شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” شکاندنی بەربەستەکانی بەردەم ژنان
نزیک دەبینەوە لە ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە هۆی کوژرانی ژینا ئەمینی لە ساڵی ٢٠٢٢ سەریهەڵدا، ئەو شۆڕشە بۆ ژنان وەچەرخانێکی نوێ بوو کە وایکرد خەباتی ژنان بچێتە قۆناغیکی دیکە، بەڵام کولتووری پیاوسالاری هەوڵی سڕینەوەی ئەو شۆڕشە دەدات کە ژنان پێشەنگی بوون، لەو بارەیەوە چیمەن جوانڕوودی چالاکوانی سیاسیی و بواری مافەکانی ژنان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

چیمەن جوانڕوودی لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژە بە چەوساندنەوەی ژنانی کورد لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەکات و دەڵێت: دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ژنان لە کۆمەڵگەدا زیاتر ڕۆڵی بەرچاویان گێرا، هەر بۆیە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە زیاتر هیرشەکان بۆ سەر ژنان چڕتر کراوەتەوە و بە بیانووی تۆمەتی جۆراوجۆر سزای لەسێدارەدان و زیندانییکردنیان بەسەریاندا دەسەپێنێت بە مەبەستی بێدەنگکردنی نەتەوەی کورد و ژنان بەتایبەت، هەروەها هاوڵاتییانی کورد، بەلووچ و عەرەب بە ڕێژەی زۆر ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.
لەبارەی دەستکەوتەکانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” بۆ ژنان، دەڵێت: دەستکەوتەکانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” بۆ ژنان بریتی بوون لە هێنانە پێشەوەی ژنان بۆ خەباتکردن، درووستبوونی متمانە بەخۆبوون، جگە لەوەش گەنجانێکی زۆر هاتنە نێو خەباتکردن و لەوە تیگەیشتن ئەم شۆڕشە نەک خەباتێکە دژی دەسەڵات بەڵکو خەباتێکە بەرامبەر ئەو ستەمە زۆرانەی لە ژن دەکرێت و شەڕکردنە لەگەڵ کولتوور و ئاینێک کە ژن دەچەسێنێتەوە.
چیمەن جوانڕوودی چالاکوانی سیاسیی و بواری مافەکانی ژنان لە درێژەی قسەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” درووشمێک بوو لە جیهاندا دەنگی دایەوە و بوو بە جیهانی، ئەو شۆڕشە بوو بە هۆکارێک بۆ شکاندنی بەربەست و کولتوورەکانی کۆمەڵگە لەبەردەم ژنان، کە وایکرد پیاوان پاڵپشتی ژنان بن بۆ هەوڵ و خەباتکردنیان.
سەبارەت بە سەرکوتکردنی دەنگە ناڕەزایەتییەکان و سزادانی بەردەوامی هاوڵاتییانی کورد و ئێران، ئەو ژنە چالاکوانە ڕوونی دەکاتەوە، دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەیەکی کەمدا ١١٠ کەسی لەسێدارە داوە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ڕێژەی لەسێدارەدان گەیشتووەتە ٨٤١ کەس، لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا ساڵ بە ساڵ ڕێژەی لەسێدارەدان ڕوو لە زیاد بوون دەکات بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە نێو کۆمەڵگەدا.
سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی چالاکوان و زیندانییانی سیاسیی، چیمەن جوانڕوودی چالاکوانی سیاسیی و بواری مافەکانی ژنان باس لەوەشدەکات، لە سەپاندنی سزاکاندا و ئازادکردنی بە مەرج جیاوازی نێوان ژنانی کورد و ژنانی ئێران دەکریت، بۆ نموونە زەینەب جەلالیان ماوەی ١٨ساڵە لە زینداندایە و سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە و لە چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی و پەیوەندیکردن و ئازادکردنی بە مەرج بێبەشکراوە و تەنانەت ناتوانێت بۆ ماوەیەکیش ئازاد بکرێت وەک زیندانییانی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا، ژنان خۆیان بە پەخشان و وریشە و شەریفە دەزانن و بەرخۆدانەکانیان بەرفراوان کردووە، هەروەها ئەو ژنانەی لە هەر چوار بەشی کوردستان و جیهان بۆ ئازادیی و یەکسانیی تێکۆشان دەکەن، دەبێت ببنە دەنگی وریشە، پەخشان و شەریفە، دەنگەکانیان بەرز بکەنەوە و ڕێگری لە جێبەجێکردنی سزاکانیان بکەن.
ئەو ژنە چالاکوانە دووپاتی دەکاتەوە، هەوڵەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان و حزبە سیاسییەکان بۆ ڕێگریکردنی ئەو ژنانە لە ئاستێکی لاوازدان و دەبێت وڵاتان سزای ئابووریی ئێران بدەن.
چیمەن جوانڕوودی چالاکوانی سیاسیی و بواری مافەکانی ژنان لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنیوز تیشک دەخاتەسەر ئەوەی کە سیستەمی هێز و کولتووری پیاوسالاری هەوڵی کاڵبوونەوەی درووشمی “ژن ژیان ئازادی” دەدات و دەیەوێت وشەی ژن تێدا بسڕێتەوە و بە پلان و سیاسەت لە خاوەنداریەتی ژن وەربگرێتەوە، کە بەشێکی زۆری ئەم شۆڕشە ژن بوون، ئەو ژنە چالاکوانە پێیوایە دەبێت خەبات بۆ نەهێشتنی پیاوسالاری لە دیدگای حزبەوە بکرێت، چونکە سیستەمە کولتوورییەکە جیاکاری ڕەگەزی لەنێوان ژن و پیاو درووست دەکات، کە لە ڕاستییدا ژن و پیاو پێکەوە گرفتیان نییە، ئازادیی ژن و ئازادیی پیاو پێکەوە گرێدراون.