گەمارۆی دیپلۆماسی، سەربازی، سیاسی و ئابووریی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

کاتێک پێدەنینە یەکەم ڕۆژەکانی پاییز کە کۆماری ئیسلامی لە دژوارترین دۆخی دارایی و سیاسیی و ڕەوایی دایە، لە چەن حەوتووی ڕابردوو چەن وڵاتی عەرەبی پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیل واژوو کرد و چەن وڵاتی دیکەش لە داھاتوودا ئەو کارە دەکەن ئەوە جگە لەوەی ئیسرائیل دێنیتە نزیکترین ئاستی جوگرافی بە ئێران ھەنگاوێکی گرینگیشە بۆ زیاتر پەراوێزخستن و ئیزۆلەکردنی ئێران، ئەوەی وەک سیاسەتی گشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست بەرێوەدەچێ ھیچی لە قازانجی کۆماری ئیسلامی نییە، لە لوبنان باروودۆخ بەرەو ئاقارێک دەچێت کە حیزبوللە لە دەسەلاتی سیاسیی دووردەخرێتەوە و تەنانەت یارمەتیدەرە نێودەوڵەتییەکان مەرجی سەرەکییان بۆ یارمەتی لوبنان چەککردنی ئەو حیزبەیە، ئەوەش بۆخۆی مانایەکی نییە جگە بە فیرۆچوونی چل سال سەرمایەگوزاری مادی و مەدەنی و سەربازی ئێران لەو وڵاتە، لە عێراق باروودۆخ ھەر لەو شێوەیەیە و سەرۆک وەزیرانیش دەیەوێ بالانسی سیاسی پاش ھەژدە سال بەرەو دوورکەوتنەوە لە ئێران بگۆڕێ، ھەمووی ئەو ئاماژانە لەگەڵ دارمانی ئابووری ڕۆژ لە پاش ڕۆژ لە ئێران و چالاککردنی مێکانیزمی ماشە لەلایەن ئامریکا بۆ گەرانەوەی گەمارۆکانی ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر ئێران، ھاتنی وەرزی سەرما و بێکاری زیاتری ھاووڵاتییانی ئێرانی و کورتھێنانی چل لە سەدی بوودجەی گشتی و دەیان قەیرانی تر،داھاتووی کۆماری ئیسلامی زۆر نادیارتر دەکات و ئەگەری دووبارەبوونەوەی خۆپیشاندانەکان زۆرە و دیار نییە کۆماری ئیسلامی بتوانێ دووبارە لێی دەرباز بێت