یەکسانی پێویستیی کۆمەڵگەی سەردەم! 

0

عەزیز ئاجیکەند

رۆژی ٢٥ی نوامبری ١٩٦٠ی زایینی لە کاتێکدا کە خوشکانی “میراباڵ” (پاتریا، مینروا، ماریا) کە دژ بە دیکتاتۆری وڵاتی خۆیان بە ناوی  ترۆھیلۆ” لە وڵاتی(دۆمینیکێن) بوون، لە کاتی سەردانی ھاوسەرەکانیان لە زینداندا بە شێوەیەکی درندانە هێرشیان کرایە سەر و خەڵتانی خوێنکران و بەمجۆرە لە مافی ژیان کردن بێبەش کران. دوای ئەم روداوە و لە “یەکەمین کۆبوونەوە کە لە لایەن ژنانی ئامریکای لاتین و کارابین لە وڵاتی کۆلۆمبیا گیرا ئەم ڕۆژە وەک ڕێزگرتنێک لە یادی خووشکانی “میراباڵ” کە بە نازناوی“پەپوولەکانی لە بیرنرکراو” دەناسران، دیاری کرا و پاشانیش ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٩ی زایینیدا ئەو رۆژەی وەک رۆژی “بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ژنان” ناوزەد کرد.

توندوتیژی دژی ژنان بە درێژایی مێژوو هەبووە و هەنوکە گەیشتووەتە ئاستێک کە لە هەر کات و ساتێکدا، قوربانی دەگرێ. ئەمرۆ لە هەر سێ ژن، ژنێک رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە. ئەم رێژەیە جێی سەرنج راکێشان و سەرسامییە. توندوتیژی سنور ناناسێ و لە زۆربەی وڵاتاندا دەبیندرێ بەڵام لە وڵاتانی دواکەوتوو تووندوتیژ نواندن بەرانبەر بە کچان و ژنان زیاترو بەرچاوترە. لە وڵاتی ئێران ئەم تووندوو تیژیانە لە لوتکەدان .

لەگەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیی، یەکەمین هێرشەکان زۆر بە خێرایی بۆ سەر ژنان دەستیان پێکرد و بە چڕکردنەوەی هەموو جۆرە ستەمێک، ژنانیان خستە پەراوێزی کۆمەڵگاوە و بە ناوی پارێزگاری لە شەرەف و نامووس، ئەوانیان قەتیس و قەتیس کرد و لە چوار گۆشەی ماڵدا هێشتیاننەوە. کۆماری ئیسلامیی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ خەباتی بێ پسانەوەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە گۆشەو کەناری ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی رووبەروو بویەوە. هه‌زاران ژن له‌ كوردستان كه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی خۆیان له‌ ژێر گوشاری ڕوانینی کۆنی سوونه‌تی ئازاریان دەچێشت، سووكایه‌تیان پێده‌كرا و ناڕازیی بوون، هانایان بۆ خەباتی پێشمه‌رگانە هێنا و تا قایمتر‌ پاشه‌كه‌شه به‌ دواکەوتوویی و ده‌مارگرژی دژی خۆیان بکەن. ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ژنانێك كه‌ له‌ ژێر زه‌ختی سونه‌تی دواكه‌وتووی كۆمه‌ڵگادا بوون، زۆربەیان هاتنه‌ ناو ڕیزی پێشمه‌رگەوە و بەشێکیشیان لە بەشەکانی تری خەبات و تێکۆشان لە ناو شارەکاندا چاڵاک و هەڵسووڕاو بوون‌. بەمجۆرە لێرە ژنانی کورد نەیان ویست قەتیس بن و ببنە کۆیڵەی تاریک پەرەستانی تاران. ژنان لێرە لە کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی تێکۆشەرانی خەبات و تێکۆشاندا، بەرەو ئاسۆی روون هەنگاویان دەنا. ئەگەر بمانەوێ لە کوردستان قۆناغێکی نوێ لە مێژووی هاوچەرخ بۆ پێناسەی خەباتی ژنان بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانیان دەستنیسان کەین، ئەوە شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن ژیان ئازادی لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، دەتوانێ دەسپێکی ئەم قۆناغە بێ بۆ خەبات و ئازادی و یەکسانی کە زۆر زوو بوو بە هێمای مافخوازیی نەتەنیا ژنان بەڵکوو گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.

شۆڕشی ژینا بە پێشانگەیەتی لاوانی نەوەی نوێ لە کوردستان سەریهەڵدا و بەخێرایی هەموو سنوورەکانی تێپەڕاند و وەک پێویستییەکی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش دەرکەوت. ئەگەرچی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژن، بەڵام ژن ژیان ئازادی توانی ڕەنگ و بۆنێکی تازە ببەخشێ بە بزووتنەوەی سەرتاسەری لە ئێران و ڕزگاری بکات لە دیسکۆرسی ئایینی و پیاوسالاری و بەتایبەت ئیسلاحخوازی دەوڵەتی. 

پرسی یەکسانی لە کوردستان و بایەخدان بە بەشداری ژنان لە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگا و لەوانە سیاسەت، بەشێکی سەرەکی لە ڕوانین و مێژووی خەباتی ژنان و پیاوانی تێکۆشەری چەپ و سۆسیالیست بووە و دەورێکی گرنگی لە گەشەی پۆتانسیل و توانای ژنان گێڕا. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە کوردستان ئەو ڕاستییەی سەڵماند کە ژنانی کورد لە کوردستان دەتوانن پێشەنگ بن و ڕۆڵی ڕێبەر بگێرن و شان بە شانی پیاوان لە سەنگەردابن بۆ نەمانی بیری قێزەونی پیاوسالاری و لە گۆڕنانی دیکتاتۆڕەت و نەمانی داگیرکاریی لە کوردستان.

بە دڵنیایەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بە بێ بەشداریی بەرینی ژنانی تێکۆشەر و خەباتکار لە شێواز و ئاستی جۆراوجۆردا نەیدەتوانی لەم ئاستەی ئەمڕۆدا بەردەوام بێ و ئەو دەسکەوتانەی ئەمڕۆی بەدەست بێنێ. کوردستان بۆ ئەوەی بگاتە ئازادی و سەربەستی و یەکسانی پێویستی بە هێزی مەزنی هەموو توێژەکانیەتی و ژنان دەورێکی یەکلاکەرەوەیان لە خەباتی ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستان دەبێ و بەشداریی ژنان لە ڕێبەرایەتیی شۆڕشدا لە پێویستییە سەرەکییەکانی داهاتوویەکی گەش بۆ بزووتنەوەی کوردستان و کوردستانی پاش ڕزگاری لە دەستی تاریک پەرەستان. 

نا بۆ تووندوتیژی دژی ژنان 

سەرکەوێ خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەڕەواکانیان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *