فرەیی سیاسی؛ پێویستی داهاتووی کوردستان

0
سەعدوون شەریف ئازەر

داهاتووی کوردستان پەیوەستە بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە واقیعە سیاسییەکانی سەردەمی ئێستا و قبوڵکردنی پرەنسیپی بنەڕەتی فرەیی سیاسی. کۆمەڵگایەک کە بیرۆکە و مەیل و ڕوانگەی جیاواز تێیدا دەرببڕێت و بەشداری تێدا بکات، دەتوانێت ڕێگا بۆ دیموکراسی و سەقامگیری و گەشەسەندنی بەردەوام خۆش بکات. فرەیی مەترسی نییە بۆ سەر شوناسی نەتەوەیی، بەڵکو گەرەنتییە بۆ دینامیزمی سیاسی و ڕێگریکردن لە قۆغکاری دەسەڵات.

لە هەلومەرجی ئێستادا بەدیهێنانی خواستە سیاسییەکانی گەلی کورد تەنیا لە ڕێگەی لێکنزیکبوونەوە و یەکڕیزی نێوان پارت و بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکانەوە دەکرێت. دووبەرەکی و کێبڕکێی وەرچەرخان و بەرژەوەندییە سنووردارەکانی حیزبی هەمیشە یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکانی گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد بووە. یەکگرتوویی سیاسی بە مانای نەهێشتنی جیاوازیەکان نییە، بەڵکو بە مانای بەڕێوەبردنی جیاوازیەکانە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و ئامانجێکی هاوبەشدا.

لە لایەکی دیکەوە هۆشیاری سیاسی کۆمەڵگا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە بنیاتنانی داهاتوودا دەگێڕێت. کۆمەڵگایەکی ئاگادار نە دەبێتە کەرەستەی یارییەکانی دەسەڵات و نە ڕێگە دەدات چارەنووسی خۆی لە غیابی ئیرادەی بەکۆمەڵدا دیاری بکرێت. پەرەپێدانی کولتووری دیالۆگ و ڕەخنەی بنیاتنەر و بەشداری مەدەنی و داننان بە مافە سیاسییەکان پێویستییەکی حەتمییە بۆ ئەمڕۆی کوردستان.

کوردستانی ئایندە پێویستی بە سیاسەتێکە لەسەر بنەمای عەقڵانیەت و لێبوردەیی و بەشداری گشتی؛ سیاسەتێک کە حیزبەکان، ڕۆشنبیران، گەنجان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکەوە کاردەکەن بۆ گەیشتن بە مافە سیاسییەکان و چەسپاندنی پێگەی نەتەوەیی و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی کورد. تەنیا لە سایەی فرەیی سیاسی و یەکگرتوویی ڕاستەقینە و هۆشیاری گشتیدا، داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراسی و لەسەر بنەمای کەرامەتی مرۆیی بۆ کوردستان پێشبینی دەکرێت.

کوردستان جێگە و پێگە و بارودۆخە سیاسییەکەی گرنگییەکی بەرچاوی هەیە. کوردستان بە دوای شۆڕشی مەزنی ژینادا، پێی ناوەتە قۆناغێکی تایبەتی و شۆڕشگێڕانەوە. قۆناغێک کە بە کردەوە هاوسەنگی هێزی گۆڕیوە. لەو قۆناغەدا، ناڕەزایەتی و شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی شەقام بە کردەوە شکڵ و شێوازێکی ئەمڕۆیی و پێشکەوتنخوازانەی بۆ خۆیەوە گرت. ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ڕواڵەتی سیاسی و ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی کوردستانی بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕی و هەنگاو بە هەنگاو چووە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە. لەم شۆڕشەدا نێوەڕۆکی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدۆلۆژی دەسەڵاتی ئیسلامی بوونە ئامانجی سەرەکی. شۆڕشی تازە بە هێرشکردنە سەر بەهێزترین پێگەی ئیسلامی سیاسی و یاسا و ڕێسای ئاینی چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە ناوچەکە، بزووتنەوەی ڕزگاریی بردە قۆناغێکی نوێوە. ئەم دەستکەوتە شکۆدارە شۆڕشگێڕانەیە، دۆسیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی بۆ هەمیشە خستە ژێر پرسیارەوە. ئەم بزووتنەوەیە نیشانی دا پڕشکۆی ئیرادەی جەماوەر لە هەڵکشاندایە و عەزمی جەزمی کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی.

مێژووی هەموو خەبات و تێکۆشان و لێکتێگەیشتنەکان سەڵمێنەری ئەو ڕاستییەن کە کوردستان مەیڵ و خواست و هێز و پۆتانسیەلی ئەوەی تێدایە ببێتە خاوەنی ناوەندێکی بەهێز و یەکگرتوو بە گوتارێکی هاوبەشیشەوە. ئێمە بەردەوام ئاڵاهەڵگری یەکگرتوویی بووین و لەم پەیوەندییەشدا هەوڵی چڕوپڕی دڵسۆزانەمان داوە. ئێمە بۆ خوڵقاندنی دۆخێک تێکۆشاوین و بەردەوام تێدەکۆشین کە تێدا حیزبە کوردستانییەکان لێک نزیک بنەوە و بە تێگەیشتنێکی ئەمڕۆیی هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی پتەو بدەن.کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبەر بڕوای بە پلۆرالیزمی سیاسی و بوونی مەیل و ویستی جیاواز و ڕەنگاوڕەنگ لە کوردستان و حیزبی جۆراوجۆر کە نوێنەرایەتیی ئەو خواست و مەیلانە دەکەن، هەر لە سەرەتای چالاکییەوە هاوکاری و هاوئاهەنگیی حیزبە کوردستانییەکانی بە مەرجێکی سەرەکی بۆ بەسەرەنجام گەیاندنی خەباتی جەماوەریی نەتەوەی کورد زانیوە و هەموو ئامادەیی خۆی بۆ بەشداری لە هاوکاریی دوو لایەنە چەند لایەنە یان بەرەیەکی بەرینی کوردستانی ڕاگەیاندوە و هەوڵی بۆ داوە. پێکهاتن و هاوکاری لە سەر خاڵە هاوبەشەکان و هەوڵ بۆ گەیشتن بە ستراتێژییەکی نەتەوەیی هاوبەش دەتوانێت خزمەتی گەورە بە بزاڤی کوردستان بکات و هێز و توانای بزووتنەوەکە دژی داگیرکەر یەکانگیر بکات و هیوای جەماوەر بە سەرکەوتن گەشتر بکات.ئەزموونەکانی شۆڕشی کوردستان نیشانی داوە کە یەکێتی و یەکڕیزی دەتوانێت زامنی سەرکەوتن بێت و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک، بەهێزتر بکات. گۆڕانکاری نوێ و خێرا لە ناوچەکەدا چاوەڕێ دەکرێت. ئەو دۆخەی ئێستا لە هەر کات زیاتر پێویستی بە یەکێتی ڕیزەکانی کورد بەگشتی و هاوکاری و هاودەنگی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە.

بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو دەرفەتانەی بۆ خەڵکی کوردستان دەڕەخسێن لەکیس نەدەین و لە لایەکی دیکەوە دڵی خەڵکی ناڕازی کوردستان کە بە شێوەیەک پەرتەوازەیی حیزبەکان دڵنیگەرانی کردووە ئاشت بکەینەوە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان پێشبخرێت و هاودەنگ و یەکگرتوو بکرێت.

لێک نزیکبوونەوە و کاری جددی بۆ پێکهێنانی چوارچێوەیەک کە سیاسەت و گوتاری سیاسی کوردستان ڕێکبخات ئەرکێکی هەرە گرنگی لایەنە سیاسییەکانە و کۆمەڵەش بە کردەوە ڕەچەشکێن ئەویەتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *