ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بەبۆنەی گیان لەدەستدانی ژینگەپارێزێکی تێکۆشەر لە شاری سنه

ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بەبۆنەی گیان لەدەستدانی ژینگەپارێزێکی تێکۆشەر لە شاری سنه

 

رۆژی پێنجشەممە  ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاویی کاتژمێر ١١ی بەیانی ئاگرێکی گەورە کێوی ئاویەری شاری سنەی گرتەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکان ئاگرەکە تا دەهات گڕەکەی زیاتر دەبوو و ئەمەش بووە هۆی پەرۆشیی و نیگەرانیی خەڵکی تێکۆشەر و ژینگە خۆشەویستی شاری سنە. بەم بۆنەوە چالاکانی ژینگە پارێزی سنە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شارەکە  بە هانای ئاویەرەوە چوون و هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان دا. بە داخەوە لە بەر ئاستی  بەهێزی ئاگرەکە و نەبوونی کەرەسەی پێویستی ئاگر کوژێنەوە و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕژیم و دام و دەزگاکانی پێوەندیدار، چەندین کەس لەوانە موحسێن حسین پەناهی، مستەفا هۆژەبری، خەبات ئەمینی، چیاکۆ یووسف نژاد و حەمید مورادی بریندار بوون و جەستەیان سووتاوە کە کاک حەمید مورادی بە داخەوە ئەمڕۆ لە بەر قورسیی برینەکەی و ڕادەی زۆری سووتاویەکەی گیانی لە دەستداوە.

جێگای ئاماژەیە کاک حەمید مورادی پارێزەر و بەرپرسی رێکخراوی  شنەی نەوژین بووە و بەمشێوەیە گیانی ئازیزی لە پێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان بەختکرد. لێرەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مورادی و سەرجەم هاوڕێی و هاوکارانی کاک حەمید دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و هەروەها هیوای تەندروستی و چاکبوونەوەی خێرا بۆ ژینگەپارێزانی بریندار  ئەخوازین.

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٣ی گەلاوێژی ١٤٠

٢٥ی جولای ٢٠٢٥