی بەرامبەر و داڕشتنی دژەکەی بووە، کە هەندێک جار بەرنامەکان دەیان و سەدان ساڵیش دەخوێننەوە.
هەرچەند زۆر هۆکار، تایبەتمەندی و کەرەستەی شەڕیش بێجگە لەوانەی باس کران، وەکوو ئابووری، هەڵکەوتەی جوگرافی، بنەما کلتووری و کۆمەڵایەتییەکان، ئاستی وشیاری و لەخۆبردوویی ڕێبەران و شەڕڤانان و بە گشتی خەڵکی کۆمەڵگەکان بۆ شکان یان سەرکەوتن دەور دەبینن؛ بەڵام شتێک کە نەگۆڕە و لەمێژەوە باوە دەڵێن لە شەڕدا لایەنی زوڵملێکراو و مافخوراو هەم ورەی زیاترە و هەم حەزی سەرکەوتنی.
ئەگەر باسەکەمان بسوڕێنینەوە سەر کورد و کوردستان و بە تایبەت واز لە مێژوو بێنین و بەم ڕوانگەیەوە بە خێرایی مل لە ملی ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکانی پێش و پاش دابەشبوونی کوردستان بنێین و بازێک بدەین بۆ سەد ساڵی ڕابردوو؛ سەرەڕای قارەمانێتی و گیانفیدایی ڕێبەران و خەڵکی خەباتکاری کوردستان و ئەو نرخ و بەریەککەوتنانەی کە کورد لەگەڵ داگیرکەراندا تووشی بووە و هەوڵی بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆی داوە، کەچی ئێستاش بە گشتی لە هیچ پارچەیەکی کوردستان نەگەیشتووە بەو مافگەلەی کە لە هزر و بیریدا جێی کردووەتەوە.
هەرچەند لە بەشی باشووری نیشتمان نیمچە دەسەڵاتێکی کوردی هەیە و تا ڕادەیەک ساڵانێک جێگای هیوا بوو و چرۆی هومێدی لە دڵی ئەویندارانی ئازادیی کوردستاندا لە بەشەکانی دیکە و بە تایبەت ڕۆژهەڵات کردبووەوە و خەڵکی کورد (دیسان بە تایبەت ڕۆژهەڵات) خۆیان بە بەرپڕسیار دەزانی لە ئاستی ئەو کیانە کوردییەدا و تا ڕادەیەکیش دەتوانین پێ لەسەر ئەو ڕاستییە بنێین کە خەباتی ڕۆژهەڵات قوربانیی مانەوەی باشوور کراوە، بە پێچەوانەوە دوژمنان هەموو هەوڵێکیان بۆ سڕینەوە و بچووککردنەوەی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان داوە و دەیدەن.
لە ڕوانگەی داگیرکەرانی کوردستانەوە هر قەوارەیەکی کوردی دەتوانێت مەترسی بێت بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەوان، هەر بۆیە هەموویان بۆ پرسی کورد کۆک، یەکدەنگ و هاوکارن.
لەم نێوانەدا و لەم گەرمەی شەڕ و هاژەک و دڕۆنباران و ڕێککەوتنانەدا بەداخەوە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەموو کاتێک لە مەترسیدان و ئامانجی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپەکانی سەر بەو ڕژێمەن.
کە بەداخەوە بێ‌پلان و بێ‌بەرنامە و چاوەڕوان، سەرەڕای بەناو پێکهێنانی هاوپەیمانی، بەڵام نایەکگرتووترن لە هەموو کاتێک و نەیانتوانی هیچ بەردێک لەسەر ڕێگای بزووتنەوەکە لاببەن؛ خەریکیشە بەهۆی لایەن یان لایەنگەلێک لەو هاوپەیمانییە بزووتنەوەی کورد بەرەو تواندنەوەی یەکجاری و تسلیمبوون ببەن و بەدەردی ڕۆژئاوا و باکووری بەرن.
بەڵام بۆ ئەو لایەنگەلەی کە هێشتا لەسەر ڕێگای خەبات لایان نەداوە، بۆ چۆنییەتیی بەگژداچوونەوەی هر دوژمنێک پێویستمان بە ناسینی بنەڕەتیی خۆمان و ئەو دوژمنەیە لە هەموو بوارێکدا؛ وەکوو هێزی مرۆیی، کەرەستەی شەڕ، جوگرافیای شەڕەکە و پێداویستییەکانی، پێگەی جەماوەری، هێزی ئابووری، هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و ڕوانگەکانیان و بە گشتی سیاسەتی جیهانی (کە بەستراونەتەوە بەوەی کە یان دەبێت بەرژەوەندییان بۆیان بێت یان بەرژەوەندییان بخرێتە مەترسییەوە)، چەندایەتی و چۆنایەتی و توانایی کەڵکوەرگرتن لە بارودۆخی زەمەنی و هتد…
و بەپێی ئەمانە هەڵبژاردنی شێوەی بەرەنگاری زۆر گرنگە؛ کە ئەگەر کورتی بکەینەوە پێنج فاکتەری سەرەکی لە شەڕدا دەور دەبینن: ١- نیشتمان یان جوگرافیا ٢- ئاستی پشتیوانی و پاڵپشتیی خەڵک لە هەرقالبی/هەرکام لەو لایەنگەلە ٣- هێز و کەرەستەی سەربازی ٤- ئیرادە و بیروباوەڕی هێزە شەڕکەرەکان ٥- ڕێبەرایەتی و مدیرییەتی شەڕ
(کە تێکڕای چەندایەتی و چۆنایەتیی ئەمانە دەکاتە هێز و قورسایی تۆ، نە یەک یان دوو فاکتەریان، و هەر هێزێکیش دەبێت جووڵە سیاسی و سەربازییەکانیشی لە ئاست ئەو قورساییانەدا بێت ئەگینا دۆڕاوە).
لەبەر ئەوەی مەبەستەکەمان چۆنییەتیی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لەو بوارەشدا کورد ئەزموونی شەڕی لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا هەیە و بە باشی ناخی ئەو ڕژێمەی لە هەموو بوارەکاندا هەر لە سەرەتاوە ناسیوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا سەرەڕای ناهاوسەنگیی هێزی مرۆیی و چەکوچۆڵ، ئەزموونی سەرکەوتنیشمان زۆرە؛ کە بێجگە لە شەڕی پارتیزانی و پێشمەرگانەی ساڵانی شەست و حەفتاکان، شەڕی سێ مانگە وەکوو سەرکەوتنی کورد بەسەر کۆماری ئیسلامیدا بۆ مێژوو تۆمار کراوە.
ڕاستە ساڵانێکە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو هۆکارگەلەی کە هەموومان دەیزانین و پێویست بە باسکردن ناکات، شەڕی چەکداری و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەڵپەساردووە و لە شێوەکانی دیکەی خەبات بە دژی ئەو ڕژێمە و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کەڵکی وەرگرتووە؛ بەڵام هەم بۆ دوژمن و هەم بۆ خەڵکی کوردستان شاراوە نییە کە ئەو هێزانە چەندە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان هەیە. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی بەو ڕاستییە تاڵەوە دەتلێتەوە و بە دڵنیاییەوە چەندقات زیاتر لە خۆشمان دەزانێت کە ئەو هێزانە چەندە مەترسین بۆ مان و مەوجوودییەتی کۆماری ئیسلامی و ئیدئۆلۆژییەکەی. ئەو باش لەوە تێگەیشتووە کە ئێستا بارودۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی چەندە لەبارن بۆ هەڵتەکاندنی بناغەی ڕژێمەکەی. هەر بۆیە ژوورە فکرییەکانی ڕژێمی ئاخوندی بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆیان لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان، پێویستیان بە بێدەنگکردن یان ئەگەر بۆیان بکرێت سڕینەوەی سەرچاوەی ئەو هێز و پۆتانسیێلەیە کە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
لە لایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێک لەو مەترسییانە دەبینن و دەزانن هەم لە بوار سیاسی و جوگرافییەوە، هەم لە بوار ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە چەندە دەتوانێت هاندەر بێت بۆ مافخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە پێچەوانەشەوە چەندە کاریگەریی نەرێنی دەبێت.
