کەسایەتییەکی خۆشناوی شاری بۆکان ماڵئاوایی لە ژیان کرد

کەریم سالمی

بەداخەوە رۆژی سێشەممە ٢٥ی مانگی خەرمانان،کەسایەتی خۆشەویست و جێگای رێز و متمانەی خەڵکی شاری بۆکان و دەوروبەر،کاک کەریم سالمی بە هۆی چوونەسەری تەمەن و تێکچوونی باری تەندروستی، بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت. کاک کەریمی سالمی کە زیاتر لە ٥٠ ساڵ بوو لە شاری بۆکان خاوەنی کتێبفرۆشی بوو،وەک کەسایەتییەکی چەپ و پێشکەوتنخواز و نیشتمانپەروەر جێگای رێز و خۆشەویستی و متمانەیەکی تایبەت بوو لە نێو خەڵکی بۆکان و بە تایبەت لە نێو توێژی نووسەران ورووناکبیران وکۆر وکۆمەڵە ئەدبییەکاندا. بێگوومان مەرگی کاک کەریمی سالمی کە وەک کەسایەتیەکی خاوەن بیر وهزری پێشکەوتنخوازانە رۆڵ و کاریگەرییەکی بەرچاوی لە گەشە و پەرەسەندنی رەوتی رووناکبیری لە بۆکاندا هەبوو،خەسارێکی گەورە و قەرەبوونەکراوەیە بۆ کۆمەڵگەی ئەدەبی و رووناکبیری. ئێمە بە بۆنەی مەرگی کاک کەریمی سالمی پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەمالە وکەس وکاری کاک کەریم و هەموو خەڵکی شار و، بە تایبەت سەرەخۆشی لە کۆروکۆمەڵی ئەدەبی ورووناکبیری بۆکان دەکەین و خۆمان لە خەمی لەدەستچوونی کاک کەریم دا بە شەریک دەزانین. بژی یادی ئازیزی کاک کەریمی سالمی

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی

١٧ی سپتامبری ٢٠٢٠ی زایینی