داهاتووی ڕژێمی ئێران لە نێوان ئەگەری ڕێفۆرم و مانەوە یا توندئاژۆیی و ڕووخان
پەروەیز ڕەحیمزادە
ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەر لە سەرەتاوە بە قەیران دەستی پێ کردووە و هەر دەورەیەک لە دەسەڵاتی خۆی بە خولقاندنی قەیرانێکی دیکە تێپەڕاندووە، ئەمڕۆکە دەبێ بوترێ کە ئەم ڕژێمە لە قەیراناویترین سەردەمی دەسەڵاتی سیاسیی خۆیدا بەسەر دەبات.
ئەم سیستەمە کە هەر لە سەرەتای بەدەسەڵاتگەیشتنیەوە لەگەڵ هەموو نۆرم و بەها مرۆییە جیهانییەکاندا نامۆ بووە، ئێستا وەک دەبینرێ بەرجەستەبوونەوەی قەیران لە ئاستەکانی کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەری، ڕەوابوون، ئابووری، سیاسی و نێودەوڵەتیدا بوونەتە هۆکارە گرنگەکانی بە بنبەست گەیشتنی ئەم دەسەڵاتە ناڕەوا کە لە ماوەی نزیک پێنج دەیەی ڕابردوو جیا لە کارەسات نەبێ هیچ شتێکی دیکەی بۆ مرۆڤایەتی بەرهەم نەهێناوە. ڕژێمی ئیسلامی لە ناوەڕۆکی خۆیدا دەیویست مۆدێلێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر بنەمای ئایینی ئیسلام دابمەزرێنێت و بەم شێوەیە ببێتە ئۆلگوویەک کە وێڕای ئەوەی نیشانی جیهانی دەدات، لە هەمان کاتدا وەک پرۆژەیەکی ستراتژیکیش لە ئاستی هەموو جیهان پەرەی پێ بدات.
کۆمەڵگەی ئێران لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتیدا کە نەیدەتوانی و پۆتانسیەل و توانای ئەوەی تێدا نەبوو کە وەڵامی ئەرێنی بە سەردەمی مۆدێرنیتە بداتەوە، لە دژکردەوە بەو ترووسکە لاوازەش کە لەوبارەوە خۆی دەرخستبوو، هاتە باوەشی ئیسلامی سیاسی و بەو جۆرەی مێژوو دەریخست، بە لایەنی هەرە زۆر، جیا لە کوردستانی شۆڕشگێڕ و پێشڕەو، چوونە پاڵ شۆڕشی ئیسلامی. لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا و بەتایبەت لە سەردەمی ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی لە ئێران، گوشار و گەشەی کۆمەڵگا ڕژیمی ناچار بە پاشەکشە لە هەندێ پرسی ئایدۆلۆژی کرد کە پێ دەچوو تا ئەوکات لەگەڵ ناوەڕۆکی دەسەڵاتی زاڵ نامۆ بێ. دەرکەوتنی بزووتنەوەی خوێندکاری، دەستپێکی ڕەوتێکی نوێ و ڕەخنەگرانە لە نێو سینەما تا ئەوەی لە ژێر ناوی (گفتگوی تمدنها) هاتە مەیدان کە هەوڵێک بوو بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی و کرانەوەی دەرگا داخراوەکان. بەڵام بە گشتی ئەوەش لە ژێر ناوی ڕێفۆرم دەستی پێ کرد نەک هەوڵێک بۆ ڕێفۆرمێکی بناغەیی لە کۆی پێکهاتەی دەسەڵات، بەڵکوو دواتر دەرکەوت کە خودی پرۆژەی ڕێفۆرمخوازی پیلانێک بوو بە مەبەستی لاوازکردنی ئەو ڕەوتەی خوازیاری تێپەڕبوون بوو لەو ڕژیمە.
بارودۆخی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا ئەوەندە قەیراناویە کە تەنانەت ڕێبەری نوێی ونبووی لە دوایین هەڵوێستیدا کە بەناوی ئەو بڵاوکرایەوە، داوای کردووە کە دۆخی «نە شەڕ نە ئاشتی» دەبێ کۆتایی پێ بێت. واتای ئەم سیاسەتە ئەوەیە کە ڕژیم چیدی تواناییی مانەوەی لەوە زیاتری لە دۆخی قەیراندا نییە؛ واتە لەم نێوەدا دوو بژاردە لەبەردەم ڕژیمدا دەبێ: یان ڕێککەوتن و خۆبەدەستەوەدان بەو جۆرەی ئەمریکا بە دیاریکراویی پلانی هەیە، یا ئەوەی یەکلابوونەوە لەسەر شەڕی مان و نەمان.
لە پرسی شەڕی مان و نەماندا بێگومان هەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە ئەگەر ڕژیم بچێتە قۆناغی شەڕی تەواو، هاوکات دۆڕاوی سەرەکیش دەبێ؛ چونکوو ڕاگەیاندنی شەڕ و کۆتاییهاتن بە گفتوگۆ، دەستی وڵاتانی دیکە ئاوەڵا دەکات بۆ ئەوەی هەموو بژاردەکانی خۆیان بۆ کۆتاییهێنانی ئەو دەسەڵاتە بخەنە گەڕ. بەڵام ئەوەی ڕەنگە مەبەستی سەرەکیی ئەم نووسینە ئەوە بێ و ئەو پرسیارە دروست بکات کە ئەگەر ڕژیم ئامادەی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوا بێ، کەواتە داهاتووی بزووتنەوەی ناوخۆ لە ئێران چ چارەنووسێکی دەبێت؟
پێش هەموو شتێک پێویستە لەو خاڵەوە دەست پێ بکەین کە یەکەم دەرکەوتنی سازان و ڕێککەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوا، ناوەڕۆکی ستراتژیی ڕژیم تووشی قەیرانی بنەڕەتی دەکات؛ واتە ناکۆکی و بەریەککەوتنی دەسەڵات ئەوکات توندتر دەبێتەوە کە ئەم پرسیارە دەورووژێت کە ئەگەر بڕیار بوو ڕێککەوتن بکرێ، چ پێویست بوو ئەو شەڕە ئەنجام بدرێ کە تێیدا خەساری گەورەی لێکەوتەوە. لەم نێوەدا هەڵبەت دەبێ چاوێکی تیژ لەسەر ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەی ناوخۆی ئێرانیش بێ کە ئەگەر ڕژیم پاشەکشە بکات و ناچار بە جۆرێک ڕێفۆرم بێ، دەبێ ئەمە وەک سەرەتای ڕووخان پێناسە بکرێ. ڕەنگە جیا لەو قەیرانانەی کە لە بواری ژیانی خەڵک و پەیوەندیدار بە ئابوورییەوە بمانەوێ پەنجە لەسەر ئەو خاڵە هەستیارە دابنێین کە بناغەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی ڕژیم ناتوانێ مۆدێلی ڕێفۆرمێکی بەردەوام ڕەچاو بکات، ئەوە بێ کە ئەم دەسەڵاتە بەهۆی تاوان و جینایەتی گەورە دژی خەڵک و کوشتاری دەیان هەزار کەسی، ڕەوابوونی خۆی بە تەواوی لە ئاستی خەڵکدا لەدەست داوە.
هەر جۆرە ڕێفۆرمێکی ئابووری و سیاسیش کە هەر ئەم ڕژیمە بیەوێ بەڕێوەی ببات، لە کۆتاییدا شەپۆلی بزووتنەوەی جەماوەری ئەم دەسەڵاتە ڕادەماڵێت؛ واتە هیچ گۆڕانێکی ئابووری و تەنانەت ڕێککەوتن و کردنەوەی دەرگا بە ڕووی جیهانی ڕۆژئاواشدا ناتوانێ نەفرەت و بێزاریی خەڵک لەو ڕژیمە کەم بکاتەوە. بۆیە چارەنووسی ڕژیم لە فۆرمی هەوڵدان بۆ بیناکردنەوەیەکی نوێ نەک سەرکەوتوو نابێ، بەڵکوو سەرەتای دەستپێکی ڕەوتی ڕووخانی دەسەڵاتی ئیسلامیی سیاسییە، سەرەتا لە ئێران و دواتریش لق و پۆکانی لە ناوچەکەدا.
