بەڕێزە یاد و ناوی خاتوو شادی مەعارفی

خاتوو شادی ئەو ژنەی کە ساڵانێک تەمەنی لە ژێر سێبەری ڕەشی ئێعدامی براکەیدا و لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی و مەینەت بەسەر برد، بەڵام هەر وەک براکەی سمبولی خۆڕاگریی و بەرخۆدان بوو، شەوی ڕابردوو بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
تەرمی خاتوو شادی دوێنێ شەو لە گۆڕستانی ئایچی لە سەقز بە بەشداریی کەسوکاری و لە کەشێکی ئەمنییەتیدا بە خاک نێژرا، و بە وتەی یەکێک لە ئامادەبووانی سەر قەبران، نزیکەی بیست مەئمووری ئیدارەی ئیتلاعات لەوێ بوونه و بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە کە ئەمڕۆ کەس بۆی نییه سەردانی گۆڕستانی ئایچی بکات.
شیرکۆ مەعارفی یەکێک لە پێشمەرگه ئازا و جەسوورەکانی کۆمەڵه بوو کە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ١٣٨٧ی هەتاوی کاتێک کە بۆ جێبەجێکردنی چالاکیەکی تەشکیلاتی گەڕابووەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەکێک لە ئاواییەکانی سەقز لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٥ ساڵ خۆڕاگریی و نواندنی سیمایەکی قارەمانانە لە نێو سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی لە شاری سەقز لە سێدارە درا.
ناو و یادەوەریی ئەم بنەماڵە سەربەرزە هەمیشە بەستراوەتەوە بە بەرخۆدان و بوێریی و ئەو باجە قورسەی کە بۆ ئازادی داویانە.
لێرەوە بە ناوی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەوە سەرەخۆشی و پرسەی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی مەعارفی و کەسوکار و هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.
کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی