کورد وەک یاریکەری سەرەکی و بێ دەوڵەت….

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە قەیراناویترین ناوچەکانی جیهان. دوای شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی، کۆمەڵێک کێشە و گرفتی زۆر ئەم ناوچەیەی گرتووەتەوە و تێیدا سەریان هەڵداوە. تا ئێستاش ئەم کێشانە بەردەوامن و هەر ڕۆژە خۆیان بە شێوەیەکی نوێ لە ناوچەکە دەبینێتەوە.
هۆکاری قەیرانی ئەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکار:
یەکەم: بە هۆی گەمەی ئەکتەرە سیاسی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانەوە لە ناوچەکە.
دووەم: بە هۆی ژێرخانی ئابووری و بە تایبەتی بوونی زێڕی ڕەش، واتە “نەوت”. لە کۆنەوە چاوی وڵاتە زلهێزەکانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەو وڵاتانە هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە ناوچەکە، و بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی خاکەکەیان نەوتی زۆری هەیە، هەمیشە لە ژێر چاودێری خۆیاندا بێت. وەک کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی سەیری ئەم وڵاتانە دەکەن، بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو کە نەوتی خاوی زۆریان هەیە.
بە هۆی ئەو کێشە و گرفتانەی دروست دەکرێت، هەمیشە شەڕ و ئاڵۆزی تێدایە. ڕۆژێک شتێک بە ناوی “داعش”، ڕۆژێکی دیکە “ئەلقاعیدە”، و ڕۆژێکی دیکە “حەماس و حزبوڵڵا” و… کە هەموو ئەمانە بە پشتیوانی وڵاتە زلهێز و ناوچەییەکان دروست دەکرێن و پشتیوانیان لێدەکرێت. ئەمانە تەنها بۆ ئەوەیە کە وڵاتەکان قازانجی زیاتریان لەم ناوچەیە دەستکەوێت.
وڵاتانێک وەک رژیمی ئیسڵامی ئێران تەنها بۆ ئەوەی کێشە و شەڕ لە خۆیان دوور بخەنەوە و ئامانجی ئایینی خۆیان لە ناوچەکە بگرن، ساڵانە میلیاردها دۆلار بۆ ئەو دۆخەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەرج دەکەن. خەڵکی خۆشیان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ هەژارتر و وڵاتەکەشیان کاولتر دەبێت. دەبێت ئەوە بڵێم کە ئێستا ئێران بەرەو سۆمالی بوون دەڕوات.
لەلایەکی دیکەشەوە، وڵاتە زلهێزەکان چی چەک و چۆڵی کۆنیان هەیە، لە ناوچەکە بە نرخێکی گران دەفرۆشن. ئەم ناوچەیە بەرەو لێکترازان و لەناوچوونێکی ئەبەدی دەچێت. بە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناش دۆخەکە سەد قات خراپتر بووە و دەبێت.
کێشەی نەتەوەی کورد
کێشەیەکی گەورە و گرنگ کە لەم ناوچەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، کێشەی نەتەوەی کوردە. وەک گەورەترین نەتەوە لە ناوچەکە، بە زیاتر لە ٤٠ میلیۆن کەسەوە، تا ئێستاش خاوەن کیان و دەوڵەتی خۆی نییە. گەورەترین نەتەوەی جیهانە کە دەوڵەتی خۆی نییە. ئەمەش یەکێکە لەو کێشانەی کە هەرگیز ڕێگە نادات ئەم ناوچەیە ڕووی ئاسایش بە خۆیەوە ببینێت.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەکوو بەشێک لە نیزامی نێونەتەوەیی، لە ژێر یاسا و ڕێساکانی جیهانیدایە. هەرچەندە دوای شەڕی یەکەم و بە تایبەتی دووەمی جیهانی، کۆلۆنیەکان نەمان، بەڵام هەروا کە لەسەرەوەش ئاماژەم پێکردووە، بە هۆی بوونی نەوت و دروستبوونی کیانێک بۆ جولەکە “ئیسرائیل”، ڕۆژئاوا توانیویەتی سەیتەرەی خۆی لە ناوچەکە بهێڵێتەوە و وەک حاکمی یەکەمی ناوچەکە لە زۆر شوێن حوکم بکات.
“ئیسرائیل”یش لە ساڵی ١٩٤٨ تا ساڵی ١٩٩٦ توانی ٦٥ میلیارد دۆلار یارمەتی لە ئەمریکا وەربگرێت. ئەمەش دەتوانێت بۆ دروستکردنی دەوڵەت یارمەتیدەر بێت. هەرچەندە بەو ڕادەیەی یارمەتی زۆرەی کە ئەمریکا کردووی، “ئیسرائیل” هەرگیز گوێڕایەڵی تەواوی ئەمریکا نەبووە و زۆر جار بە بێ گوێدان بە سیاسەتی ئەمریکا کاری خۆی بردووەتە پێشەوە. بۆ نموونە، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ناوکییەکانی “ئەتۆمی” وڵاتی ئێراق و درێژەدان بە دروستکردنی خانووسازی لە بەرزاییەکانی جەولان و زۆر شتی دیکە. توانیویەتی بە شێوەیەک لە شێوەکان سەربەخۆیی خۆی ڕابگرێت. ئێستا وڵاتی ئیسرائیل بووە بە دەوڵەتێک کە خاوەنی زیاتر لە سەد کڵاوکەی ناوکییە.
دۆخی کوردستان
بەڵام دۆخەکە لە کوردستان هەر بەو شێوە کۆنەکەی خۆی لە ناوچەکە ماوەتەوە. تەنها کیانێکی نیمچە ئازادی هەیە کە ئەویش توشی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی زۆرە. وڵاتە زلهێزەکان وەک ئەمریکا گرنگی بەو دەسەڵاتە کوردیە نەداوە و نادەن.
لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، کاتێک عەرەب و ڕژیمی ئێران جارێکی دیکە هێرش دەکەنەوە سەر کوردستان و بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان داگیر دەکەن، کورد نە تەنها دۆست نییە، بەڵکوو لە ناو ماڵی خۆشیدا چەند لەتکە و پارچە بووە. زۆر بە ئاسانی بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان، بە تایبەتی شاری کەرکوک کە بە دڵی کوردستان ناسراوە، لە دەست دەدەن. ئەمە شارۆچکەی نەوتی کوردستانە. لەوێشەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستان شاری عەفرین لە دەست دەدەن کە ئەویش ڕێگای کوردستانە بۆ دەریای ئازاد.
بەداخەوە، نە کورد بە دەریای ئازاد گەیشت و نە یتوانی کەرکوک ڕابگرێت. کورد نە تەنها وەک ئیسرائیل نەیتوانی دەوڵەتێک بۆ خۆی دامەزرێنێت، بەڵکوو پاشەکشەی زۆریشی کرد لە داخوازییەکانی خۆی. ئەمەش بۆ چەندین فاکتەر دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان نەبوونی پشتیوانیەک وەک ئەمریکایە. ئەوەی وڵاتی ئەمریکا بۆ جولەکە کردی، بە دڵنیاییەوە بۆ کوردستانی نەکردووە. ئەو گرنگیەی جولەکە بۆ ئەمریکا هەیەتی، کورد بۆ ئەو وڵاتەی نییە.
ئێمە بە ڕوونی ڕووداوەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و باشوورمان دی کە ئەمریکا چۆن پشتی چووڵکردین لە بەرامبەر وڵاتی تورکیە و ئێران و ئێراق و…
ئەنجام
لە کۆتاییدا دەبێت بڵێم، سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە زلهێزەکان لە ناوچەکە تەنها دوو شت زیاتر ڕەچاو دەکات کە بریتیین لە پاراستنی ئیسرائیل و کۆنتڕۆڵکردنی نەوت و هەناردەکردنی ئەو لە ناو بازاڕەکانی جیهان. کورد نە تەنها بۆ ئەوان گرنگ نییە، بەڵکوو تەنها بۆ کارتی گوشار بە دژی دەسەڵاتی ناوەند کەڵک لێ وەردەگرن و زۆر بە ئاسانیش پشتی بەر دەدەن، وەک ئەوەی لە کەرکوک و عەفرین ڕوویدا.
لە ڕاستیدا، ئەگەر کورد بیتوانیبا شاری عەفرین و دەورەبەری ڕابگرێت و دەستی بە دەریای ئازاد بگات، هەروەها شاری کەرکووکی لە دەست نەدابا و ناوماڵی خۆی ڕێکبخستبا و یەکدەست هاتبایە مەیدان، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆ کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە دەبوو بە خاوەنی کیان و دەوڵەتی خۆی.