وتووێژی گۆڤاری “تیشک” لەگەڵ هاوڕێ ڕەزا کەعبی سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

0

بەشی یەکەم

تەوەری یەکەم: دۆخی ئێستای بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و ئێران

١سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بڵاوبوونەوەی بزووتنەوەکە بۆ ئێران، زۆر گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لێ کەوتەوە. لە ئاستی کۆمەڵگەکانی کوردستان و ئێران بۆ یەکەم جار بوو لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا ژنان بەشداریی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیان لەسەر شەقام کرد. ئەم بزووتنەوەیە بە ڕادیکاڵترین و بەرینترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ (١٣٥٧) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دادەنرێت. بزووتنەوەی ژینا توانیی نەزمی سیاسیی ئێرانی تووشی ئاڵنگاری بکات و ئێستا ڕژێم توانای گەڕاندنەوەی نەزمی پێشووی نییە. جیا لە کاریگەرییە سیاسییەکان، بزووتنەوەی ژینا کاریگەریی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتیشی هەبووە. لەگەڵ گۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکانیش پێویستیان بە گۆڕانکاریی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەیە. حیزبەکەی ئێوە چۆن هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بگونجێنێت؟ ئەو گۆڕانکارییانە چین کە ڕێکخراوەکەی ئێوە دوای بزووتنەوەی ژینا لە خۆیدا پێکی هێناوە؟

• سەرەکیترین بابەت لە پەیوەندی لەگەڵ شۆڕشی ژینا و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵە، ئەوە بوو کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەنگدانەوەی زیاتر لە چوار دەیە خەباتی کۆمەڵەی لە شەقامی کوردستان و لە گوتاری شۆڕشی ژینا بیست و ئەو پەیامەی وەرگرت و بۆ پێداچوونەوە و نوێگەری لە بەرنامەی سیاسیی خۆیدا سوودی لێ وەرگرت. شۆڕشی ژینا دەنگی کوردستان بۆ ڕزگاری، دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی بوو؛ کۆنگرەی ئێمە هەوڵی دا لە ڕوانگەی خۆیەوە ئەو خواستە سەرەکییانە بە وردی و لە ئاستێکی بەرزتردا لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی سیاسیدا کە پەسەندی کرد، بگونجێنێت. لە ڕاستیدا شۆڕشی ژینا تاقیگەیەک بوو بۆ تیۆرییەکانی کۆمەڵە، کە هاوکات لەگەڵ سەلماندنی ڕەوایی خەباتی چەند دەیەی کۆمەڵە، پێویستیی پێداچوونەوە و نوێگەریی لە تیۆری و کردەوەدا دەرخست.

هاوکات پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، حیزبایەتی لە کوردستان، قەوارەی حیزبایەتی، دەور و ڕۆڵی لە کۆمەڵگە و چاوەڕوانیی کۆمەڵگە لە حیزب و حیزبایەتی، گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتووە و شۆڕشی ژینا ئەم چاوەڕوانییانەی بردووەتە ئاستێکی بەرزتر. شۆڕشی ژینا هەم ڕۆڵی گرنگی حیزبەکانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دەرخست و هەم لایەنە لاوازەکانی حیزبەکانی لە ڕێبەریکردنی بزووتنەوەکە؛ لە پەیوەندیی حیزب و کۆمەڵگە، لە گوتاری سیاسیی حیزبەکان، لە دیموکراسیی ناوخۆیی حیزبەکان و ڕادەی بەشداریی ئەندامانی حیزب لە بڕیارەکان و ڕێبازی سیاسیی حیزبدا و لە چۆنیەتیی بینینی مەیلە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگە و بە ڕەسمی ناسینیان و هەست بە بەرپرسیاریەتی کردن بەرامبەریان نیشان دا.

شۆڕشی ژینا زیاتر لە جاران ئەوەی کردە باسی ڕۆژ و گرنگیی سیاسی لە کوردستان کە چۆن حیزبەکان خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکان، چوونەسەرەوەی ئاستی خوێندەواری و وشیاریی کۆمەڵگە، لەگەڵ خەباتی مەدەنی و سیاسی (کە شۆڕشی ژینا باڵاترین ئاستی ئەم خەباتەی نواند) دەگونجێنن؟ شۆڕشی ژینا نیشانی دا کە ئاستی بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسیی حیزبەکان، بەتایبەت لە ئاستی بڕیار و بەڕێوەبەرایەتیدا، بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە مەزنانەی کە بەسەر پێگە و کاریگەریی ژنان لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاتووە، یەک ناگرێتەوە. حیزبەکان پێویستە لە بابەتی ڕێژەی بەشداریی ژنان لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بڕیاری حیزبیدا، بە شێوەی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو گۆڕانی جیدییان تێدا بکرێت.

کۆمەڵە گوتاری شۆڕشی ژینای بە گوتاری خۆی زانیوە و هەر لە ساڵی ١٣٥٧ـەوە بەم گوتارە هاتە ناو خەباتی سیاسی و جەماوەری؛ بە شۆڕشی ژینا بۆی دەرکەوت کە کاتی ئەوەیە بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆتر لەگەڵ کۆمەڵگە، بەشداریی بەرینتری ژنان لە ژیانی سیاسیی حیزب و گۆڕینی نۆرم و کولتووری حیزب و کاریگەریی ڕاستەوخۆتری حیزب لە کۆمەڵگەی کوردستان، دەبێت ئاڵوگۆڕی جیدی لە خۆیدا پێک بێنێت.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پاش شۆڕشی ژینا، کۆنگرەی ١٤ـەیەمینی خۆی بەست. ئەم کۆنگرەیە ناوی نرا «کۆنگرەی ژن، ژیان، ئازادی» و ئەمەش نیشانەی خوێندنەوە، تێگەیشتن و وەرگرتنی پەیامی ئەو گۆڕانکارییە کولتووری و سیاسییە قووڵەیە کە شۆڕشی ژینا بەدوای خۆیدا هێناویەتی. ئەم شۆڕشە، پەیامەکانی و کاریگەرییەکانی لە کوردستان، ئێران و جیهان، باڵی بەسەر کۆنگرەکەدا کێشابوو و دەتوانم بڵێم زۆرترین باسی تێدا کرا سەبارەت بە شۆڕشی ژینا و ئەوەی ئێمە چۆن دەتوانین لە گوتار، پەیامەکان و لە چاوەڕوانییەکانی شۆڕشی ژینا بۆ پتەوتر کردنی جێگە و پێگەی کۆمەڵە لە کۆمەڵگەدا سوود وەرگرین؟ چۆن دەور و ڕۆڵی ژنان لە کۆنگرە، لە ڕێبەری، لە پێکهاتەی حیزبی و لە بڕیارەکاندا جێ بکەوێت و بەهێزتر بکرێت و ببێتە نۆرمی حیزبی؟ لێرەدا من پێم وایە ئێمە پێویستمان بە کاری زۆرتر و ئاڵوگۆڕی جیدیتر هەیە. ناتوانین چاوەڕوانیی ئەوە بکەین کە لە یەک کۆنگرە و بە چەند بڕیارێکی حیزبی ئەو کەموکۆڕییانە چارەسەر بکرێن، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەو پێوەرانەی شۆڕشی ژینا بۆ هەڵسەنگاندنی حیزبەکان لەسەر چاوەڕوانییەکانی لە حیزب و حیزبایەتی دایناوە، لەسەر سەری حیزب و داهاتووەکەی ڕاوەستاوە؛ ئەو حیزبە بە زیندوویی و بە کاریگەریی جەماوەری دەمێنێتەوە کە لە باڵاترین ئاستی خۆیدا لە هەموو بوارەکاندا ئەم گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە لە خۆیدا پێک بێنێت.

٢لە بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هاتووە کە ئەو وڵاتە، بەپێچەوانەی پێشوو، هەوڵی دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسیئابووری لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی و «گەڕاندنەوەی گەورەیی و دەسەڵات بۆ وڵاتەکەی خۆی» دەدات، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانیی پێکهێنانی گۆڕانکاریی سیاسی و کولتووری لەو وڵاتانەدا بکات. واتە مەرجەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتیزەکردنی وڵاتان چیی دیکە تەنانەت وەک ڕیتۆریکیش بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسیئابووری لەگەڵ ئەمریکادا پێویست نین. ئەم گۆڕانکارییە لە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادا چ واتایەکی بۆ ناوچەکە و بزووتنەوەی کوردستان هەیە؟ ئەگەری هەیە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ بدات خۆی لەگەڵ ئەو نەزمە نوێیەدا بگونجێنێت؟ لە وەها ئەگەرێکدا چارەنووسی بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ چییان لێ بەسەردێت؟

• من ئەوە بە گۆڕانکارییەکی زۆر بنەڕەتی لە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا نازانم. ڕاستە لە گۆڕانکارییە جیهانی و ناوچەییەکاندا زۆرجار باس لە مافی مرۆڤ کراوە، بەتایبەت لە سەردەمی شەڕی سارددا کە بەرەیەکی جیهانی ئیدعای خەڵکیبوون، ئازادی و سۆسیالیزمی دەکرد؛ بەدەستەوەگرتنی دروشمی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەمریکا و ڕۆژئاواوە وەکوو ئامرازێک بەکار دەهات بۆ ئەوەی جووڵەی سەربازی یان هێرش بۆ سەر دەوڵەتان (کە لە هەر حاڵێکدا دامەزراوەیەکی سیاسیی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو و هێرشکردنە سەری پێویستی بە تەوجیهـ، بەڵگە و هۆکاری پاساوهەڵگر هەبوو) و گۆڕینی ئەو ڕژێمانەی لە بەرەی خۆیاندا نەبوون، ڕەوا و یاسایی بنوێنن. «بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی نوێی ئەمریکا» تەنیا ڕوونتر و واقعیتر مەبەست و ستراتیژیی نەتەوەیی خۆیانی خستە ڕوو و بێپەردە نیشانیان دا.

ئەگەری ئەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەوڵ بدات خۆی لەگەڵ ئەم نەزمە بەناو نوێیەدا بگونجێنێت، بە هۆکاری ڕوون زۆر دوور دەبینم یان هەر نایبینم. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای دروشمی شۆڕشی ئیسلامی و هەناردەکردنی ئەو شۆڕشە، هەڵخڕاندنی جەماوەری شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ باجگرتن لە وڵاتان، دژایەتی و بە قسەی خۆیان لەناوبردنی ئیسرائیل، خۆی پێناسە کردووە. ئەم حکوومەتە لەسەر هەناردەکردنی تیرۆریزم بۆ هەموو جیهان، کاری تیرۆریستی و تەقینەوە لە وڵاتانێک کە هەزاران کیلۆمەتر دوورە لێیان، خەسارکردنی هەزاران ملیار دۆلار بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و بەرنامەی هاژەکیی دوورهاوێژ دامەزراوە. هەموو شانازیی حکوومەتی دیکتاتۆریی ئیسلامیی ئێران بوونی هێزی قودسی سوپای پاسداران و دەستوپێوەندییەکانیان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە زۆرجار خامنەیی بە چاوی دونیایدا دەدایەوە کە لە پێنج پایتەختی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا حوکم دەکات.

حکوومەتی تاران سەودای گەیشتن بە دەریای ناوەڕاستیان لەسەردا بووە. ٤٧ ساڵ خەسارکردنی هەزاران ملیار دۆلار بۆ هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی و تیرۆریزم و بەرنامەی شەڕەنگێزانەی ئەتۆمی و هاژەکی، لە ئاکامدا وێرانیی ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و هەژاری و بێکاری، کۆماری ئیسلامیی خستووەتە دۆخێکەوە کە ڕێگەی پاشەکشەی بۆ نەماوەتەوە. بۆ پاراستنی خۆی لە هەموو ئەم ساڵانەدا، خەریکی سەرکوتی نەتەوە مافخوراوەکان، کرێکاران، ژنان و هەموو ئازادییەکان بووە. لە ڕاستیدا ئەو دروشمانە و بەرنامە ئەتۆمی و تیرۆریستی و هاژەکییەکەیان تەنیا هیوایان بووە بۆ مانەوە، کە ئەگەر دەستی لێ هەڵگرن بە کردەوە فەوتاون و ئەگەر لێی بەردەوام بن دیسان ئەگەری تێداچوونیان لە ئارادایە. من پێم وایە کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەی شەڕ و تیرۆریزم و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی هاژەکی و ئەتۆمی و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و سەرکوتی هەر ڕۆژە و زیندانیش، ناتوانێت بمێنێتەوە و تەمەنی لە کۆتاییدایە.

