دیمانەیەک لە گەڵ کاک ئاگری ئیسماعیل نیژاد لە سەر کار و چاڵاکییەکانی کوردستان تریبوناڵ

ئامادەکردن؛ دواڕۆژ
- روانینی ئێوە وەک یەکێک لە چالاکانی سەرەکی بۆ شکڵ گرتن و هۆکاری دروست بوونی کوردستان تریبوناڵ چییە؟
وێرایی ڕێز و سڵاو بۆ بەڕێزانی بەڕێوەبەری گۆڤاری دوارۆژ، ئەگەر بمەوێ پێناسەیەک بۆ کوردستان تریبووناڵ دانێم، پێم باشە بڵێم ڕێکخراوەیەکە کە هەوڵ بۆ دۆکۆمینتاسیۆنی ئەو جەنایەتانە دەکات کە لە کوردستاندا ڕوویان داوە، گرینگی ئەو کارە بۆ سێ باسە:
١: ڕێگەنەدرێ مێژووی سەرکوتی کوردستان بشێوێندرێ
٢: ڕێگەنەدرێ کە سەرکوت و کوشت وبڕی کوردستان لەبیر بکرێتەوە، ئامانج لەو کارە ئەوەیە کە بە ڕێگای وەبیرهێنانەوەی سەرکوت و کوشت وبڕی کوردستان پێش بە دووپات بوونەوەی بگیرێ و خەڵکی کوردستان لەسەر هەست بن.
٣: دەوڵەتی ئێرانی وەکوو بڕیاردەر و جێبەجێکاری کوشت و بڕی خەڵکی کورد رۆژێک وڵامدەری ئەو تاوانانە بێت کە لە کوردستان و بەرانبەر بە نەتەوەی کوردی کردووە.
کە وایە کوردستان تریبوونال پرۆژەی کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر ئەو تاوانانەی کە بەرانبەر بە کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە.
- دەکرێ بە کورتی ڕۆڵ و کاریگەری ئەم هەنگاوەی ئێوە بەڕێوەبەرانی کوردستان تریبوناڵ لەسەر دۆخ و خەباتی کورد و ناساندنی دەرد و ئازارەکانی نەتەوەی کورد و دوژمنایەتی و جینایەتی داگیرکەران لە دژی نەتەوەی کورد باس بکەن؟
ئێمە لە کوردستان تریبووناڵ پێمان وایە که پرسی کورد بابەتێکی حقوقییە، بەو مانای نەتەوەیە لەسەر خاکی خۆی مافی سەروەری لێسەندراوەتەوە و دەبێ ئەو مافەی بۆ وەگەڕێتەوە، جا لێرەدا داگیرکەری ئەو مافە کە داگیرکەری خاکی رۆژهەڵاتی کوردستانیشە، دەستی لە هیچ تاوانێک دانەبردووە بۆ ئەوەی ئەو داگیرکارییە بکات، ئەگەر ئەو ڕوانگەیە بکرێتە بنەمایی چالاکی سیاسی ئەگەر وایە حیزبێکی سیاسی داوای دەوڵەتێکی کوردستانی بۆ پاراستنی کورد دەکات، لێرەدا مەبەست لە دەوڵەتی کوردستانی ئەوەیە کە دامەزراوەیەکی سیاسی تایبەت بە کورد وەکوو دەوڵەتێکی کوردستانی جا لە چوارچیوەی فێدرال بێت یان دەوڵەتی سەربەخۆ کار و چالاکی ئەوە بێت مافی کورد لە ئێران و جیهاندا بپارێزی واتە مەبەست تەنیا سەربەخۆیی لە ئێران نییە، مەبەست پاراستنی مافی تاک و نەتەوەی کورد لە هەموو چوارچێوەیەکی سیاسی و مەعرەفییە. ئەگەر حیزبێکی سیاسی ئەو لێکدانەوەی قەبووڵ بێت، لێکۆڵینەوەکانی کوردستان تریبووناڵ و چالاکییەکانی دەکاتە بەڵگە بۆ ئەوەی ڕەوایی بۆ دامەزرانی دەوڵەتێکی کوردستانی کۆبکاتەوە. ئەگەر حیزبێکی کوردیش باوەڕی وابێت کە سەرکوتی کوردستان ئاکامی رێژیمی دیکتاتۆر بووە و ئەگەر ئەو رێژیمە دێمۆکراتیک بێ سەرکوت نامێنێ، ڕوونە کە کاروچالاکی کوردستان تریبووناڵ بە قازانجی خۆی نابینێ و تەنانەت وەکوو بەربەستیشی دەبینێ.
چاوەرێی ئەوە ناکرێ کە کاروچالاکی کوردستان تریبووناڵ برینێک لە برینەکانی نەتەوەی کورد سارێژ بکاتەوە، ڕەنگە لە داهاتوودا کە دەوڵەتی ئێرانی وەکوو تاوانباری سەرەکی لەبەر دەم دادگاییەک ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی بەرانبەر بە تاوانەکانی کە کردوویەتی بەرپرسیار بێت، کار و چالاکی کوردستان تریبووناڵ بکرێتە بنەما بۆ سەلماندی تاوان و جناییەتێک کە دەوڵەتی ئێرانی کردوویەتی، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە تەنیا لێکۆلینەوە یان دۆکۆمێنت کردنی تاوان نابێتە هۆی ئەوەی تاوانبار پێشی پێبگیرێ و غەدرلێکراو برینێکی سارێژ بێتەوە.