٨٠ ساڵ دوای کۆماری کوردستان.… 

0

دواڕۆژ

کۆماری کوردستان خاوەنی ئەزموونێکی پڕ دەسکەوتە. ئەزموونێک تا هەنوکەش کاریگەرییەکانی بەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە هەموو بەشەکانی دا دارو بەرچاوە. دوای تێپەر بوونی ٨٠ساڵ لەو رووداوە گرنگە مافی چارەی خۆ نووسین و سەروەری بەسەر خاکی خۆدا لە هەمیشە زیاتر گرینگیی خۆی پێداکردوەو و کۆماری کوردستان وەکوو سیمبۆلی ئەو سەروەرییە لەبەرزی خۆیدا دەدرەوشێتەوە. 

بێگومان کۆماری کوردستان بێ کەمووکۆڕی نەبووە و دەکرێ و دەبێ ڕوو لە داهاتوو و ڕەخنەگرانە لێی بڕوانین بەڵام ئەزموونێکی جێی شانازی و لێفێربوونە و خاڵی کۆکەرەوەی هەموو ڕزگاریخوازانی کوردستانە. 

ئەمڕۆش وەکوو ئەو سەردەمە پیویستە بزووتنەوەی کوردستان بە ناوەڕۆکێکی مودیڕن و مافخوازانە لە ئاستێکی گشتگیر و بە پانتایی هەموو کوردستان هەوڵ بۆ ڕزگاری لە داگیرکاری و ستەم و چەوسانەوە بدات. ٢ی ڕێبەندان لە مێژووی خەبات و بەرخۆدانی کورداندا، ڕۆژێکی مێژووییە لە بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەگشتی لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان. ٢ی ڕێبەندان هەڵگری گەلێک تایبەتمەندی گرینگە لە بزووتنەوەی  ڕزگاریخوازانەی  کورددا. تەمەنی” کۆمار” لە سابڵاغی کوردان، ١١مانگ و ١١ڕۆژی خایاند، بەڵام کاریگەری درێژ ماوەی بەجێ هێشت. هەر بۆیە ئەم روداوە گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە کە ئەم ڕۆژە یاد بکرێتەوە و رێزلێگرتن و شرۆڤە کردن لەسەری دەبێتە ئەنجدای کار. کەواتە هیچ کەس ناتوانێ خۆی لێ ببوێرێ، چ ئەوانەی مەدح و سەنای زۆری دەکەن، چ ئەوانەی ڕەخنەگرن، چ ئەوانەی مێژوو نووسن و چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەوانەکان و، چ ئەوانەی بە چاوێکی ترەوە چاو لەم ڕووداوە گرینگە دەکەن. بەو پێیە ئێمەش وەک حیزبێکی چەپ و سوسیالیستی ناتوانین خۆمان لەم ڕۆژە بدزینەوە و قسەی لەسەر نەکەین، ڕووداوێکی گرینگە لە کوردستان، کۆمەڵەش وەک  حیزێکی چەپ وسوسیالیست، پێویستە لەو بابەتەوە روانگە و سەرنج و هەڵوێستی خۆی هەبێ و هەتا ئێستاش بوویەتی. هەر لە دووای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا ئەوە کۆمەڵە بوو وەک رێکخراوێکی  چەپ و سوسیالیستی لە رۆژی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٩ له شاری بۆکان یەکەمین رێورەسمی  یادکردنەوەی دامەزراندنی  کۆماری بەرێوە برد. زۆر گرینگە ئێمە لە هەنگاو و جووڵەیەکی  مێژووییدا بتوانین بەپێچەوانەی مێژوو نووسانی بۆرژووایی، بە پێچەوانەی دەوڵەتەکان، بە پێچەوانەی داگیرکەرەکان و، بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەی دەیانهەوێ کۆماری کوردستان لە روانگە و بە ویستی خۆیان پێناسە بکەن و بە لاڕێیدا بەرن و، سەر لە خەڵک بشێوێنن، لێکدانەوە و شرۆڤە و خوێندنەوەی  خۆمانمان هەبێ و بتوانین کۆماری کوردستان  بەرینە پێگەی راستەقینەی خۆی و شوێنی شیاوی خۆی پێ ببەخشین. هیچ ڕووداوێکی مێژوویی کوتووپر و بە شەوێک و لە ناکاو  روونادا و بۆخۆی لە خۆیەوە نایتەدی، لە خۆڕا درووست نابێ، هۆکارگەلێکی  نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی کار دەکەنە سەر ئەوەیەکە ئەم ڕووداوە  ڕوو بدات. جاری وا هەیە ڕووداوێکی زۆر بچووک، ڕەنگدانەوە و کاردانەوەی  زۆر مەزنی دەبێ لەسەر ئەوەکە  بابەتەکان پێکەوە گرێ بدرێن و پێکەوە ببەسترێنەوە. سی بۆ چل ساڵ پێش کۆماری کوردستان لە مەهاباد، دوو شۆڕشی گەورەی تر ڕوویان دا، کە زۆر لە کۆمار نزیک بوون، چ لەڕووی  جۆغرافیاییەەو، چ لەبابەتی کات و زەمانیشەوە، کە یەکێان شۆڕشی سوسیالیستی ئۆکتۆبری ١٩١٧ی شورەوی بوو.  هەرچەند ئێستا و لێرەدا ئامانج و مەبەست شرۆڤەکردنی ئەو شۆڕشە نییە، بەڵام  بۆ یەکەمین جار لە پاش شۆڕشی سوسیالیستی ئۆکتۆبر بوو کە  ریزبەندییەکی جیهانی لەنێوان خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و بەشمەینەتی گەلانی زوڵم لێکراو له لایەکەوە و، دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و بۆرژووازی، ئاغاو دەرەبەگەکان لە لایەکیترەوە ساز بوو. لە راستیدا شۆڕشی سوسیالیستی ئۆکتۆبر ئەم ریزبەندییەی کردە ریزبەندییەکی جیهانی، بە جۆرێک کە لە دوورترین شوێنی ئەم گۆی زەوییە،کۆمەڵگای  مرۆڤایەتی بوو بە دوو بەش، بەشێکی کەوتە ژێر کاریگەری   شۆڕشی سووسیالیستی ئۆکتۆبر و، بەشێکی دیکەی  تووڕەو نیگەران بوون لەوەی زەنگی هوشیار بوونەوەی گەلان لێدراوەو دەستی پێ کردووە .لە ڕاستیشدا هەر وا بوو، لە مێژووی کۆنەوە، لە هەزاران ساڵ پێش ئەو رێکەوتە، شۆڕشی دژی  کۆیلەداران، شۆڕشی ڕەعیەتەکان و شۆڕشێکی دیکەی گەوره لە ئەورووپای ناوەڕاست لە ساڵی ١٨٤٨ و، گەلێک  شۆڕشی  گەورەی دیکە لە ئورووپا ڕووی دا بوو، بەڵام شۆڕشی سوسیالیستی  ئۆکتۆبر یەکەمین جار بوو کە ڕووی دا و ئەم ڕیزبەندییە جیهانییەی  لێکەوتەوە.

هەر ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەکە  بانگی ئازادی، بانگی یەکسانی، بانگی ڕزگاری گەلان لەناوچەکە  بڵاوە بێتەوە، ئەو رەوتە لەسەر  ئێران و کوردستانیش کاریگەری دانا و، هەروەها دەشزانین کە هەر ئەو سەردەمە وردە وردە هاتووچۆ  بۆ سۆڤییەت دەستی پێ کرد و، کرێکاران بە شەپۆل و بە  بەرفراوانی ڕوویان لە باکۆ و  ئازەربایجان کرد کە لە ژێر کارتێکردن و  کاریگەریی شۆڕشی سوسیالیستی ئۆکتۆبر لە کاتی  گەڕانەوە بۆ ئێران، لەگەڵ خۆیان فیکر و ڕامانی نوێی ئازادی و بیری یەکسانی و خولیای رزگاری و ئازادیی  گەلانی ئێرانیان لەگەڵ خۆیان هێنایەوە. کۆماری کوردستان لە ناخی  بارودۆخ گەڵێکی وەک شۆرشی ئۆکتۆبر،شۆرشی مەشرووتە لە ئێران شەری  یەکەم و دووهەمی جیهانی و، روخانی ئیمپراتۆری عوسمانی، دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە نێوان زلهێزەکانی جیهان و، شۆڕشە کوردستانیەکان بە گشتی، سەری هەڵدا. لە راستیدا ئەساس و بنەرەتی ئەو دەرفەت و مەجالەی لە سابڵاغ  بۆ  کۆماری کوردستان  رەخسا، بۆ ئەو بۆشاییەی دەسەڵات و حاکمییەت دەگەڕێتەوە  کە لە ناوچەکەدا پێک هاتبوو. کۆمەڵەی ژێکاف ئاڵ و گۆڕی بەسەردا هاتبوو و بە نێوی حزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەناسرا و، بوونی خۆی بەو ناوە تازەیەوە راگەیاندبوو. لە ژێر کاریگەری و پشتیوانیی سۆڤییەتدا، لە ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا و لە مەیدانی چوارچرای  مهاباد  کۆماری کوردستان راگەیەندرا.  هەروەها ئێرانیش لەو سەردەمەدا لەلایەن  دوو وڵاتی گەورەوە  داگیر کرابوو کە ئەمەش بە قازانجی کۆماری کوردستان  بوو.  بەمجۆرە دەتوانین بڵێین  کە سەرجەمی ئەم فاکتەرانە بوونە دەرفەتێکی باش و بەستێنێکی  لەبار و گونجاو بۆ راگەیاندنی کۆماری کوردستان. ئەو سەردەمەش یانی لە ساڵانی  ١٣٢٠ هەتا ١٣٣٢ ی هەتاوی بۆشاییەکی گەورەی سیاسی  لە ئێران بە گشتی لە ئارادا بوو. هەر لەو قۆناغەدا  حیزبە سیاسییەکان  دروست دەبن و حیزبە چەپەکان وەک  حیزبی توودە  کە لە مانگی  خەرمانانی ساڵی  ١٣٢٠ی هەتاوی  دادەمەزرێ و، هەروەها لە دوای دەیەی ٢٠ دەبێتە گەورەترین و جەماوەریترین حیزبی سیاسی لە ئێراندا کە لە بزووتنەوەی ژناندا رەوڵێکی سەرەکی هەیە، هەروەها لە بزوتنەوەی کرێکاراندا قورسایی خۆی هەبوو،  لە ناو رووناکبیران و شاعیران و نووسەران و قەڵەم بەدەستاندا  قسەی یەکەمی دەکرد. دەتوانین بڵێین دەیەی ٢٠ی هەتاوی لە ئێران دەیەی  وشیاری  و هەستانەوە و گەشەی هزر وبیری  روناکبیری و هاتنەمەیدانی ژنان و کرێکاران  و گەلانی  ئێران بوو، لە وەها بارودۆخێکدایە کە گەلێک  بزووتنەوەی  دیکە وەک جوولانەوەی  میرزا کوچک خانی جەنگەڵی لە باکووری  ئێران و، هەروەها گەلێک بزاڤ و جووڵانەوەی دیکە  سەر هەڵئەدەن کە دەبێتە هۆکاری ئەوەیکە لە هەموو ئێراندا خەڵک لەگەڵ بزووتنەوەیەکی بەهێزی کلتووری و سیاسی و ئابووری روبەروو ببنەوە کە هەمووی ئەوانە  بواری لەبار بۆ راگەیاندنی  کۆماری کوردستان لە مەهاباد دەرەخسێنن. هەروەها ئەو کارانەش کە کۆمار لەو ١١ مانگەدا کردی، وەک  چاپ و بڵاوکردنەوەی  ڕۆژنامەی کوردستان، زۆر دەستکەوتی گرینگی  مێژوویی و ئازادیخوازانە و ئینسانی و بەرابەریخوازنەی تێدایە بەرامبەر بە ژنان و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان و زۆر بابەتی تر. بەڵام کۆمار گەرای  ئەوەی دانا کە بزووتنەوەی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازانەیە، بزووتنەوەیەکی دژی گەلانی دیکە نیە، بانگەشەی  برایەتی گەلانی کردووە، هەر بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە باشووریش ئەو بەرفراوان بوونەی ئائینی و ڕەگەزیە کە بوونی  هەیە لە هیچ شوێنێکی جیهان نییە، بەڵام شەڕی مەزهەبی نابیندرێ، شەڕی تورک و کورد کە هۆکارەکانی شاراوە نین، شەڕ و دوژمنایەتیەکی ئەوتۆ نابینین ،پروپاگەندەی  ناسیۆنالیزمی دەمارگرژانە، پروپاگەندەی دژایەتی گەلان، دژایەتی مەزهەبەکان نابینین، با دڵنیا بین کە ئەمە دەستکەوتی کۆمارە و لەوێوە سەرچاوەی  گرتووە. هەر لەسەر ئەساسی  ئەو بناغە تۆکمە و دەوڵەمەندەیە کە بزووتنەوەی کورد لە خۆیدا بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانەیە، بزووتنەوەیەک کە بۆ ڕزگاریی خۆی هەوڵ ئەدا ناتوانێ هاندەری روانگەی  دیلکردن و یەخسیرکردنی  گەلانی تر بێ،هەر بۆیە بزووتنەوەی کورد، لەسەراسەری  ئێراندا  بزووتنەوەیەکی خۆشەویستە، بزووتنەوەیەکە خەڵک  بەڕێزەوە لێی دەروانن و، لەم بارەوە  بۆ نموونە کاتێک کۆمەڵە هاتووەتە نێو خەباتی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای ساڵی ١٣٥٧  ئەم خسڵەت و تایبەتمەندییانە زۆرتر پەرەی سەندووە، ڕۆڵی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی کوردستاندا دەتوانین بڵین مۆدێڕنتر، ئینسانیتر، ئازادیخوازانەتر و یەکسانی خوزانەتری کردووە و  پەرەی پێداوە و لە دونیای مۆدێڕنی ئەمڕۆدا مانایەکی تری پێ بەخشیوە.

کۆماری کوردستان بە داخەوە تێکشکا، بەڵام ئەوەیکە ئەیبینین دوای ٨٠ساڵ  تا ئێستا  بزووتنەوەی کورد، لە باری جوغرافیای سیاسیەوە، زۆر هەوراز و نشێوی هەیە و ناکرێ بەیەکیان بەراورد بکەین. لە ماوەی ئەم ٨٠ساڵە لە قوربانیدان و شەڕ و کار و چالاکی و تایبەتمەندیی پێشکەوتنخوازانە و رۆڵی  ژنان لە کوردستان و لە بزاڤی ڕزگاریخوازی  کورد و لە نێو حیزبە سیاسیەکاندا زۆر گۆڕاوە و زۆر زیاتر  بەرچاوە . بۆ ئەم مەبەستە دەتوانی ااماژە بە سۆرشی مەزنی ژن ژیان ئازادی بکەین کە ژنان زۆر ڕۆڵی سەرەکیان لە شۆرشەکەدا هەبوو. بە دڵنیاییەوە لەداهاتووشدا ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەیەکی  زۆر بەهێزتری  ژنان لە چاو  ڕابردوو  بەرەوروو دەبین و ، ئاستی تێگەیشتووی و وشیاری  نەتەوەیی لە کۆمەڵگادا و زانا بوون  و تێگەیشتووی لەسەر زمانی کوردی، لەسەر مێژووی کورد و،بە گشتی  لەسەر هەموو ئەوانە  زۆر زیاتر  پەرەی سەندووەو پەرەش دەستێنێ.

ئەمرۆ بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان لەهەر کاتێک بەهێزتر، پڕ ناوەرۆکتر و وشیارتر و پرزانیاریتر و پێداگرترە لە سەر خواستەکانی. ڕێبەرانی نوێی خوڵقاندووە،  ناو و ناوبانگیانی  بە جیهاندا بڵاوکردووەتەوە و کردوونی بە کەسایەتی جیهانی. تێکۆشەرانێکی  یەکجار زۆر لە سەرتاسەری کوردستان بەشداری ئەم بزووتنەوەیە  بوون، حیزبی نوێ دەستیان بەکار کردووە کە کۆمەڵە یەکێک لەوانەیە.

کۆمار کارێکی گەورەی کرد، بناغەیەکی باشی  داڕشت، دەستکەوتێکی گەورەی  بۆ ئێمە بەجێهێشت، ئێمەش ئەرکدار و بەرپرسیارین، نەک ئەوەی کە بی پیرۆزێنین، نەک ئەوەی بە بەژن و باڵایاندا هەڵدەین، نەک ئەوەی لەبیری بکەین کە لە چ کات و ساتێکی مێژووییداین، بەڵکوو بۆ ئەوەی  لەسەر سەکۆی کۆمار ڕاوەستین بۆ ئەوەی دەستکەوتی زۆرتر و هێزی گەورەتر بخۆڵقێنین ئێستاش ئێمە وەک کۆمەڵە کە باس لە دامەزراندنی کۆمەڵە لە ٥٠  ساڵی ڕابردوودا دەکەین، حەقی خۆیەتی نەوەی نوێ و جیلی ئێستا و داهاتووی کۆمەڵە لەوە زۆرتر بچینە پێشەوە و هەوڵ بدەین خۆمان لەگەڵ دنیای نوێ و دنیای مۆدێڕن ڕێکبخەین  بۆ ئەوەی بتوانین لەوان دووا نەکەوین. دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی هەروەک چۆن دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی هەلێکی زێڕین بۆ خەڵکی کوردستان هاتەئاراوە، ئەم جارەش زیاتر لە پێشوو هەلێکی گەورەتر دەخوڵقێ. هەروەک چۆن دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی شاری سنە بووبە ناوەندی ئەم بزاڤە و، زۆر جار قسەی یەکەمی کردووە و مێژوویەکی پڕ دەستکەوتی بووە، دەوری داهاتوو ئیلام و کرماشان هەمان رۆڵ و پێگە پەیدا دەکەن. ئێمەیش وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئەبێ بە پێشوازی ئەم دۆخەوە بچین و کاری بۆ بکەین، نابێ خەیاڵمان ئاسوودە  بێ  کە گۆڕانکارییەکان خۆیان روودەدەن و دەچنە پێشەوە، رۆڵی  زانست، رۆڵی کەسە زاناکان رۆڵی  پێشکەوتووان و کادرەکانی  حیزبی سیاسی،  گرینگی خۆی هەیە، دەبێ ئەم ئەرکە مێژووییەی خۆمان بناسین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *