مافی منداڵان لە کۆماری ئیسلامیدا

مافی منداڵان لە کۆماری ئیسلامیدا

ڕۆژین کەرەم‌وەیسی

بە‌پێی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، مرۆڤ تا تەمەنی ۱٨ ساڵی منداڵە و دەبێت مافی مرۆڤی بۆ ڕەچاو بکرێت و لە ژینگەیێکی سڵامەت، ئێمکاناتی تەواوی بە بێ هیچ هەڵاواردنێک بۆ دابین بکرێت و ڕێگرێکی بۆ پەروەردە و پێشکەوتنی بەرەو ئاسوودەیی نەبێت. کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵان لە ساڵی 1989ی زایینی خاڵەکانی بەرچاو گرتنی مافی منداڵانی دیاری کرد و کۆماری ئیسلامی هەرکام لە خاڵەکانی کە لەگەڵ یاسای کۆماری ئیسلامی نەیتەوە لە بەرچاوی ناگرێت و یاسای تایبەتی خۆی سەبارت بە منداڵان هەیە.

ئێمە دەزانین منداڵان لە هەر شوێنێکی دنیا کە هەبن ئەگەر مافەکانیان بەرچاو بگیرێت و ژینگەیێکی تەندروستیان بۆ پێگەیشتن هەبێت ڕێگای پێشکەوتنیان ئاسانە و بە داخەوە زۆرێک لە منداڵان لە دونیادا هەن کە بە هۆکاری نەداری، شەڕ، ئێستسمار، نەبوونی یاسای درووست و … قوربانی بوون و ژیانیان فەوتاوە کە ئەگەر لە شوێنیتر بوایەتن سەرکەوتوو ئەبوون و هەروەها منداڵان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە هۆکارگەلێک کە بە وردی لەم بابەتە باسی دەکەم زۆربەی مافەکانیان پێشێل دەکرێت.

۱. تەمەنی منداڵان لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا بە پێ ئایینە و تا کاتی گۆڕانی جەستەیی لە باری جنسییەوە منداڵن کە بۆ کچ تەمەن ۹ ساڵ و بۆ کۆڕان تەمەن ۱٥ ساڵ دیاری کراوە (ئەم یاسایە دوای ڕەخنەی زۆری ڕەخنەگران وەکوو خۆی ماوەتەوە و منداڵان دوای تێپەڕکردنی ئەم تەمەنە دەبێت مافەکانیتریان پێ بدرێت وەکوو کۆنترۆڵی دارایی کە ئەمە بەرچاو نەگیراوە)

۲. لە یاسای کۆماری ئیسلامی منداڵان لە کاتی بە دونیا هاتنیان دەبێت دینی میراتی بنەماڵەیانیان هەبێت (یەکێک لەو دینانەی کە پەسەندکراوی کۆماری ئیسلامییە) و مافی ئازادی بیر و باوەڕ لە منداڵان دەستێنێتەوە

۳. منداڵان پێویستیان بە شوێن و ئێمکاناتی بۆ ژیانێکی ئاسوودەیە بەڵام لە ئێران هەموو بەرپرسیاریەتی منداڵان لە سەر شانی بنەماڵەیە و زۆربەی لە بنەماڵەکان بە هۆی باری ئابووری ناجێگیر، دەسەڵاتی بەدیهێنانی شوێنی ئەمنیان نییە

٤. بە پێی یاسا خوێندن تا پۆلی ۱۲ بە خۆڕاییە و هەموو منداڵان دەبێت لە خوێندنگە بن و بەشی فێرکاری و پەروەردە دەبێ ناویان بنووسێت، بەڵام بە هۆی ناتەبایی نێوان ئۆرگانەکانی کۆماری ئیسلامی ئەم یاسایە هیچکات نەڕۆشتووتەوە بەرەو و خەرجی مەسرەفیات لە سەر شانی بنەماڵەکاندایە و هەروەها لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران خوێندنگە نییە و یا خوێندنگەیێکی نا ئەمن هەیە و لە زۆربەی شوێنەکان بە هۆی نەداری منداڵان لە خوێندن بێ بەش دەکرێن و ئۆرگانێکی بەرپرسیار بۆ دابین کردنی شوێنی ئاسوودە لە ئێران نییە

