10/11/2026

له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌کانی شێعری نوێی کوردیی

0
75176f04-3511-4fe0-8191-f665be342ed7

ساڵح سووزەنی

له‌ شێعری “نیما“یی سواره‌ وه‌ تا “چرکانه“‌ و “شێت”

بەشی یەکەم؛

ئه‌گه‌ر شێعری نوێی کوردستانی ئێران له‌ رووی ده‌قی شێعریی سواره‌”وه‌ پێناسه‌ بکه‌ین، ده‌بێ شێعر به‌ به‌سته‌یه‌کی خاوه‌ن کێش و سه‌روا و وێنه‌ و واتا بزانین به‌ زمانێکی توکمه‌ و له‌ پێکهاته‌یه‌کی ته‌بادا؛

ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ هه‌مان پێناسه‌ بێ که‌ مه‌لای جه‌زیریش بۆ شێعر هه‌یبوو و له‌  راستیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێناسه‌ی شاعیرانی عه‌ره‌ب و فارس و تورکی هاوسێ.. به‌و جیاوازییه‌ی که‌ سواره‌ وه‌ک نیما(شاعیری فارس) دێڕه‌کانی کورت و درێژ کرده‌وه‌ و سه‌رواشی کرده‌ زه‌نگی کۆتایی دێڕه‌کان(یان به‌ پێی کێشی شێعره‌که‌ به‌ پێویستی نه‌زانی؛

“من ئه‌ڵێم په‌پووله‌یه‌ک فڕی.. به‌باڵی سه‌وز و سووره‌وه‌…

تۆ ده‌لێی: چ بوو، په‌پووله‌یه‌ک فڕی

یا نه‌، سووره‌گوڵ زه‌رده‌‌ که‌وته‌ لێوی ناسکی…”

له‌م پێناسه‌داکێش، وێنه‌ی خه‌یاڵ(ئیماژ)، واتا و پێکهاته‌، ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕن. دوای سواره‌ که‌سانێکی وه‌ک موئه‌ییدزاده‌ و… هه‌مان پێناسه‌یان کرده‌ رێباز؛

“یاره‌ ژیکه‌ڵانه‌که‌م !
گوڵم !
به‌ هه‌ر نیگایێ ، مه‌وجی چاوه‌ مه‌سته جوانه‌که‌ت ،
ده‌چێته‌ ناو دڵم !
هه‌ر به‌ گوێی دڵم !
گوێ ده‌گرمه‌ گرفه‌ گرفی شیعره‌ ئاگرینه‌که‌ت .
شیعره‌ ڕێک و پێکه‌که‌ی
به‌ تاو و تینه‌که‌ت !” …..  ده‌لاده‌ لاده‌ لاده‌ له‌چکه‌ که‌سکه‌ ته‌سکه‌که‌ت….” قاسم موئه‌ییدزاده‌

” وا ئه‌وین و رازه‌کانی ئه‌و ده‌مانه‌

رازه‌کانی ئه‌و زه‌مانه‌

چه‌شنی ماسی رووله‌ چاوانه‌ی چیا

دێن به‌پیری رێمه‌وه‌

ناخی بیرم پڕ گه‌رایه‌ و دێمه‌وه‌ و هه‌ر دێمه‌وه‌”  ڕەحیم لوقمانی

 

واته‌ نه‌ته‌نیا هه‌وڵی هیچ نوێگه‌رییه‌ک نه‌درا، به‌ڵکوو واتا و زمانی تۆکمه‌ و پڕره‌مز و رازیی سواره‌ش(بڕواننه‌ خه‌وه‌به‌ردینه‌) هاته‌ ئاستێکی نزمتر. له‌ راستیدا رێره‌وانی رێبازی سواره‌ نه‌ک نه‌یانتوانی شێوازیی سواره‌ هه‌ڵکێشنه‌ سه‌ره‌وه‌، به‌ڵکوو بۆ چه‌ند پله‌ خوارتر دایانبه‌زاند.

جه‌لالی مه‌له‌کشا به‌ڵام به‌ ساده‌ترکردنه‌وه‌ی زمانی سواره‌ و په‌ره‌پێدان به‌ کێشی بڕگه‌یی(خۆماڵی) و چه‌ند کێشیی، واتای “سه‌ریح” و ئوستووره‌سازیی، هه‌نگاوێکی دیکه‌ی ناو له‌ پانتایی شێعری به‌رگریدا خۆی سه‌قامگیر‌کرد؛

“من چۆله‌که‌ی باڵشکاوی وه‌رزی ره‌شی گه‌رده‌لوولم

رۆحم له‌گه‌ڵ ئارامشدا

زه‌وی تا ئاسمان دووره‌” جه‌لال مه‌له‌کشا- زڕه‌ی زنجیری وشه‌ دیله‌کان

جه‌لالیش به‌هه‌موو سۆز و گه‌رمای شێعره‌کانیه‌وه‌.. له‌ هه‌مان پێناسه‌دا سووڕایه‌وه‌ و جه‌ساره‌تی تاقیکردنه‌وه‌ی له‌ پێناسه‌یه‌کی دیکه‌دا نه‌بوو. به‌لام به‌ گرینگی پێدان به‌ به‌شی واتایی له‌و پێناسه‌دا و هه‌وڵدان بۆ ده‌روونیترکردنه‌وه‌ی وێنه‌کان (له‌ شێعره‌کانی دواییدا) خۆی هێنایه‌قۆناخێکی دیکه‌:

” به‌وه‌رزی زریاندا ره‌ت ده‌بم

هه‌تا دێم هه‌ستمه‌وه‌

شه‌پۆلێ به‌سه‌رما ده‌ڕووخێ

ئه‌مخاته‌ گێژه‌نی بێ ئه‌مان…  ده‌رفه‌ت – جه‌لال مه‌له‌کشا- هه‌مان سه‌رچاوه‌

 

“ من رێبوارێکم ئه‌ناسی

به‌ درێژایی رێگه‌ ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی

له‌سێبه‌ری وه‌ڵامێکدا

نه‌ختێ ماندوویی خۆی ده‌رکا

سه‌ره‌نجام له‌ رێگه‌ عاسی ی

خۆی به‌ ئاڵقه‌ی پرسیارێکه‌وه‌ هه‌لواسی.  سه‌ره‌نجام- هه‌مان سه‌رچاوه‌

 

شێعری جه‌لال مه‌له‌کشا شێعری قۆناغی گۆڕانه‌

گۆڕان به‌ره‌و گرینگی پێدان به‌ فۆڕم و پێکهاته‌ لای شاعیرانێکی وه‌ک مارف ئاغایی، فه‌ره‌یدوون ئه‌ڕشه‌دی و کامبیز که‌ریمی و… که‌ شه‌پۆلێکی دیکه‌یه‌ له‌ ره‌وتی نوێخوازیی شێعر له‌ کوردستانی ئێران؛

” هه‌ور؛ کامێرا

برووسکه‌؛ فلاش

نم نمه‌ی باران

بۆ شوشتنه‌وه‌ی..

دڵی منیش قاپ..” مارف ئاغایی – زه‌وی سه‌خت و ئاسمان دوور

ده‌بینین که‌ نیشانه‌ی وێکچوویی و سه‌روا، بۆ ده‌نگدانه‌وه‌ی دوایی دێڕه‌کان، نه‌ماون و شاعیر بۆ وێنه‌سازیی به‌ له‌ونێکی دیکه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شت و دیارده‌کان ده‌کا و هه‌وڵی متمانه‌ به‌ وشه‌(زمان) بۆ پێکهاته‌یه‌کی پته‌و به‌رچاوه‌؛

” چۆن ئه‌توانی له‌ نیشتمانی شێعردا سه‌رهه‌ڵبده‌ی

  گه‌ر نه‌توانی متمانه‌ به‌ وشه‌ بکه‌یت؟” هه‌مان سه‌رچاوه‌

فه‌ره‌یدوون و کامبیز متمانه‌ به‌ وشه‌ی ئاسایی و زمانی گفت ئه‌که‌ن و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی کێش و زۆرجاران وێنه‌ش ئه‌ده‌ن.. تۆ بڵێی شێعر به‌ له‌ده‌ست دانی ئه‌و دوو گرینگه‌ هه‌ر شێعر بێ؟

” عایشه‌ ئه‌ڵێن

ژنان بێ ترس له‌به‌ر باران رووت ئه‌بنه‌وه‌

دڵداره‌کان له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان

تێرتێر ماچی یه‌کتر ئه‌که‌ن

له‌ هه‌ر کوێ با ده‌رفه‌تی بێ

نه‌وازشتی کوڵم و قژی زێوین ئه‌کا

ئه‌ڵێن ئاره‌ق هه‌یه‌ وه‌ک چاوی قڕژانگ”

“گرفتاری چیت خانه‌ خه‌راب.. گرفتاری چیت

وس س س.. عایشه‌ ئه‌دوێ”        عایشه‌ – کامبیز که‌ریمی

 

” به‌ چی ئارام ده‌گری دڵه‌ڕاوکێی دایک

به‌ چ مووسیقایه‌ک ده‌نوێ فه‌رخه‌ماسی؟

له‌ چی ناسڵه‌مێته‌وه‌ مامزێکی ته‌نیا

که‌ من پێی نه‌زانم؟”  – با- فه‌ره‌یدوون ئه‌ڕشه‌دی

ده‌قی فه‌ریدوون و کامبیز ره‌نگه‌ سه‌ره‌تاکانی شێعری سپی و زمانی گفت بن و ژیلا و هاوڕێیانی(وه‌ک پێڕه‌وانی فرووع) هه‌ر له‌ناو ئه‌و پێناسه‌دا هه‌وڵی سازکردنی زمانێکی ژنانه‌یان دا؛10
“ ده‌سته‌کانت بۆنی بێگانانی لێداێ”

” ئه‌و ئێواره‌ شار بۆنی تاوانی ده‌هات/ هه‌ر نفره‌ت و بێزارییان خه‌ڵات کردم”    ژیلا- گه‌شه‌ی ئه‌وین

هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا به‌ڕێزان بێهزادکوردستانی، ئیبراییم ئه‌حمه‌دی نیا، ئازادرۆسته‌می،ئه‌یاز خوونسیاوه‌شان و هاوڕێیانیان به‌ گرینگیدان به‌ وێنه‌ی خه‌یاڵ له‌ هه‌مان پێناسه‌دا شێعرگه‌لی ئیماژیستی ئه‌خولقێنن؛

” چ هێرشتان باقی ماوه‌؛

 دیواری خاچ!

 تاعوونی لاڵ!

 تۆفانی که‌ڕ!

 خه‌نجه‌ری کوێر!

 من ئاماده‌م”    بێهزاد کوردستانی – یاخی بوون- غاره‌تی شه‌مامه‌

 

” ژیان که‌روێشکه‌ی مه‌زراکانی خه‌ونه‌/ له‌ کیشوه‌ری داسا”

“ده‌ف که‌ هاژه‌ی بێ / هاواری بێزاریی مه‌ڕه /له‌ بریسکه‌ی چه‌قۆ”

” ئێوه‌ نه‌بوون / سه‌رتان وه‌رزی سێبه‌ر/ له‌ زه‌ماوه‌ندی شه‌یتانا / هه‌ڵپه‌ڕین”

“چواله‌ چرۆی کرد/ تارای شکۆفه‌ی کرده‌ به‌ر

بهێڵن ئاسمان نوقڵی ته‌رزه‌ دابارێنێ”     چرکانه‌  مه‌داری زوقم- ئیبراییم ئه‌حمه‌دی نیا

 

درێژەی هەیە..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *