پەیامی ڕێزلێنان و ماڵئاۆایی و سەرەخۆشی بۆ مەرگی نابەوەختی کاک تەیفوور بەتحایی

تەیفوور بەتحایی

بەڕێز خانمی ژیلا فەرەجی
کاک هەژان و و ئایدا خانم
دۆستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان!

زۆر به داخەوە بۆ مەرگی نابەوەخت و گرانی کاک تەیفوور بەتحایی، زیندانی سیاسی بەناوبانگ، تێکۆشەری ناسراو و لە مێژینە و نوسەر و هوونەرمەندی شۆرشگێر کە پاش تەمەنێک لە خەبات وتێکۆشان دڵی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.

کاک تیفووری بەتحایی زۆر زوو هەستی بە نابەرابەری و بێدادی نیزامی پاشایەتی کرد و بە لەبەرچاوگرتنی شوێن و ژینگەی هەژارانەی ژیانی خۆی و هاوچارەنووسانی، زۆر زوو بوو بە خەباتکارێکی شێلگیری دادپەروەری و یەکسانیخوازی و هەر لەو پێوەندیەشدا ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا هاورێ لەگەڵ ژمارەیەک خەباتکاری ناسراوی چەپی ئێرانی وەک خوسرەو گوڵسورخی و کەرامەت دانشیان پاش دەستبەسەرکرانیان لەلایەن دەزگای ساواکەوە، سزای سێدارەی بەسەردا دەسەپێندرێ و پاشان ئەو سزایە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی دەگۆردرێ. ئەرگەچی تا ساڵی ١٣٥٧ له زیندان بەندکرا بەڵام ناو و ناوبانگی کەوتە سەر زاری خەڵک و به پێشۆازی گەورەی خەڵکی شاری سنە له پاییزی ٥٧ پاش شکانی دەرگای بەندیخانەکان گەرایەوە ناو خەڵکی تینوی ئازادی.

کاک تەیفوور کە ئاشنای دەرد و مەینەت و ستەم و هەڵاواردن بوو، پاش سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران وەک نووسەر و هوونەرمەندێکی خاوەن بەڵێن و بەدەربەستی نەتەوەکەی له سەنگەری خۆڕاگری کۆمەڵانی خەڵک و پێشمەرگەیەتی درێژەی بە خەباتی خۆیدا و دواتر پاش چەند ساڵ بە ناچاری ژیانی تاراوگەی هەڵبژارد و هەتا کاتی گیان لەدەستدانی وەک تێکۆشەرێکی بەوەفای رێگای رزگاری لە سەنگەری ئەدەبیات و هونەردا ئەرکی خەباتکارارانە و ئینسانی خۆیی به باشی به جێهێنا.

بێگوومان بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بە مەرگی تەیفوور بەتحایی، تێکۆشەرێکی شێلگیر وماندووینەناس، کەسایەتیەکی چەپ و شۆرشگێر، هوونەرمەند و نووسەرێکی بوێر و ئازا، سیمایەکی ناسراو و خۆشەویستی لەدەست چوو. مەرگی کاک تەیفوور خەسارەتێکی گەورەیە بۆ هەموومان.

بەم بۆنە خەمبارەوە سەرخۆشی لە ئێوە ژیلا خانمی بەڕێز هاوسەری ڕێزداری کاک تەیفور و هەر دوو ڕوڵەی ئازیزتان و بەڕێزمان کاک هەژان و ئایدا خانم و گشت خانەوادەتان و هەروەها سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان، تێکۆشەرانی ئازادیخواز و بە تایبەت خەڵکی خۆراگری شاری سنە و هەموو دۆستان و ئازیزانی دەکەین.

بژی یادی ئازیزی تەیفوور بەتحایی.
بژی ئامانجە بەرز ئینسانییەکانی

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢١ی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی
١١ی سپتامبری ٢٠٢٠ی زایینی