کـــۆمەڵە ڵانکەی شۆرش لە کوردستان ….!

✍عەزیز ئاجیکەند

زیاتر لە نیو سەدە لە مەوەبەرو لە وەها رۆژانێکدا و لەشارێکی گەورە و پڕ لە حەشیمەتی وەک تاران و لە قووژبنی یەکێک لە ژوورەکانی زانکۆیەکی ئەو شارە، چەن لاوێکی خوێندکاری کوردی دڵ پڕهیوای نارازی، بە شێوەیەکی نەهینی و بەدور لە چاوی ساواک، بەردی بناغەی ڕێکخراوێکی سۆسیالیستیان یان دانا . ئەم ڕێکخراوەیە هەر زۆر بە زوویی هەنگاوە سەرەتاییەکانی خۆی لە هەناوی کۆمەڵگا، نایە پشت سەرو لە کورت ماوەدا توانی شەتڵی خۆشەویستی خۆی لە ناو جەماوەری ناڕازی ئەو سەردەمدا بڕوێنێ و هەنگاوەکانی دیکەی خەباتی خۆی بۆ پێش خستنی ئامانجەکانی خۆی بەرێتە پێش.

ڕێکخراوی تازە پێکهاتوو کە دواتر بە ناوی کۆمەڵە درێژە بەکارو چاڵاکیی خۆیدا، سەرەڕای سەرکووتی زۆرو بگرەو بەردەو زیندان و ئەشکەنجەو کەشی پۆلیسی داسەپاوی ساواک و نیزامی داپلۆسینەری ڕژیمە خوێنمژەکەی حەمە رەزاشای پەهڵەوی ، دوای ٩ ساڵ بوو بە رێنیشاندەرو  ڕچەشکێنی خەباتێکی بەرینی کۆمەڵایەتی لە هەموو کەلێن و قووژبنی کوردوستان و دامەزرێنەرانیشی بوون بە ڕیبەری ئەو خەباتە و زمانی ئاگرینی شۆرشی نۆی لە کوردوستان. شکڵ گرتنی کــۆمەڵە و خۆشەویستی و خاکی بوونی دامەزڕینەرانی هەر لە کورت ماوەدا بوو بە مـــوژدە بەخشی دەستپێکی قۆناغیکی نوێی خەبات لەو سەردەمی بزوتنەوەی کوردوستاندا .

شکڵ گرتنی کـــۆمـــەڵـــە

ڕێکخراوی تازە پێکهاتوو کە لە ناو جەماوەردا بە ناوی ” کـــۆمـــەڵـــە “خۆی پێناسە دەکرت ، لە ناخی بارودۆخێکی تایبەتدا شکڵ دەگرێ. بارودۆخێک کە لەگەڵ زاڵ بوونی مناسباتی سەرمایەداری لەو سەردەم  و لێک هەڵوەشانی نیزامی دەرەبەگایەتی و کەوتنە ڕێی زەحمەتکێشان لە دێهاتەکانەوە بەرەو شارەکانی ئێران و گەشە کردنی چەندایەتی چینی کڕێکار، دیاری دەکرێت. گەشە کردنی ئەم چینە کۆمەڵایەتیە و جێگیر بوونیان لە شارەکاندا ڕواڵەتی سیاسی کۆمەڵگای گۆڕی. ئەم رەوتە هەموو مەسەلە کۆمەڵایەتیەکانی خستە ژێر کاریگەری و کۆمەڵێک کێشمەکێشی نوێی لە سەرجەم ئاستەکانی کۆمەڵگادا بەدی هێنا، کێشمە کێشی کرێکاران لەگەڵ سەرمایەداران لەسەر حەیاتیترین مەسەلەکان، لەسەر سەرەتایی ترین مافەکانیان، لەسەر نەفسی ژیان بەسەر بردن، لەسەر چلۆنایەتی دابین کردنی نان و جل و بەرگ، سەبارەت بە حەسانەوە و بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی ژیانێکی شایستەی ئینسانی. ئاوا کێشمە کێشێکی بەرین و کۆمەڵایەتی کە لە شار و دێهاتەکاندا لە ئارادا بوو، وڵامی شۆڕشگێڕانەی خۆی و خەباتێکی نوێی پێویست بوو. هەستە و شانە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە و ئەو روناکبیرە شۆڕشگێڕانەی کە لەو سەردەمەدا، سەبارەت بە مەسایلی کرێکاران و زەحمەتکێشان ئێحساسی هاودڵی و بەرپرسیاریەتییان دەکرد؛ هەوڵیاندا تا وڵام بەم نیازانەی خەبات و تێکۆشانی ئەم دەورەیە بدەنەوە.

