سۆنامیی ئابووری و دۆخی خەڵک
محەمەد حەکیمی
لە دوای شەڕی ئێران و عێراق، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمەڵێک گەمارۆی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و ئەو گەمارۆیانە و دەیان گەمارۆی دیکە تا ئێستاش بەردەوامن و کاریان پێ دەکرێت، بەڵام گەمارۆکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە دوای شەڕی ٣٩ ڕۆژە بە گشتی کاریگەریی لەسەر ئابووریی ئێران داناوە و بەهۆی سیاسەتی هەڵە و ماڵوێرانکەری ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.
هاوسەنگیی بازرگانیی ئێران لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا تێکچووە و داواکاریش لەسەر شتومەکی ناوخۆیی تا دێت کەمتر دەبێتەوە. گەمارۆ ئابوورییەکان کاریگەرییەکی نەرێنیی زۆریان لەسەر ئابووریی ئێران دروست کردووە و داناوە و لە بەرەبەری دەستپێکی خوێندندا گەمارۆکان زیاتر خۆیان نیشان دەدەن؛ گرانبوونی چەندقاتی کەلوپەلی خوێندن، سەرپێچە، باجی قوتابخانەکان و جلوبەرگی منداڵان، گوشاری ئابووریی زیاتری خستووەتە سەر بنەماڵەکان و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی و وازهێنانی منداڵان لە خوێندن و بە سەدان هەزار منداڵ وازیان لە خوێندن هێناوە.
گەمارۆکان کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئێران داناوە و نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە و هەر بەو هۆیەوە زۆربەی شتومەکە سەرەکییەکانی ژیانی خەڵک بە کەمی دەست دەکەوێت یا زۆر گرانە و خەڵک توانای کڕینی ئەو شتانەیان نییە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەسەر هەموو شتەکان چەندقات زیاد بووە و لە بەرامبەردا مووچەی مووچەخۆرەکان هەر ئەو مووچەی جارانە یا زۆر کەم زیادی کردووە و لە بەرامبەر هەڵاوساندا هەر هیچ نییە؛ بۆ نموونە مووچەی کرێکارێک لە ئێران تەنیا بەشی ٨ ڕۆژی ژیانی بنەماڵەکەی دەکات.
ئەو دۆخە وای لێ هاتوو کە تەنانەت ڕۆژنامەی «شەرق»ی ڕژێم کە لە تاران چاپ و بڵاو دەبێتەوە، کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خەرمانان بڵاو کراوەتەوە، لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا بە تیتری گەورە نووسیویەتی؛ «ڕەزبەر بۆنی هەڵاوسان و هەژاریی لێوە دێت» و بنەماڵەکان بە سەختی دەتوانن بژیوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن. ئێستاش دەبێت لەگەڵ نرخی زۆر و زیادی کەلوپەلی خوێندن، لەگەڵ باجی قوتابخانە و جلوبەرگ دەست و پەنجە نەرم بکەن و زۆربەی بنەماڵەکان ناتوانن ئەو شتانە بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی وازهێنانی منداڵەکانیان؛ ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵان بە ڕێژەیەکی بەرچاو واز لە خوێندن بێنن و بە ناچاری ڕوو لە بازاڕەکانی کار بێنن. لە لایەکی دیکەوە ئەو منداڵانە بە گشتی لەناو بوارەکانی کاردا دەچەوسێنرێنەوە و لەناو شەقامەکاندا تووشی لێدان و ئەشکەنجە دەبن و تەنانەت زۆر جارانیش دەستدرێژی دەکرێتە سەریان. ئەگەر بە وردی سەیری کافە و خواردنگەکان بکەیت، دەبینیت منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ بە تایبەتی کچان، لە پشتەوە خەریکی قاپ و کەوچک شوردن و … هتد.
لە وڵاتێکدا کاتێک کە هەڵاوسان بە چرکەوە بەندە و چرکە بە چرکە نرخەکان دەچنە سەرەوە، بنەماڵە مامناوەندەکان ژیانیان وێران دەبێت و هەژار دەبن. ئەوەی ئێستا لە ئێراندا ڕووی داوە و دەدات، نەمانی چینی مامناوەندە و بەهۆی سیاسەتی ڕژێمەوە شتێک بە ناوی چینی مامناوەند بوونی نەماوە؛ خەڵک یا دەوڵەمەند بوون یا هەژار. بە واتەیەکی دیکە سۆنامیی هەڵاوسان لە ئێراندا ڕووی داوە.
ڕێژەی هەڵاوسان کاریگەریی لەسەر هەموو شتەکان داناوە، بە تایبەتی دەرمان و دەوا کە لە سەدا ٣٠٠ زیادی کردووە و ئامێرەکانی فۆتۆگرافی و پشکنین و ئامێرە پزیشکییەکانیش لەو هەڵاوسانە بێبەری نین و خەڵک ئەگەر بیمەیان نەبێت زۆر کەم دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەکان، تەنانەت حکومییەکانیش بپەرژێنن/بکەن.
هەڵاوسان کاریگەریی لەسەر هەموو شتێک داناوە، بە تایبەتی شتومەکی خواردن وەک ڕۆن، برنج و … هتد. هەموو ئەوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بە وتەی پسپۆڕان هەڵاوسان زیاتر لە ٢٠٠ تا ٣٠٠ لە ئێراندا زیادی کردووە.
بەپێی ئامارە ناوخۆییەکان و بەهۆی دۆخی ئەمڕۆی ئێران و سیاسەتی هەڵەی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، شەڕ و گەمارۆکان، زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ تەنیا ئەمساڵ وازیان لە خوێندن هێناوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەهۆی سیاسەتی شەڕئەنگێزیی ڕژێمی ئیسلامی و پشتگیریی ئەو وڵاتە لە هێزە توندئاژۆکان و هەروەها گەمارۆی گشتیی گەرووی هورمز لە ناوچەکەدا، وڵاتە زلهێزەکان بە تایبەتی ئەمریکا، گەمارۆکانی سەر ئێرانیان چەندقات زیاد کردووە. دابەزینی نرخی تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا و گرانبوونی نرخی کەلوپەلەکانی خواردن و دەوا و دەرمان و … هتد وای کردووە ئاستی کڕینی خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت و بە وتەی پسپۆڕان زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە ئێراندا لە ڕۆژێکدا تەنیا یەک ژەم دەتوانن پڕ بە سکی خۆیان نان بخۆن و دوو ژەمەکەی دیکە یا هیچیان نییە یا شتێکی ئەوتۆیان نییە بۆ خواردن. ئەو دۆخە وای کردووە زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران تووشی کەمبوونی ڤیتامین ببن، بە تایبەتی ڤیتامینی «C» و «D».
لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە دۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی ئێران دەرئەنجامی شێوازی کاری دەسەڵاتە لەو وڵاتەدا؛ ڕژێمی ئیسلامی بەهۆی بڵاوکردنەوەی کردەوەی تیرۆریستی و پشتگیری لە گرووپە توندئاژۆکانی وەک حەماس، حزبوڵڵا، حۆسییەکان و حەشدی شەعبی لە عێراقدا. کۆمەڵگە و بنەماڵەی ئێران خەریکە بە گشتی لەناو دەچێت و شیرازەی بنەماڵە بە گشتی خەریکە لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە. ڕێژەی ئەو کەسانەی کەڵک لە ماددە سڕکەرەکان وەردەگرن زۆر زیادی کردووە و تەمەنی کێشانیش تا دێت دادەبەزێت و ئێستا کچان و کوڕانی ژێر ١٢ ساڵ ماددە سڕکەرەکان دەکێشن و لەو حاڵەشدا ڕژێم هەموو ئێرانی میلیتاریزە کردووە و هر ڕۆژە بە شێوەیەک یەخەی خەڵک دەگرێت؛ ڕۆژێک بەنزین گران دەکات کە کاریگەری لەسەر هەموو شتێک دادەنێت.