چارەنووسی بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دیارە. کوردستان هەر لە سەرەتاوە نەک هەر ڕووی خۆشی بە حکوومەتی ئیسلامی نیشان نەدا، بەڵکوو بوو بە پێگەیەکی زۆر گرنگ لە دژی ئەو تەوژمە ئیسلامییە ئێرانی و ناوچەییە و کوردستان ڕێک بە پێچەوانەی «شۆڕشی ئیسلامی» هەڵوێستی گرت. ئەگەر بە ڕابردوودا دەچینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کوردستان لە دژوارترین ساڵەکاندا و بە کەمترین ئامادەیی و ئیمکانات و بەبێ بوونی دۆست و پشتیوانیی ڕۆژئاوا و ئەمریکا ڕاوەستاوە و بە ڕاستی مێژوویەکی پڕ شانازی و بەنرخی بۆ خۆی تۆمار کردووە. ڕژێم هەر زۆر زوو پاش بەدەسەڵات گەیشتنی، هێرشی هێنا بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد و بۆ کپکردنی دەنگی ڕەوای دژی دزینی شۆڕشی جەماوەری و کردنی بە شۆڕشی ئیسلامی؛ لەشکر لەشکر هێزی ڕەوانەی کوردستان کرد، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین ڕێک بەپێچەوانەی خواست و لەشکرکێشیی ڕژێمە. پانتایی چالاکیی بزووتنەوەی کوردستان زۆر بەرینترە؛ بزووتنەوە مەدەنییەکان لە ئاستێکی بەرز و پڕ ئەزمووندان؛ بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد، ناسنامەخوازیی نەتەوەی کورد، ئاستی چاوەڕوانییەکانی و داخوازییەکانی لە مێژووی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا بێوێنەیە.

هەر بۆیە بزووتنەوەی کوردستان چاوەڕوانیی دەرەکیی نەبووە؛ هێزە کۆمەڵایەتییەکانی ناو بزووتنەوەی کوردستان ئەو هێزە بزوێنەرەن کە شۆڕشی کوردستان بەرەوپێش دەبەن. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە بزووتنەوەی کوردستان و حیزبەکانی و ناوەندە سیاسییە ڕێکخراوەکانی کورد، کەمتەرخەمن لە ئاست گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکاندا. یەکێک لەو خاڵە لاوازانەی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی وڵات ئەوەیە کە لەم ٤٧ ساڵەدا، بەپێی قورسایی بزووتنەوەکە، گەورەیی خەباتەکە و ڕادەی خۆڕاگری و تێکۆشانی بزووتنەوەکە، کەمتر لە دەرەوەی وڵات لە ناوەندە جیهانییەکان و لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکاندا ناسراوە و جێگەی خۆی کردووەتەوە.