کەم نەبوون ئەو کادرانەی کۆمەڵە کە کاروانەکانی کرێکارانی کوردستانیان تا مەعدەنەکانی سمنان و دامغان، تا بەندەرەکانی بەندەر عەباس، ئەهواز و ئابادان، تا کرمان و ڕەفسەنجان، تا تاران و ئیسفەهان بەڕێ دەکرد و شان بە شانی ئەوان کاریان دەکرد و لە نێویاندا تۆوی وشیاریان دەچاند، ئەوانیان لەگەڵ ڕەنج و ئازار و موسیبەتەکانی دنیای سەرمایەداری، و ڕێگای ڕزگار بوون لە ستەم و چەوسانەوە ئاشنا دەکرد؛ مانگرتن و خەباتیانیان ڕیکدەخست و ڕێبەریان دەکرد.

هەر بە هۆی ئەم چاڵاکی و هەڵسوراوانە بوو کە دەزگای ساواک کەوتە شۆین پێی رێبەران و کادرو چاڵاکانی کۆمەڵە لە هەموو گۆشەو کەناری ئێران. دەزگای ساواکی حکوومەتی پە‌هلەوەی سەرەڕای دەستبەسەر کردنی بەشێکی بەرچاو لە ڕێبەران و کادر و هەڵسووراوانی کۆمەڵە نەتەنیا نەیتوانی دەستی بە هیچ نهێنی و پێوەندییەک ڕابگا، بەڵکوو تەنانەت نەیتوانی ببێتە بەربەست و رێگر لەسەر رێگای چالاکی و گەشە و باڵاکردنی ئەم رەوتە تازەدامەزراوە. هاورێیانی کۆمەڵە لە زیندان لەگەڵ روانگە و بیرورای چریکە فیداییەکان و سیاسەتی سازشکارانە و خۆبەستەوەدەری توودەییەکان لە ململانێدا بوون و، لە قارەمانەکانی خۆراگریی نێو زیندان بوون. لە دەرەوەی زیندانیش بە روانگەیەکی رەخنەگرانەوە دەیانروانییە تۆێژی پێشووتری تێکۆشەرانی کورد و ڕێبازی زاڵی ئەو کاتی بزووتنەوەی کوردستانیان هەڵدەسەنگاند و لە بزووتنەوەی کوردستاندا هەڵگری پەیامێکی نوێ بوون. خوازیاری یەکسانی و بەرامبەری نێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەکاندا بوون و لەسەر پێویستیی ڕزگاریی چەوساوەکان و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان و، لەسەر ماف و سەنگی جەماوەری خەڵک بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگا لە شار و دێهات پێداگر بوون.

 

گرتنی یەکەم کۆنگرە

لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧ دا کادرەکان و هەڵسوڕاوانی نێو ڕیزی کۆمەڵە لەنێو زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادی خوازدا، ببوونە سیمای ناسراو و پێشڕەو و جێی متمانەی خەڵکی ڕاپەڕیو و ڕێبەری خەباتی جەماوەری لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان. کۆمەڵە وڵامدانەوە بەو بابەتە نوێ کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ وە هاتبوونە گۆڕێ، یەکەم کۆنگرەی سازمانیی خۆی لە پاییزی ساڵی ١٣٥٧ دا  گرت. هەرچەند دیکتاتۆڕی ڕژیمی شا دەرفەتی ئامادەکاری سیاسی و تەشکیلاتی پێویستی بۆ وڵام دانەوە بە مەسەلەکانی ئەو دەورەیە بە کۆمەڵە نەدا بوو، بەڵام کۆمەڵە لێبڕاوانە بڕیاریدا کە بە هەموو توانایەوە خەباتی جەماوەری لە کوردستان لە ڕاستای بەرژەوەندیی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا بەرێتە پێش.

