سەرنجێکی کورت لەسەر دۆخی گشتی چینایەتی و نەتەوەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات
ئاژوان؛ سنە
لە کۆمەڵگای کوردستان بە پێ بەراوەردێکی مەیدانی هەلومەرجی ژیانی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی نزم تەنانەت بە نیسبەت چەن ساڵی ڕابردوودایە. تۆژینەوە لە سەر ئەم دێڕانە و تیتری ئەم نووسینە پێویستی بە کاری ئاکادمیک و لێکۆڵینەوەی چڕی مەیدانی و زانستی هەیە، بەڵام بە گوێرەی داتاکان و ژیانی ڕۆژانە زۆر شت هەن کە بە بێ لێکۆڵینەوەش گۆتنیان دوور لە داتاکانی زانستی کۆمەڵناسی نییە.
خەباتی چینایەتی
سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم پرۆسیسێکە لە شکڵگیری مێژوویی ئاشکراو بەردەوام کە لە ململانییە چینایەتییەکاندا بە بەردەوامی کاریگەریی لەسەر ژیانی کۆمەڵگا و هاوکێشە سیاسیەکانی دادەنێ. ڕوخساری ژیانی ئەمرۆی کۆمەلگای ئێران و کوردستان هەرچیەک بیت بەتەواویی لەژێر گاریگەریی و ناکۆکییەکانی هێزی بەرهەمهینان و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدایە. هەرچەندە کە فۆرمی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ئەم سەدەیە هاوچەرخیتر و گەشەسەندووترە لە رابردووی خۆی، بەڵام خۆشبەختی و ژیانێکی ئاسودەی لەگەڵ خۆیدا نەهێنا بۆ مرۆڤایەتی وەک ئەوەی سەرمایەداری خەریکی بەوەهمکردنی بوو. سەرباری ئەوەی ژمارەی بیکاری و دەرکردنی کرێکاران لەسەر کاریان بەردەوامە و لەسەرتاسەری جیهاندا ڕێژەیان دەڕواتە سەرەوە، بەڵام قەیرانەکانی سەرمایەداری قووڵتر دەبێتەوە و چارەسەری قەیرانەکان گەیشتۆتە خاڵی کۆتایی و چارەسەرنەکراو.
دابەشکردنەوەی کار، هەژاریی، بێکاری، برسییەتی، پیسبوونی ژینگە، شەڕ و وێرانکاریەکان، سەرهەڵدانەوەی فاشیزم، تیرۆریزمی ئایینی، وێرانکردنی ژیانی منداڵان و بێنرخ بوونی مرۆڤی خانەنەشین و پەکەوتە،… بەهەمان شێوە زۆرتردەبن و لەناو سیستەمی حکوومەتی ئیسلامیی لەچەندان فۆرمی جیاوازدا هاوچەرخ دەکرێنەوە. لەگەڵ هەموو ئەو ناتەباییەی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامیدا، بەهەمان شێوە خەباتی زەحمەتکێشان بۆ شۆڕش و ئالوگۆر لەناو پێکدانە چینایەتیەکاندا هاوچەرخ بۆتەوە. کرێکاران و زەحمەتکێشان وەک هێزێکی زۆرینەی ناو کۆمەڵگا سەرباری سەرهەڵدان و شکستەکانی ڕابردوویی، بەهێزەوە دەرکەوتۆتەوە.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکان دا، زۆرێک لەو بیروباوەڕە ڕاستڕەوانە و ئەو تێوریانەی کە ئاڵای کۆتایی جێاوازی چینایەتی و خەباتی سۆسیاڵیستانەیان بەرزکردبوویەوە وە لە لێکدانەوەکانیاندا خاڵی کۆتاییان بۆ پرۆسەی مێژوویی دانا و بازاری ئازاد و لیبرالیسمیان بە دوا بژاردە دیاریکرد، بەڵام لە دوای تەنها قەیرانەکانی ئابووریی تیوریەکانیان کەوتنە کەنارەوە و مەترسی هەرەسی سەرمایەداری و رژیمەکایەن هەیە.