٥. منداڵان دەبێت لە شوێنێنکی ئاسوودەدا سەرقاڵی خوێندن بن، کە لە ئێران زۆرجار مامۆستایان ئەشکەنجەی منداڵان ئەدەن بۆ نموونە “هەستی حسێن پەناهی” لە شاری دێولان بە دەستی مامۆستاکەی خرایە کۆما و هەروەها لە ساڵی ۱٤۰۱و۲دا خوێندنگەکان بە گازی کیمیایی ژەهراوی کران و هەزاران منداڵ نەخۆش و ڕەوانەی خەستەخانە کران و منداڵان لە ترسی گیانیان دەترسان بۆ خوێندنگە بڕۆنەوە

٦.بە پێ جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەبێ هەر منداڵێک کەسایەتی بپارێزرێت و بەرانبەر کەسایەتیان هەڵاواردن نەکرێن، بەڵام لە ئێرانی فرە نەتەوە خوێندن تەنیا بە زمانی فارسیە و کتێبەکان هەموو فارسین و منداڵانی نەتەوەکانیتر تووشی قەیرانی کەسییەتی دەبن و لە کولتوری خۆیان جیا دەکرێنەوە.

۷. کۆماری ئیسلامی تەنیا دوو جنس بە فەرمی دەناسێت “کۆڕ” و “کچ”، سێکس جێندەرەکان مافی خۆ دەربڕینیان نییە و دەبێت عەمەلیاتی سەقەت کردنیان بۆ بکرێت و هەروەها حەزکردن جیا لە ئێستریت بە فەرمی ناناسرێت و سزای قورسی ئێعدامی هەیە.

٨. کۆڕ و کچ هەر لە پۆلی یەکی سەرەتایی جیا دەکرێنەوە و هەر لە سەرەتاوە جیاوازی نێوان دوو بەشی کۆمەڵگا دەست پێ دەکات  کە بە پێ سایکۆلۆجیا دەبێتە هۆی خۆنەناسین و لە داهاتوودا کێشەگەل کۆمەلایەتی بەبار دێنێت وەکوو دەستڕێژی سێکسی و..

۹.کچان لە کاتی دەسپێکی مەکتەبەوە یۆنیفۆرمی تایبەتی ئیسلامیان بۆ دیاری کراوە و ئازادی خۆ پۆشینیان هەر لە تەمەنی ۷ساڵی لێ وەردەگیرێتەوە، لە کاتێکدا لەم تەمەنە دەبێت سەرقاڵی فێربوون بن، سەرقاڵی خۆداپۆشین و ورد بوونەوە لە سەر ڕەگەزیان دەکەن

۱۰. منداڵانی کچ لە تەمەنی ۹ساڵیدا (پۆلی ۳ی سەرەتایی) جەشنێک بە ناو جەشنی تەکلیفیان بۆ دەگرن بە مەبەستی ئامادە بوون بۆجێبەجێ کردنی ئەرکی دینی لە کاتێکدا هێشتا بەو ئاستە لە ناسین نەگەیشتوون

۱۱.منداڵێک لە پەیوەندی دەرەوەی زەواجی فەرمی لە دایک بێت، مافی منداڵانی تری نییە، کارتی پێناسەی پێ نادرێت و هەروەها بەشە میراتی ناکەوێت.

۱۲.دارایی منداڵان بە بێ بەرگری یاسایی بە دەستی سەرپەرشتیاری منداڵە و دەتوانێت مامەڵەی پێ بکات.

۱۳. یاسایەکی ڕێگر بۆ چۆنیەتی پەروەردەی منداڵان لە نێو بنەماڵەدا نییە و ئەشکەنجەی منداڵان ڕێگە پێدراوە و هەتا ئێستا زۆر منداڵ تووشی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی بوون، یا گیانیان لە دەست داوە.

۱٤.هاوسەرگیری منداڵان لە کۆماری ئیسلامیدا ڕێگە پێدراوە و لە تەمەنی ۱٥ ساڵی بە فەرمی دەناسرێت (تەمەنی هەستیاری پێگەیشتنی منداڵان کە تووشی بەرپرسیارییەتیێکی قورسیان دەکەن)

۱٥. لە ٤۰ساڵەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە ٥۰۰ کەس سزای ئیعدامیان بەسەرداسەپاوە کە لە کاتی تاواندا منداڵ و خوار ۱٨ ساڵ بوون، بۆ نموونە: “مونا مەحموودنێژاد” ۱۷ساڵی ئیعدام کرا و هەروەها بە سەدان کەس زیندان کراون کە خوار ۱٨ساڵ بوون

۱٦. لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا سەدان منداڵ بە چەکی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەستداوە بۆ نموونە: “نیکا شاکەرەمی” کچێکی ۱٦ساڵە کە لە نێو شۆڕشی ژینا بە تاوانی ئاگردانی سەرپۆشەکەی گیرا و دوای دەستدرێژی سێکسی لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی تەرمەکەی لە کەهریزەک دۆزرایەوە و هەروەها سەدان منداڵیتر وەکوو “کیان پیرفەلەک”، “عەلی غەزلاوی”، “ئاریان خۆشگوار”

۱۷. کارکردنی منداڵان لە تەمەنی ۱٥ ساڵیدا ڕێگە پێدراوە و هەروەها ئۆرگانێکی ڕێگر بۆ  بەرگری کردن لە کار کردنی منداڵان نییە و منداڵان لە ئێران بە هۆی نەداری، بنەماڵەی خراپ، هەتیوی، سەرپەرشتیاری خراپ، لە شوێنگەلێک کە ئەمنییەتی گیانی و ماڵییان پارێزراو نییە و بە مووچەیێکی زۆر کەم سەرقاڵی کار کردن دەبن وەکوو کارگاکان، خانووبەرە، مەعدەن و یا بە کاریان دێنن بۆ جێبەجێ کردنی مادە هۆشبەرەکان (کە زۆربەیان لەم ڕێگاوە گیانیان لە دەست داوە) زۆر جار ئەم کارانە تەنیا بۆ بە دەست هێنانی شوێنی مانەوە دەکەن و بە داخەوە زۆربەیان تووشی کێشەگەلی قورسی دەسڕێژی سێکسی و قاچاخی بەشیی جەستەیان و هەروەها ئەشکەنجە دەبن

کۆتایی: دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی بە پێی ئەم خاڵانە کە باسم کرد مافی منداڵانی پێشێل کردووە و حازر بە گۆڕینی یاسا و پێداچوونەوە نەبووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشداری کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵانە و هەروەها ساڵی ۱٤۰۲ بوو بە بەرپرسی نوێنەرانی مافی مرۆڤ لە ولایەتە یەکگرتووەکان! سەرەڕای ئەوەی کە ئێران هەتا ئێستا مەجالی لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە مافی مرۆڤی بە وڵایەتە یەکگرتووەکان نەداوە، و هەروەها بە هۆی سیاسەتی هەڵە و قەیرانی ئابووری؛ کۆمەڵگای ئێرانی بەرەو داڕماوی بردووە و بە پێ ئاماری خودی ئێران ئەمنییەتی  منداڵان نەپارێزراوە و ڕێژەی منداڵانی کار، قاچاخی منداڵان، دەستدڕێژی سێکسی، قاچاخی بەشی جەستەیی منداڵان ڕوو لە هەڵکشان بووە و حکوومەت کاری جیدی بۆ کەم کردنەوە و لە ناو بردنی ئەم کێشانە نەکردووە، بەرپرسی سەرەکی باروودۆخی نائەمنی منداڵان کە تێدا ژیان تێپەڕ دەکەن، کۆماری ئیسلامییە؛ منداڵانی سڵامەت لە ئاکامی سیاسەتی درووستی حکوومەتێکی باوەڕمەند بە مافی مرۆڤ و بەرابەری بەدی دێت و بە داخەوە ئێستا ئەو باروودۆخە لە ئێران نییە.