راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی سەبارەت بە پەیوەست بوونی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و رێکخراوی یاریی کورد بە ریزەکانی کۆمەڵە

0
راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی سەبارەت بە پەیوەست بوونی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و رێکخراوی یاریی کورد بە ریزەکانی کۆمەڵە
کۆمەڵانی تێکۆشەرو خەباتکارانی کوردستان
لە کاتێکدا کە رژیمی داگیرکەرو کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی، لە ئاستی ناوخۆ رەوابوونی خۆی بە تەواوی لەدەستداوە و لە ئاستی ناوچەکەو جیهانیش ریسوا و تەریککەوتوو لە جاران بەرەو هەڵدێر دەڕوات، بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە هەمیشە زیاتر پێویستی بە یەکگرتووییی و یەکڕیزیی هەیە. هەر بۆیە بەڕێزان لە هەردوو لایەنی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و رێکخراوی یاریی کورد، پاش ماوەیەک دیالۆگ و راگۆڕینەوە بڕیاریاندا بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی سیاسیی، پەیوەست بن بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە.
هەر بۆیە ئێمەش پڕ بە دڵ بەخێرهاتنی ئەو بەڕێزانە دەکەین و رایدەگەیەنین کە ئەم حیزبە بە ماڵی ئاوەدان و مەکۆی خەباتی خۆتان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە ببینن کە هەر مرۆڤێکی ئازدیخواز و تێکۆشەر بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی، دەتوانێ خۆی تێدا ببینێتەوە.
ئەمڕۆکە خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسیەکانی، لە قۆناغێکی هەستیاریی مێژووییدان و هەر بۆیە ئەرک و بەرپرسایەتی مێژوویی گەورە دەکەوێتە سەرشانی هەموومان، کە لە پێناو هەرچی زیاتری یەکگرتوویی خەباتی خەڵکی کوردستان هەنگاوی کردەیی هەڵبگرین و وەک نەتەوەیەکی زیندووی خاوەن مێژووی خەبات و خۆڕاگریی، بەرەوڕووی رووداوو ئەگەرەکانی داهاتوو ببینەوە. ئێمە ئەم پرۆسە کە لە ئەنجامی دیالۆگ و لێک تێگەیشتنی نێوامان هاتە ئاراوە، بە سەرەتای پرۆسەیەکی گەورەتر دەزانین کە دەتوانێ وێڕای بە فەرمی ناسینی جیاوازیەکانمان، لە کۆتایی خۆیدا گەورەترین یەکگرتوویی نەتەوەیی لە نێوانماندا پێک بهێنێ و کورد لە ئاستی ناخۆ ببێتە خاوەن گوتارێکی بەهێز و لە ئاستی دەرەوەش خاوەنی نوێنەرایەتیەکی یەکگرتوو.
سەرکەوێ خەباتی شۆڕشگێڕانەی کوردستان
کومیتەی ناوەندی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی
١٨ی ئاپریلی ٢٠٢٦ی زایینی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *