02/10/2026
b285fe5b-c9c3-446a-b2b2-9f41bdd1c86d

ژیلا ئەحمەدی
لە نێوان ئەو دوو وشەیەدا زۆر قسە و باس هەیە؛ مانای وشەی شەڕ چییە؟ شەڕ واتە تێکهەڵچوونی توندی چەکداری لە نێوان دەوڵەتەکان، حکومەتەکان یان کۆمەڵگە و گرووپە جیاوازەکاندا لەگەڵ دەسەڵاتەکان، وەک شۆڕشگێڕان و هێزە نیمچەنیزامییەکان.
لەوێدا کە شەڕ جۆرێک لە تێکهەڵچوونی توندی چەکداریی واقیعی، ئیرادی و گشتییە لە نێوان کۆمەڵگە سیاسییەکاندا، دەتوانین بڵێین شێوازێکە لە توندوتیژیی سیاسی. هەر کاتێک شەڕ بەردەوام نەبێت، ئاشتی و ئارامی جێگیر دەبێت. وشەی شەڕ لە ڕەگی زمانە هیندۆئەورووپییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە بە مانای (جووڵانەوە و پێشڕەوی). لە نزیکەی پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستاوە چالاکیی نظامی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا ڕووی داوە و بە هاتنی بارووت و پرۆسەی پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیا، شێوازی شەڕەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی نوێ.
بەپێی بنەمای سەرچاوەیەک، لە نێوان ساڵانی ٣٥٠٠ی پێش زایین تاوەکوو سەدەی ٢٠ی زایینی، ١٤٥٠٠ شەڕ و تێکهەڵچوون ڕوویان داوە و تاوەکوو ئێستا ٣ ملیار و نیو مرۆڤ بەهۆی شەڕەوە گیانیان لەدەست داوە؛ بەم پێیە ئینسان لە تەواوی مێژوودا تەنیا ٣٠٠ ساڵ لە ئاشتی و سازاندا بەسەری بردووە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، پێش دروستبوونی شارستانییەت، شەڕ و کشتار لە نێوان عەشیرەت و تیرەکاندا زۆر بووە، بەڵام ئێستاش هەر شەڕ بەردەوامە و بە شێوازێکی تر بەڕێوە دەچێت. دێرینەناسەکان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا کە پەیوەندیی بە ١٢٠٠ ساڵ پێشترەوە هەیە، تەرمی ٥٠٠ ژن، پیاو و منداڵیان دۆزیوەتەوە کە هەموویان کەوڵ کراون و گوێ و لووتیان برابوو و پێستی سەریان داڕنراوبوو، کە لە شەڕدا بە توندوتیژی کوژراون.
تەنیا لە ئەورووپای ڕۆژئاوادا و لە کۆتایی سەدەی ١٨ی زایینیدا، زیاتر لە ١٥٠ تێکهەڵچوون و ٦٠٠ شەڕ و پێکدادان ڕوویان داوە. لە ڕوانگەی سیاسییەوە کارل فۆن کلاوزەڤیتس، تیۆریستکاری ئالمانی، دەڵێت: «شەڕ درێژەی سیاسەتە بە کەرەستەی تر»؛ کاتێک مێزی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بە ئامانج نەگات، دەوڵەتەکان لە هێزی نظامی کەڵک وەردەگرن. لە ڕوانگەی یاساییەوە، شەڕ واتە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان دوو دەوڵەت یان چەند گرووپی ڕێکخراودا، و لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە شەڕ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە بەرهەمی پێکهاتەی ئابووری، فەرهەنگی و مێژووییە.
بە وتەی مارکس و ئەنگڵس: «پێویستی بە بازاڕێکی بەردەوامی پەرەسەندوو بۆ فروشتی کەلوپەلەکانی خۆی، بورژوازی دەکێشێتە هەموو جێگەیەکی گۆی زەوی؛ دەبێت بە هەموو شوێنێکدا دزە بکات، لە هەموو جێگەیەک نیشتەجێ بێت، تاوەکوو لەگەڵ هەموو شوێنەکاندا پەیوەندی بکات. بورژوازی لە ڕێگەی چەوساندنەوە لە بازاڕی جیهانیدا بە بەرهەمهێنان و بەکارهێنان هەموو وڵاتەکان لایەنی جیهانیی نیشتمانیی پێ دەدات و سەرەڕای ئاهـ و خەمی کۆنەپەرستان، پێشەسازییەکان لە چوارچێوەی نەتەوەییدا دەهێنێتە دەرەوە. لقی پێشەسازییە کۆنە نەتەوەییەکان لەناو چووە و هەموو ڕۆژێکیش زۆرتر لەناو دەچێت و بە جێگەی ئەوە لقی پێشەسازییە نوێیەکان کە بۆ شارستانییەت هەرە پێویستە پەرە دەگرێت. ئەو لقانەی پێشەسازی کە کەرەستەی خاویان لەناو وڵاتەکەدا نییە، بەڵکوو لە شوێنی تر لە گۆی زەویدا دابین دەکرێت، و بەرهەمی ئەو لقانەی پێشەسازی لە هەموو جیهاندا بەکاردێت. بەجێگەی ئەو پێویستییانەی کە پێشتر بە پێشەسازییە ناوچەیی و نەتەوەییەکان جێبەجێ دەکرا، ئەمڕۆ ئەو پێداویستییانە لە بەرهەمی وڵاتانی دوورەوە بەدەست دێت و جێگەی بەرهەمی ناوچەیی و نەتەوەیی، بەرهەمی وڵاتانی دیکە لە پەیوەندیی هاتووچۆدا بەکاردێت و پێکبەستراوەیی هەموولایەنەی نەتەوەکان لەگەڵ یەکتردا پێک دەهێنێت… نرخی هەرزانی کاڵاکانی بورژوازی هەر هەمان توپخانەی قورسەیە کە دەتوانێت دیوارەکانی چین بڕوخێنێت، لاسارترین ڕەقی بەربرەکان و وەحشییەکان بەرامبەر بە غەریبەکان ناچار بە ڕادەستکردن بکات، و نەتەوەکان مەجبوور بکات کە ئەگەر دەیانهەوێت لەناو نەچن، شێوازی بەرهەمهێنانی بورژوازی قبووڵ بکەن و ئەو شتەی کە بە ناوی شارستانییەتەوەیە لە نێوان خۆیاندا پەرەی پێ بدەن و خۆشیان ببن بە بورژوازی و جیهانێکی هاوشێوە و هاوشێوەی خۆیان دروست بکەن. بورژوازی دێهاتی ژێردەستی سەروەریی شار کرد، شارە گەورەکان دروست بوون و جەماوەری شار بەرامبەر بە دێهاتەکان گەشەی کرد و بەشێکی گەورە لە ژیانی گوند و دێهاتەکان ڕزگاریان بوو، و هەروەها وڵاتە بەربرەکان و نیمچەبەربرەکانی کرد بە ژێردەستەی وڵاتە پێشکەوتووەکان و وڵاتە جووتیارییەکانی پێکبەستراوی نەتەوە بورژواکان کرد و ڕۆژهەڵاتی پێکبەستراوی ڕۆژئاوا کرد. »
ئەوەی لە سەردەمی نوێدا دەیبینین ئەوەیە کە جیهان بووە بە دوو بەشی بەرهەمهێنان و بەکارهێنان. پێداویستییە سەرەکییەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکان لە وڵاتانی بەکارهێنەرەوە دابین دەکرێت؛ بە شێوەیەک کە کەرەستەی خاو لە وڵاتانی هەژار دەکڕدرێت و دوای دروستکردنی کاڵاکان، هەمان بەرهەم بە گرانتر بەم وڵاتانە دەفڕۆشرێتەوە. ئەم سیستەمە دەبێتە هۆی نادادپەروەری و نایەکسانی؛ وڵاتانی پێشکەوتوو دەبنە خاوەنی سەرمایەیەکی زۆر و خۆشگوزەرانی، و وڵاتانی هەژار و بەکارهێنەر تووشی نەبوونی و قەیرانی ئابووری دەبن، کە ئەمەش بەردەوام شەڕ و ئاڵۆزییان لە نێواندا دروست دەکات؛ بەشێکیان بۆ مانەوەی خۆیان دەجەنگن و بەشەکەی تریشیان بەرەنگاری نادادپەروەری دەبنەوە.
«لە بواری مێژووییەوە پێویستیی داهێنانی یەکەمین دەستەکانی چەکداری یا ئەرتەش هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی خاوەندارێتیی تاکەکەسی و سەرهەڵدانی چینایەتی و دروستبوونی دەوڵەتەکاندا بووە؛ لەو کاتەدا شەڕ بووەتە ئامرازێک بۆ باڵادەستیی چینی چەوسێنەر و داگیرکردنی وڵاتانی دیکە و کۆلۆنیالیزم.»
زۆربەی شەڕەکان لە سیستەمی سەرمایەداری و ناکۆکییەکانییەوە سەرچاوە دەگرن. ئیمپریالیزم بۆ دەستگەیشتن بە ماددە خاوەکان و کانزاکان هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات تا بەشێک لە ناوچەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. لە دونیای ئەمڕۆدا دوو جۆر شەڕ و تێکهەڵچوون هەیە: یەکەمیان شەڕی جەماوەرییە بەرامبەر دەوڵەتە داگیرکەرەکان، و شەڕی دووەمیش زڵهێزەکان و ئیمپریالیزمن بۆ دەستبەسەرداگرتنی وڵاتە دواکەوتووەکان. بەڵام شەڕی خەڵک شەڕێکی ئازادیبەخشە بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، خۆشگوزەرانی و یەکسانی؛ ئەمە شەڕێکە لە نێوان چینەکاندا و تەنیا ڕێگەیەکە کە دەتوانێت مرۆڤ لە چەوسانەوە ڕزگار بکات. بە پێچەوانەوە دەوڵەتە زڵهێزەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن ئەم شەڕە ڕەوایە بە لاڕێدا ببرێت، تا تەنیا ئەو شەڕانە بەڕێوە بچن کە بەرژەوەندیی خۆیانی تێدایە و لە ڕێگەی دەسەڵاتە دەستنیشانکراوەکانی خۆیانەوە دەست بەسەر هەموو سامانی ئەو وڵاتانەدا بگرن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *