شۆڕشی ژینا لە یادەوەرییەوە بەرەو ستراتێژیی ڕزگاری
ئەسعەد دروودی کەمانگەر
شۆڕشی ژینا وەچەرخانێکی مێژوویی و لەدایکبوونەوەی وشیاریی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەم شۆڕشە بە بەرزکردنەوەی
دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، بنەماکانی دەسەڵاتی داگیرکەر و کۆنەپەرستی هەژاند و دەنگی مافخوازیی نەتەوەی کورد و سەرجەم چەوساوەکانی گەیاندە تەواوی جیهان. لەم شۆڕشەدا، خەباتکارانی ڕۆژهەڵات ئاسۆی ئایندەیەکی سەربەست، دادپەروەرانە و یەکسانیان نەخشاند.
بنەمای سەرەکیی شۆڕشی ژینا لەسەر گرێدانەوەی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیی و خەباتی کۆمەڵایەتی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، ئازادی و یەکسانیی جێندەری داڕێژراوە. لەم شۆڕشەدا کە تێدا ژنان وەک پێشەنگ هاتنە مەیدان، هاوشانی هەموو توێژە مافخوراوەکان سەلماندیان کە ئازادیی نەتەوەی کورد لە خەبات بۆ دادپەروەری و ئازادیی ژنان دانەبڕێت. هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت ڕێگەی گەیشتن بەرەو ڕزگاری بپێوێت تا ئەو کاتەی مافی ژیانی شیاو بۆ هەمووان مسۆگەر نەبێت و ژنان لە چەوسانەوەی جێندەری و ڕوانینی کۆنەپەرەستانە ڕزگاریان نەبێ. ئەم بزووتنەوەیە شۆڕشی هاوبەشی هەموو چین و توێژە مافخوراوەکان بوو، دژی هەموو بنەماکانی ستەمکاری کە لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا چڕبوونەتەوە.
بەردەوامیی ئەم شۆڕشە لە ڕەفتاری ڕادیکاڵ و وشیارانەی جەماوەردا ڕەنگ دەداتەوە. مانگرتنە گشتییەکان لە ساڵیادی شۆڕشدا، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەوەی کە ڕەگی ئەم شۆڕشە بە قووڵایی لە دڵی کۆمەڵگەدا ڕۆچووە. جەماوەری کوردستان بە هەڵوێستی بوێرانەی خۆیان بۆ مانگرتن کە سەرەڕای هەموو هەڕەشە و مەترسییەکان بەڕێوەیان برد، سەلماندیان کە هیچ چەکێک بەقەد هێزی یەکگرتووی نەتەوە کاریگەر نییە. لە بەرامبەردا، ئاستی ترسی ئاشکرای دەسەڵات لە “ژینا” سەمبولی ئەم شۆڕشە لە هەنگاوە مەیدانییەکانی وەک داخستنی ڕێگەکان و ڕێگرتن لە چوونی خەڵک بۆ سەرمەزارەکەی لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا بە ڕوونی دەرکەوت. ڕژێمی داگیرکەر بە گرتن، ئەشکەنجە و سێدارە هەوڵی خنکاندنی ئەم دەنگە دەدات، بەڵام هاوبەشیی ئامانجەکان و دروستبوونی جیلێکی نوێ لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ئاسۆی سەرکەوتنیان ڕوونتر کردووەتەوە.
بۆ ئەوەی ئەم جووڵانەوەیە بەرەو سەرکەوتن هەنگاو بنێت، پێویستە لە دروشمدانی ڕووت تێپەڕین و ڕاستییە تاڵەکان ببینین، باری ئابووریی مانگرتنەکان لەسەر شانی کرێکاران، زەحمەتکێشان و کاسبکارانی بچووک زۆر قورسە، و ئەگەر ئاسۆیەکی ڕوونی سەرکەوتنیان پێنەدرێت، سەرکوت و گوشاری ئابووری مەترسیی ماندووبوونی جەماوەری لێدەکەوێتەوە. شۆڕش نابێت بێت لە چالاکیی ساڵانەی ڕیکلامی، ماتەمینی یان دروشمی بێکردار قەتیس بێ، شۆڕش پرۆسەیەکی بەردەوامە.
