کۆماری ئیسلامی ڕیسوا له ناوخۆ، دۆڕاو له دەرەوە

کۆماری ئیسلامی

✍ ڕەزا کەعبی
قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی کەڵەکە دەبێ و کاربدستان زەلیل و دەستەوەستان داماون و ناتوانن بۆ هیچکام له قەیرانەکان و ئاستەنگەکانیان ڕێگا چارە بدۆزنەوە، هەر بۆیە چ له ناوخۆ و چ له دەرەوە کاتی و کورت ماوە زۆرتر سەرپۆش دەخەنە سەر کێشەکان. له ناوخۆ حەول ئەدەن کێشەکان له بەر چاوی کۆمەڵگا دوور بخەنەوە، حاشای لێبکەن، به پروپاگەندەی پووچ و دروینە (وەکە ئەوەی هەمو رۆژێک روحانی له کابینە دەیکا) ئینکاری بکەن، یا به زۆری سەرکوت و جەنایەت و حکومەتی نیزامی و هەرەشەی ئێعدام و داسپاندنی هەژاری و بێدەرەتانیێکی بێ وێنە قەیرانەکان تێپەڕێنن. لە دەرەوەش کۆماری ئیسلامی هەر ڕۆژێک قەیرانێکی بۆ درووست دەبێ، تووشی گەماروی دیپلوماسی بوە و وڵاتان مەگەر بۆ دۆشینی دوا شیرەی داهاتی، ئاوڕی لێبدەنەوە.
کۆماری ئیسلامی رۆژ له دۆا رۆژ زۆرتر قەوارە و هێز و پوتانسییەل و کارایی خۆی وەک دەوڵەت و حاکمییەتێکی دامەزراو، خزمەت گوزاری خەڵک، سەرچاوەی هێز و پاڵپشتی ئابوری و پەروەردە و ئاوەدانی له دەستداوە و وەک هێزێکی نیزامی، گروپێکی چەکدار که پاسداری له ملک و سامانی ئەربابەکانی دەکا و وەک لەشکەرێکی شەرانی لێهاتوە که هەموو کۆمەڵگا به دژی خۆی دەزانێ. دەیان میلیون خانەوادە له ژێر دەسەڵاتی ئەم رژیمە به قسەی خۆیان بەرەو هەژاری و بێکاری و برسییەتی رۆشتون، گەران له ناو زبڵدانەکان هیچ شەرمی ناوێ و ڕێگایەکە بۆ پەیداکردنی بژێوی هەزاران بنەماڵە. له کاتێکدا که دزی و تاڵان و ڕاکێشانی سەروەت و سامانی وڵات بۆ دەرەوە له ناو کاربەدەستانی رژیم به ئاشکرا باسی دەکرێ. شۆرش و ڕاپەرینەکان گەورەترین مەترسین بۆ کۆماری ئیسلامی که ماوەیان تا هاتووە کورتتر بۆەتەوە. زۆربەری هەرە زۆری شارەکان له لایەن حکوومەتێکی نیزامی شاراوە گەمارۆ دراون. هەڕەشەی ئێعدام و سێدراە به سەر کۆمەڵگادا ڕاگیراوە و تەنانەت یاساکانی دادگاە و زیندانی که له لایەن خۆیانەوە نوسراوە و کاری پێکراوە، پێشێل دەکرێ. ڕابەڕانی کۆماری ئیسلامی چاوەڕۆانی رووداوە توقێنەرەکەن و خەویان لێ زڕاوە. هەر له خامنەیی و رووحانییەوە تا کاربەدەستانی گەورە و بچووک خەریکی کێشک دانن که رووداوەکە نەقەومێ و کۆنتڕۆڵیان له دەس دەر نەچێ.
له دەرەوەش کۆماری ئیسلامی، گەمارۆی دیپلۆماسی له سەرە. مەیدانەکانی مانۆڕی دیپلوماسی رژیم تا هاتووە بەرتەسکتر بۆتەوە. کۆماری ئیسلامی هەر له سەرەتاوە به سیاسەتی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی و به هەڵخراندنی دوژمنایەتی مەزهەبی ویستی گوشار بخاتە سەر وڵاتانی ناوچەکە. له ئورووپاش به هەناردەکردنی تێرۆریسمی دەوڵەتی به تەمای وەرگرتنی ئیمتیاز بوو که بۆ ساڵانێک به سیاستی دیاڵۆگی ڕەخنەگرانەی ئورووپا مەودای پەیدا کرد. له دە ساڵی ڕابردووش له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست له کێشەی زلهێزەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە توانی مەیدانێکی مانۆڕی گەورە بۆ خۆی دەستەبەر بکات بەڵام هەر ئەم مەیدانە مانۆڕە گەورە بۆتەوە، خاڵی لاوازی و ناتوانی خۆیی لێ دەباز بکات. زۆر لەمێژ نیە که له چۆار پایتەختی ناوچەکە حوکمی دەکرد و ملهوڕانە جموجوڵی دەکرد بەڵام به هێوربونەوە شەری سوریە، ڕوسیە رێگای پێنەدا که له دۆای شەڕ بەشێکی بەرکەوێ، له لوبنان و له عێراق دارودەستە چەکدارەکانی بوونەتە بارێکی قورس به سەر شانیانەوە و ئاخێزە جەماوەرییەکان داوای دەرکردنی کۆماری ئیسلامی و دەستوپەیوەندییەکانیان دەکەن. له مانگێک لەوە پێشیش به وەجوڵەکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی نێۆان ئیسرائیل و عەرەب و ئەگەری پەیوەستبونی یەک له دۆا یەکی چەندین وڵاتی دیکەی عەرەبی بەم پڕۆسەیە، مەیدانی دیپلوماسی و سیاسی و سەربازی و ئابوری کۆماری ئیسلامی بەرتەسک و تەریک بوەتەوە. گوشارەکانی کابینەی ترامپ و چالاک کردنەوەی “مکانیسم ماشە” به بێ گوێدان به تەنانەت هاوپەیمانانی ئورووپایی ئەمریکا، ئاسمانی ئاواتەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی ڵێڵتر کردووە و تەنیا چاوبڕین به هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایان بۆ ماوەتەوە که لێکدانەوێ هەلومەرجەکە جێگاێک بۆ خۆشبینی ئەۆان ناهێڵێتەوە.