لە ڕاستیدا فشار و هەڕەشە و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ترس و نیگەرانییەکی قووڵ و بەپەلەوە دێت کە لە هێزی کوردی هەیەتی.
لە ڕوانگەی منەوە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی لە شەڕێک دەترسێت کە ببێتە تووشیەوە و لەم بارودۆخە نالەبارەدا ماڵوێرانی بکات یان قازانجەکەی سەری بخوات (کە ئەمە زیاتر بۆ دەسەڵاتدارانە کە دەترسن ئەوەی هەیانە لەدەستی بدەن)، بە هەڕەشە و هەندێک هێرشی تاکتیکیی بچووک وەکوو مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بە پێچەوانەی شرۆڤە و بۆچوونی زۆربەی هەرەزۆری سیاسییەکانی کورد، دەیهەوێت ئەو شەڕە لە خۆی دوور بخاتەوە. (ئەوە تاکتیکێکە بۆ ئەوەی دوژمنت دەستپێشخەری شەڕێک نەبێت کە قازانجی لێ ناکەیت و تەنیا بۆ پێچەوانە نیشاندانی ڕاستییەکان و لە ڕاستیدا هەڵخەڵەتاندنی دوژمنە).
ئێمە دەبێت چی بکەین؟
هەموو جۆرە خەباتێکمان تاقی کردووەتەوە و خەسار و دەستکەوتەکانیشی دەزانین، هەر بۆیە بە خوێندنەوەیەکی ژیرانە و بوێرانە بۆ دۆخەکە و بە ڕوانینێک بۆ دۆخی کۆماری ئیسلامی و پاڵپشتی و ئامادەییی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە بڕوای من تا ئێستا لە سەردەمی هیچکام لە ڕاپەڕین و شۆڕش و خەباتی چەکدارییەکدا کە کردبێتی ئەوەندە خەڵک لەگەڵ هێزی خەباتکار و شەڕکەر نەبوون و دۆخەکە لەبار نەبووە بۆ شەڕی چەکداری (بە میتۆدی ڕۆژ و ڕێکخستنی تایبەت و نوێ)؛ ئەو پشتیوانییەی ئێستای خەڵکەکەمان لە ڕۆژهەڵات بێوێنەیە و سەرەڕای هەموو تێبینییەکان دەبوو وەکوو هەلێکی زێڕین چاومان لێ بکردایە کە نەمانکرد، دەبێت چاوی لێ بکەین ئەگینا ئەویش خەسار دەبێت.
ئەو ڕژێمە ڕژێمێک نییە کە بە نووسینی چەند بابەت و چالاکیی مەدەنی بڕووخێت، بەڵکوو تەنیا لە ڕێگەی خەباتی چەکداری و شۆڕشی خەڵکەوە دەکرێت لە کوردستان ڕاوی بنێین و ئیتر دەڕووخێت یان نا، ئەوە کاری ئێمە نییە.
ئەمە تەنیا لێدوانێک نییە بۆ میدیا یان بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، ئەمە ڕاستییەکە و دڵنیام کە ئەو ڕژێمە دەبێت بە خەباتێکی توندوتیژی شار و شاخ بڕووخێت؛ کە بۆ ئێمەی کورد دەرکردنی لە کوردستان لە ڕووخانی زیاتر قازانجمانە (کە ئەمەش بۆ خۆی شرۆڤەیەکی دوورودرێژ هەڵدەگرێت کە جێگای لەم بابەتەدا نابێتەوە).