بۆ چەپی پێشکەوتنخوازی کوردستان و کۆمەڵە وەکوو حزبی ئەو ڕوانینە، هێزی ڕاستەقینەی شۆڕش لە ئیرادەی جەماوەردایە، بەڵام ئەم هێزە بێ ڕێکخستنی تۆکمە ناتوانێت ئامانجە کۆتاییەکانی بپێکێت. ڕێکخستنی تواناکانی خەڵک لە ئاستی گەڕەک، کارگە، زانکۆ و شارەکاندا، تاکە ڕێگەیە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ دەزگای سەرکوتی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران و ڕۆشتن بەرەوە ڕزگاری و ئازادی.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەرکی مێژوویی حیزبە چەپ و داپەروەرەکانی کوردستان ئەوەیە کە لەبری دەستێوەردانی سەرەوە بۆ خوارەوە، ببەسترێنەوە بە جەماوەر و ببنە ئامرازی ڕێکخستنی ئەم وزە شۆڕشگێڕانەیە. بۆ گواستنەوەی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە بەرەو سەرکەوتنی سیاسی، خەبات دەبێت لە ئاست و سەنگەری جۆراوجۆردا بەردەوام بێت لەوانە:
١. بەرنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی پێشڕەو: گۆڕینی دروشمە گشتییەکان بۆ داواکاریی کۆنکرێتی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕزگاریی جێندەری تا کرێکاران، زەحمەتکێشان و ژنان خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینە و خاوەن بەرژەوەندیی بزووتنەوەکە بزانن.
٢. داڕشتنی ڕێکخستنی جەماوەریی بەردەوام: بەستنەوەی یادکردنەوەکان بە خەباتی ڕۆژانە لە ڕێگەی بەهێزکردنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە سەرانسەری کوردستاندا بۆ تێپەڕاندنی حاڵەتی کاردانەوە.
٣. بەرەی هاوبەش و ناوەندی دیپلۆماتیک: بەهێزکردن و بەرینکردنەوەی هاوپەیمانیی کوردستانی و دروستکردنی ناوەندێکی هاوبەشی سیاسی و دیپلۆماتیک بۆ ڕێکخستن و ڕاگەیاندنی دەنگی ڕاستەقینەی جەماوەر.
ئەرکی حیزبەکانە کە ئەم ستراتیژییە هەماهەنگە داڕێژن بۆ یەکخستنی ڕێزەکانی خەبات، پشتگیری لە مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی کورد و چەسپاندنی بێپەردەی دادپەروەری و یەکسانیی تەواوی جێندەری لە تەواوی کار و ئەکتە سیاسیەکانیاندا.
شۆڕشی ژینا ڕێگەی سەرکەوتنی نیشانداوە و ئاڵوگۆڕی قووڵ و بەرینی هەم لە ئاستی ڕوانین و هەم لە بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەریدا لە ناو کۆمەڵگەدا دروستکردووە، بەڵام ئەگەر ڕێگەکانی بەردەوامی و زیندووڕاگرتنی ئەو شۆڕشە نەدۆزینەوە و لە کردەوەدا بەردەوامیی پێنەدەین، مەترسیی لەدەستچوونی دەستکەوتەکان هەیە. دەسەڵاتی توتالیتێری ئیسلامی و کۆنەپەرەستانەی ناو کوردستانیش کە ئەم شۆڕشە و وانەکان و ئاڵوگۆڕەکانی بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن، بەردەوام هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگری شۆڕش و گەڕاندنەوەی کۆمەڵگە بۆ دواوە دەدەن. بۆیە بەردەوامیی خەبات، ڕێکخستنی جەماوەری و پاراستنی سەنگەرەکانی ئازادی، تاقە گرەنتییە بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی ئازاد، یەکسان و دوور لە هەر جۆرە ستەمێک.
گواستنەوەی شۆڕشی ژینا لە ئاستی یادەوەرییەوە بۆ ستراتیژێکی ڕوونی ڕزگاریی نەتەوەیی ئەرکی بنەڕەتیی ئەمڕۆیە، چونکە مێژوو بە جەماوەر دروست دەکرێت، بەڵام بە ڕێبەرییەکی شۆڕشگێڕانە و یەکسانیخواز دەگاتە ئامانجی کۆتایی.
