ڕۆژئاوا یەکەم سەنگەری بەرگری لە دەسکەوتەکانی کورد

✍هەژار وەلیزادە

پلانێک هەیە لە لایەن هەر چوار دەوڵەتە داگيرکەری کوردستانەوە کە بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت، ئەويش هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی پێگە و دەسەڵاتی کورد لە ناوچەکەدا. خەباتی کورد لە ئێستادا تا رادەیەک دوو دەستکەوتی هەیە، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا. فشارەکانی عێراق بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، مووشەکەکانی ئێران و ئۆپراسيۆنەکانی تورکيە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە پاساوی نەوت ، پەکەکە ، ئیسرائیل و… تەنيا بۆ زیاتر لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە وەک سەرەتایەک بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکانی کورد. هاوکات ئۆپراسيۆنەکانی تورکيە بۆ رۆژئاوا و ناچارکردنی رۆژئاوا بۆ پەنا بردن بۆ سووريە و ئێران و ڕووسيە، تەنيا یەک مانای هەیە، ئەويش هەوڵ بۆ لەناوبردنی ئەزموونی رۆژئاوا. چون بە لەناو بردنی دەسەڵاتی کوردی لە رۆژئاوا تۆقی هەرێمی کوردستانیش دەدرێت بە گوشاری ئابووری و گەمارۆدان و دەکەوێتە مەترسییەوە. داگیرکەران باش دەزانن کە لە ئێستادا رۆژئاوا یەکەم سەنگەری بەرگری کوردە بۆ مانەوەی کورد وەک قەوارەیەکی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

لە  ساڵی٢٠١٦ زاینییەوە تورکيە چوار ئۆپراسيۆنی سەربازی ئەنجامداوە دژ بە کوردستانی ڕۆژئاوا. بە پێی پیلانی تورکیە لایەنی کەم دوو ئۆپراسيۆنی تری ماوە کە ئەنجامی بدات. لەم چەن هەفتە و مانگەدا ئەنجامدانی پێنجەم ئۆپراسيۆن ئەگەرێکی نزيکە. چەن هۆکارێک هەیە بۆ دەستپێکی  ئەم ئۆپراسيۆنە لە دۆخی ئێستادا، گرنگترينەکانیان:

١_تورکيە نەگەيشتووە بە هەموو ئامانجەکانی لە ڕۆژئاوا تا ئێستا، بۆیە تا گەيشتن بە ئامانجەکانی، ئەنجامدانی ئۆپراسيۆنی سەربازی هەميشە ئەگەرێکی سەرمیزیانە. ئەم ئۆپراسيۆنە درێژکراوەی ئۆپراسيۆنەکانی پێشترن، واتە هەموویان سەر بە یەک پلانن.

٢_ لە ئێستا پێگەی دیپلۆماسی تورکيە بە هۆی شەڕی ڕووسيە و ئۆکڕاینەوە گرنگتر و کاريگەرترە، ناتۆ دەيەوێت پارێزگاری لە یەکگرتووی ئەندامانی بکات لەم کاتەدا. هەر وەها کەيسی بە ئەندامبوونی فێنلاند  وسوئيد لە ناتۆ و ڕازيبوونی ئەردۆغان بەو پرسە، تا ڕادەیەکی کەم گرنگی داوە بە پێگەی تورکیە و گوێ گرتن لە خواستەکانی ئەردۆغان.

٣_بە هۆی جەنگی ڕووسيە و ئۆكراینەوە، ڕووسيە هەندێ ناوچەی بەجێ هێشتووە لە سووريە و تەرکيزی سەرەکی لەسەر دۆخی شەڕ لە ئۆکڕاینە.

٤_ ئەو بۆشاییانەی کە ڕووسيە بەجێی دەهێڵیت لە سووريە، ئێران پڕی دەکاتەوە، ئەمەش لای تورکيە دتوانێ مایەیی نيگەرانی بێت چون وەک دەزانین تورکیە و ئێران دو ڕکابەری سەرەکی و کۆنی یەکترن لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

تێگەيشتنێک هەیە لە ناو کورد، زۆر باوە و تا ڕادەیەک زۆرينە باوەڕی پێدەکەن، ئەويش ئەوەیە کە تورکيە  چاوەڕوانی چرا سەوزی ئامريکا و ڕووسيەیە بۆ هێرش کردن. ئەمە لە ڕوویەکەوە ڕاستە کە بێ گومان تورکيە دەيەوێت ڕەزامەندی ئامريکا و ڕووسيە بەدەست بهێنێت بۆ هێرشەکانی، بەڵام ئەگەر تورکيە دڵنيابێت کە هەڕەشەی جدی هەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، هەر وەها کاتەکەی گونجاوە بۆ هێرش کردن، بەڵام ئامريکا و ڕووسيە ڕازی نابن و چرا سەوزی بۆ هەڵناکەن، ئەوا تورکيە بە بێ گوێدانە ئامريکا و ڕووسيە هێرش دەکات. وەک ئەوەی لەپێشترکردی. پاشان هەڵگيرساندنی جەنگ مەرج نييە بڕيارێکی عەقلانی بێت، دەکرێت تورکيە هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوا و تووشی قەيڕان و زیانی گەورە بێت، هاوشێوەی ئەوەی ڕووسيە لە ئۆکڕاین. لەوانەیە تورکيە وا بير بکاتەوە کە نا ڕەزایەتی ئامريکا و ڕووسيە کاريگەری گەورەی نابێت، چونکە هەردوو دەوڵەت ئامادە نين لەبەر کوردانی رۆژئاوا، تورکيە لەدەست خۆیان بدەن و دژی تورکيە ڕەفتار بکەن، لەوانەیە تەنيا لە چوارچێوەی نا ڕەزایەتيەکی ئیدانە کردن و هەندێ سزای سووک بێت. تەنانەت ئەگەر تورکيە بزانێت ڕووسيە و ئامريکا هاوکاری رۆژئاوا دەکەن(ئامریکا لە منبج و ڕووسیە لە تەلرەعفەت) دژ بە تورکيە و هێزە ملیشیاکانی، ئەوا تورکيە هەر هێرش دەکات. بە کورتی کوردانی ڕۆژئاوا پێويستە دڵنيا بن، تورکيە نەک یەک جاری تر، بەڵکو دوو جار یان چەن جارێکی تر ئۆپراسيۆنی سەربازی ئەنجام دەدات، ئيتر لەم هەفتەیەدا بێت، یان مانگی داهاتوو یا ساڵی داهاتوو.