ئاشکرا بوونی هەڵسوورانی کۆمەڵە

کۆمەڵە دوای ٩ ساڵ و چەند مانگ هەڵسوڕانی نهێنی، بەدوای گیانبەختکردنی هاوڕێ حەمە حسێنی کەریمی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە کە لە گەرماو گەرمی ڕاپەڕین و ئاخێزی خەڵکی ئێراندا لەدژی ڕژیم شا، لە ڕیزی پێشەوەی خەڵکی ڕاپەڕیو و شۆڕشگێڕی شاری سەقز لە رۆژی ٢٣ ی مانگی ڕێبەندان کاتێک هێرشیان کردە سەر شارەوانی ئەم شارە کرایە ئامانجی گوللەی بەکرێگیراوانی ڕژیمی شا و رۆژی ٢٦ ی ڕێبەندان بە دڵێکی پڕ لە ئەوین بە ڕزگاری کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە گیانی بەخت کرد، بە ڕەسمی هەڵسووڕانی ئاشکرای خۆی دەست پێکرد. ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کۆمەڵە بۆ جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان، کۆمەڵێک سیمای نەناسراو نەبوون. ئەوان هەمان یارانی قەدیمی ئەوان، تێکۆشەرانی خۆڕاگری زیندانەکانی ڕژیمی شا، هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کرێکاری و جوتیارییەکان، ڕێبەرانی خاوەن پێگەی جەماوەری خەڵک و ڕێبەرانی خەباتی دەورانی ڕاپەرین و شۆڕشەکەیان بوون.

کۆمەڵە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ بە ڕێکخستنی خەباتێکی گشتی و جەماوەری و ڕێبەری کردنی بزوتنەوەی خۆڕاگری لە بەرانبەر هێرشی دژی ئینقلابی کۆماری ئیسلامیدا، و هەروەها خۆڕاگری لێبڕاوانە لە بەرانبەر کۆنەپەرستانی ناوچەیی، بەرگری لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی زۆر لێکراوی کۆمەڵگەی کردە ئەولەویەتی کاری خۆی. ئەوەی کە دوای ڕاپەڕین چارەنووسی ئەم تەشکیلاتەی بە چارەنووسی بە ملیۆن ئینسانی زۆر لێکراو و تینوی ڕزگاریەوە گرێدا، خۆڕاگری کۆمەڵە بوو لە بەرانبەر دوژمنانی ڕەنگاو ڕەنگ و دۆستانی ڕیاکار و درۆینەی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا. داکۆکی لە جوتیاران لە بەرانبەر مالیکەکاندا، بەرگری لە زەحمەتکێشانی دێهاتەکان بۆ مسادرە کردنی زەویەکان، بەرگری لە ژنان لە بەرانبەر کۆنەپەرستی حاکم و فەرهەنگ و سوننەتی کۆنی پیاومەزن، بەرگری لە کرێکاران لە بەرانبەر سەرمایەداران، بەرگری لە بوونی چەک بە دەست خەڵکەوە و هەوڵدان بۆ چەکدارکردنی زەحمەتکێشان بۆ بەرگری لە خۆیان، پێکهێنانی هەموو جۆرە تەشەکول و جەمعیەت و ئیتیحادیەکی جوتیاران، شورای ژنان و خوێندکاران، و لە هەمان حاڵدا هەوڵدان بۆ هێنانە مەیدانی بەرین و بەربڵاوی جەماوەری خەڵک لە بەرانبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا کە لە ٢٨ ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ دا بە لەشکەر کێشیەکی سەرتاسەری بەکردەوە دەرهات. ڕێکخستنی حەرەکەتێکی جەماوەری گەورەی وەک کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان و سازماندانی باقی خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکان کە هێمای دەخاڵەت دانی ڕاستەوخۆی خەڵک بوون لە مەیدانی خەباتی سیاسیدا، بوونە هۆی ئەوەی کۆمەڵە بتوانێ دوای هێرشی نیزامی ڕژیمی ئیسلامیش ئاڵاهەڵگری خۆڕاگری جەماوەری و چەکدارانەی خەڵکی کوردستان بێت لە بەرانبەر داگیرکاری و سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدا.

