خەباتی مەدەنی پێویستیەکی هەنووکەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

✍پەری.م _سنە

خەباتی مەدەنی شێوازێکی خەباتە کە لە ڕێگای ناتوندوتیژ  بە کەلک وەرگرتن لە هێزی خەڵک وەک ڕێپێوان و بایکۆت و مانگرتن هەوڵدەدا گۆرانکاری لە کۆمەڵگا دا پێک بێنێ، دژایەتیی سیاسەتێکی نادادپەروەرانە بکا و هەوڵی گۆڕینی بدات وەک خەباتی مەدەنی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا بە ڕێبەرایەتیی مارتین لۆتێرکینگ و، بە چۆکداهێنانی رژیمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور بە ڕێبەرایەتیی نێلسۆن ماندێلا.  یان وەک خەباتی مەدەنی لە سێربێستان و فیلیپین و شیلی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر ناچار بکا کە واز لە دەسەڵات بێنێ. یان نەتەوەیەک و وڵاتێک لە ژێر دەستەیی رزگار بکات وەک بزووتنەوەی سەربەخۆیی هیندوستان بە رابەرایەتی ماهاتما گاندی.

خەباتی مەدەنی پێویستی بە بەشداریی بەرچاوی خەڵکە، بەڵام هاوشان لەگەڵ بەشداریی بەرچاوی خەڵک دەبێ خاوەن تاکتیک و ستراتیژی دیاری کراو بێ و هەروەها سیستماتیک بێت.

گومان لەوە نییە گەلی ئێمە هیچی لە گەلی تونس و میسر کەمتر نییە بۆ ئەوەی شۆرشێکی مەدەنی سەرپێ بخات و کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بوونی هێزی سەرکوتگەری بەرین و زۆر و پڕچەک زۆر لەوە لاوازترە خۆی لەبەردەم تووڕەیی کۆمەڵانی خەڵک دا ڕابگرێ.

هەرگیز نابێت پێمانوابێت کە بۆ ئەوەی شۆرشی مەدەنی سەرپێ بخرێت پێویستە خەڵک لەوپەڕی توەڕەییدا بن، بەپێچەوانەوە بەشێکی زۆری شۆڕشەکان لە لوتکەی بێ هیوایی و شکست دا دەتەقێتەوە. دیارە ئەو جۆرە  شۆرشە چاوەروان نەکراوانە ئەگەر ڕێکخراو نەبن و ڕابەری بەهێز و کاریزمایان نەبێ دەتوانن ئاکامی نادڵخوازیان لێبکەوێتەوە.  بەڵام  پرسیاری جدی بۆ ئێمە ئەوەیە دوای شۆرش چی ڕوودەدات و چۆن ڕوودەدات؟ نەمانی دەسەڵات و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی دەتوانێ بۆ هێزە دیموکراتتیکەکان مەترسیدار بێ، چونکە تەنیا بە ڕێکخراو بوون و ئامادەکردنی بەستێنێکی گونجاو  و بوونی دامەزراوەکان کۆمەڵگا دەتوانێ بگاتە ئامانجە دێموکراتیکەکانی، دیموکراسی پرۆسەیە و پرسێکی رۆژانەیە کە کۆمەڵێ یاسا و دامەزراوە لەسەر بنەماکانی دیموکراسی ژیانی هاوڵاتیان وکێبرکێی گرووپە جیاوازەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە رێکدەخات.

بەپێچەوانەوە هێزە مەترسیدار و باند و گروپە سیاسیە توندئاژۆکان نەمانی سوڵتە دەکەن دەرفەت بۆ جێگیرکردنی پێگەی خۆیان لەسەر حسابی خەباتی مەدەنی گەل. ئەوەی وادەکات تونس وەک لیبیای لێبەسەر نەیەت بریتییە لە بوونی هێزی دیموکراتخواز و ئامادەساز کە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سیاسی دامەزراوەکانیان هەڵنەوەشاندەوە و خەڵکانێکی خاوەن هیوا و خەونی دیموکراتیکجڵەو خەباتیان بەدەستەوە گرت و دەستبەجێ یاسای بنەڕەتیی نوێیان نووسی.  بەپێچەوانەوە لە لیبی گروپ و خێڵ و مافیای نەوتی هەریەکەیان لە کونجێکەوە دەستیان بە تاڵانکردن و وێرانکردنی دەزگا و دامەزراوەکان کرد چونکە پێش شۆرش ئەوەی هەبوو کۆبونەوەی ژمارەیەک خێڵ و گروپێکی مافیا ئاسا بوون نەک هێزگەلی دیموکراتیخواز.

خەباتی مەدەنی بەراورد بە دەسکەوتەکانی و وەک ئەوەی کە تاکوو ئێستان نیشان دراوە زۆر لە خەباتی چەکداری کاریگەرتر و دەرسەدی سەرکەوتووییشی زۆر لەسەرترە.  بۆ ئەوەش دەتوانم ئاماژە بە لێکێۆلینەوەیەک بکەم بەناوی ” why civil resistance works” کە لە لایەن ”Erica Chenoweth” و Maria Stephen کراوە ئەوان لێکۆڵینەوەیان لە هەموو ئەو کەمپەین و  بزووتنەوە مەدەنی و چەکداریانە کردووە لە لە ماوەی ساڵانی ١٩٠٠ بۆ ٢٠٠٦ روویانداوە. کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە نەک هەر بۆ کەسانی دیکەش جێگای سەرسووڕمان بووە بگرە خۆشیان سەریان لە ئەنجامەکە سووڕماوە. بە پێی ئەنجامەکان ٥٣ لە سەدی بزووتنەوە مەدەنییەکان ئامانجەکانیان وەدیهێناون، بەڵام بزووتنەوە چەکداریەکان ٢٠ لە سەدیان ئامانجەکانیان پێکاوە. سەبارەت بە سەرنەکەوتن و شکستی بزووتنەوەکانیش بەشی بزووتنەوە مەدەنیەکان ٢٠ لە سەد بووە و بەڵام بزووتنەوە چەکداریەکان ٦٠ لە سەدیان سەرکەوتوو نەبوون.  و هەروەها لە پەنجا ساڵی رابردوودا رێژەی بزووتنەوە مەدەنییەکان و سەرکەوتنیان زیاتر بووە و بە پێچەوانەشەوە رێژەی بزووتنەوە چەکداریەکان کەمتر و هەروەها سەرکەوتنیشیان زۆر کەمتر بووە.

بۆچی  بزووتنەوە مەدەنیەکان لە چاو بزووتنەوە چەکداریەکان سەرکەوتووتر بوون؟ سەرکەوتوویی یان ئاستی بەرزی سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی لە هێزی خەڵک دا خۆی نیشان دەدات، هەر بە پێی لێکۆڵینەوەی لێکۆلەران هیچ حکومەتێک ناتوانێ لە بەرابەر ڕاپەڕینی ٥ لە سەدی خەڵکی دا خۆرابگرێت، جیا لەوە هەر بزووتنەوەیەک کە توانیویەتی بەشداری بەردەوام و چالاکی سێ و نیو دەرسەدی خەڵک بەدەست بێنێت ئەوا سەرکەتوو بووە و لە زۆرێک لە بزووتنەوەکانیش دا بە کەمتر لەوەش سەرکەوتوو بوون. ئەو رێژەیەش رێژەیەکی کەم نیە و بۆ نمونە ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دە میلیۆن لە بەرچاو بگرێن ئەو رێژەیە دەکاتە سێسەدو پەنجا هەزار کەس. بەشداری پێکردنی ئەو رێژەیەش و لەوەش زیاتر تەنیا لە ڕێگای خەباتی مەدەنییەوە ئیمکانی هەیە و هەر  وەک نووسەری کتێبی  ” why civil resistance works” ئاماژەی پێ کردووە هەموو ئەو بزووتنەوانەی کە توانیوانە زیاتر لەو رێژەیە واتە ٣.٥٪ بەشداری پێ بکەن بزووتنەوە مەدەنیەکان بوون و لە لایەکی دیکە بەشێوەی نێونجی بزووتنەوە مەدەنیەکان چواربەرابەر گەورەتر لە بزووتنەوە چەکداریەکان بوون. بزووتنەوە مەدەنی توانای سەرنج راکێشانی هەموو لایەنێکی کۆمەڵگا لە رووی رەگەز، نیژاد، حیزبی سیاسی، چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هەیەو هەروەها بەشداری کردن تێدا  ئاسانترە، چوونکە ئیمکانی بەشداری بە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە توانای جۆراوجۆرەوە دەدات و ئەوەش بەساڵاچوان، کەمئەندامان و لاوان و هەرکەسێک کە بیهەوێ بەشدار بێت، دەگرێتەوە. لە بەرامبەردا بەشداری کردن لە بزووتنەوەی چەکداریدا پێویستی بە توانای جەستەیی لەبار هەیە و ئەوەش وا دەکات کە رێژەیەکی کەمتری خەڵک بتوانێ بەشداری تێدا بکەن.لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوەی مەدەنی هەموو کات و لە هەموو وەرزێکی ساڵ دا توانای چالاکی هەیە و لە رووی بەرفراوانی تاکتیک و رێوشوێنەکانیش زۆر زۆر بەرفراوانە و پێویستی بە ئامرازگەلێکی وا نییە کە خەڵک و بزووتنەوە توانای دابین کردنیان نەبێت،  بەڵام بە پێچەوانەی بزووتنەوەی چەکداری لە هەموو کات و وەرزێکی ساڵ دا توانای چالاکی نییە و هەروەها تاکتیکەکانی سنووردارن، دابین کردنی کەلوپەلی هێزی نیزامیش بە بێ پشتیوانیی وڵاتێکی دیکە زۆر ئاستەمە. هەموو ئەمانە بە بێ ئەوەی بمانەوێ بایەخی خۆڕاگری و بەرگریی چەکدارانە لەبەرانبەر هێرشی داگیرکەران و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان کەم کەینەوە، نیشاندەری گرینگی و خاڵە بەهێزەکانی خەباتی مەدەنی لە جیهانی ئەمڕۆدان.

لایەنە ئەرێنییەکانی خەباتی مەدەنی و سەرکەوتنی لە وڵاتانی جۆراوجۆردا بۆ ئەوە نییە کە بمانهەوێ مۆدێلی ئەو خەباتە کە لە ولاتانێک  وەک سێربێستان، شیلی، ئارژانتین، هیند وەڵامدەر بووە لای خۆمان کۆپی بکەین، ئامانجەکە ئەوەیە کە بە بەرچاو ڕوونیی سەرکەوتنی ئەو خەباتە لەو وڵاتانەدا و لە بەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێران بە گشتی و کوردستانی رۆژهەڵات بەتایبەتی و هەروەها ئەو پوتانسیەلانەی لە کوردستان هەن بۆ خەباتی مەدەنی کەلکیان لێوەربگیردرێت. ئەوەش سەڕەڕای ئامادەیی و بەرزبوونەی وشیاری کۆمەڵگا لە ماوەی چەند دەیەدا، پێویستی بە  پلان، بەرنامە و کاری بەردەوام و سیستماتیکی هەمەلایەنە هەیە.

هەروەها سەبارەت بە ئامانج خەباتی مەدەنیش،  ئەو خەباتە دەتوانێ ستراتیژ و ئامانجی جۆراوجۆر و دیاریکراوی هەبێ. هاو شان لە گەڵ دیکەی نەتەوە و چینەکانی تری کۆمەڵگای ئێران، خەباتی مەدەنی لە گەڵ خەباتی سیاسی و چەکداری پارتەکانی ڕۆژهەڵات ئەتوانێ لەم وەرزە ساردانەی تێکۆشان کە ڕژیم زۆر دڕندانە بەرەو ڕووی خەڵک دەبێتەوە ،کاریگەر بێت.