ئەوەی تورکيە لەم ئۆپراسيۆنە چاوەڕوانکراوەدا زۆر تەرکيزی لەسەرە، دوو ناوچەیە؛ ناوچەنی منبج و ناوچەی تەل رەفعەت. لە ساڵی  ٢٠١٦ زاینیەوە هەردوو ئەم ناوچەیە هەسەدە بەڕێوەی دەبات دوای دەرکردنی داعش. ئەوەی گرنگە دەبێت بيزانين، هەسەدە بە هاوکاری ئامريکا چووە ناو منبج، کەواتە منبج تا ڕادەیەک سەر بە زوونی ئامريکایە، بەڵام بە هاوکاری ڕووسيە چووە ناو تەل رەفعەتەوە، واتە تەل رەفعەت زوونی ڕووسيەیە. ئەوەش وەک کارتێکی فشار و کاردانەوەیەکی ڕووسيە بوو بەرامبەر تورکيە لە دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە ڕووسيەکە لە لایەن تورکيەوە.نئەگەر تورکيە ئەو دوو ناوچەیە داگير بکات، ئەوا کۆبانێ و هەندێ ناوچەی تری رۆژئاوا بە ئاسانتر دەگرێت، چونکە داگيرکردنی منبج، ڕێگە خۆش دەکات بۆ داگيرکردنی کۆبانێ. جگە لەوەی داگيرکردنی منبج، لە ڕووی ئابووری و لۆجيستی وسياسیەوە گورزێکی گەورە دەبێت بۆ دەسەڵاتی هەسەدە. داگيرکردنی تەل رەفعەت، واتە نەهێشتنی کاريگەری کورد لە نزيک عەفرين. ناوچەی عەفرين بە براورد بە ناوچە کوردييەکانی تر، نزيکترين ناوچەی کوردييە لە دەریای سپی ناوەڕاست، تورکيە و سووريە و ئێران زۆر مەبەستيانە کورد لەو ناوچەیەدا هيچ دەسەڵات و پێگەیەکی نەبێت.

بەگشتی ئەگەر ئەم ئۆپراسيۆنە سەرکەوتوو بێت، ئەوا لەوانەیە ساڵی داهاتوو ئۆپراسيۆنێکی تر ئەنجامبدرێت، هاوکات هەرێمی کوردستانيش بەدەر نابێت لەم ئۆپراسيۆنانە. یەکێ لە پلانەکانی تورکيە ئەوەیە کە کوردستانی باشوور و رۆژئاوا لە یەکتر داببڕێت. بۆیە زۆر گرنگە لەم ئۆپراسيۆنەدا، ئەگەر ئەنجامبدرێت، زیانی گەورە و کاريگەر بە تورکيە بکەوێت، بۆ ئەوەی هەموو ساڵێک ئەم جۆرە ئۆپراسيۆنانە ئەنجامنەدات و بزانێت کە زیان و باجەکانی زۆر قوورسن.

وای دانێین تورکيە سەرکەووتوو نەبێت لە ئۆپراسيۆنەکانی یان هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوا ڕابگرێت، لەو کاتەدا بە دڵنيایەوە دەيبينين چۆن سوپای سووريە هاوشانی میليشيا ئێرانيەکان پەلاماری رۆژئاوا دەدەن. تورکيە و ئێران و عيراق و سووريە، ئيتر بە ڕێککەوتنی هەر چواريان بێت بە یەکەوە یان نا، دەيانەوێت هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا لەناو ببەن. بۆیە زۆر پێويستە هەسەدە بزانێت کە سووريە و ئێران، هاوشێوەی تورکيە داگيرکەر و دووژمنن، هەڵەیە ئەگەر لە پێناو ڕزگاربوون لە داگيرکاری تورکیە، پەنا ببرێتە بەر داگيرکاری فارس و عەرەبی سووریەی بەعسی.

پرسيار ئەوەیە چی بکرێت؟

ئەمەیان هەسەدە کە خۆی لە ناو جەرگەی ڕووداوەکاندایە دەبێت وەڵامی بداتەوە، تا ئێستا زۆر باش توانيویەتی بە پێچەوانەی خواستەکانی تورکيە و سووريە، ئەو ناوچانە بە هاوکاری ئامريکا کۆنتڕۆڵ بکات، دەکرێت بژاردەی تر هەبێت بۆ درێژەدان بەو دەستکەوتانە و مانەوەیان. قەدەرو داهاتووی نەتەوەیەک نابێت دوو بژاردە بێت، یا تورکيە داگيرمان بکات، یا زەليل و کۆيلەی ئێران و عێراق و سووریە بين.