کۆمەڵە پێشەنگی خەباتە جەماوەری و مەدەنییەکانی ئەو کاتی کوردستان بوو و ڕابەرایەتی  ڕووداو و پێشهاتە گرینگە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکانی کرد و ناوەرۆک و سیمایەکی نوێ و پێشکەوتنخوازانەی بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بەخشی. گەلێک شانۆی پرشکۆی خۆڕاگریی جەماوەری وەک “کۆچی مێژووی مەریوان”، مانگرتنی خەڵکی سنە، رێپێوانی خەڵکی سنە بەرەو مەریوان، گرتن و داخستنی جادەی نێوان کرماشان بۆ سنە لە لەشکری ئەرتەش لە رێگای دروستکردنی بەربەستی مرۆیی، خەبات و بەربەرەکانێی سیاسی بەرامبەر بە رەوتی بنیادگەرای ئیسلامی و پاشەکشەپێکردنیان لە هەموو شار و دێهاتی کوردستان، بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی شار و دێهات بە بەشداری جەماوەری خەڵک و پێکهێنانی شووراکانی شار و لادێ، ڕێکخستن و سازدانی خۆڕاگریی چەکدارانە لە هەموو کوردستان بەرامبەر بە لەشکرکێشی و پەلاماری چەکدارانەی ئەرتەش و پاسدارانی ئیسلامی بۆسەر کوردستان، هەموو ئەوانە لایەن وروخساری مرۆیی و ئینسانی، جەماوەری، پێشکەوتنخوازانە و ئەمرۆیی و ئازادیخوازانەی بزووتنەوەی کوردستانیان بەرامبەر بە شەپۆلی تاریک پەرستیی ئیسلامی کە ئەوکات باڵی بەسەر باقی ناوچەکانی ئێراندا کێشابوو، بە شێوەیەکی ڕوون وبەرچاو بەرجەستە کردەوە.

ژنان بە هیمەتی کۆمەڵە، مەیدانەکانی خەباتی چەوساوان لە کوردوستان ئاوەدان دەکەنەوە

دروشمی زۆر بەجێ و ژیرانەی کۆمەڵە وەک ئامانجی راستەقینەی ئەو ڕێکخراوەیە، داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان و بەشداری دانی ئەوان لە خەباتێکدا بوو کە تییدا دەبوو ژنانیش بەشدار بن. ژنانیش دەبوو بێجیاوازی بۆ دەستەبەر کردنی ئاوات و خۆزگەکانیان خەبات کەن و توانایی و هێزی لەبن نەهاتووی خۆێان بێننە مەیدان و بە هەمووانی نیشان بەن .

سیاسه‌تی‌ کۆمەڵە بۆ چەکدار کردن و ڕێگەخۆشکردن بۆ پەیوەستبوونی ژنان بە ڕیزەکانی شۆرش به‌ هیمه‌تی خودی ژنان شکلی گرت. سادق بوون و خۆشەویستی و چاڵاک بوونی هەلسواراوانی کۆمەلە لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتی بۆ مسۆگەر کردنی مافەکانی ژنان و جێگر کردنی لە کوردوستاندا، سرنجی ژنانیشی بۆ ئەم بەشە لە خەبات ڕاکێشابوو. ژنانی ئازار چێشتوو ، خۆزگە و ئاواتی خۆیان لە ناو رێبازی ” کۆمەڵە” دا  دەدیتەوەو کۆمەڵەیان بە هی خۆێان دەزانی .

ژنانێک كه‌ سووكایه‌تی و نایه‌كسانیان له‌ ژیانی خۆیاندا ته‌جروبه‌ كردبوو  له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی ٥٧دا مه‌جالیان بۆ خولقا‌ و توانیان ئیراده‌ی خۆیان نیشان بده‌ن و به‌هیمه‌تی خۆیان جێگای خۆیان له‌ هه‌موو بوارێكدا كرده‌وه‌ و کۆمەلەش ئەو سەنگەرو مەیدانە بوو کە ژنان دەیان توانی تییدا ڕۆڵ بگێرن و  تواناییەکانی خۆیانی تێیدا نیشان بدەن .لە لایەکی تریشەوە کۆمەڵە دەیهەویست کە لە هەموو توێژو لایەنەکانی کۆمەڵگادا، ڕەچەشکێنی خەباتیکی نۆی لە سەردەمی خۆیدا بێت و خۆی زیاتر لەوی کە هەیە ، کۆمەلایەتی ترو جەماوەریتر کاتەوە.

ساڵی ١٣٦١ بۆ یەكەمجار لە هەر چوار پارچەی كوردستان چەغماغەی بەشداری ژنان لە شۆرش و بەدەستەوەگرتنی چەکی بەرخۆدان  لە لایەن کۆمەڵەوە  لێدرا. یەكەم دەستەی پێشمەرگەی ژنان لە كۆمەڵەدا چەكدار کران و ئیتر ژنان لە ڕیزی پێشەوە هاتنە مەیدانی خەبات و بەرخۆدان. ئەم ڕووداوە مێژووییە بۆ یەكەمجار بوو لە كوردستان ڕووی دەدا و تابوویەكی ئەو سەردەمە بوو كە بە دەستی كۆمەڵە و ژنانی ئازادیخواز شكا. چەكدار بوونی ژنان ئەو مەدالیایە كە هەتا هەتایە لە ملی كۆمەڵەدا ئەدرەوشێتەوە و بۆ هەمیشە بوو بە ماییەی شانازی کۆمەڵە وەک تاقە حیزبی پێشکەوتوی  ڵایەنگری مافەکانی ژنان لە کوردستان .

 

نابێ لە بیریشمان بچێتەوە کە ئەم هەوڵەی کۆمەڵە بۆ چەکدار کردنی ژنان ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ چه‌كیان كردبێتە شان و به‌ شه‌ڕ بێن له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی، به‌ڵكوو ئه‌وان بە هیمەتی کۆمەلە چه‌كیان كرده‌ شانیان بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بده‌ن كه‌‌ په‌یامی  یه‌كسانیان بۆ كۆمه‌لگای كوردستان پێیه‌. ژنانی ناو ریزەکانی کۆمەلە  هێوا و بروا به‌ خۆیان له‌ ناخی هه‌زاران ژنی كوردستاندا زیندوو كرده‌وه‌. به‌ هه‌زاران ژن له‌ كوردستان كه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی خۆیان له‌ ژێر گوشاری ڕوانینی کۆنی سوونه‌تی ئازاریان دەچەشت، سوكایه‌تیان پێده‌كرا و ناڕازیی بوون، هانایان بۆ پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ ده‌هێنا، به‌و جۆره‌ پاشه‌كه‌شه‌یان به‌ برا و باوك و كه‌س و كاری ده‌مارگرژی خۆیان ده‌كرد. ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ژنانێك كه‌ له‌ ژێر زه‌ختی سونه‌تی دواكه‌وتووی كۆمه‌ڵگادا  بوون، هاتنه‌ ناو ڕیزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌. سه‌ره‌رای ئه‌مانه‌ ژنان له‌ ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌دا به‌ دوو قاتی پیاوان زیاتر زه‌حمه‌تیان كێشا، ئازاریان دی تا توانیان جێگه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه‌.  ته‌نانه‌ت ئه‌وان له‌ شه‌ڕه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بده‌ن هیچیان له‌ پیاوه‌كان كه‌متر نییه‌ زۆرتر فیداكاریان ده‌كرد. ئەم روداوە گرنگە و ئەم حەرەکەتە ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بوو كه‌ به‌ ناوی كۆمه‌ڵه‌‌ و به‌ ناوی ژنانی سوسیالیست و تێكۆشه‌رانی یەکسانیخوازی ژن له‌ كوردستان تۆمار كرا.

کۆمەڵە بە ڕێکخستنی خەباتێکی گشتی و جەماوەری و ڕێبەری کردنی بزوتنەوەی خۆڕاگری لە بەرانبەر هێرشی دژی ئینقلابی کۆماری ئیسلامیدا، و هەروەها خۆڕاگری لێبڕاوانە لە بەرانبەر کۆنەپەرستانی ناوچەیی، دیفاع لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی زۆر لێکراوی کۆمەڵگەی کردە ئەولەویەتی کاری خۆی. ئەوەی کە دوای ڕاپەڕین چارەنووسی ئەم تەشکیلاتەی بە چارەنووسی بە ملیۆن ئینسانی زۆر لێکراو و تینوی ڕزگاریەوە گرێدا، خۆڕاگری کۆمەڵە بوو لە بەرانبەر دوژمنانی ڕەنگاو ڕەنگ و دۆستانی ڕیاکار و درۆینەی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا. داکۆکی لە جوتیاران لە بەرانبەر مالیکەکاندا، دیفاع لە زەحمەتکێشانی دێهاتەکان بۆ مسادرە کردنی زەویەکان، دیفاع لە ژنان لە بەرانبەر کۆنەپەرستی حاکم و فەرهەنگ و سوننەتی کۆنی پیاوسالارانە، دیفاع لە کرێکاران لە بەرانبەر سەرمایەداران، دیفاع لە بە چەکدار مانەوی خەڵک و هەوڵدان بۆ چەکدار کردنی زەحمەتکێشان، پێکهێنانی هەموو جۆرە تەشەکول و جەمعیەت و ئیتیحادیەکی جوتیاران، شوڕای ژنان و قوتابیان، و لە هەمانحاڵدا هەوڵدان بۆ هێنانە مەیدانی بەرین و بەربڵاوی جەماوەری خەڵک لە بەرانبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا کە لە ٢٨ ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ دا بە لەشکر کێشیەکی سەرتاسەری بەکردەوە دەرهات. ڕێکخستنی حەرەکەتێکی جەماوەری گەورەی وەک کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان و سازماندانی باقی خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکان کە هێمای دەخاڵەت دانی ڕاستەوخۆی خەڵک بوون لە مەیدانی خەباتی سیاسیدا، بوونە هۆی ئەوەی کۆمەڵە بتوانێ دوای هێرشی نیزامی ڕژیمی ئیسلامیش ئاڵاهەڵگری خۆڕاگری جەماوەری و چەکدارانەی خەڵکی کوردستان بێت لە بەرانبەر داگیرکاری و سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدا.

کۆمەڵە لە ماوەی ژیانی خەباتگێرانەیدا توانیویەتی کە ئەم دەستەکەوتانە بەدەست بێنێ و بە لێبڕاوی هەرچی زیاترەوە بیانپارێزێ. کۆمەڵە هاوڕێ و هاوشان لەگەڵ  جەماوەری خەڵکی ماف خوازی کوردستان ئەم ڕێگایە تا کۆتایی و تا گەیشتن بە سبەی رۆژی سەرکەوتن بە سەربەرزیەوە درێژە پێئەدات. ئەوەیە ڕەمزی خۆشەویستی کۆمەڵە .

هەر بژی کۆمەڵە

شەکاوە بێ ئاڵای سوری شۆرشی بێبەشان …..