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ڕووداوە ناوچەیی و لۆکاڵییەکان نەیانتوانیوە و ناتوانن خۆیان لە ژێر کاریگەریی ڕووداو و ئاڵوگۆڕە جیهانییەکاندا دەرباز بکەن. شۆڕشە گەورەکان کاتێک سەرکەوتوون یان ڕوویان داوە کە هەلومەرجی جیهانییان بۆ ڕەخسابێت. کۆماری کوردستان کاتێک سەری هەڵدا کە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە ئاکامی شەڕی دووەمی جیهانی، ئەو هەلەی بۆ ڕەخساند (دیارە بە پشتبەستن بە هێزی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەی خۆی)؛ شۆڕشی ئەیلوول لە باشوور کاتێک پەرەی سەند کە گۆڕانکارییەکانی عێراق دەرفەتیان بۆ ڕەخساند؛ ڕۆژئاوای کوردستان دوا نموونەیەتی؛ بەبێ بەهاری عەرەبی و لاوازبوونی دەسەڵاتی دیمەشق و دواتر ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبەر، زەحمەت بوو ڕۆژئاوا بتوانێت خۆی ڕابگرێت. مافی ڕوونی بزووتنەوەی کوردستان، مافی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردە کە بۆ بەهێزکردنی لە هەموو بوارەکاندا هەوڵ بدات بۆ ناسینی ژیرانەی گۆڕانکارییەکان و شرۆڤەی ڕۆژانەی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان. بەستنی هاوپەیمانی و ڕاکێشانی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی کورد، ئەرکێکە کە حیزبەکان بەتایبەت دەبێت بیکەنە بەشێکی سەرەکی لە کاری خۆیان. لە ئەمڕۆی جیهاندا بەتایبەت بزووتنەوەی کوردستان، پێویستیی حاشاهەڵنەگری بە پەیوەندیی زۆر زۆر بەرین و گەورە هەیە لەگەڵ دونیای دەرەوە. هاوکات زۆر گرنگە بزانین بزووتنەوەیەکی ڕزگاریبەخش هەرگیز نابێت ئەوەندە قورساییی خۆی بخاتە سەر یارمەتی و پشتیوانیی دەرەکی، کە کاتێک ئەوان لە پشتیوانی کشانەوە، بزووتنەوەکە بکەوێتە سەر چۆک.

٣شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل گورزێکی گەورەی سەربازی، سیاسی و ئابووریی لە ڕژێمی ئێران دا. تێکشکاندنی هێزە نیابەتییەکانی ئێران، چڕتربوونەوەی گوشارەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، خستنە ناو لیستی تیرۆری سوپای پاسداران لە ژمارەیەک وڵاتی وەک ئوسترالیا، قووڵتربوونەوەی قەیرانە ئابووریسیاسییەکانی ئێران، قەیرانی مەشرووعییەتی ڕژێم و تۆخبوونەوەی ناکۆکییەکانی ناو باڵەکانی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران؛ هەموو نیشانەکانی قۆناغێکی سیاسیی نوێ لە ناوچەکە و ئێرانن. ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیە سیاسییە دەکەن؟ پرسیارێک هەیە ئاخۆ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ سیاسەتێکی نوێتان بۆ ئەم قۆناغە تازەیە هەیە، یان هێشتا چاوەڕوانی گۆڕانکاریی زیاترن بۆ ئەوەی سیاسەتێکی نوێ بگرنە بەر؟

• لەم باسەدا، ئەوەی بۆ حیزبێکی کوردستانی گرنگە، خوێندنەوەی دەرفەت لەناو جەرگەی قەیراندایە. ئەو زەبرە سەربازی و سیاسییەی لە حکوومەت کەوتووە، دەتوانێت لە درێژەی خۆیدا ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای سەرکوت. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر کوردستان، لە داهاتوودا ئەگەری هەوڵی حکوومەت بۆ کۆنتڕۆڵی ناوەند، دەتوانێت تا ڕادەیەک بۆشایی هێزی سەرکوت لە کوردستانی بەدواوە بێت. لە دۆخی ئەمڕۆدا کە مەودای نێوان «دەسەڵات» و «کۆمەڵگە» گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی، سیاسەتی ئەمڕۆ نابێت چاوەڕوانی بێت و وەکوو بینەرێک تەنها سەیری ڕووداوەکان بکەین، بەڵکوو دەبێت تۆکمەتر و زیاتر لە جاران و بەوپەڕی تواناوە، ئامادەکاری بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان و گۆڕینی فاکتەری قەیرانی مەشرووعییەتی ڕژێم بۆ بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوی جەماوەریی بەرین بکەین.

لەم ڕێگەیەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشان جیا لە هەوڵەکانی ناوخۆی وەکوو حیزب، بانگەوازی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکانی کردووە و هەوڵی داوە ئەو لێک نزیکبوونەوەیە بگاتە ئاکام، بۆ ئەوەی ئاڵتەرناتیڤێکی بەهێز بۆ ئەگەرەکانی داهاتوو بین. هاوکات ئامادەین هاوکاریی ئەو هێزانەی دەرەوەی کوردستان بکەین کە دیموکراسیخواز و ئازادیخوازن و نەتەوەی کورد و مافەکانی بە ڕەسمی دەناسن. ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا و ئوسترالیا سوپای تیرۆریستیی پاسدارانیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، دەتوانێت دەرگایەکی نوێ بەڕووی بزووتنەوەی کوردستان و خەڵکی کوردستان و حیزبەکانیدا بکاتەوە، کە بە درێژایی تەمەنی ئەو هێزە دژی ڕاوەستاون.

پرسیاری سەرەکی بەڵام هێشتا ئەوەیە: ئایا حیزبەکانی کوردستان چاوەڕوان دەبن یان دەستپێشخەر؟ مێژوو دەری خستووە کە «چاوەڕوانیی پەتی» کوشندەیە. ئێمە نابێت تەنها چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکانی تاران بین، بەڵکوو پێویستە بە یەکگرتووییی خۆمان و لە ڕێگەی بەهێزکردنی ناوەندە مەدەنییەکان، ڕێکخراوەکانی کرێکاران، ژنان و لاوان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی وڵات، خۆمان وەکوو ڕاستییەکی سیاسی و ئاڵتەرناتیڤێکی پێشکەوتوو و ئازادیخواز بسەلمێنین، کە دەتوانێت پشتگیریی جیهانیش بۆ لای خۆی ڕاکێشێت. ئەم قۆناغە، قۆناغی تێپەڕینە لە «دۆخی چاوەڕوانی» بۆ «دۆخی ئامادەکاریی تەواو». ڕژێمێک کە لە دەرەوە زەبری گەورەی لێ دەدرێت و لە ناوەوە مەشرووعییەتی نەماوە، دەکرێت لە ڕێگەی هێزی یەکگرتووی جەماوەرەوە ڕاماڵدرێت.

٤بزووتنەوەی ژینا بووە هۆی ئەوەی ڕیزبەندییە سیاسییەکان لەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نەک تۆختر لە جاران، بەڵکوو گرژتریش ببێتەوە. حیزبەکەی ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕیزبەندییانەدا دەکات و خۆی لە کام بەرەدا دەبینێتەوە؟ ئەو بەرەیە تا چەند لەگەڵ پرسی کورد لە ئێران و دروشم و داخوازییە سیاسییەکانی ئێوە یەک دەگرێتەوە؟

• ڕاستە، شۆڕشی ژینا جۆرێکی نوێ لە ڕیزبەندی و سنووربەندیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هێنایە گۆڕەپانی سیاسی لە کوردستان و ئێران. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە ڕیزبەندیی سیاسی لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، سیاسەتی ڕوون و ڕاگەیەندراوی هەیە. پرەنسیپی ئێمە ئەمەیە: «ئێمە ناچینە هیچ ئیئتلافێک مادام مافی نەتەوایەتیی کورد بە ڕەسمی نەناسرابێت و دان بە چارەسەری ستەمی نەتەوایەتیی سەر کوردستان بە ڕوونی و بەپێی ویستی خەڵکی کوردستاندا نەنرێت.» بزووتنەوەی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی دەبێت بە ڕوونی هەڵوێست و سیاسەتی خۆیان ڕابگەیەنن و ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێنن. بزووتنەوەی کوردستان و حیزبەکانی نابێت چاوەڕوانی ئەوە بن کە لە «ئێرانەوە»، لە «ناوەندەوە» بڕیاریان بۆ دەرچێت و «بەشیان» بدرێت.

کوردستان دەتوانێت لە ڕیزبەندیی سیاسی و چۆنیەتیی ئاڵوگۆڕەکان لە ئێراندا، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە، قایم و کاریگەر و بەرچاو ببینێت، کە بە هاوپەیمانی دەکرێت و قورسایی کورد بە هاوپەیمانی دەپارێزرێت؛ ئەگینا هەر حیزبێک شوێن هاوپەیمانیی «سەراسەریی» خۆی دەکەوێت و بەم جۆرە نیشانی دەدەین کە هیچ دەرسێک لە مێژوو وەرناگرین. هاوپەیمانییەکی بەهێز و یەکگرتوو دەتوانێت پشتیوانیی نەتەوەکانی دیکە و کۆمەڵگەی مەدەنی، کرێکاران و ژنان بەدەست بێنێت و ببێتە گەورەترین و بەهێزترین ڕیزبەندی و ئیئتلافی سیاسی، کە لە ناوەندەوە ڕێگە نەدات کارەساتەکانی ڕابردوو (لە قۆناغەکانی دامەزراندنی ڕژێمی پاشایەتی و پاشان هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی) دووپات بکرێتەوە.

حیزبی ئێمە هەڵوێست و ستراتیژیی زۆر ڕوونی سەبارەت بە هەر جۆرە هاوکاری و هاوپەیمانییەک هەیە. ئێمە زۆر ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە تەنها لە بەرەیەکدا دەبین کە ناوەندگەرا نەبێت و بێئەملاوئەولا مافی نەتەوەکان و بەدیاریکراوی نەتەوەی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی خۆی، بە ڕەسمی بناسێت. لایەنگران و خوازیارانی سیستەمی تاکەکەسی و نادیمۆکراتیک، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن هاوکار و هاوپەیمانی ئێمە بن. پابەندبوون بە سێکیولاریزم و دیموکراسی دوو مەرجی دیکەن کە دیاری دەکەن ئێمە لە کام بەرە و لەگەڵ کام ڕەوتی سیاسی دەتوانین هاوپەیمان بین.

دوای شۆڕشی ژینا، ئۆپۆزیسیۆن بوو بە دوو جەمسەری سەرەکی: بەرەی نەتەوەیی-ناوەندگەرای توندڕەو؛ کە زۆرینەیان لە دەوری دروشمی «یەکپارچەیی سەرزەمینی» کۆبوونەتەوە، بە زەبری پارە و بە پشتبەستن بە چەند کەناڵی ڕاگەیاندن زەق کراونەتەوە و زیاتر لە هێزی ڕاستەقینەیان خۆیان دەردەخەن و مافی نەتەوەکان بە مەترسی بۆ سەر «ئێرانی مەزن» دەبینن. دووەم، بەرەی دیموکراسیخواز و پێشکەوتوو؛ کە پێیان وایە دیموکراسی لە ئێران بەبێ چارەسەری پرسی کورد و نەتەوەکانی تر نایەتە دی. دیارە بەداخەوە ئەم بەرەیە نایەکگرتوو و لاوازە.

بە کورتی سیاسەتی ڕوونی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەوەیە کە: «مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کوردستان هێڵی سوورە». ئێمە ئامادەی گفتوگۆ و هاوکاری لەگەڵ هەر هێزێکین، بەو مەرجەی دان بە «کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی و یەکەیەکی نەتەوەیی» و «مافە نەتەوەییەکان»یدا بنێت.

ئەوەی ئەمڕۆ تا ڕادەیەک جێگەی مەترسییە بۆ کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان، سەرهەڵدانەوەی گوتارێکی شۆڤێنیستییە لەناو بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات، کە دەیانەوێت شۆڕشی ژینا لە مانا ڕاستەقینەکەی (کە «ژن، ژیان، ئازادی» بوو و لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد) خاڵی بکەنەوە. کۆمەڵە لێرەدا بەرگریکاری ناسنامە و ناوەڕۆکی شۆڕشەکەیە و کار بۆ ئەوە دەکات کە مافی کورد لە ژێر ناوی «دروشمە گشتییەکان»دا ون نەبێت. ئەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەم قۆناغەدا بەتەمایە و کاری بۆ دەکات، دەرخستنی کوردستان و بەرەیەک لە نێو حیزبە سیاسییەکانی، وەکوو جەمسەرێکی هاوپەیمانیی نوێیە کە دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە کۆکردنەوەی هەموو لایەنە دیموکرات و ئازادیخوازەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی کوردستاندا ببینێت.

٥گۆڕانکارییەکی بەرچاوی دیکە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا، خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و پڕۆسە سیاسییە نوێیەکانی نێوان ئەم ڕێکخراوەیە و دەوڵەتی تورکیا بووە. لەبەر ئەوەی پرسی کوردستان پرسێکی لێک گرێدراوە و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەر پارچەیەک لە کوردستان کاریگەریی لەسەر پارچەکانی دیکە دادەنێن، پێتانوایە کە ئەم قۆناغە نوێیە سیاسییەی باکووری کوردستان چ کاریگەرییەکی لەسەر بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێت؟

• لە ڕوانگەی ئێمەوە وەکوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پرسی کورد لە هەموو کوردستان، سەرەڕای تایبەتمەندییەکانی هەر بەشێک، لە ڕاستیدا یەک مەسەلەیە؛ بۆیە چارەنووسی خەباتی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی گرنگە و کاریگەریی دۆخی پرسی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان لەسەر بەشەکانی دیکە دەبینین و هەوڵ دەدەین یارمەتیدەر و هاوکاری خەباتی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بین بۆ گەیشتن بە مافەکانیان. هاوکات خەڵکی دانیشتووی هەر بەشێک بە خاوەن ماف و سەروەریی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان دەزانین و ڕێز لە ئیرادەیان دەگرین.

کاریگەریی ئاڵوگۆڕەکانی هەر بەشێکی کوردستان لەسەر بەشەکانی دیکە حاشاهەڵنەگرە. باکووری وڵات وەکوو گەورەترین بەشی وڵات، خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژی خەباتە و پارتی کرێکارانی کوردستان ئەکتەری سەرەکیی ئەو مەیدانە بووە؛ بۆیە هەر ئاڵوگۆڕێک کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکان دەبێت. ئەوەی لێرە گرنگە سەرنجی بدرێتێ، ئەوەیە کە ئەم پڕۆسەیە سەرەتایەکە و هێشتا ئاکامەکەی دەرنەکەوتووە. هەنگاوەکانی داهاتووی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا چارەنووسی ئەم پڕۆسەیە دیاری دەکەن. ئەو کات کاریگەرییەکانی ئەو پڕۆسەیە لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستانیش زیاتر دەردەکەوێت. ئەوەی ئەمڕۆ دەوترێت و ئەو لێکدانەوەیەی ئێستا دەکرێت، بەپێی ئەو سەرەتایەیە و بەپێی دۆخی ئەمڕۆ و داهاتوویەکی ناڕوونە کە ئەو پڕۆسەیە هەیەتی. دەزانین کە دەوڵەتی تورکیا پێشتریش هەوڵی لەم جۆرەی لەبار بردووە و ئامادە نەبووە دان بە مافی کورد وەکوو نەتەوەیەکدا بنێت.

بەو سەرەتایەوە، ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چەند ئاستێکدا دەتوانین باس لە کاریگەرییەکان بکەین. یەکەمیان: کاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر پژاکە، کە وەکوو حیزبێک کە سەرچاوە هزرییەکەی بیری بەڕێز ئۆجەلان و پەکەکەـیە، بە دڵنیاییەوە ئەو بڕیارە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەریان دەبێت و لەو ڕێگەیەوە کاریگەرییەکە دەگوازرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی وڵات و خەباتەکەشی. دووەم: کاریگەری لەسەر حکوومەتی ئێرانە. کۆماری ئیسلامی وەکوو یەکێک لە داگیرکارانی کوردستان، هەر ئاڵوگۆڕێک لە کوردستان بەلایەوە گرنگە و ئەگەر بێت و ڕەوتی ئەو پڕۆسەیە بەرەو چارەسەری مەسەلەی کورد لە باکووری وڵات بڕوات، ئەمە دەبێتە گوشارێکی زیاتر لەسەر حکوومەتی ئێران و ورەی خەباتکارانە و هیوای ڕزگاری لە ڕۆژهەڵاتی وڵات بەهێزتر دەبێت. هاوکات بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی پیلانگێڕی دەکات بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بۆی دەکرێت بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و ئەمەش ئاسەواری خۆی لەسەر خەباتی ڕۆژهەڵات دەبێت.

درێژەی هەیە- سپاس بۆ کاربەدەستانی گۆڤاری بەپێزی “تیشک” کە فایلی ئەم وتووێژی پێداین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *