ئاگری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لە کوردستان هەرگیز ناکوژێتەوە…

شۆڕشی مەزنی ژن، ژیان، ئازادی کە بەکوشتنی بە ئەنقەستی ژینا ئەمینی لەدایک بوو، وەرچەرخانێکی گەورەی لە سەنگەری خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە دژی دوژمنی سوێند خواردوی خۆیان پێک هێنا. شۆڕشی ژینا تاپۆشکێن بوو. هەژمۆنی ترسی شکاند و دەرفەتی گونجاو و نوێی رەخساند لەبەردەم سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەیەتییەکاندا. شۆڕشی ژینا هێندە بەهێز و کاریگەر بوو کە لە دەرفەتێکی کەمدا توانی بزووتنەوەی ژنان و خەباتی بێ پسانەوەیان لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەدژی هەڵاواردن ونایەکسانیدا جۆش بدات.ئەم شۆڕشە بە دروشمەکان، هێماکان و مشتە گرێدراوەکانی ژنان لەسەر شەقام نیشانی دا کە ژنان یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و کۆمەڵایەتین. ئەم شۆڕشە، پاشەکشەی بە بیری قێزەونی کەسانێک کرد کە لە هەوڵی بەڵاڕێدابردنی چەمکی شۆڕشی ژناندا بوون. ئەم شۆڕشە بیری بەرزی ڕزگاری لە ژێر کۆت و بەندی پیاو مەزنی بەهێز کرد و بۆ جارێکی تر باسی شۆڕشی ژنانی خستەوە سەر زارەکان. ئەم شۆڕشە سیاسی و کۆمەڵایەتییە پێویستیی ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێبەریی لەناو هەموو بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکاندا بەهێز کرد. ئەم شۆڕشە زیاتر لە هەموو کاتێک دەنگی دلێری ژنانی کوردستانی بە گۆی هەموو جیهاندا چرپاندەوە. ئەم شۆڕشە جارێکی تر پرسی ژنی کوردو توانایەکانی وروژاندەوە. ئەم شۆڕشە نیشانیدا کە ژنان دەتوانن پێشەنگ بن و هێزی گرنگ و بەهێزی کۆمەڵگان کە دەتوانن کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی بێنن .شۆڕشی ژینا هەورەبرووسکەی ئاسمانی بێ هەور نەبوو. بەڵکوو تووڕەیی و نەفرەت و بێزاریی پەنگخواردووی جەماوەرێک بوو کە چاوەڕوانی هەلێک بوون تا تووڕەیی و نەفرەتی خۆیان سیاسیتر و ڕادیکاڵتر لە ڕابردوو لە دژی دوژمنی خۆیان نیشان بدەن. شۆڕشی ژینا لە کوردستانەوە داگیرسا و تەشەنەی سەند بۆ هەموو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی، ئەم شۆڕشە درێژە و بەرهەمی ئەو خەبات و خۆڕاگرییە درێژخایەنە بوو کە خەڵکی کوردستان بە مەیل و ڕوانینی جیاوازەوە بەرانبەر بە داگیرکاری و دواکەوتووی و بێعەداڵەتی بە گیان و ماڵیان تێدا بەشداربوون و کوانووی ئەو خەباتەیان گەرم ڕاگرت و نەیانهێشت بیری ڕەشی کۆماری ئیسلامیی لە کوردستان زاڵ بێ. خەباتی خەڵک کە لە شێواز و فۆرمی جۆراوجۆردا بەردەوامبوو، بوو بە هەوێنی ئاخێزێکی مێژوویی کە هەموو بنەما فیکری و سیاسی و کولتوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردە ئامانج و زەبری گەورەی لێدا. خەڵکی کوردستان هەر چەن لەم شۆڕشەشدا بە ئازاری زنجیر و تەناف و بەند و گوللەی حکوومەتی داگیرکەر تەزین بەڵام وەکوو هەموو ساڵانی ڕابردوو سەربزێو و سەربەرز بوون و نەبەزین.
بەرهەمی زیاتر لە چوار دەیە خۆڕاگری و خۆبەختکردنی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شۆڕشی ژینادا خۆی نواند. شۆڕشێک کە له كوردستان ئاستی ڕۆشنبیریی نەتەوەیی و مافخوازی و عەداڵەتخوازی و یەکسانیخوازیی بەرزتر کردووەتەوە و له سهر جیلی نوێ كاریگهریی حاشالێنەکراوی دانا.
شۆڕشی ژینا نیشانی دا کە کوردستان پاش تهحهمولی ٤٦ ساڵ ڕهنج و ئازار و بێبهشی و چهوسانهوه، لهئێستادا تینووی شۆڕشێكی دیكهیه. شۆڕشێك كه ئهمجارهیان كۆنتڕۆڵ نهكراو بێت. پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ئاگری تووڕهییهكی پەنگخواردوو كه ههر دهم گۆشهیهكی بڵێسه دهستێنێت، نیشانهی ئاڵوگۆڕێكی مێژووییه كه بهڕێوهیه. ئاڵوگۆڕێك كه دهتوانێ گرێی كوێری ئێستای ههموو ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بكاتهوه. شۆڕشێك كه مزگێنیدهری ڕزگاریی ئهم كۆمهڵگایانه بێت له چهوسانهوه و ستهم و نایەکسانی. شۆڕشی ژینالە کوردستان ئاگرێکی داگیرساند کە هەتا نەهێشتنی ئاسەواری دەسەڵاتی نەحسی کۆماری ئیسلامیی و لە گۆر نانی ناکوژێتەوە.
له ساڵوهگهڕی شۆڕشی ژینادا، یادی ههموو گیان بهختكردووانێك كه بوێرانه له بهرامبهر هێزی سهركوتگهری کۆماری ئیسلامیدا سینگیان كرده قهڵغان و به گیانفیدایی خۆیان ڕژیمی کۆماری ئیسلامیان وەلەرزە خست، بهرز ڕادهگرین. سڵاو و دروود دهنێرین بۆ ئهو مرۆڤه ئازادیخواز و سهربهستانهی كه له مهیدانه جۆراوجۆرهكانی خهبات دژبه ڕژیمی دژهمرۆیی كۆماری ئیسلامیی گیانیان بهختكرد.