غەزاڵ, بێ بەش لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ

0

مینو هومەیلی

دەرکەوت لە سلێمانی, تەنانەت سوێندی پزیشکیش نەیتوانی بەسەر ترس و بەرژەوەندی زاڵ بێت. دەرگای نەخۆشخانەکانی شاری هەڵمەت و قوربانی بەسەر کچێکی بریندار کە جەستەی ناسکی, شەڵاڵی خوێن بوو داخـران تا هەناسەی کۆتایی لە چاوەڕوانی بۆ تیمار کردنی جەستەی زامداری هەڵـبکێشێ. نادادپەروەری دوای کۆچی غەزاڵ بەردەوام بووە و کۆتایی نەهات, هیچ مزگەوتێـک لە سلێمانی تەرمی غەزاڵی لەخۆی نەگرت تا کفن بکرێ! پێش نوێژ و مەلای مزگەوتەکانی سلێمانی کە بەردەوام لەژێر سێبەری هێز و سیاسەت گوتار و وتار دەخوێننەوە, ئیزنیان نەدا تەرمی غەزاڵی جوانەمەرگ لە مزگەوت کفن بکـرێ! لە کولتووری زۆربەی وڵاتانی جیهان تەنانەت ئەگەر بێ باوەڕیش بن, شوێنی وەک کەنیسە و پەرستگەکان کۆتا مەنزلگەی ماڵئاوایی کردن لەگەڵ کۆچ کردووانە.ئەگەر ئەو نەریتەش شکا, شکۆی و گەورەیی مرۆڤایتی دەشکـێ.
سەرئەنجام هاوسەنگەرانی, دوا ڕێوڕەسمی کفن کردنی غەزاڵیان لەسەر داوای مرۆڤێکی دلۆڤانی خەڵکی سلێمانی بەوپەڕی ڕێزەوە بە ئەنجام گەیاند. غەزاڵ بە بێدەنگی و غەریبی بە بەشداری هاوڕیان و هاوسەنگەرانی ئەسپاردەی خاک کرا نە قەرەباڵغی بوو نە مزگەوێتک بوونی هەبوو کە ڕێوڕەسمی شیاوی کچە گیانبەختـکردوویەکی تێدا بەڕێـوە بچێ. ماڵئاوایی لە کچێکی تەمەن نۆزدە ساڵان بە دونیایەک هیوا و ئاوات کە لەگەڵ خۆی بردێ ژێـر گڵ.
بەڵام سەرەڕای ئەو گشتە دەرگا داخـراوە, دەستانێک بوون کە گوڵیان لەخۆ گرتبوو تا گڵکۆی غەزاڵ گوڵباران بکەن. چاوانێک کە دەیانڕوانی و سەیری گڵکۆی شەهیدان دەکرد و بوون کەسانێک کە نەیانهێشت غەزاڵ لە کۆتا ماڵئاویی ژیانی, تەنیا بێت. مرۆڤایەتی بە یەکجاری نەمردووه و ئێستاش کەسانێـک هەن کە جوامێرن و مەزن, درێـژدەری ڕێـگەی غەزاڵ و غەزاڵەکانن. ڕاسته مرۆڤایەتی ماوە بەڵام لەو سەردەمەدا خراوەتە پەراوێـزەوە بەبێدەنگی و بەترسەوە جارجار دەردەکەوێ لەو دیمەنە چکۆلانە, خۆی نیشان دەدات و بە ئەسپایی هەناسە هەڵدەکێـشی.
ڕێـگەیەک کە غەزاڵ هەڵـیبژارد و خۆی له مەترسی هاویشت و بەرەوپیری مەرگ چوو, هاوسەنگەرانی درێژەی دەدەن, ئەو کچانەی تەرمی غەزاڵیان لە ئامێـز گرت تەنیا نەهاتبوون بۆ دوا ماڵئاوایی له غەزاڵ, ئەوان درێـژه دەری ڕێـگەی غەزاڵن. ڕۆژێک کە سێبـەری نیگریسی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئێران نەمێنێ, خەڵکی مەهاباد و گشت کوردستان, یاد و بیرەوەری غەزاڵ لە شەقام و مەیدانەکانی شار دەکەنەوە, لەسەر ناوی کچێـک کە گەنجێتی خۆی فیدای ئازادی و سەربەستی کرد.

غەزاڵ گیان تۆ نامری.🌹
ژن ژیان ئازادی

https://akhbar-rooz.com/1405/01/28/48214/

وەرگێڕ لە فارسی بۆ کوردی : قادر سۆهرابی

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *