ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی هێمۆفۆبیا

✍سولماز دروودی

ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی ڕۆژی حەڤدەی مانگی مەی  ساڵی 1990  هاوڕەگەزخوازیی کە تا ئەوکات وەک نەخۆشییەکی دەروونی ناسێندرابوو، لە لیستی نەخۆشییەکان لابرد. ئەو رۆژە وەکوو رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی هۆمۆفۆبیا دیاریکراوە بۆ ئەوەی زانیاری و وشیاری دەربارەی lgbtq و مافەکانی خانەوادەی پەلکەزێڕینە بڵاو ببێتەوە.

هۆمۆفۆبیا بریتیە لە ڕەفتاری نامرۆڤانە، جیاکاری، هەڵاواردن، دوور خستنە و توندوتیژی کردن بەرامبەر بە ئەو تاکانەی کە خۆیان لە دەرەوەی پێناسەی باوی جینسی و جینسییەتی و خۆشەویستیی کۆمەڵگا دەبیننەوە، ئەو پێناسەیە وا کۆمەڵگای بە دوو ڕەگەزی “ژن” و “پیاو” دابەش کردووە و پەیوەندی نێوان ئەو دوو رەگەزە بە تەنیا پەیوەندیی سروشتی پێناسە دەکا و بە پیرۆزی دەزانێ.

پیرۆزکردنی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو بووەتە هۆی دروستبوونی فۆبیا (ترس)  بەرامبەر بە کەسانێک کە هەست و مەیلیان بەرامبەر بە ڕەگەزی خۆیان هەیە و هەر ئەو فۆبیایە دەبێتە هۆی دروستبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە کوڕێک کە حەز و خۆشەویستی بۆ کوڕێک هەیە یان کچێک بەرامبەر بە کچێک. ئەوین ئەوینە جا چ لە نێوان ژن و پیاو، پیاو و پیاو و ژن و ژن بێت. کەسانێکیش هەن کە دوو رەگەزخوازن. هیچ کام لەمانە ناسروشتی نیین و مەترسی نین بۆ سەر سروشت و داهاتووی مرۆڤایەتی.

کە دەگەڕێتەوە سەر ترانس جەندەرەکان و دۆخی ئەوان زۆرجار باسی ئەوە دەکرێت کە چۆن دەبێ کەسێک ڕەگەزی خۆی بگۆڕێت؟ مەسەلەکە رەگەز گۆڕین نییە بەڵکوو کەسێک لە جەستەیەکی جیاواز لەدایکبووە و پێویستە جەستەی لەگەڵ هەست و مەیلی هاوتەریب بکرێت.

ئەو کەسانەی کە هەڵگری بیری چەقبەستوو و نەگۆڕن بە پشتیوانیی یاسایەک کە بنەماکەی دینە زۆرتر دژایەتی ئازادی خۆ پێناسەکردنی تاکەکان و دەربڕینی مەیلی جنسیان دەکەن.

توندوتیژی و دوورخستنەوە و هەڵاواردن بەرانبەر بەو تاکانەی لە چوارچێوەی پێناسەی باوی کۆمەڵگا خۆیان نابیننەوە کە جاری وایە دەگاتە ئاستی زیندانی و کوشتن، دەبێتە هۆی ئەوەی کە خانەوادەی پەلکەزێڕینە لە دەربڕین و دەرخستنی خۆیان سڵ بکەنەوە.

بۆ ئەوەی یەکسانی ببێتە بەشێک لە ڕوانین و بیر و تێگەیشتنی ئینسان تەنها پێویستە وابیربکرێتەوە کە ئینسانەکان لەگەڵ ئەوەی جیاوازن (جا لە باری جنسییەتی, ئیتنیکی و هتد…) مافی یەکسانیان هەیە و سەرەڕای ئەوەی لەیەک ناچن دەبێ یەکسان بن بەرانبەر بە یاسا و دەرفەتی پێشکەوتن و ژیانی یەکسانیان هەبێ.  ئەمە خاڵی دەسپێکی فیکرییە بۆ هەوڵ بەرەو کۆمەڵگایەکی دوور لە هەڵاواردن و ستەم. هەوڵ بۆ گۆڕینی نۆرمەکانی کۆمەڵگا کە دەسەڵات و ڕوانینی باوکسالارانە جێگیریانی کردووە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان.