داخستنی تەنگەی هۆرموز: هەڕەشەیەکی هەمیشەیی یان خۆکوژیی سیاسی

0
محەمەد حەکیمی

تەنگەی هۆرموز یەکێک لە گرنگترین ڕێگەکانی ئاویی جیهان و تەنها ڕێگەی هاتووچۆی ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی و ئێرانە و لە ئەگەری داخستن یا هەر مەترسییەک بۆ سەر کەشتییە نەوت هەڵگەرەکان لەلایەن ئێرانەوە نرخی نەوت چەن قات بەرزتر دەبێتەوە، بەو بۆنەوە ئەو تەنگە گرنگیەکی تایبەتی بۆ ناوچەکە و جیهان هەیە.

لە دوای شەڕی دوانزە ڕۆژە و هێرشی موشەکی و درۆنی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، توندئاژوەکان و بەرپرسانی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران چەندین جار دووپاتیان کردوەتەوە و هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هۆرموزیان کردووە و ئەمە وەک خەونێکە بۆ بنەماخوازەکانی ناو ڕژیم و لە ڕۆژانی ڕابردوو نوێنەرانی مەجلسی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانیش لەگەڵ داخستن و بەستنی ئەو تەنگەدا هاوڕا بوون و دەنگی ئەرێنیان بە داخستن و بەستنی ئەو تەنگە داوە. بەڵام داخستنی تەنگەی هۆرموز چ کارییگەری و چ کاردانەوەگەڵێکی لە ناوچەکە و جیهان بە دژی ڕژیم دەبێت؟ یەکێک لەو ڕێگانەی کە ئێران لە بەردەمیدایە، بەستنی تەنگەی هۆرموزە و ڕژیمی ئیسلامی دەتوانێت بە داخستنی ئەو تەنگە بەر بە ڕۆژانە لانیکەم بەشێکی بەرچاو لە نەوت و گاز کە لەوێوە بۆ دەرەوەی ناوچەکە دەچێت، بگرێت. ڕژیمی ئیسلامی تا ئێستە چەندین جار هەڕەشەی داخستنی ئەو تەنگەی کردوە، بەڵام هەرگیز ئەو هەڕەشانەی نەخستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکا لە کاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئوروپایی و ئەمریکا دەترسێت و بە دڵنیاییەوە داخستنی تەنگەی هۆرمۆز وەک ئەوە وایە کە ڕژیم بزمارێک لە تابوتی خۆی بدات و بە جوانی هەستی بەوە کردوە و ئەو ڕێگەی داناوە بۆ ئاخرین کارتی مانەوەی خۆی.

ڕژیمی ئیسلامی ئێران سەبارەت بەو تەنگە دەڵێت: ڕاستە داخستنی تەنگەی هۆرمۆز لە مەجلس پەسەند کراوە و نوێنەران دەنگیان پێداوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو بڕیارە بەندە بە بڕیاری بەرپرسانی باڵای ڕژیمەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ خودی خامنەیی و ئەوە ناوبراوە کە وەک هەمیشە بڕیاری کۆتایی لەسەر هەموو پرسە گرنگەکان دەدات. لە هەمانحاڵدا عەلی خامنەیی، رێبەری ڕژیمی ئیسلامی ئێران دوای شەڕی دوانزە ڕۆژە وتی ئەمریکا هەڵەیەکی مێژوویی کرد و دەبێ تاوانی ئەو کردەوانەی بداتەوە، بەڵام ڕێبەری ڕژیم ڕاستەوخۆ باسی تەنگەی هۆرموزی نەکرد.

زۆربەی پسپۆڕان لەسەر ئەو باوەڕەن کە خامنەیی مەبەستی لە کاردانەوە بۆ هێرشی ئەمریکا، داخستنی تەنگەی هۆرموز بووە و ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕژیم دەیەوێت ناڕاستەوخۆ ئەو هۆشدارە بە ئەمریکا بدات کە داخستنی تەنگەی هۆرموز کارتێکی گرنگە و ئەوان دەتوانن ئابووری جیهان بخەنە مەترسیەوە و زۆربەی پسپۆڕان لەسەر ئەو باوەڕەن کە لە ئەگەری وەها ڕووداوێک نرخی هەر بەرمیلێک نەوت دەگاتە سەروی ١٥٠ دۆلار.

ڕژیمی ئیسلامی ئێران دەتوانێت لە ڕێگەی مین رێژکردنی دوو ڕێگەی ئاویی و هەروەها گەمییە توندڕەوەکان و درۆن و مووشەک لە تەنگەی هۆرموزدا بەر بە ناردنی نەوت لە ناوچەکە بگرێت و لەمناوە وڵاتی چین زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت کە پشتیوانی لە ڕژیمی ئیسلامی ئێران دەکات و لە سەدا نەوەدی نەوتی ئێران بە نرخێکی زۆر کەم دەکڕێت و ئەمەش دەبێت هۆی ئەوەی کە پشتیوانی چین لە دەست بدات و لەولاشەوە عەرەبستان یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەیە کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو نەوت لەو تەنگەوە هەناردەی دەرەوە دەکات. داخستنی تەنگەی هۆرموز دەبێتە هۆی هاتنی هێزەکانی ئەمریکا، بریتانیا و عەرەبستان و ئەوەش دەبێتە هۆی شەڕی ڕاستەوخۆی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی. بە ڕای من ڕژیم لەم کاتەدا تەنها بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو تەنگە دابخات بەڵام تا ئێستا هەرگیز ئەو هەڕەشانەی نەخستوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و تەنها لە ئاستی هەڕەشە ماوەتەوە و بە ڕای پسپۆران ئەو هەڕەشانە تەنها بۆ فریودانی خەڵکی ئێرانە و مەسرەفی ناوخۆیی هەیە و هیچ وڵاتێک گرنگی بەو هەڕەشانە نادات، چونکا دەزانن بەستنی تەنگەی هۆرمۆز دەبێتە هۆی یەکگرتنێکی ناوچەیی و جیهانی و ئەوەش دەبێتە هۆی خۆکوژیی بۆ ڕژیم.

ئەمە لەلاێکەوە و لەلاێکی دیکەوە “ئیسماعیل کەوسەری” ئەندامی کۆنی سوپا و ئەندامی کومسیونی ئەمنیەتی نەتەوەیی مەجلسی ڕژیم، داخستنی تەنگەی هۆرموزی وەک رێکارێکی بەرگری لە خۆیان شرۆڤە کرد. لەلاێکی دیکەوە پسپۆڕان لەسەر ئەو باوەڕەن ئێران دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کورت ئەو تەنگە ببەستێت، بەڵام ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی  دەتوانن لە ماوەیەکی کورتدا لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نیزامیدا تەنگەکە بکەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *