خۆ- دراماتیزەکردن وەک سیاسەتکردن

خۆ- دراماتیزەکردن وەک سیاسەتکردن

✍ ڕزگار ئەمین نژاد

رەنگە روانگەی ئێدمۆند هوسێرل1 سەبارەت بە بەرپرسایەتی ئەخلاقی لەکاتی کارەساتدا، دەسپێکێکی گونجاو بێ بۆ بابەتێکی رەخنەگرانە لەمەڕ دیاردەی «خۆ- دراماتیزەکردن2» کە وێنەیەکی دراماتیکی کارەساتە و لەگەڵ تەمەنی سیاسەت لە ئێراندا هاتووە. بەرپرسایەتی نواندنی ئەخلاقی لە کاتی کارەساتدا، بە بۆچوونی هوسێرل، باشترین کردەوەیە بۆ رووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئەو واقعانەی کە بەدوای کارەساتدا دێن. سروشتییە کاتێ کۆمەڵگا تووشی کارەسات دەبێ، جیهانی دوای کارەساتەکەیە کە زۆرترین کاریگەری بەسەر کۆمەڵگاوە دەبێ نەک خودی کارەساتەکە، چوونکە کارەسات واقعە هەنووکەییەکان دەگۆڕێ و لە ئەنجامدا واقعی خۆی دەسەپێنێ کە دواتر کاریگەری لەسەر شێوازی تەعامولی ئێمە لەگەڵ ژینگەی دوای کارەسات دەبێ. بۆ نموونە رووداوی تیرۆریستی یازدەی سێپتەمبەر لە ئەمریکا، کۆتایی بە واقعی «تەعامولی دێمۆکراتیک» هێنا و گشت نۆرمەکانی پێش ئەو کارەساتە تووشی بەرگژێکی جیددی هاتنەوە. ئەو شتەی بەدوای ئەو کارەساتەدا هات؛ واقعی «شەر بە دژی تیرۆریزم» بوو کە بیست ساڵە لە خزمەت خۆ-دراماتیزەکردنی بەشێک لەو هێز و دەسەڵاتانەیە کە لە راستیدا خۆیان سەرچاوە و هۆکاری ناعەداڵتی و تیرۆریزمن. چرکردنەوەی سەرنجی رای گشتی بۆ سەر دیاردەی تیرۆریزم، کۆمەڵێک لێکەوتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدوادا هات کە مرۆڤی پێش کارەساتی یازدەی سێپتێمبەر پێی وابوو ئەو دیاردانە لەگەڵ کۆتایی سەدەی بیستەمدا رۆشتوون و تازە سەر هەڵنادەنەوە، بۆ نموونە دیاردەی راستگەرایی، پۆپۆلیزم، توندئاژوێی، بونیادگەرایی، کولتور سێنتەریزم و هەروەها فاشیزم.
تێگەیشتن لە رەهەندی ئەخلاقگەرایانەی هوسێرل ئەرکی ئێمە لەهەمبەر کارەسات دژوارتر دەکا، چوونکە ئەرکی بەرپرسیارەتی ئێمە لەگەڵ کارەساتدا کۆتایی پێ نایە، بەڵکە کاردانەوە و هەڵوێستی ئێمە لە ناو جەرگەی کارەساتەکەدا دەبێ وەها ئەخلاقی و بەرپرسانە بێ کە وڵامدەری واقع و رووداوەکانی دوای کارەساتیش بن. بۆ تێگەیشتن لەم روانگەیە سەرەتا دەبێ لە پێناسەکردنی بەرپرسایەتییەوە دەست پێبکەین، مەبەست لە بەرپرسایەتی بە زمانێکی سادە ئەوەیە کە من لەهەمبەر کردەوەکانم وڵامدەر بم. هەڵبەت بەرپرسایەتی وەک دەرکەوتەیەکی ئەخلاقی زۆر لەوە ئالۆزتر و فرەرەهەندترە و، بێگومان شرۆڤەکردنی لە کۆنتێکستی فەلسەفی و لە وتارێکی وەها کورتدا ناگونجێ. بەڵام ئاماژەدانێکی کورت بە دوو کانسێپتی ئەرەستوویی (ویژدان) و کانتی (عەقڵ) یارمەتیمان دەدا لە مەبەستەکەی هوسێرل نزیکتر بینەوە. لە هەردوو کانسێبتدا وڵامدەربوون لە جێی خۆیدایە، بەڵام مەرجەعی وڵاموەرگر لای روانگەی عیلەت مەعلولیی ئەرەستوو ویژدانی گشتییە، واتە وڵامدەربوون لەهەمبەر کۆمەڵگا، یاسا، دین و گشت ئەو پێکهاتانەی کە ویژدان تێیاندا حوکم دەکا چوونکە ویژدان لێرەدا بەرهەمی ئەو چوارچێوە تیۆریکانەیە کە ئەخلاق پێناسە دەکەن. روانگەی رەخنەگەرایانەی کانت لەمەڕ دیاردەکان ئەزموونێکی دیکە لە بەرپرسیارەتی دەدا بە دەستەوە و رەگی لە تیۆری «رەخنە لە عەقڵی مەحز»دا هەیە. مەرجەعی وڵاموەرگر لای کانت ویژدانی گشتی نییە، بەڵکە مرۆڤ دەبێ لەهەمبەر عەقڵی خۆیدا وڵامدەر بێ و هەروەها بنەماکانی راستی و چەوت بوونی ئەو عەقڵیەتەش کە داوەری لەسەر بەرپرسیارەتی خۆمان دەکا، دەبێ بە بەردەوامی تاقی بکرێتەوە، چوونکە عەقڵیەت بەلای کانتەوە بە پێی کات و شوێن گۆڕانی بەسەردا دێ. مەرجەعی بەرپرسیارەتی لە کاتی کارەساتدا لای هوسێرلیش- وەک من لێی تێگەیشتووم- عەقڵییە، عەقڵییەتێک کە سەربەخۆ بێ و پێشمەرجەکان کاری تێنەکەن.
دیاردەی خۆ- دراماتیزەکردن، لەگەڵ تەمەنی سیاسەت کردن لە ئێراندا هەبووە و لە کۆماری ئیسلامیدا ئەم دیاردەیە تۆختر و لە زۆر قۆناغدا دیاریکەریش بووە. سەرەتا پێناسەیەکی کورت بۆ ئەو خوێنەرانە دەکەم کە ئاشنا بەم تێرمە نین. پێناسەی لەکسیکاڵی «خۆ- دراماتیزەکردن» بریتییە لە؛ «خۆ نواندن یا پێناسەکردنی خۆمان وەک کەسێکی گرنگ و سەرکەوتوو». ئەم چەمکە لە تێرمێنۆلۆژیدا وەک بەیسێکی ئاماژەیی دەکار دەکرێ بۆ شرۆڤەکردنی ئەو دیاردانەی کە لە رێگای فیگۆراسیۆن و شانۆسازییەوە خۆڵ لەچاوی رای گشتی دەکەن، بۆ نموونە کاتێ پرسی شەری دژە تیرۆر هاتە ئارا، هێندێ لە وڵاتانی ناوچە خۆیان وەک قوربانی تیرۆر پێناسە دەکرد و بەم کارە رەواییان بە سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردن لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیان و زۆرجار لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆشیان دەدا. خۆ- دراماتیزەکردن لە مێژووی سیاسی ئێران بە گشتی و لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی، وەها عەینی کراوە کە خەڵک لە ئێراندا «خۆ- دراماتیزەکردن» و «سیاسەت کردن» وەک یەک پێناسە دەکەن. یەکێک لە خەسارە رەژدەکانی وەها دیاردەیەک لەوەدایە کە بە دوای کارەساتدا کەس خۆی بە بەرپرس نازانێ و لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کەم کەس ئامادە دەبن بەرپرسیارەتی ئەخلاقی لە کاتی کارەساتدا وەئەستۆ بگرن.
دوای ئینقلابی ١٣٥٧ لە ئێران، جیهان دەبوایە لەگەڵ ئەزموونێکی سیاسی و هەروەها دیاردەیەکی ئاناکرۆنیستیک3 تەعامول بکا کە لەگەڵ ریتمی دیالیکتیکی مێژوودا ناتەبا بوو. نیشانەکانی ئەم جیاوازییە هەم رووکردی بوو هەم مەعریفی و لە دروشمی «ئیستەقلال و ئازادی»دا رەنگی دابووەوە. لە باری رووکردییەوە ئەم سیستەمە کۆمەڵگای ئێرانی بەرەو ترازان لە ریتمی مۆدێڕنیزاسیۆن پاڵ پێوەدەنا و ئامانجەکەی بادانەوە بوو بۆ بنەماکانی سوونەت و، دواتر دەرکەوت مەبەست لە «ئیستەقلال» لە راستیدا خۆ نەبان کردن لەگشت نۆرمە جیهانییەکانە کە لە مەنشووری مافی مرۆڤدا هاتوون. لەباری مەعریفیشەوە دەبوایە ئینقلاب لە خزمەت رەوەندێکی مەعنەویسازیدا بوایە کە کەرامەتی تاکی ئێرانی لەو قەیرانە رزگار بکا کە وەک بەرهەمی مۆدێرنیتە پێناسە دەکرا و دواتر دەرکەوت مەبەست لە ئازادیش پشتکردن لە دنیا و قاڵبوونەوە لەنێو فۆرمێکی عیرفانی بوو کە حکومەت ماوەی پێدەدا. هەڵبەت ئەو مەرجەعەی کە دەبوایە لەم پرۆژەیەدا حوکمی کاتالیزاتۆری هەبێ، «ویلایەتی فەقێ» بوو کە ئایەتەوڵا خومەینی ئیدەکەی دارشت و دواتر ئایەتوڵا مونتەزەری تیۆریزەی کرد. بەڵام دیاردەی «زەمان» لە تیۆریی ویلایەتی فەقێ دا پشبینی نەکرابوو. زەمان وەک هیچ دیاردەیەک نییە، بەنێو گەشت پرۆژەکاندا تێدەپەرێ و دواتر ئەو سیستەمانە لەگەڵ خۆیدا دەبا کە توانای خۆ تەتبیق کردنیان لەگەڵ «ئایەندە» هەبێ. بە تێپەربوونی زەمان ناکارایی سیستەمی ویلایەتی فەقێ زیاتر دەردەکەوت، بەچەشنێک کە گشت چاودێران و تەنانەت لایەنگرانی ئەم تیۆرییەش بەو ئاکامە گەیشتن کە ئەم سیستەمە وڵامدەر نییە. بۆ دەرباز بوون لە قیرانی زەمان، رژیم دەبوایە شتێک لەگەڵ «ئایەندە» بکا و بۆ ئەم کارەش دوو رێگای لەبەر بوو: یا سیستەمی سیاسی خۆی لەگەڵ ئایەندەدا تەتبیق بکا، یا لەگەڵ زەماندا شەر بکا. رژیم لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا هەمیشە رێکاری دووهەمی هەڵبژاردووە و بۆ قوتاربوون لە مەنتقی زەمان، پەنای بۆ موهەندیسی کردنی زەمان بردووە. مەبەست لە موهەندیسی کردنی زەمان لەم وتارەدا شێواندنی وێنای «ئایەندە» لە ئێران و ناوچەکەیە. بۆ شێواندنی ئایەندە، رژیم تا ئێستا سێ پرۆژەی تاقی کردۆتەوە: ١- هاوتەریب سازی، ٢- قەیرانسازی و، ٣- خۆ- دراماتیزەکردن کە مەبستی سەرەکی ئەم وتارەیە. بۆ ئەوەی لە رەهەندەکانی خۆ- دراماتیزەکردن تێبگەین، پێویست دەکا سێ سیناریۆی رژیم بە باشی بناسین کە دەرکەوتەی سیاسەتی خۆ- دراماتیزەکردنە.
سێناریۆی «هۆیەت» (١٣٥٧-١٣٧٤): رژیم لەسەرەتای ئەنقلابدا کۆمەڵگای ئێرانی وەک کۆمەڵگایەکی دابڕاو لە مەعنەویات و ناسنامەی ئیسلامی پێناسە دەکرد. دروشمی «ئینقلابی موستەزعەفین» کە بە خێرایی سوار شەپۆلی سیاسەتی دژی ئیمپریالیزمی رۆژ دەبوو، وەک رێکار و بەستێنی زیندووکردنەوەی ناسنامەی ئیسلامی هاتە ئاراوە. وەک دەرکەوت؛ ئینقلابی موستەزعەفین فازی دووهەمی ئینقلاب، واتە ئینقلابی فەرهەنگی لێکەوتەوە کە ئامانجەکەی سڕینەوەی گشت نمادە مۆدێڕنەکانی کۆمەڵگا و دارشتنی فۆنداسیۆنی «حکومەتی ولایەتی موتلەقەی فەقێ» بوو. لە دۆخی ئینقلابیدا زەمان رۆڵێکی سەرەکی هەیە، چوونکە خێرایی رووداوەکان کار لە ئاراستەی ئینقلاب دەکەن و بێگوومان لە درێژماوەدا نیهادینە کردنی ناسنامەی ئیسلامی بۆ رژیم دژوار دەکرد. درێژکردنەوەی شەری ئێران و عێراق لە راستای موهەندیسی کردنی زەمان بوو کە لەو بۆشاییە زەمانییەدا و بە هۆی درامای رومانتیکی شەهادەت، هەوڵ بۆ چەسپاندنی ناسنامەی ئیسلامی بدا.
سیناریۆی «مەشروعیەت» (١٣٧٤- ١٣٨٨): بەدوای نەمانی سیستەمی دووجەمسەری، لیبەرالیزم لە سێ مەیدانی کردەوەییدا واتە؛ سیاسی، ئابووری و کولتوری، خێراییەکی بێوێنەی بە دیاردەی پەرەسەندن لە جیهان دەدا. یەکێک لە بەرگژە جیددییەکان بۆ مەهەندیسی کردنی زەمان لەو سەردەمەدا دیاردەی ئینتەرنێت بوو کە جیهانی تا رادەی گوندێک بچوک کردبۆوە. گەشەکردنی چینی مامناوەندی، دیسکۆرسی کۆمەڵگای مەدەنی و هەروەها زەروورەتی رێفۆرم کە کارتێکەریی لیبەرالیزمیان پێوە دیار بوو، پێشمەرجەکانی پولاریزەبوونی ژینگەی سیاسی ئێران بەسەر «ئوسوولگەرایی» و «ئیسلاح تەلەبی»دا هەموار کرد. سیناریۆی مەشروعیەت لە بەستێنی وەها جەمسەربەندییەکدا دارێژرا تاکوو شێوازێکی دیکە لە خۆ-دراماتیزەکردن تاقی بکاتەوە. سیناریۆی مەشروعیەت مەجالی بە دەرکەوتنی دیاردەی دایکۆتۆمیکی «حکومەت – دەوڵەت» دا کە لە مەیدانی پێشبڕکێی نێوان باڵە سیاسییەکاندا و بەناوی «مردم سالاری دینی»یەوە لەشی بیماری حکومەت (سیستەمی ویلایەتی فەقێ) بە کۆڵی دەوڵەتەکاندا بدا (بنەماخواز و چاکسازیخوازەکان) و بەم چەشنە حکومەت دەستی چەوری خۆی بە شاقەلی دەوڵەت دەسڕییەوە کە هەڵبژێردراوی خەڵک بوون. لەهەمان کاتیشدا بە نواندنی واقعێکی وەهماوی، سیگناڵی بۆ کۆمەڵگا دەنارد کە لەم سیستەمەدا ئیحتمالی رێفۆرم هەیە و لە ئەنجامدا شانسی بەهێزبوونی ئۆپۆزیسیۆنی رادیکاڵی کەمتر دەکردەوە. ئەم سیناریۆیە روو بە جیهانیش کارایی هەبوو، سیاسەتی دەرەوەی رێژیم لەو ماوەیەدا وەک باندۆڵ لە چەپەوە بۆ راست و لە راستەوە بۆ چەپ لە هاتوچۆدا بوو، وەها کە جیهان و بەتایبەتی وڵاتانی ئۆرووپای سەرقاڵی گمەیەکی دیپلۆماتیک کردبوو کە سێکانسەکانی خۆ-درامەتیزەکردن بۆی رەخساندبوون.
سیناریۆی «مەقبولیەت» (١٣٨٨-١٣٩٨): ئاکامی موهەندیسی کراوی هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٨٨ کەم کەم خەڵکی دڵنیا دەکردەوە کە چیدی دەنگدان وەک «ئیمکان» سەیر نەکا و لە سندوقەکانی دەنگداندا لە دوای هومێد نەگەرێ. بە بۆچوونی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، رژیم ململانێی لایەنە سیاسییەکانی وەک دەرفەتێک دەقۆستەوە بۆ بەهێز کردنی پایەی ئیستەبداد. پاندۆڵی سیاسەتی دەرەوەش بە دوای هەڵوەشانەوەی بەرجام لە ئیشکردن کەوت و گەمارۆ ئابوورییەکان تەنگتر و پێگەی رژیم لە ناوچەشدا لەرزۆکترە. دەنگی نارازی خەڵک لە ئێران چیدی باس لە مەشروعیەت ناکا و ئێستا ئیتر مەقبوڵیەتی رژیم هەرەشەی لەسەرە. تەحریمە فرەرەهەندەکانی ئەمریکا، رژیمی بەرەو کردنەوەی پرۆژەیەکی نوێ لە خۆ- دراماتیزەکردن هانداوە کە مەرگی سیستەم و گەندەڵی سیستەماتیک و مودیریەتی خراپی ئابووری پێ پەردەپۆش بکا و، درامایەکی دیکە لە مەزلووم نمایی پیشانی جیهان و ناوخۆ بدا. بۆ گەراندنەوەی مەقبولیەت لەم دۆخە بێ متمانەییەدا رێژیم پرسی «تەمامیەتی ئەرزی» وەک شانتازێکی سیاسی خستۆتە رۆژەڤەوە، لە کاتێکا خۆی رێز لە سەروەری و سنووری هیچ وڵاتێک ناگرێ. روون نییە کاریگەری ئەم سیناریۆیە لەسەر مەقبوڵیەتی رژیم بەلای خەڵکی ئێرانەوە تا چەند بێ، بەڵام ئەوەی کە دیارە بە داخەوە کاریگەریی لەسەر شرۆڤەکارانی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەبووە کە بەردەوام پێداگری لەسەر دەکەنەوە.
چالاکانی سیاسی، چ وەک ئۆپۆزیسیۆن و چ وەک پۆزیسیۆن، لەم چل ساڵەدا لە چوارچێوەی ئەو واقعە مەجازییەدا خولاونەتەوە کە سیاسەتی خۆ- دراماتیزەکردن بۆی دارشتوون. لەگەڵ دەرکەوتنی هەرکام لەو سیناریۆیانەی کە ئاماژەیان پێدرا، شرۆڤە و ئینتمای چالاکانی سیاسیش بەو ئاراستەیەدا رۆشتووە و ئەوەی کە هەمیشە بزر بووە واقعێکی حەقیقییە کە بەپێی عەقڵییەتی سیاسی کار بکا و بەرچاوگەی ژیانێکی باشتر و فۆرمێکی دیکە لە سیاسەت کردن بدا بەدەستەوە کە جیاوازی هەبێ لەگەڵ سیاسەت کردن وەک خۆ- دراماتیزەکردن. دۆخی ئەمرۆی ئێران بە بۆچوونی زۆر کەس لە چاودێرانی سیاسی کارەساتاوییە و کەم کەس دەبینین کە بەرپرسانە بەرەورووی ئەو کارەساتە ببنەوە بۆ ئەوەی واقعی دوای ئەم کارەساتە شتێک نەبێ کە ئارەزووی واقعەکانی پێش کارەسات بکەینەوە. کولتووری سیاسی ئێران هەمیشە لەنێوان سیکلی تەما و نۆستالۆژیادا سووراوەتەوە و رەنگە باشترین چارەسەری بۆ کۆتایی هێنان بەم سیکلە ناسازە، روانگەکەی هوسێرل بێ؛ بەرپرسایەتی نواندنی ئەخلاقی لە کاتی کارەسات دا! بەرپرسایەتییەک کە داوەرەکەی عەقڵ بێ نەک واقعەکانی دوای خۆ- دراماتیزەکردن.
١\١\٢٠٢٠
1 فیلسوفی ئاڵمانی و یەکێکە لە داهێنەرانی زانستی دیاردەناسی Edmund Gustav Albrecht Husserl (١٨٥٩-١٩٣٨)
2 self-dramatizing
3ناسەردەمیانە، نامەورد