بە سەرنجدان بەو فاکتەرگەلەی کە باسمان کرد و ئەو هێزە جەماوەری و مرۆییەی خەڵکی کوردستان و دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەو قەیرانگەلەی کە دوژمنی تێدایە و بە گشتی بڕیاری خەڵکی کوردستان، و بە گرتنەبەری ڕێگا و ڕێکار و پلانگەلی تایبەت و بە لێبوردەییی هێزە سیاسییە ڕەسەنەکانی ئەو بەشەی کوردستان بە نیسبەت یەکترەوە و خستنەپێشی قازانجی نیشتمانی بە کردەوە و باوەڕ و بە وتارێکی یەکگرتوو و هێرشبەرانە و پڕ لە ورە و بڕواوە؛ بە پێچەوانەی ئێستا، ئێمە هەم بە وتار و هەم بە کردەوە هێرشبەر بین و چاوەڕوانی هێرشی دوژمن نەکەین (وەک دەڵێن باشترین دیفاع و بەربەرەکانێ هێرشە) و واز لە پاساو و بیانوو بێنین و خۆمان ئامادە و نوێ بکەینەوە. شەڕێکی سەروماڵی لە پێشمانە، جا بەو دۆخەی کۆماری ئیسلامی و بە سەرنجدان بە داهاتوو کە هر هێزێکی ناوەندگەرا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت، ئێستا بیکەین باشترە لە سبەی. ئەنجامەکەشی بەستراوەتەوە بە مدیرییەت و بەڕێوەبەری و بڕیاری بوێرانە و ژیرانەی بەڕێوەبەران و ئەندامانی بەڕێوەبەریی حیزبەکان.
سۆنگەیەکی دیکەی ئەو تێڕوانینە، بە تیرێک چەند نیشانەیە؛ هەم بارەکەی باشوور سووک دەکەین و هەمیش دەبینە هێزێک بۆ پاڵپشتیی ئەو، هەمیش دەتوانین کۆماری ئیسلامی لە کوردستان ناچار بە پاشەکشە بکەین. دواتریش (دیپلۆماسی بە پاڵپشتیی شەڕ، سیاسەت بە پاڵپشتیی شەڕ).
ئەگەر شەڕ نەکەین؟
بە دڵنیاییەوە ئەو فشارگەلەی لەسەر حکوومەتی باشوورە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتریان دەکات و هاوشێوەی ڕۆژئاوا بەرەو ڕووخانی یەکجاری ڕایاندەکێشێت. ئەو بارودۆخەی کە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی تێدایە ڕۆژ بە ڕۆژ زیانبارتر و خراپتر دەبێت و دەگاتە شوێنێک کە کاریگەریی یەکجار نەرێنی و دڵتەزێنی بۆ هەموو لایەکمان بە تایبەت خەڵکی ڕۆژهەڵات دەبێت و بە یەکجاری تا ماوەیەکی درێژ هیچ ورە و وزەیەکی خەبات لەو بەشەدا بوونی نابێت، کە ئەوەش نەک هر هەڵە، بەڵکوو تاوانێکە کە هێزە سیاسییەکان تا ئێستا ئەنجامدەری بوون و دەبن و دەبێتە شکستێکی مێژوویی بۆ ئەو بەشەی کوردستان و یارمەتیی مانەوەی زیاتری کۆماری ئیسلامی دەدات.
تێبینی: ١- زۆربەی هەرەزۆری ئەوانەی لە زۆربەی شەڕەکاندا بەشداری دەکەن و دەبنە هۆی سەرکەوتنی ئەو شەڕانە، مرۆڤگەلێکی خاوەن هەست و ئیحساسن بە بیر و باوەڕیان، کە ئێمەی کورد ساڵانێکە پەراوێزمان خستوون و بەجێگای ئەوەی کەڵکی پێویستیان لێ وەربگرین، لە هیچ پێشهات و معادەلەیەکدا جێگامان پێیان نەداوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *