رۆژهەڵاتی کوردستان: لە نێوان میلیتاریزەکردن و گۆڕینی دیموگرافی

محەمەد حەکیمی
محەمەد حەکیمی

بە کۆلۆنی کردنی کوردستان

لە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەت لە ئێران، برین و ئازار و دەردەکان هەمیشە بە ڕوونی بەرچاون و زەق دەبیندرێ، فەرمانی جەهاد و هێرش بۆ سەر کوردستان، کۆمەڵکوژی قارنێ و قەڵاتان، زیندان، ئەشکەنجە و دەسدرێژی سێکسی پێش لە سێدارەدانی زیندانیانی کچ و… ئەمانە هەموو برێنێکی قووڵیان بە سەر جەستەی ئەم نەتەوە بە جێهێشتووە. ئەمە جگە لەو شەڕە نادیارەیە کە ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەی دەبات، لەلایێکەوە گەنجانی کورد زیندان، ئەشکەنجە و دەکوژرێن و لەلایەکی دیکەوە بە پەرەدانی چەمکی ئێرانی بوون، کوردستان وەک پرۆژەیەک دەبینێت و کاری بۆ ئێرانی بوونی دەکات.
هەر ئێستە خەڵکێکی زۆری فارس ڕوویان لە کوردستان کردووە و بە تایبەت لە شارەکانی سنە و هەورامان خەریکی کڕینی زەوی و ماڵن. ئەمە هەوڵێکە بۆ تواندنەوە و گۆڕینی جوغرافیای ئینسانی رۆژهەڵات کوردستان و ترسناکترین شێوەی کۆلۆنیالیزمە، واتە داگیرکردنی وڵاتێک لەلایەن داگیرکەرانەوە و هەوڵ بۆ گۆڕینی فەرهەنگ و ناسنامەی وڵات کە ڕژیمی ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک کاری بۆ دەکات، کۆماری ئیسلامی بە کوشتن، لێدان و ئەشکنجە و برسیکردنی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیەوێت چۆک بە خەڵک دابدات و بەو گوشارە هەمەلایەنە دەیەوێ خودی کورد بە دەستی خۆی واز لە کورد بوون بێنیت و زمان و کولتوورەکەی بگرێت و هەروەها بە فرۆشتنی زەوی و ماڵ بە بێگانە ئەو هەلە بۆ لە ناوبردنی خۆی بڕەخسێنێت. ئەمە پیلانێکە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دایڕشتوە و بە تایبەتی لە ئێستەدا کە دۆخی لە ناوخۆ و دەرەوەدا بەرەو خراپی چووە، دەیەوێت لە هەموو کات زیاتر هێژمۆنی خۆی بە سەر کوردستاندا بسەپێنێت؛ بۆ وێنە دەیبینین لە چەند مانگی ڕابردوو دەستی کردووە بە گرتنی گەنجانی کورد لەو بەشەی کوردستان.
ئەوەی ڕاستییە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ هەموو دانیشتوانەکەی، ڕژیم لە ڕووی زمان و کولتوور و… هێرشێکی گەورەی بۆ سەر تاکی کورد دەست پێکردووە و بە بوونی ئەو هەموو پادگان، سوپا، هێزی ئینتزامی و ئیتلاعات و ١١٣ و … ڕواڵەت و دیمەنی کوردستانی گۆڕیوە. کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی زۆر باش دەزانێت بە هەموو ئەو کردەوانەوە تا ئێستە لە کوردستان هیچ سیاسەتێکی بۆ نەچووەتە پێش، هەر بۆیە دەستی داوەتە هەناردەکردنی خەڵکی تورک و فارس بۆ کوردستان بە مەبەستی کڕینی زەوی و زار و ماڵی خەڵکی کورد و بەو شێوە دەیەوێت جوغرافیای ئینسانی ناوچەکە بگۆڕێت. هەڵبەت نابێ ئەوەش لە یاد بکەین هەبوونی ئەو هەموو بنکە و بارەگای ڕژیمە لە ناو شارەکان ڕوخسارێکی دزێو و ناحەزی داوە بە شارە کوردنشینەکان، بۆ نموونە لە شاری سەقز، چەن شوێنی هێزی ئینتزامی و دوو بنکەی سوپای ڕژیم لەمسەروسەری شاردایە و هەروەها پادگانێکی گەورەی ئەرتەش و پایگایەک کە لەسەر تەپی ماڵان و چەندین پێگەی ئیتلاعاتی سوپا و ئینتزامی و دەیان بنکەی بەسیج، بە تایبەتی لە ناو قوتابخانەکان دابین کراون.
هەموو مامۆستایانی ناو قوتابخانەکان و مەلاکانی مزگەوتەکان ناچار دەکرێن کە حەتمەن دەبێ کارتی بەسیجیان هەبێت، ئەگینا لە سەر کار لادەبرێن و دەردەکرێن یا دوو دەخرێنەوە. دروستکردنی ئەو هەموو شوێنە نیزامییە لە شارێکی چکۆڵە وەک سەقز بووەتە هۆی ئەوەی کە شار لە چەن شوێندا ڕێگەی پەرەپێدانی نەبێت و بەری بە پێشکەوتنی شار گرتووە و خەڵک ناتوانن بە ئازادی هەوایەک هەڵمژن.
ڕژیمی ئیسلامی ئێران هەموو کانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تالان کردوە و جگە لەوەش بە هۆی ئەو کانانەوە خەڵک توشی کێشەی جدی بوون ە لە دوایین خێر و بێری ئەو کانانە لە کانی قولقولە تەقەیان لە خەڵک کرد کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی ژیان لە کوردستان گرتووە و کەشێکی میلیتاریزەی بۆ خەڵک ڕەخساندوە. ئەگەر چاو لەو هەموو هێزەی ڕژیم بکەین، دەبێتە پرسیار کە ئەگەر وڵاتێک داگیر نەکرابێ شاڕێکی چکۆڵە وەک سەقز چ پێویست بەو هەموو هێزەیە؟ ڕژیم تەنانەت لە شێعرێکی نیشتمانی، لە ئەلف و بێیەکی کوردی و هەروەها لە ئاڵای کوردستان و هەڵکردنی ئاگری نەورۆز و هەر چەشنە هێمای کوردستانی دەترسێت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێش ئەوەی بتەوێت شتێک بڵێیت دەبێ سەیری چوار دەوری خۆت بکەیت، هەر چەن دوای شۆڕشی ژینا هەموو شت گۆڕدراوە، بەڵام هێشتا ڕژیم لە ناو خەڵکدا تۆیی ترسی چاندووە و ئێستە هەر کەس دەگرێت، لە دادگا فەرمایشیەکانی خۆی بە تاوانی ئەوەی کە کار بۆ ئیسرائیل دەکات یا لە سێدارەی دەدات یا زیندانی درێژماوەی بۆ دەبڕێتەوە.
لە کۆتاییدا خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ زۆر وریا بن و بە هیچ شێوە زەوی و زار بە بێگانە نەفرۆشن، هەرچەن پارەی زیاتر بدەن، فرۆشتنی هەر پارچەیەک لە زەوی بە فارس یا تورکێک چەشنێک خەیانەتە بە نیشتمان.