لە ئەمڕۆی هەڵسان و هاتنە دەرەوەی ئەو هێزە کە بەرهەمهێنەری توانای هەموو جیهانە، پشکویەکی سەرەتاییە بۆ ئالوگۆڕێکی گەورە لە ئێراندا. هەر وەک چۆن لە ئەورووپا هێلەک زەردەکان، کلاو زەردەکان و سوورەکان و جلیسقە زەردەکان، لە ئیران هەڵسانی کرێکاریی (دی مانگی ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨) و شۆڕشی مەزنی ژن ژیان ئازادی، لە سوودان هاتنە شەقامەکان دژی دەسەڵاتی میلیتاریزم و داواکارییەکانی خەڵکی خوارەوە، میسر و چەندان وڵاتی تری گوێ زەوی بەشێکن لەو پشکۆیەی شۆڕش..
باری چینایەتی
راستیەکی حاشا هەڵنەگر ئەوەیە کە لە کۆمەڵگای کوردستان وەک نموونەی دیکەی کۆمەڵگاکانی وڵاتی ئێران دابەش بوون و قەیرانی چینایەتی نێوان بازنەی دەسەڵات و سامان لەگەڵ چینی مام ناوەند و هەژار زۆرتر بووە و ئەمانەی خوارەوە کاریگەری سەرەکییان لەم دۆخە بووە:
١-نەبوونی کار و پیشەی پێویست بو بەشێکی بەر چاوی کۆمەڵگا
٢-دابەشبوونی نایەکسانی و هەلی کار
٣-ئەو ئێمتیاز و خەڵاتانەی کە بە چینێکی دیاریکراوی خۆدی لە لایەن دەسەڵاتی ڕژیمەوە دراوە
٤-جیاوازی سەروەت و سامان نێوان چینەکان و تاکەکانی کۆمەڵگا
هەڵاواردن و جیاوازی چینایەتی لە کوردستان کە بنیادنەری سەرەکی ئەو بە پێچەوانەی وڵاتانی تر کە لە لایەن چینی دەسەڵاتداری تاک و سەرمایەدارەوە پێناسە ئەکرێت؛ لە لایەن دەست و پێوەندەکانی دەسەڵاتەوە سەرچاوە ئەگرن. لە ماوەی چل و شەش ساڵی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی بە هۆی سیاسەتە چەوتەکانی ڕژیمەوە مەودا و جیاوازی چینایەتی نێوان چینی دەسەڵاتدار، سامان و سەروەت مەندی بازاڕ، خاوەن بڕوانامە وەک دوکتور مۆهەندێس، وەکێڵ، سلبریتییەکانی هۆنەری سینەما، فووتباڵیستەکان لە ڕەدەی تیمی میللی و تیمە بە ناوبانگەکان لە گەڵ چینی کرێکار، کارمەندانی ئیداراتی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت، جووتیاران، بێکاران و بە گشتی چینی ناوەند و خواری کۆمەڵگا؛ زۆرتر بووە و زیانێکی یەکجاری بە ژیان و کەرامەتی مرۆڤ گەیاندووە.
زوربەی بزاڤە چینایەتی و سنفییەکانی ئەم چل ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لایەن چالاکانی مەدەنی و کرێکارییەوە سازمان دراون؛ داخوازییەکانیان لە سەر نارەزایەتی لە هەمبەر بار و دۆخی کار و مووچە و سەعاتی کار بووە و بە داخەوە ئەو ئاگاهی و زانینە لە سەر ویستی چینایەتی و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئامامانجەکانی تاک و کۆمەڵگای چەوساوە نەیتوانیوە بە سەر هەموو چین و توێژەکان پەرە بسێنێت و ببێتە هۆی گۆڕانکاری بەر چاو.
خەباتی نەتەوەیی
خەباتی نەتەوەیی، خەباتی گەلێکە کە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆ و سەروەریی سیاسی نییە، خاک و نیشتمانی دابەش یان داگیر کراوە، لە وڵاتەکەدا هوییەتی نەتەوەیی جیاوازە لە هی نەتەوەی حاکم، بەڵام نکۆڵی لەو جیاوازییە دەکرێ و هوییهتی سهربهخۆی لهلایهن سیستمی حۆکمڕانی نەتەوەی دهسهڵات بهدهستهوه دانی پێدانانرێ و مافە نەتەوایەتییەکانی ناسەلمێندرێ، به هاووڵاتی دهرهجه ٢ دهژمێردرێ و مافه سیاسی و ئابووری و کولتووری و کۆمهڵایهتییهکانی لێ زهوت کراوە. لە هەموو بارێکەوە بەشێوەی سیستماتیک ههڵدەواردرێ، دهچهوسێتهوه و سهرکوت دهکرێ.
کاتێک ئەو گهلە چەوساوە و ستهملێکراوە بەمەبەستی دواییهێنان بهو بارودۆخه ناڕهوایه ڕادەبێ کە خۆی له بندهستی و زوڵم و زۆر ڕزگار بکا و بڕیار دەدا چارهنووسی خۆی بهدهستهوه بگرێ و به ئازادی و سهربهستی بژی، پێی دەگوترێ خەباتی نەتەوەیی.
ئەوە کە خەباتی نەتەوەیی بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆ بەڕێوە دەچێ یان بۆ دابینکردنی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی ستەملێکراو لە چوارچێوەی وڵاتێکدا، لەلایەکەوە گرێدراوە بە زۆر فاکتەری نێوخۆیی و دەرەکی، بە تایبەتی بە هێز و دەسەڵات و یەکگرتوویی و ئاستی سازماندراوی و گشتگیربوونی جووڵانەوەی ڕزگاریخواز و موشارەکەتی چالاکانەی خەڵک.
لەلایەکی دیکەوە، فاکتەری مەسڵەحەت و بەرژەوەندی یەکلاکەرەوەیە: ڕەنگە زۆرایەتی نەتەوەیەک کە لە وڵاتێکی دێموکراتیکدا دەژی و سەرجەم مافەکانی بەگوێرەی یاسای بنەڕەتی وڵات دەستەبەر کراوە، لەباری سیاسی و ئابووری و ئەمنییەت و مێژووییەوە جیابوونەوە بە مەسڵەحەتی نەتەوەکەی نەزانێ، وەک کەبەک لە کانادا، تیرۆلی باشوور لە ئیتالیا، سکاتلەند لە بریتانیا… جیاوازی هەڵوێست لەو پرسەدا بەهیچ جۆر بەو مانایە نییە کە لایەنگرانی جیانەبوونەوە لە سەربەخۆییخوازەکان کەمتر نیشتمانپەروەرن یان بەپێچەوانەوە. ئەوە دەکەوێتە مەقوولەی جیاوازی بیروبۆچوون و تێڕوانین لە بەرژەوەندیی. مافێکی دێموکراتیک و ڕەوایە.
باری نەتەوەیی
کوردستان و داخوازی نەتەوەیی دوو رستەی گرێدراون تا ئەو کاتەی کە مافە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانی لە پانتاییەکی دیمۆکراتیکی گشتی چارەسەر و مسۆگەر نەبن. زۆربەی پۆتانسیل و ئێنرژی تاکی ئاگای ئەم کۆمەڵگایە لە ڕێگەی خەبات و دابین کردنی ئامانجە نەتەوەییەکان سەرف ئەکرێت و بێ ئەوەی رەهەندەکانی ئەو هەموو تێکۆشانە بۆ دابینکردنی دادپەروەری بۆ هەموو کۆمەڵگای مرڤایەتی لێک بدەینەوە ئاماژە بە ئەوە ئەکەین کە ئەمڕۆش خواستی نەتەوەیی هەر کاتێ مەودای پێ بدرێت سەرتر لە خواستکانی تر خۆی دەنوێنێت و بناغە دانەر و چالاکانی ئەم چەمکە زۆر ئاسانتر ئەتوانن خەڵک بێنێنە سەر خەت و شەقام. جیاواز لە زیانەکانی هەستی نەتەوایەتی و ڕەگەز پەرەستی کە ئەتوانێ لە ئاکام دا ئەگەر لە هێڵی راسەقینەی خۆی لا بدات و خسڵەتی فاشیستی و ڕاسیستی لە خۆ بگرێ، یەکێ لە هێماکانی زیندوو بوونی کۆمەڵگایە و ئەگەر هەل و کەڵکی باشی لێ وەرگیردرێت ئەتوانێ گۆڕانکاری مۆدێڕن لە ژیانی کۆمڵگا درووست بکات. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی پیشینەیەکی مێژوویی لە خەباتی نەتەوەیی و دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، گەلێکی وشیار و ئاگان؛ بەڵام ئەوەی کە تا ئیستا نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردتر و زانستیتر هەیە. ئەوەی کە ڕوونە ئێستاش دۆخی نەتەوەیی خەڵک لە کوردستان بە هۆی سەرکوت و زەختی ڕژیم باش نییە و هەر چەشنە جووڵەیەک کە هێمای نەتەوەیی-ڕامیاری هەبێت تووشی دژبەری و هەوڵی لە ناوبردنی لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەدرێت. لە نێوان ئەم چل ساڵەی ڕابردوو خەباتی نەتەوەیی چ لە لایەن حێزبە سیاسی و ئۆپۆزسیۆنەکانەوە و چ لە لایەن بزاڤە ڕۆشنبیر و چالاکە مەدەنی و فەرهەنگەکییانەوە؛ وەک ئێنرژییەک لە گۆشە و کۆنجی هەموو لایە و چینەکانەوە خۆی ڕاگرێت و بە زیندوویی بمێنێتەوە. زۆر نموونەی خەباتی سیاسی و چالاکی هەیە کە ڕێشەی لە خەباتی نەتەوەیی هەڵگرتووە. دەسەڵاتی ڕژیم تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو هەستە لە خەڵک بگرێتەوە و هەر هەلومەرجێک کە ڕەخسا بێ ئەو ئاگاهی نەتەوەییە بە جۆش و خرۆش هاتووە و وەک خواستێکی ئێنسانی کۆمەڵگا بۆ سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ درێژەی کێشاوە.ئەم خواست و تێکۆشانە کە لایەنی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە ئەتوانێ لەگەڵ ئامانجەکانی تری مرۆڤی ئەم ناوچەیە یەک بگرێت و بۆ داهاتوویەکی ڕوونتر کەڵکی لێ وەربگیردرێت. ئەگەر پێناسەکانی هەلومەرجی نەتەوەیی هەڵسەنگێنین و ئاماژە بە هێما بەرچاوەکانی بکەین ناتوانین چاو پۆشی لەمانەی خوارەوە بۆ نیشاندانی ئەو ڕاستییە بکەین:
١-زیندوو ڕاگرتنی بۆنە نەتەوەییەکان لە ناو کۆمەڵگا وەک نەورۆز
٢-تێکۆشانی فەرهەنگی بۆ زیندوو هێشتنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی
٣-چالاکی هۆنەری لە بوارەکانی گۆرانی و هەڵپەرکیێ کوردی
٤-بەرز ڕاگرتنی نێو و خەباتی شۆڕشگێڕان و سەرۆکە کاریزماکانی کورد کە ژیانیان لە پێناو شۆڕشی نەتەوەیی بەخت کردووە
٥-هەوڵدان بۆ فێرکردن و نووسینی زمانی کوردی لە لایەن ئەنجۆمەن و رێکخراوە نا دەوڵەتییەکانەوە
٦-هەوڵ بۆ مانەوەی پۆشش و جل و بەرگی کوردی بە تایبەت لە لایەن لاوەکانەوە
ئەمانە وەک نموونەی هێماکانی نەتەوەیی لە کوردستان دەناسرێن و لە ماوەی ئەم چل و شەش ساڵەدا روو لە گەشە کردندا بوون و هەر ساڵ بە چەشنێکی تازەترەوە لە ڕای گشتی کۆمەڵگا خۆ دەنوێنن. ڕژیم تا هەنووکە نەیتوانیوە ئەو هەستە لە خەڵک بگرێت و هەوڵەکانی بۆ ئاسیمیلاسیۆنی فەرهەنگی و نەتەوەیی پووچەڵ کراون هەر چەند لە هەندێ شوێن توانیویە سیاسەتەکانی پێش بەرێت.
لێرە دەبێ بوترێت کە ژیانی ئابووری، سیاسی، نەتەوەیی و چینایەتی تاک لە ناو کۆمەڵگا هەر سات لە تەوەژمی جوراجۆردایە و پێدەچێ لەم سەردەمە تووشی ئاڵوگۆڕی تایبەت بێت کە دواتر لە سەر خسڵەت و تایبەتمەندییەکانی وڵات کاریگەری بێت.
