سیاسەتی نێونەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤ…..

بەشی یەکەم؛
١. مافەکانی مرۆڤ بریتیین لە کۆمەڵە مافیك کە پێویستە مرۆڤەکان بە پێی پێگە و کەرامەتی مرۆیی و بە حوکمی مرۆڤبوونیان و بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێگە و بارودوخ و هەلومەرج و پلەوپایە و تایبەتەمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تر لێیان بەهرەمەند بن. ئەو مافانە مافی ژیان، ئازادی و هەموو فاکتەرە پێویستەکان بۆ ژیانی مرۆڤایەتی لەخۆ دەگرن. نۆرمەکانی (Norms) مافی مرۆڤ، پەیوەندییەک لە نیوان تاکەکان و بوارەکانی تر و بە تایبەت لە نیوان تاک و دەوڵەت پێک دێنن و هەندێ ئەرک و بەرپرسیارییەتی دێننە ئاراوە. لە جیهانی ئیستادا سەرەڕای ئەوەی بە هۆی جیاوازی بنەما فەلسەفییەکان و جیاوازی ئایینی و کلتوری و هەروەها جیاوازی ڕوانگە سیاسییەکان پێناسەیەکی گشتگیر و جیهانیی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ بوونی نییە، بەڵام کۆدەنگییەکی گشتیی هەیە سەبارەت بەوەی کە مرۆڤەکان خاوەن مافن. یاسای نیودەوڵەتی دانی بەو مافانەدا ناوە. زۆرێک لە دەوڵەتەکانیش ئەو مافانەیان لە دەستور و یاسای نێوخۆییدا داناوە و بەڵێنیان داوە ڕێزیان لێ بگرن. لێرەدایە کە مافەکانی مرۆڤ دەبەسترینەوە بە سیاسەت و هێزوە. بە واتایەک مافەکانی مرۆڤ، جێبەجێکردنیان و پێشێلکردنیان وەک دیسکۆرسێک لە شانۆی نێودەوڵەتیدا دێتە ئاراوە.
٢. نەک هەر لە پێناسەکردندا بەڵکو بە کردەوەیش پرسی مافی مرۆڤ بە تایبەت لە حەفتا ساڵی ڕابردوودا گرنگی پێدراوە. لە ڕاستیدا پاش شەڕی دووەمی جیهانی پرسی مافی مرۆڤ پەرەی سەند. لەسەر بنەمای ڕێیکەوتنی بنەڕەتی لە نێوان گرووپی وڵاتانی سوسیالیستی و جیهانی سێیەم لە لایەکەوە و دەوڵەتانی ڕۆژاوا لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە پێویستبوونی ڕەنگدانەوەی بنەما گشتییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئاستی جیهانیدا، جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و جاڕنامەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان لە ساڵی ١٩٤٦دا پەسەند و لە ساڵی ١٩٧٦دا چووە بواری جێبەجێکردن. بەتایبەت پاش شەڕی سارد و بە چڕبوونەوەی رەوتی بەجیهانیبوون ئێمە بینەری ئەوەین کە لە ئاستی جیهانیدا گرنگی بە پرسی مافی مرۆڤ دەدرێ. لە ماددەی ٥ی بەشی یەکەمی بەیانیەی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ لە ڤیەنا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەموو گریمانەکانی مافەکانی مرۆڤ جیهانین. ئێستاش دەبینین کە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە پەسەند کراوە و دانی پێدا نراوە. ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ ببێتە باسێکی نێونەتەوەیی. بەڵام من دەمهەوێ باسی ئەوە بکەم کە بەجیهانیبوون و بە نیونەتەوەییبوونی مافەکانی مرۆڤ، بە مانای ئەوە نییە ئەو پرسە بووەتە ئەولەوییەتێک بۆ دەوڵەتان و ڕێزی لێ بگرن یان سیاسەتی خۆیان لەسەر بنەمای پەرەپێدان بە مافەکانی مرۆڤ دابڕێژن. بە پێچەوانەوە هێشتا پرسە ستراتیژیکەکان وەک ئەولەوییەت چاویان لێ دەکرێ و زۆربەی دەوڵەتەکان وەک وەسیلە و ئامرازێکی دابینکردنی بەرژوەندییە نیشتمانییەکانیان کەڵک لە مافی مرۆڤ وەردەگرن.
٣.پێویستە ئاماژە بکرێ کە کاتێ دەوترێ لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا زۆر جار مافەکانی مرۆڤ دەکرێنە قوربانی ئامانجە ستراتیژیکەکان یان مافی مرۆڤ دەبێتە ئامراز و وەسیلەی دابینکردنی بەرژوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتانی تر و بە تایبەت وڵاتانی زلهێز، ئەوە بەو مانایە نییە کە هەمیشە و لە هەموو کاتێکدا بەو جۆرەیە بەڵکو باس لە ڕەوتی زاڵی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکرێت. تێگەیشتن لەو ڕاستییە پێویستی بەوە نییە کە کەسێک پسپۆڕ و شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی بێت بەڵکو پێویستی بە خوێندنەوەی بنەما سەرەتاییەکانی سیاسەت و چاوخشاندنێکە بە سیاسەتی وڵاتانی زلهێزدا. کەوابوو مەبەست ڕەوتێکی زاڵی سیاسەتی نیودەوڵەتییە، دەنا بۆ نموونە کێ بێ نەزانێت نۆرمەکانی مافی مرۆڤ وەک نۆرمی نیودەوڵەتی ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە داڕووخانی دەسەڵاتی نەژادپەرەست لە روودزیا و ئەفریقای باشور.
٣. لە شانۆی سیاسەتی نێونەتەوەییدا دەوڵەتەکان ئەکتەری سەرەکی و دانەری یاسا و ڕێسا و نۆرمەکانن نەک ئەوەی پێمل و ملکەجی یاسا و ڕێساکان بن. دوا بە دوای شەڕی جیهانی دووەم دەوڵەتەکان لە لایەکەوە هەوڵیان دا بە پێی ڕەشنووسی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندییەکانی خۆیان و سیاسەتی نێودەوڵەتی ڕێک بخەنەوە و لە لایەکی ترەوە هەوڵیان دا لە ڕێگای پێکهێنانی بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤەوە دۆخی ژیانی مرۆڤەکان لە ئاستی جیهانیدا باشتر بکەن. بەڵام دوو بنەمای سەرەکی لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا هەن کە لە مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەنگی داوەتەوە و دەوڵەتەکان لە بەراورد لەگەڵ مافی مرۆڤ زیاتر گرنگی بەو بنەمایانە دەدەن. ئەو دوو بنەما بریتین لە: سەربەخۆیی [یان بە واتایەک بەرابەری] وڵاتەکان و دەستێوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی تر. بە حەقیقەت لە بەراورد لەگەڵ ئەو دوو بنەمایەدا مافەکانی مرۆڤ لە پەراوێزی سیاسەتی نیودەوڵەتیدان.
سەرەڕای ئەوەی هەندێ یاسا پەسەند کراون سەبارەت بەوەی کە وڵاتانی زلهێز هەندێ جار دەتوانن لە ڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە مەبەستی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەستێوەردان بکەن، بەڵام بە گشتی و وەک ڕەوتێکی زاڵ لە سیاسەتی نیونەتەوەییدا، دانپێدانان بە سەربەخۆیی وڵاتان و بەڵێندان بە دەستیوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی تردا ڕێگر و لەمپەڕ بووەن بۆ دەستێوەردان لە وڵاتانی پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ و ناچارکردنیان بە جێبەجێکردنی ئەو مافانە. ئەو تایبەتەمەندییەی سیاسەتی نیودەوڵەتی ئەوەندە زەق و بەرجەستەیە کە دیکتاتۆرێکی وەک هۆگۆ چاوز بیری لەوە دەکردەوە کە لە ڕێکخراوە نیونەتەوەییەکاندا بە تۆمەتی دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری نێوخۆیی و هەوڵدان بۆ کودەتا سکاڵا تۆمار بکات. هەر بەو شیوەیە ڕژیمێکی دیکتاتۆری وەک ئێران بەردەوام مافی مرۆڤ لە ژێر ڕووکەشی سەربەخۆییدا پەرە پێدەدات و هەر جۆرە ڕەخنەیەکیش بە پاساوی ئەوەی دەوڵەتانی تر هەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری نیوخۆییدا دەکەن، ڕەد دەکاتەوە.
٣.جگە لەو تایبەتەمەندییەی سیاسەتی نیودەوڵەتی، هەموو وڵاتان لە ڕەوتی داڕشتنی سیاسەتی دەرەکیدا گرنگی بە بەرژوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان دەدەن نەک بە مافی مرۆڤ و بە پێی تێگەیشتنێک کە لە بەرژوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان هەیانە سیاسەتی دەرەکی دادەڕێژن نەک بە پێی تێگەیشتنیان لە مافەکانی مرۆڤ. ئەمە مانای وایە کە بەرژەوندییەکانی وڵاتان لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا پێناسە ناکرێن بەڵکو ئەوە مافەکانی مرۆڤن کە لە چوارجێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا پێناسە دەکرێن. گرنگترین بەرژوەندییەکان لە سیستەمی ئانارشیکی نێونەتەوەییدا بریتین لە زیادکردنی ڕێژەی هێزی بەردەست بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی و تەزمینکردنی مانەوە و مسۆگەرکردنی پێگەی خۆیان. مافەکانی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانیان لە ئاستی جیهانیدا تا کاتێ گرنگییان پێ دەدرێ کە لە خزمەتی بەرژوەندییە نیشتمانییەکاندا بن. ڕێبەرانی وڵاتان لە نێوان دوو بژاردەی دابینکردنی بەرژوەندییە نیشتمانییەکان و پەرەپێدان بە مافەکانی مرۆڤ، هەمیشە گرنگی بە بژاردەی یەکەم دەدەن. لە نموونەی چۆنیەتی سیاسەتکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەبینین کە ئەو وڵاتانە لەسەر پرسی ئەتۆمی و مووشەکی کە زیانی زیاتر بە بەرژوەندییەکانیان دەگەیەنێت هەستیارترن تا سەبارەت بە پرسی مافەکانی مرۆڤ. بێدەنگی وڵاتانی ڕۆژوا لە کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکانی سەعداباد و پاریس و پشت گوێخستنی پرسی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی ڕێککەوتنی ئوباما لەگەڵ ئێران و بەپێچەوانەوە زەقکردنەوەی پرسی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی پێشێلکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتننامەکان لە لایەن ئێرانەوە و دەستکردنەوە بە پیتاندنی ئورانیوم لە قۆناغە جیاوازەکاندا، هەم دەرخەری ئەوەیە کە وڵاتانی ڕۆژاوا گرنگی زیاتر بە چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی دەدەن و هەم نیشاندەری ئەوەیە کە مافی مرۆڤ وەک وەسیلەیەک بۆ فشاری زیاتر بۆ سەر ئێران بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکان دەبینن. هۆکاری بنەڕەتی ئەوەیە کە پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی زیاتر لە پێشیلکردنی مافی مرۆڤ بەرژوەندییەکانی ئەو وڵاتانە دەخاتە مەترسییەوە. ئەمە بە مانای خراپی وڵاتانی زلهێز نییە. بەڵکو تایبەمەندی سیاسەتی نیودەوڵەتییە.
٤. تەنانەت دەمهەوێ بڵێم ئەو کاتانەی کە پێدەچێت وڵاتانی ڕۆژائاوایی زیاتر گرنگی بە پرسی مافی مرۆڤ دەدەن هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ ڕیشەی لە ئایدۆلۆژیای ئەو وڵاتانەدایە و کەوابوو زۆر جار لە ئاراستەی بەرژوەندی ئەواندایە. وڵاتانی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک پێشەنگ و ڕێبەری سیستەمی جیهانی لە ئێستادا، هەڵگری ئایدۆلۆژیای لیبرالیزمن کە بەسەر سیستەمی جیهاندا زاڵە و بە دڵنیاییەوە ناتوانن پرسی مافی پرۆڤ و پەرەپێدان بە مافەکانی مرۆڤ لە ئاستی جیهانیدا پشت گوێ بخەن. مافی مرۆڤ بەو پێناسەیە کە ئێستا لێی کراوە ڕەنگدانەوەی فەلسەفە و ژیانی ڕۆژاوایە و بۆیە هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو مافانە لە قازانجی ئەواندایە. وڵاتانی ڕۆژاوا و لیبرال هەرچەندە کە پەرە بە مافەکانی مرۆڤ بدەن لە نیوخۆدا نەک هیچ گرفت و کێشەیەکیان بۆ درووست نابێ بەڵکو پشتیوانی هاوڵاتیان بە دەست دەهێنن چونکە لیبرالیزم و ئازادی لەگەڵ ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگە تێکەڵ بووە. بەڵام وڵاتانی ناڕۆژئاوایی کە بە هەڵکوەت زۆربەیشیان دێموکرات نین و هیچ گرنگییەک بە مافی مرۆڤ نادەن و بەشێک نییە لە بەرژەوەندییەکانیان دیارە پێشوازی لە پەرەسەندنی مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهانیدا ناکەن چونکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ڕەوایی و شەرعیەتیان لە ئاستی نێوخۆ و فشارەکان لە ئاستی دەرەوەدا.
بۆیە زۆر جار دەبینین هەندێ لە وڵاتانی ئیسلامی (وەک ئێران) و هەندێ لە وڵاتانی سۆسیالیست (وەک کوریای باشوور و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو) ئەوەی کە “مافی مرۆڤ” ڕیشەی لە فەلسفەی ڕۆژئاوادایە دەکەنە بیانوو و پاساوێک بۆ ڕەدکردنەوە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو وڵاتانە پێیان وایە قەبووڵکردنی نۆرم و هەنجارەکانی لیبرالیزم نەک هەر بە واتای قەبووڵکردنی بیر و باوەڕی لیبرالییە بەڵکو بە مانای گرتنە بەری ڕەفتارێکی نوێیە. چونکە گۆڕینی نۆرمەکان دەبێتە هۆی گۆڕینی شۆناس و گۆڕینی شۆناس دەبێتە هۆی گۆڕینی بەرژوەندییەکان و گۆڕینی بەرژوەندییەکان ڕەفتاری نوێ دەخوازێت و ڕەفتاری نوێ پێویستی بە سیستەمی نوێیە!
ماویەتی…
