شەڕ تا پرسی ئابووری؛ فشاری ئابووری لەسەر خەڵک و دوا وتەکانی ترەمپ
محەمەد حەکیمی
شەڕ بە هەموو بەشە ناحەزەکانی خۆی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیوەتەوە و ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بە کردەوەکانی وەک پشتگیرییکردنی بەرەی موقاوەمەت و هەناردەکردنی تیرۆر بۆ ناوچەکە و جیهان، هەموو ناوچەکەی تووشی شەڕ و ماڵوێرانی کردووە.
ئابووریی ئێران لە ژێر کاریگەریی شەڕ و گەمارۆکانی ئەمریکادا بووەتە هۆی گرانبوونی هەموو شتێک لەو وڵاتەدا؛ بە گرانبوونی دۆلار، دابەزینی ئاستی دراوی نەتەوەیی و لە هەمووی گرنگتر داخستنی زۆربەی کارگەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران نەتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیان دابین بکەن و لەم ناوەدا گەنجان گەورەترین قوربانیی ئەو دۆخەن و ژیانیان بە گشتی تووشی مۆتەکەیەک بووە بە ناوی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، و هەر ئێستا ڕێژەی خۆکوژی لە نێو گەنجانی ئێرانییدا چەندین قات زیاد بووە و بە هۆی خراپیی ڕێگەوبانەکانەوە ساڵانە دەیان هەزار کەس دەبنە قوربانیی سیاسەتی ڕژێمی ئیسلامیی تاران.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕژێم باس لە بەرەنگاربوونەوە و ڕێکنەکەوتن لەگەڵ ئەمریکادا دەکەن. ڕژێمی ئیسلامی لە خەوندایە، لە حاڵێکدا ڕێبەرەکەی هێشتا نەیتوانیوە خۆی نیشانی خەڵکەکەی بدات و لە کونەمشکێکدا خۆی حەشار داوە، هەڵبەت ئەگەر لە ژیانیشدا مابێت؛ چونکە تا ئێستا تەنانەت دەنگێکیشی لێ بڵاو نەبووەتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە ئەمریکا لە ڕێگەی دەریا و ئاسمانەوە ئەو ڕژێمەی گەمارۆ داوە و ئێستاش هێدی هێدی خەریکە لە ڕێگەی زەویشەوە گەمارۆی دەخاتە سەر؛ و لەم ناوەدا زۆرینەی شارۆمەندانی خەڵکی ئێران باس لەوە دەکەن کە خۆراک و دەرمانیان دەست ناکەوێت، نرخی دەرمان لە سەدا سێسەد تا پێنجسەد زیادی کردووە و توانای کڕینی دەوا و دەرمانیان نەماوە، و هەروەها خەڵک ناچارن بەشێکی بەرچاو لە شتومەکی پێویستی ڕۆژانەی خۆیان لە سەر سفڕەکانیان لا بەن، و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڤیتامینی تەواو نەگات بە لەشیان و تووشی نەخۆشی بن، و هەر ئێستا لاین کەم ٢٠ ملیۆن لە خەڵکی ئێران تووشی کەمبوونی ڤیتامینن لە لەشیاندا.
لەم ناوەدا «سکووت بێسێنت» وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا گوتی گەمارۆی ئابووریی ئێران سات بە سات تەنگتر دەبێتەوە و تەنانەت هیچ کام لە هاوپەیمانانی ڕژێمیش ناتوانن ئەو وڵاتە ڕزگار بکەن، و هەروەها گوتیشی تا ئەو ساتەی خەزێنەی ڕژێم بە تەواوی بەتاڵ نەبێت و هەموو ڕێگەکانی داراییی ڕژێم نەپچڕێن واز ناهێنن؛ و هەر ئێستا یەکێک لە بانکەکانی عێراقیان کردووەتە ئامانج کە ئەو بانکە عێراقییە پشتیوانیی گرووپەکانی حەشدی شەعبیی دەکرد. وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە بە کۆکردنەوە و نەهێشتنی ئەو ڕێکخراوانە، خەریکی بنەبڕکردنی ڕەوتی پارە پەیداکردنی ئێرانن و عێراقیش دەبێت ڕێگە بەو گرووپانە نەدات دەستیان بە شوێنە داراییەکان بگات.
جێگەی ئاماژەیە بە هۆی سیاسەتی خراپ و شەڕ و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکەدا دۆخی ئابووریی ئێران بەرەو داڕمانی گشتی دەچێت. بەرپرسانی باڵای ڕژێم باس لە بەرەنگاری و شەڕ بە دژی ئەمریکا دەکەن و داواکارییەکیان خستووەتە بەردەم ئەمریکا کە خۆی لە حەوت بەنددا دەبینێتەوە، لە بەرامبەردا ترەمپ بێ ئەوەی سەیریشی بکات گوتی: «ئەوانە بۆ خۆتان باشە» و ڕایگەیاند کە دوورگەی هورمز چیتر هیچ گرنگییەکی نەماوە. ئێستا هەموو ڕووداوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەڕێکی دیکەی هێرش بۆ سەر ڕژێمی تاران لە ئارادایە و ئەم هێرشە لە ئان و ساتدایە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە ڕۆژنامەیەکی پڕتیراژە لە ئەمریکادا، لە بابەتێکدا دەنووسێت: پێنتاگۆن ئامادەکاریی کردووە بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران و بڕیارە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ئەم هێرشە ئەنجام بدات. لە لایەکی دیکەشەوە «بیبی نەتانیاهۆ»ش بە ترەمپی ڕاگەیاندووە کە دەبێت گورزی ئاخیر و دوا گورز، واتە کوشندەترین گورزی سەربازی، لە ئێران بدەن و ئەمجارە بەشی سەرکوتی ڕژێم دەکرێنە ئامانج بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بێنەوە سەر شەقام و ڕژێم لە ئێران وەدەربنێن.
ئەو ڕۆژنامەیە لە درێژەی بابەتەکەیدا دەڵێت: ئەمریکا پێنج بژاردەی سەربازیی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە کردووە و هەر ئێستا ئەمریکا خەریکی پڕچەککردنی هێزەکانیەتی لە ناوچەکەدا و زیاتر لە ٩٠٠٠ سەربازی شەڕکەری وشکانیی هێناوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕدا، ئێران ڕووبەڕووی کارەساتی گەورە دەبێتەوە. ئەمریکا و ئیسرائیل ئەمجارە شوێنی کۆگاکانی مووشەکی، درۆنی و هەروەها بۆردوومانکردنی کێوی کولەنگ و لێدان لە هێزە سەرکوتکەرەکان (تەنانەت ئەگەر لە ژێر پرد یان قوتابخانە و نەخۆشخانەکانیشدا خۆیان شاردبێتەوە) دەکەنە ئامانج و لەناویان دەبەن و ڕێگە بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئێراندا ئامادە دەکەن؛ و هەروەها ئەوەش لە ئارادایە کە بەشی وزە، نەوت و گاز بکەنە ئامانج و لە ئەگەری وەها دۆخێکدا ئێران تا دەیان ساڵ بەرەو دواوە دەچێت.
شەڕی ئەمجارە زۆر جیاوازە و ئێستا ترەمپ چاوەڕێی ئەوەیە کە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەو وڵاتە تەواو بێت تا بتوانێت بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات. هەروەها ترەمپ باس لە «بۆمبی دایک» دەکات کە دەیەوێت بە دژی ئێران ئەو بۆمبە بەکار بێنێت کە دەوترێت لە کاتی کەڵکوەرگرتن لەو بۆمبە، لاین کەم ٥٠٠٠ مەتر بە چواردەوردا بە گشتی لەناو دەبات و دەیسووتێنێت.
هەروەها ئۆرشەلیم پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە وتەکانی «ئۆفێر فالک» ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی «نەتانیاهۆ» دەکات کە وتبووی ئیسرائیل زۆر نزیک بووەتەوە لە دۆخی گۆڕینی ڕژێمی ئیسلامیی تاران. ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە دەوڵەتی داهاتووی ئێران لەلایەن خەڵکی ئەو وڵاتەوە هەڵدەبژێردرێت و لە درێژەی وتەکانیدا گوتی: کردەوەکانی ئیسرائیل یارمەتیی خەڵکی ئێران دەدات کە بە دژی دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی ڕاپەڕن؛ و هەروەها گوتیشی گەمارۆی ئابووریی ئێران بە ڕێبەریی ئەمریکا زۆر سەرکەوتوو بووە، بەڵام فشاری ئابووری پێویستی بە کاتی زیاترە.
